نزیكەی 20 كۆبوونەوە كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردی بناغەی پێكهێنانی حكومەتەكە دانەنراوە. هەڵسوڕاوێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێ "گەڕاینەوە بۆ خاڵی سفر". پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بووەتە "بەڵا"ی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم. ئەوەی گرنگ نییە و كەس باسی ناكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە. بەو شێوەیە پێكهێنانی حكومەت لەدەست پارتی دەرچووەو كەوتووەتە دەست بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی. رۆژی 18/11/2013 یەكەم هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەستیپێكرد كاتێك نێچیرڤان بارزانی، راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ هەر یەك لە یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە. دواتریش چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو دوو حیزبە و لایەنەكانی دیكەش كران، بەڵام جگە لە باسكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت هیچ بابەتێك یەكلایی نەبووەتەوە. هەرچەندە گفتوگۆكانی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان وای كردووە كە ئەم دوو هێزە لەهەموو كاتێك زیاتر لەیەكدی نزیكبنەوە، بەڵام ئەگەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەكو گۆڕان داوای دەكات یەكلایی نەبێتەوە ئەو پەیوەندییە بەو شێوەیە بەردەوام نابێت. رووداو زانیویەتی لەدوا كۆبوونەوەی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو گفتوگۆیەی كە نزیكەی سێ مانگە درێژەی هەیە، شاندی گۆڕان پێشنیازی كردووە كە رۆژی 15/2/2014 دوا وادە بێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەڵام بە پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی مۆڵەتێكی زیاتر بدرێتە یەكێتی، رۆژی 20ی شوبات كراوەتە دوا وادە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكە. لە یەك جێگر زیاتریان قبوڵ نییە (رووداو) زانیویەتی كە بزووتنەوەی گۆڕان راشكاوانە بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە "بەهیچ شێوەیەك رازی نابین سەرۆكی حكومەتی داهاتوو زیاتر لە جێگرێكی هەبێ". نێچیرڤان بارزانی لە 5/2/2014 لە شاری سلێمانی پێشنیازێكی خستە بەردەم گۆڕان كە بەوە رازی بن سەرۆكی حكومەتی داهاتوو زیاتر لە جێگرێكی هەبێ. ئارام شێخ محەممەد، ئەندامی شاندی دانوستاندنكاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت بە (رووداو) ی راگەیاند "پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت مافی خۆمانە و بە كەمتر لەئیستیحقاقی هەڵبژاردن رازی نابین"، هەروەها گوتیشی "باوەڕمان بە داتاشینی پۆستەكان نییە و سێ جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت رەتدەكەینەوە." بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستیكەوتوون، نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان بە نێچیرڤان بارزانی‌یان گوتووە "دەبێ سەرۆكی حكومەتی داهاتوو تەنیا یەك جێگری هەبێ و بۆ خاتری یەكێتی و هیچ لایەنێكی دیكە نە جێگری سەرۆكی حكومەت و نە هیچ وەزارەتێكی دیكە زیاد نەكرێ". دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی كردووە و لە كۆبوونەوەكەشدا لەسەر هەڵوێستی خۆیان سووربوون كە دوو جێگری و سێ جێگری بۆ سەرۆكی حكومەت قبوڵ ناكەن و "دەبێ ئەمە لای گۆڕان پرەنسیب بێ، ئامادەین قوربانی بەهەندێ شت بدەین، نەك پۆست زیاد بكرێ". ئارام شێخ محەممەد باسی پێشنیازەكەی پارتی دەكات و دەڵێت "پارتی پێشنیازی سێ جێگری كردووە بۆ سەرۆكی حكومەت و ئێمەش ئەو پێشنیازەمان پێ باش نییە، چونكە ئێمە نامانەوێت شێوازی حكومەت بشێوێندرێت لەبەر خاتری هیچ لایەنێك، ئێستاش قسەی خۆمان لەگەڵ پارتی كردووە و وەڵامەكەی لای پارتییە".
10/2/2014
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا رۆڵی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان و عێراق به‌رز ده‌نرخێنێت, ده‌شلێت, دوور له رابردووى خۆیان پێشوازیه‌كى گه‌رم له په‌نابه‌رانى عێراق ده‌كه‌ن و وه‌ك و خوشك و برای داده‌نێن.
