وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆن كیری، پشتیوانیی خۆیانی بۆ عێراق لە شەڕی دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە ڕاگەیاند.
دوێنێ شەممە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانیان لە شەڕكردن ناكشێنەوە تاكو كۆتایی بە دیاردەی چەكداری لە پارێزگای ئەنبار نەهێنێت.
كیری هەروەها جەخت دەكاتەوە لەوەی كە ئەو شەڕەی كە ئێستا لە نبارە بەرپا بووە، پێوەندی بە عێراقییەكان خۆیانەوە هەیە و ئەمەریكا بیری لەوە نەكردووەتەوە جارێكی دی هێزی سەربازی بۆ عێراق بنێرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوكات باوەڕی وایە كە هێزەكانی سوپای عێراق و هۆزەكانی ئەنبار لە شەڕكردنیان دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە سەردەكەون.
سەرۆكی هێزی پیادەی عێراق، فەریق ڕوكن، عەلی غێدانیش دەڵێت، شەڕ لە نێوان چەكدارانی هۆزەكان و پۆلیس و سوپا بەردەوامە و تاونكاران نیانەوێ ئەنبار و عێراق خێر لە خۆیان ببینن. ئەو گوتیشی كە بەرەوڕووبوونەوەیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە درێژەی هەیە و بەرەنامەكانیش ئەرێنین؛ جەختیش دەكاتەوە كە لە چەند سەعاتی داهاتوودا گورزی كوشندە لە مۆڵگەی ڕێكخراوی قاعیدە لە فەللوجە دەدەن.
لە 21ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵەوە، دەشتەكانی پارێزگای ئەنبار بەرەوڕووی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بووەتەوە كە چەند یەكەیەكی سەربازی و پۆلیس بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی، دژ بە ڕێكخراوی قاعیدە بەرپایان كردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە پاشتر پەلی كێشا بۆ نێو پارێزگاكە و بە هۆیشییەوە پەرلەمانتار، ئەحمەد عەلوانی دەستگیر كرا كە بە یەكێك لە گەورەپشتیوانكارانی گۆڕەپانی مانگرتووانی ئەو پارێزگایە ناو دەبرێت.
لە ڕۆیتەرزەوە
5/1/2014
هاتنی دوو یاریزانی ئیسپانی بۆ یانەی هەولێر، دەنگۆیەکی گەورەی لە مێدیای ناوخۆ و دەرەوەدا دروستکرد. رۆژنامە و ماڵپەرە ئیسپانییەكان، هەروەها جیهانی و عەرەبی و عێراقییەکان، بایەخێکی زۆریان بە گرێبەستکردنی یانەی هەولێر لەگەڵ هەردوو یاریزانی ئیسپانی خۆرخی بلاس و بۆرخا رۆبیتاو، بەتایبەتی رۆژنامە ئیسپانیەكان گرنگییەكی تایبەتیان بەم بابەتە داوە. هەروەها ماڵپەڕی یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی (FIFA) بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی باسی هەواڵەكەی كردووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیشدا، گەورە ماڵپەر و رۆژنامەكانی عەرەبی بایەخیان بەم بابەتە داوە، وەكو ماڵپەری BEIN SPORT، کەناڵی ئەلكاس، رۆژنامەی ئەهرامی میسری، ئاژانسی ئەنبا-ی كوێتی، ئەقسای فەڵەستینی، خەلیجی ئیماراتی)، هەروەها ماڵپەرەكانی جەزائیر و لوبنانیش باسیان کردووە. لەلای خۆیانەوە رۆژنامەكانی بەغداش بە گرنگییەكی زۆرەوە باسی بابەتەكەیان كردووە و دووپاتی گرنگیی ئەم دوو گرێبەستەیان کردووەتەوە بۆ زیاتر ئاشناكردنی خولی عێراق بە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی ئیسپانیا. ئەمە جگە لەوەی رۆژنامە و ماڵپەر و كەناڵە كوردییەكان بایەخێكی یەكجار زۆریان بە رووماڵكردنی ئەم بابەتە داوە، تۆڕی میدیایی رووداویش لە هەموو بەشەکانیدا وەکو سەبقێکی رۆژنامەوانی هەواڵی هاتنی ئەو دوو یاریزانەی بە بایەخەوە و هەر زوو بڵاوکردەوە. یەکەم جارە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا دوو یاریزانی ئیسپانی پەیوەندی بە یانەی هەولێر دەكەن و لە خولی عێراق و جامی یانەکانی ئاسیا درێسی یانەی هەولێر دەپۆشن.