له‌مباره‌یه‌وه ستراون ستیڤن سن ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له وته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا رایگه‌یاند كه چه‌ندین كه‌مپی په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان دروستكراون كه زیاتر له دوو سه‌د و سیی هه‌زار كه‌س تێدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه له سوریا و عێراق ئاواره بوونه.
هه‌روه‌ها ناوبراو گوتی ئه‌و ئاوارانه كه له مه‌سیحی و توركمان و شه‌به‌ك پێكهاتوون به‌هۆی كاری توندوتیژیی و برسیه‌تی روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو ئاسانكاری و هاوكارییه‌كى پێشكه‌ش كردووه وله ئارامی دا ده‌ژین؛ ئه‌مه‌ش كارێكی گه‌وره‌یه بۆ سه‌رۆك بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكى كوردستان.
هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژه‌ى به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كرد كه له‌لایه‌ن رژێمی پێشووی عێراقه‌وه به‌سه‌ر گه‌لی كورد دا هاتوون كه له ئه‌نجامدا زیاتر له سه‌د و هه‌شتا هه‌زار كه‌س له ناوچوون له پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا و ده‌لێت ؛ دوور له رابردووى خۆیان پێشوازیه‌كى گه‌رم له په‌نابه‌رانى عێراق ده‌كه‌ن و وه‌ك و خوشك و برای داده‌نێن. هه‌روه‌ها ئاماژه به ره‌وشی عێراق ده‌كات و ده‌لێت؛ به‌هۆی توندوتیژییه‌كانه‌وه سه‌دان هه‌زار مه‌سیحى و توركمان و شه‌به‌ك و چهندههاى تر روو له هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاوكاری ده‌كرێن ده‌پارێزرێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌ی دا ستراون ستیڤن سن رایگه‌یاند یارمه‌تیه‌كى باش له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ خه‌لكى برسى و ماندووى سوریا دابین ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها داوای له سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپای كرد كه نووسینگه‌ى لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له شارى هه‌ولێر بكرێته‌وه كه هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌فته له‌مه‌و به‌ر له وتاره‌كه‌ی به‌رده‌م په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا ئه‌و داوایه‌ی كردبوو.
كوردستان تیڤی / س . س
دادگای میسر پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك، سه‌رۆكی پێشووتری میسری دواخست، به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستی ناوبراو له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی دادگایی كردنه‌كه‌یدا .
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه ( 8 شوبات 2014) پرۆسه‌ی دادگایی كردنی حوسنی موباره‌ك له دادگای ئه‌كادیمیای پۆلیس له‌قاهیره ده‌ستیپێكرد به‌تۆمه‌تی كوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی میسر و به‌هه‌ده‌ردانی موڵك و ماڵی گشتیی.
ئاژانسی هه‌واڵی سكای نیوز بڵاویكرده‌وه، دوای تێكچوونی باری ته‌ندروستی موباره‌ك دادگا پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌ی راگرت و داوای له‌پزیشك كرد ئاماده بێت تا پشكنینی بۆ ئه‌نجام بدات دواتر دادگا بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی دا.
هه‌ر له‌پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌دا، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی موباره‌ك و حه‌بیب عه‌دلی وه‌زیری پێشووتری ناوخۆی میسر و شه‌ش له‌هاوكاره‌كانی له‌سه‌ر هه‌مان كه‌یس دادگایی ده‌كرێن.
10/02/2014
شاندێکی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و لە دەروازەی سنووری سیمێلکا لەلایەن بەرپرسانی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان پێشوازییان لێ‌کرا.
بڕیارە شاندەکەی هیومان ڕایتس وۆچ كه رۆژی شه‌ممه گه‌یشته ئه‌و ناوچه‌یه، سەردانی هەرسێ کانتۆنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بکەن و پاشان ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن.
چنار ساڵح، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی جزیرە بە خەندانی ڕاگەیاند؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی شوباتی 2014 شاندەکەی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە دێرک لەگەڵ هەریەکە لە حەکیم خەلۆ و نەزیرە گۆریۆ، هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی یاسادانان و ئامینە ئۆسێ، جێگری سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لوقمان ئەحمێ، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و شوێنەواری سەربە کانتۆنی جزیرە کۆبوونەتەوە و باسیان لە ڕەوشی مافی مرۆڤ کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا.
ڕاشیگەیاند؛ شاندی کانتۆنی جزیرە باسیان لە ئابڵوقەی ئابووریی سەر ڕۆژئاوا و داخستنی سنوورەکانیان بۆ وەفدەکەی هیومان ڕایتس وۆچ ڕوونکردووەوە.
چنار ساڵح وتیشی، شاندەکە سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژئاوا بەسەر دەکاتەوە و چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و لێکۆڵینەوە لەبارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ ده‌كات.
ته‌ئكیدیشی كرده‌وه كه ئەوان وەک کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا هەموو هاوکارییەکی شاندەکە دەکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
10/02/2014
وەزارەتی مافەكانی مرۆڤی عیراق راپۆرتەكەی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ رەتدەكاتەوە لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانەی لەگرتووخانەكانی عیراق دەستبەسەرن و ئەوە دەخاتەڕوو كە " هەزار و 81 ژن لەزیندانەكانی عیراقدان نەك 4 هەزار و 200 ژن".
كامل ئەمین، وتەبێژی وەزارەتی مافەكانی مرۆڤی عیراق بەخەندانی راگەیاند، وەزارەتەكە بەوپەڕی متمانەوە مامەڵە دەكات لەگەڵ راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەگشتی و هیومان رایتس ۆچ بەتایبەتی، وتیشی: ئەو راپۆرتانە دەبێت لەسەر بنەمای پیشەگەریی و بێلایەنی و وردی و راستیی ئامادە بكرێن.
بەوتەی كامل ئەمین، راپۆرتەكەی ئەم دواییەی هیومان رایتس ۆچ لەبارەی رەوشی ژنانی دەستبەسەر لە گرتووخانەكانی عیراق و ژمارەیان هیچ كام لەو بنەما سەرەكیانەی تێدانیە.
كامل ئەمین، ئەوەشی خستەڕوو كە ژمارەی ژنانی دەستبەسەر لەگرتووخانەكاندا هەزار و 81 ژنن، نەك 4 هەزارو 200 ژن وەك ئەوەی راپۆرتەكە خستویەتیە ڕوو، وتیشی: ژنە دەستبەسەر كراوەكان لەسەرجەم پێكهاتەكانی عیراقن نەك پێكهاتەیەكی دیاریی كرا‌و.
كامل ئەمین ئەوەشی روونكردەوە كە،" ژمارەی ئەو ژنانەی بەتۆمەتی تیرۆر دەستگییر كراون لە 182 ژن تێناپەڕێت و ئەوانی دیكەش بەتۆمەتی جیاجیا دەستبەسەرن لەوانە دزی و گەندەڵی ئیداریی و سەرپێچیی".
رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، لەدوا راپۆرتیدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە دەسەڵاتدارانی عیراق 4 هەزارو 200 ژنیان لەگرتووخانەكان بەبێ تاوان دەستبەسەر كردووە و زۆبەی ئەوژنانە ئەشكەنجە دەدرێن و بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، هەروەك دەستدرێژیش دەكرێتە سەریان، زۆربەشیان لەپێكهاتەی سوننەن.
09/02/2014
بۆ بنبڕكردنی كێشه‌ی خۆڵبارین و ته‌پوتۆز و پاككردنه‌وه‌ی ژینگه، هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و ئێران چه‌ند رێككه‌وتننامه‌یه‌كی دوو قۆڵییان ئیمزا كرد.
مه‌عسومه ئیبتیكار، خانمه یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و تاران چه‌ند رێككه‌وتنێكیان ئیمزا كردووه سه‌باره‌ت به بنبڕكردنی دیارده‌ی ته‌پوتۆز و خۆڵبارین.