5/1/2014
ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە 17/12/2013 لە تورکیا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک بیرۆکرات، سەرمایەداری نزیک لە حکومەتی تورکیا و کوڕی سێ وەزیر بەردەوامی هەیە. ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستلەکارکێشانەوەی 3 وەزیری حکومەتی ئەردۆغانی بەدوای خۆیدا هێنا.
5/1/2014
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردهوه بۆیهکهمجار له مێژووی تورکیادا پارتێک بهناوی کوردستانهوه ڕاگهیهنراو نووسراویشیان ئاراستهی وهزارهتی ناوخۆی ئهو وڵاته کرد.
ڕۆژنامهی میللیهتی تورکی ئهمشهو بڵاویکردهوه له درێژهی پرۆسهی چارهسهری و خێراکردنی دۆسیەی ڕیفۆرم له تورکیادا بۆ یهکهم جار له مێژووی ئهو وڵاتهدا پارتێک به ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان- تورکیا دامهزراندنی خۆی ڕاگهیاند و نوسراوی دامهزراندنهکهشیان ڕهوانهی وهزارهتی ناوخۆی تورکیا کردووه.
ڕۆژنامهکه ئاماژهی بهوەشدا كە، محەمەد ئهمین کاردێش دامهزرێنهر و سهرۆکی گشتی پارتهکه یەو دەڵێت: دامهزراندنی پارتهکهمان به ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان- تورکیا به مافێکی ڕهوای خۆمان دهبینین و چالاکیهکانیشمان سیاسی و ئاشتییانه دهبێت و توندوتیژی ڕهتدهکهینهوه.
له تورکییهوه: ههڵوێست ئهنوهر
xendan
4/1/2014
ئەرەن كەسكین، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە توركیا، بە یەكێك لە داكۆكیكارەكانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە ناسراوە. لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. كەسكین بەهۆی چالاكییەكانی لە بواری مافی مرۆڤدا رووبەڕووی سەدان تۆمەتی یاسایی كراوەتەوە. ساڵی 1995، بەهۆی ناوهێنانی كوردستان لە نووسینێكیدا بەناوی “جیهان قەرزداری گەلی كوردە” بۆ رۆژنامەی ئۆزگور گوندەم، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا. هەر هەمان ساڵ رێكخراوی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) نازناوی (بەندكراوی ویژدان)ی لە كەسكین نا. بە بڕوای كەسكین كێشەكە زۆر گەورەترە لە ناوهێنانی وشەی كوردستان. لە هەڤپەیڤینێكدا بە (رووداو)ی گوت “باس لە جوگرافیایەك دەكەین كە كراوە بە چوار پارچەوە”. كەسكین ئاماژەی بەوەكرد كە كوشتارە بە كۆمەڵەكانی گەلی كورد لە رابردوودا لە توركیا، وایكردووە كە شارەزایی زۆر پەیدا بكات سەبارەت بەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كورد هاتوون. كەسكین دەڵێت “پوورم ئەرمەنی بوو. هێشتا منداڵ بووم كە چیرۆكی جینۆسایدی دژی ئەرمەنەكانم بیست. كاتێك گەورە بووم زۆرم خوێندەوە دەربارەی كوشتار و جینۆسایدەكانی دژی كورد، لەگەڵ ئەوەشدا بە چاوی خۆم تاوانی جەنگم بینی لەسەر دەستی بەرپرسە توركەكان لە دژی كوردستان، ئەوەش یارمەتی دام لە سروشتی دەوڵەتی توركیا تێبگەم”. لە ساڵی 2002دا، بە بڕیارێكی یەكێتی پارێزەرانی توركیا كە لەلایەن وەزارەتی دادی توركیاوە پشتگیری لێكرا، مۆڵەتی پارێزەرییەكەی كەسكین هەڵپەسێردرا. ئەوەش لە ئەنجامی پێشكەشكردنی