وتیشی: حكومه‌تی عیراق په‌رۆشه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاران هاوكاری بكات و له‌میانی كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ نوری مالیكی ته‌ئكید له‌سه‌ر بنبڕكردنی ته‌پوتۆز و بنیادنانی پارك و باخچه‌ی هاوبه‌ش لهن سنووره‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كراوه‌ته‌وه.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئێران كه سه‌رۆكی رێكخراوی پاراستنی ژینگه‌ی ئێرانیشه، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شق و راهێنان به كادره عیراقییه‌كانی بواری ژینگه بكات تا ئاستی چاودێریی ته‌ندروستی له عیراق و به‌تایبه‌ت مه‌زاره پیرۆزه‌كان پته‌وتر بێت.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، مه‌عسومه ئیبتیكار، یارده‌ده‌ری سه‌رۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران و سه‌رۆكی رێكخراوی پاراستنی ژینه له‌و وڵاته سه‌ردانی عیراقی كرد و سێ رێككه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی عیراقی ئیمزا كرد بۆ بنیادنانی چه‌ند پاركێك به‌ناوی (پاركی ئاشتی) له‌سه‌ر سنووره هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.
یه‌كه‌م پارك له سنووری پارێزگای سلێمانی و دووه‌میش له پارێزگای واست له ناوچه‌ی به‌دره و سێیه‌میش پاركێكه كه له سنووری پارێزگای میسان بۆ به‌سره درێژده‌بێته‌وه.
09/02/2014
نوسینگه‌ی ئازاد جوندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئه‌و هه‌واڵه ره‌تده‌كاته‌وه كه گوایه ئه‌و وتبێتی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی تاران ده‌كات.
ماڵپه‌ری فارس نیوز به‌پشت به‌ستن به ڕاگه‌یاندنێكی لۆكاڵی، له‌زاری ئازاد جوندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بڵاویكرده‌وه كه دكتۆر به‌رهه‌م سالح سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی ئێران ده‌كات.
به‌ڵام ئازاد جوندیانی ئه‌و لێدوانه ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت ماوه‌یه‌كه هیچ لێدوانێكی نه‌داوه‌ته هیچ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی رونكردنه‌وه‌یه‌كی نوسینگه‌ی ئازاد جوندیانی كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه تیایدا هاتووه "ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئه‌و ماڵپه‌ڕه پشتی پێ به‌ستووه، هی سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ره كه بڵاوكراوه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌به‌غدا بڵاوی كردبۆوه و له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا ئه‌و كه‌ناڵه جارێكی تر هه‌مان زانیاری بڵاو كردۆته‌وه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ زانیاری نوێ و وه‌رگرتنی رای ئازاد جندیانی"
ده‌قی رونكردنهوهكه...
ماڵپه‌ڕی فارس نیوز هه‌واڵێكی بڵاوكردۆته‌وه كه گوایه هه‌ڤاڵ ئازاد جندیانی، لێدوانی داوه‌ته یه‌كێك له‌بڵاوكراوه محلییهكان، له‌ناوه‌رۆكی هه‌واڵه‌كه‌دا له‌سه‌ر زاری ناوبراوه‌وه وا بڵاوبۆته‌وه كه دكتۆر به‌رهه‌م سه‌فه‌ر ئه‌كات بۆ تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیه به‌پێویستی ئه‌زانین ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه بڵاوبكه‌ینه‌وه كه هه‌ڤاڵ ئازاد جندیانی ماوه‌یه‌كی زۆره لێدوانی نه‌داوه‌ته هیچ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئه‌و ماڵپه‌ڕه پشتی پێ به‌ستووه، هی سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ره كه بڵاوكراوه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌به‌غدا بڵاوی كردبۆوه و له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا ئه‌و كه‌ناڵه جارێكی تر هه‌مان زانیاری بڵاو كردۆته‌وه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ زانیاری نوێ و وه‌رگرتنی رای ئازاد جندیانی بۆیه ئێمه له‌و باره‌یه‌وه روونكردنهوهمانداوهو به‌پێویستیشی ده‌زانین ئه‌وه رابگه‌یه‌نین، كه ئازاد جندیانی ماوه‌ی زیاتر له 3 مانگه ده‌ستی له‌پۆستی وته‌بێژی ره‌سمی كێشاوه‌ته‌وه و ئێستا وته‌بێژ نیه و له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌شی له‌پۆستی وته‌بێژی هیچ جۆره لێدوانێكی نه‌داوه‌ته كهناڵهناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان.
ئۆفیسی تایبه‌تی ئازاد جندیانی
09/02/2014
نووسەرێكی تورك لە گۆشەی رۆژانەكەیدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەكات و پێیوایە ئەو پرۆسەی كرانەوەیە یەكسان بووە بە رێككەوتنی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار AKP. ئاماژە بەوەش دەكات، كە پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP لە هەموو بوارێك پاشەكشەی كردووە، تەنیا لە پرسی كورد نەبێ، "دەبێ قبوڵی ئەوە بكەین كە دەبێ واقیعبینانە بێت". رەفعەت باڵی، نووسیویەتی: "پرۆسەی كرانەوە بەردەوامە، ئێوە گوێ بە گلەییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان مەدەن، ئەوانیش چاوەڕوانی ئەو هێندە كرانەوەیەیان نەدەكرد". نووسەر دەڵێ "پرۆسەی كرانەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕا بۆ رێككەوتنی نێوان AKP-PKK، بەرەو ئاستێكی رژد دەچێت، رێككەوتنەكەش كەوتە بەردەم دوو تەحەددی، یەكێكیان رووداوەكانی مەیدانی تەقسیم و ئەوی دیكەشیان ئۆپەراسیۆنەكانی 17-12-2013 بوو". سەبارەت بەو پێشهات و مەترسییانەی لەبەردەم دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان AKPدان، دەنووسێت: "بارێكی سەیرە، هاوپەیمانی دەسەڵات لەیەك ترازا، AKP لە لاوازترین دەورانی خۆیدایە، دوای 48 رۆژی دیكە هەڵبژاردنە، ئامادەكارییە سیاسییەكان لەوپەڕیدان، پڕۆسەی كرانەوەش وەك كێڵگەی مین مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانانی پڕۆسەی كرانەوە (AKP-PKK) لە مانگی هەنگوینی خۆیاندان، بەردەوام بەرفراوانتری دەكەن". ئەو نووسەرە توركە روانگە جیاوازەكان لەبارەی پڕۆسەی كرانەوە لە گوزارشتێكی كورت دەخاتەڕوو، بەشێوەیەك كە: هاوپەیمانێتی AKP-PKK: بەردەوام دەبین. جەماعەت: پشتیوانی لێدەكات. CHP: ناڕازی نێو بەیاننامەكان ئەتاتوركچییەك: جەختیان لەسەر ئازادی هاووڵاتیانە. روانگەی خەڵك: كرانەوە، واتە نەڕژانی خوێن. كوتكراوەی هەموو تابلۆیەكە: بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی كرانەوەدا نییە. بوێری بۆ رێككەوتن لەسەر پڕۆسەی كرانەوە: لە نەبوونی بەربەستەوە سەرچاوە دەگرێ.
لەلایەن فه‌رهاد چۆمانی
رووداو- aydinlik
9/2/2014
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی لیستی عێراقییە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە "زیان" بۆ سەر یەكێتی نیشتمانی عێراق وەسف دەكات. هاوكات باس لە گەلەكۆمەیەك دەكات دژی نووری مالیكی بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی دووربخەنەوە. عەللاوی لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (غەد) لە ئوردن رایگەیاند: "لە پرۆسەیەكی سیاسی دێمە دەرەوە كە زیان بە یەكێتی نیشتمانی عێراق بگەیەنێت، هاوكات ئامادەش نیم لە پرۆسەیەكی سیاسی بەشداربم ئێران بەڕێوەی بەرێت". عەللاویبگوتیشی: "قاسم سولەیمانی ناناسم كە دۆسییەی عێراق و سووریا بەڕێوە دەبات، پێشتر لەلایەن ئەو و بەرپرسانی ئێران بانگهێشتكراوم، تەنانەت جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق دوو مانگ پێش نەخۆشكەوتنی پێی‌گوتم ئێران ئامادەیە وەكو سەرۆكی دەوڵەت پێشوازیت بكات، بەڵام رەتمكردەوە". دەشڵێ "هەروەها سەركردە ئێرانییەكان رێز لە سیاسەتمەدارانی عەرەب و عێراقی ناگرن، چەندین جار پێمگوتوون لە عێراق بەدوای هاوڕێدا بگەڕێن نەك بەكرێگیراو". ئەیاد عەللاوی، سووربوونی خۆی بۆ لادانی مالیكی لە دەسەڵات دووپاتكردەوەو گوتی "بە هاوكاری رەوتی سەدر، ئەنجوومەنی باڵا و برایانی كورد رێگە نادەین مالیكی لەدەسەڵات بمێنێتەوە".
9/2/2014
پاش ئاشكرابوونی كەیسەكانی گەندەڵی حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی داد و گەشەپێدانی حوكمڕان لە توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان بە تەواوی خرایە پشتی گوێ. "كێشەی كورد چییە". ئەوە ئەو پرسیارە بوو كە (رووداو) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا ئاراستەی چەند هاووڵاتییەكی ئەو شارەی كرد، زۆر لە خەڵكەكە هەر كە بیستیان بابەتەكە دەربارەی پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد رەتیانكردەوە قسە بكەن. "بەلای منەوە شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوە حكومەتە ئەو ناوەی لێناوە". ئەمە قسەی ئیبراهیم كۆلاك، شۆفێری تەكسی بوو كاتێك چاوەڕوانی نەفەر سواركردن بوو لە شوێنی راوەستانی تەكسیەكان لە ناوچەی كانكایای ئەنقەرە. "بەبڕوای من، مارە خەوتووەكەیان هەڵساند" كۆلاك ئەم دەستەواژە باوەی بەكارهێنا كە خەڵكی توركیا بەكاریدەهێنن بۆ ناوزەدكردنی گفتوگۆكانی نێوان AKP و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆكی بەندكراوی PKK. گفتوگۆكان كە بە ناوبژیوانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP دەستیپێكرد، ساڵی رابردووی كردە ساڵی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام پرۆسەكە رووی لە خاوبوونەوە كرد پاش ئەوەی لە مانگی ئەیلول PKK گوتی پاشەكشەی چەكدارەكانی بۆ قەندیل رادەگرێ بەهۆی نادیاریی چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی. "ئەوەی ویستمان بینینی وڵات بوو لەژێر یەك سەقفداو مامەڵەكردنی خەڵك بە یەكسانی، بەڵام شكستمان هێنا لەم ئامانجە" ئەمە قسەی ئیبراهیمی تەمەن 41 ساڵ بوو كە لە نێو پێنج شۆفێری تەكسی تەنیا كەس بوو رازی بێت قسە بكات. ئیبراهیم گوتی "هیچ شەفافیەتێك لە پرۆسەكەدا نییە". ئیبراهیم هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی ئەنقەرەیە، پێیوایە پرۆسەكە هیوایەكی زۆری لای كورد دروستكردووە، بۆیە شكستهێنانی پرۆسەكە مانای سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیەكانە لەدژی كورد. دەیان ساڵە حكومەتی توركیا هەوڵی بچوككردنەوەی كێشەی كورد دەدات و بەردەوام رەتیكردووەتەوە زمان و كەلتووری كوردی بە فەرمی بناسێ. هاووڵاتیانی تورك بەردەوام ئەدای دژ بە كوردیان دەرخوارد دراوەو پێیانگوتراوە ئەوەی كورد دەیەوێ دابەشكردنی وڵاتە. "ئەوەی كورد دەیانەوێ دامەزراندنی كوردستانە"، گولەی ئالا، تەمەن 37 ساڵ، كە كاری ژمێریاری دەكات لە ناوچەی سۆكولوی ئەنقەرە گوتیشی "ئەمە مەترسییەكی گەورەیە كە وادەكات توركیا ببێتە دراوسێی كوردستان لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی خاكەكەیەوە". بە بڕوای ئالا، كەسوكاری ئەو سەربازانەی لە جەنگی 30 ساڵەی نێوان PKK و حكومەتدا كوژراون دڵخۆش نین بە گفتوگۆكانی ئاشتی لەگەڵ گرووپێك كە هەمیشە وەك "تیرۆریست" ناسێنراون لە توركیا. ئەركان گێچمەز، سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری حاجی بێكتاش ڤێلی ئەنادۆڵ كە دامەزراوەیەكی لێڤییە ئەناتۆلیەكانە، گوتی ئەو لەو كەسانەیە پشتگیری پرۆسەی ئاشتی دەكات. بەبڕوای ئەو هەموو خەڵكی توركیا ئامادەن بۆ پرۆسەی ئاشتی. "حكومەتی AKP دركی بەم خواستەی خەڵكی توركیا كردووە. خەڵكانی باكگراوندی جیاواز ستایشی AKP دەكەن بۆ ئەم هەنگاوە. دەنگیان بۆ داون. بۆ توركیایەكی باشتر و دیموكراس،" گێچمەز وایگوت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستەیەكی هەبوو، ئەو گوتی وادەردەكەوێ چارەسەری كێشەی كورد بەپێی وەرزەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەبڕوای ئەو، حكومەتی AKP دەیتوانی هەنگاوی باشتر بنێ لەو رووەوە "دەیانتوانی گۆڕانكاری لە دەستووردا بكەن. دەیانتوانی خواستێكی بەهێز دروستبكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد. تا ئێستا هەموو شتەكان بە هەڵپەسێردراوی لە بازنەیەكدا ماونەتەوە". ئەركان گوتیشی، "AKP زوو زوو میزاج دەگۆڕێ. گفتوگۆكان جیاوازن لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە. گفتوگۆكانی دیاربەكر جیاوازن لەگەڵ ترابزۆن". گێچمەز پارتی ئاشتی و دیموكراسی تۆمەتبار كرد بەوەی كە ئەو پارتە خواست و ویستی كورد جێبەجێ ناكات "كورد گومانیان هەیە لە پرۆسەی ئاشتبوونەوە كە تا ئێستا نەگەیشتووەتە فەیسی گفتوگۆكردنەوە. پارتی ئاشتی دیموكراسی ناتوانێ بە خواستێكی بەهێزەوە رووبەڕووی حكومەت ببێتەوە". هەندێ كەس لەو باوەڕەدان كە چارەسەری كێشەی كورد مەحاڵە، بەڵام وادەردەكەوێ ئەمە تێڕوانینی كەمینە بێت. "گفتوگۆی ئاشتی هیچ پەیوەندی بە AKPوە نییە. ئەوە ئەمریكایە ئاراستەی گفتوگۆكان دەكات". ئەمە قسەی حوسێن ئەنتاك، 54 ساڵە كە كاری جوتیارییە لە یۆزگات و گوتیشی "ئەمانە هەمووی كاری ئەمریكا بووە. ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كورد نییە". تەمێل ساراچی تەمەن 37 ساڵ كە لە ئۆفیسی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە كاردەكات و لەبنەڕەتدا خەڵكی سیڤازە، لە نێو ئەوانەیە كە گومانی لە چارەسەری كێشەی كورد هەیە. لەو باوەڕەدایە دەستێكی نادیار ئەو كێشەیەی لەنێوان كورد و توركدا دروستكردووە "بەبڕوای من چارەسەری كێشەی كورد نە دەستی پێكردووەو نە هیچ چارەسەرێكیشی هەبووە. دەتوانین بڵێین پرۆسەیەكی چارەسەرنەكراوە". سارا پێیوایە نە لایەنی كوردی و نە AKP سوور نین لەسەر پرۆسەی ئاشتی "پێموایە ئەجێندایەكی شاراوە لە پشت ئەوەوە هەیە".
ئۆنور بورچەك رووداو - ئەنقەرە 8/2/2014
ئه‌مجاره له به‌حره‌ین، باوكێكی بێ به‌زه‌یی ماوه‌ی 17 ساڵ لاقه‌ی چوار كچی خۆی كردووه‌و دواجار كچه‌كان له‌گه‌ڵ دایكیان په‌نایان بۆ سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به توندوتیژیی خێزان برد بۆ پاراستنی ژیانیان.
كه‌ناڵی سی ئێن ئێن له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له سه‌نته‌ری (بتلكۆ)ی تایبه‌ت به توندوتیژیی خێزان بڵاویكرده‌وه كه ئه‌و چوار كچه به‌حره‌ینییه باوكیان تۆمه‌تباركردووه به ده‌ستدرێژیی سێكسی بۆسه‌ریان و رایانگه‌یاندووه كه له‌ماوه‌ی ئه‌و 17 ساڵه‌دا ده‌رمانی زیادكردنی حه‌زی سێكسیی خواردووه.
هاوكات دایكی ئه‌و چوار كچه به‌م كاره‌ی نه‌زانیووه تا كچه‌كان به‌مدواییه كاره‌ساته‌كه‌یان بۆ گێڕاوه‌ته‌وه و ئه‌ویش په‌نای بۆ ئه‌و سه‌نته‌ره بردووه تا له‌ده‌ست ئه‌و باوكه دڕنده‌یه بپانپارێزێت.
سه‌رچاوه به‌رپرسه‌كه‌ی سه‌نته‌ری (بتلكۆ)ی تایبه‌ت به توندوتیژیی خێزان پێی وایه ئه‌مه خراپترین جۆری لاقه‌كردن و ده‌ستدرێژیی سێكسی و توندوتیژیی خێزانییه له به‌حره‌ین كه تائێستا په‌نای بۆ سه‌نته‌ره‌كه بردبێت و به‌نیازیشن دۆسیه‌كه ره‌وانه‌ی داواكاری گشتی بكه‌ن تا ئه‌و باوكه سزای خۆی وه‌ربگرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بونه بۆزبۆن، راوێژكاری په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی له سه‌نته‌ری (بتلكۆ)، رایگه‌یاند ئه‌و دیارده‌یه شتێكی نوێ نییه و ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان وڵاتێكی نه‌گرتووه‌ته‌وه، ئه‌و جۆره كارانه ته‌نها لادانی مرۆڤه له رێكچكهی ژیان و ئایینه‌كانیش بۆ ئه‌وه هاتوون، تا رێگری له‌و جۆره كرده‌وانه بكه‌ن.
07/02/2014
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە دوان لەو فڕۆکەوانانەی بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆبۆسکیدا کردووە بەهۆی دووچاربوونیان بە نەخۆشییەکەی دەروونی قورسەوە دەستیان لە پۆستەکانیان لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کێشاوەتەوە.
سایتی ڕادیکاڵی تورکی بڵاویکردەوە دوان لەو چوار فڕۆکەوانەی کە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆبۆسکی لە ٢٨-کانوونی یەکەمی ٢٠١١ کە بووە هۆی کوژرانی ٣٤ هاوڵاتی سیڤیلی باکوری کوردستان بە هۆی دووچاربوونیان بە نەخۆشییەکی دەروونی قورسەوە دەستیان لە پۆستەکەیان کێشایەوە .
سایتەکە ئاماژەشی بەوەداوە کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا چوار فڕۆکەوان بەشدارییان کردووە هەرچوار فڕۆکەوانەکە دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە بۆ ماوەی دوومانگ لە ژێر چارەسەردابوون ، لە ئێستاشدا دووان لەو فڕۆکەوانانە دەستیان لە پۆستەکەیان لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کێشاوەتەوە.
وەرگێرانی :هەڵوێست ئەنوەر
سەرچاوە: ڕادیکاڵ
07/02/2014
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، داعش لە عێراق، کورد دەکاتە ئامانج و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنگرێس، مالیکی بە یاریکردن بە کارتی تائیفی تۆمەتبار دەکات. برێت ماکرک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە گوتەیەکدا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکی رایگەیاند، ''دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" زیاتر لە 26 هەزار چەکدار و رێکخستنی هەیە، چەکدارانی لە ئاستێکی بەرز مەشقکراون و دەزگایەکی راگەیاندنی سەربەخۆشیان هەیە''. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، ''داعش ئەجێندای روونی هەیە، کە بە ئامانجگرتنی کورد و شیعەیە، بەمەبەستی قوڵکردنەوەی کێشەی تائیفی، لە لایەکی دیکەوە لە پارێزگای ئەنبار، سوننەکان دەکوژێت بۆ ئەوەی رکابەرە سوننەکانی لەو پارێزگایە لە نێوببات''. بە گوتەی ماکرک، داعش بەتەنیا هەڕەشە نییە بۆسەر سووریا و عێراق، بەڵکو هەڕەشەی بۆسەر ئەمەریکاش دروستکردووە". لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باسی سیاسەتەکانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە و پێیانوابوو، مالیکی یاری بەکارتی تائیفی دەکات و چەکدارەکانی هۆزەکانی تێکەڵ بە سوپا پۆلیس نەکردووە و وەڵامی داواکاریی هۆزەکانی نەداوەتەوە. ئەو کۆبوونەوەیە لە شێوەی لێپرسینەوە بووە لەگەڵ برێت ماکرک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق. سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس رایگەیاندووە، داعش سوودی لەو هەڵانەی مالیکی وەرگرتووە.
8/2/2014