وتارێك لە ئەڵمانیا لە هەمان ساڵدا دەربارەی دەستدرێژییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ژنانی كورد. پاشان سزای 10 مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا. “لە هەموو شەڕو ململانێكاندا، ژنان وەك غەنیمەی جەنگ بینراون” ئەو گوتی “ئەمەش بە ئاشكرا لە جەنگەكانی دژی گەلی كورددا بینراوە”. ئەرەن كەسكین، لە مایسی 1959 لە شاری بورسای توركیا لەدایكبووە، ماوەیەك بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا/ لقی ئیستەنبوڵ بووە. تاوەكو ئێستا دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ وەرگرتووە. هەركاتێك كەسكین سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا بێت لە هەمانكاتدا خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ كۆششەكانی لە پێناو مافی مرۆڤ پێبەخشراوە. ساڵی 2004 خەڵاتی ئاشتی ئاچێنی پێبەخشرا بۆ هەوڵە بوێرەكانی و چالاكییەكانی لە بواری مافی مرۆڤ. كەسكین گوتی كاتێك لەساڵی 1997 كە بۆ یەكەمجار دەستمكرد بە پرۆژەكەم لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانیی جەنگی ناوخۆی توركیا، زۆرینەی ئەو چیرۆكانەی دەمبیستن دەربارەی دەستدرێژی بوو بۆ سەریان. ئەو گوتی “چیرۆكی دەستدرێژی قورسترین جۆری ئەشكەنجەدانە بۆ گێڕانەوە”. هەروەها گوتیشی، هەموو كاتێك كە دەچووین بۆ كوردستان لەكاتی گەرمەی شەڕو پێكدادانەكان، ژنان بەنهێنی قسەیان بۆ دەكردین دەربارەی هەموو ئەو شتە خراپانەی كە پێیان كراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە”. كەسكین دەڵێت ئەو ژنانە چاوەڕێی یارمەتی بوون لە ئەوان “بەڵام ئێمە هیچمان پێنەدەكرا، چونكە ئەوان زۆر دەترسان لەوەی بە ئاشكرا چیرۆكەكانیان باس بكەن”. گوتیشی ئەو ژنە كوردانەی قوربانیی دەستدرێژی بوون لەكاتی شەڕو ململانێكاندا، هەرگیز مافی رەوای خۆیان وەرنەگرت “چونكە سیستمی دادگاو لێكۆڵینەوە زۆرجار چاوپۆشی لەو تاوانانە كردووە”. “هەموو ئەو تاوانانە بەبێ سزادان تێپەڕین. لێرە بوارێكی زۆر بۆ چاوپۆشی لە تاوانباران هەیە، هەر لەبەر ئەوەیە كە دەڵێین ئەشكەنجەدان سیاسەتی دەوڵەتە لە توركیا. هەموو دامەزراوەكانی حكومەت بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادەوە بە حاكم و داواكارەكانیشەوە هەموو بەشێكن لەو سیستمە”. بەڵام سەرباری ئەو شتە خراپانەش، كەسكین پێیوایە بارودۆخی زیندانیانی ژن كەمێك باشتر بووە بە بەراورد بەجاران، چونكە ئەمڕۆ لەڕێگەی میدیاوە خەڵكی بەخێرایی هەواڵەكان دەبیستن. كەسكین دەڵێت “بەڵێ، لێپرسراوانی دەوڵەت ناتوانن سیستمە داپڵۆسێنەرەكەی رابردوو جێبەجێ بكەن. رەنگە هێشتا بیانەوێ جێبەجێی بكەن، بەڵام ناتوانن”. وەك چاودێر و كەسێك كە تەنیا بووە لە بەرگریكردن لە مافی زیندانیانی توركیا، كەسكین گوتی “تەنیا بە ئازادكردنی زیندانییە سیاسیەكان توركیا دەتوانێ بیسەلمێنێ كە نیازی راستەقینەی بۆ ئاشتی هەیە”. سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پارتی كرێكارانی كوردستانیش گوتی “بۆ من تەنیا مانای ئاشتی بریتیە لە ئازادكردنی هەموو زیندانییە سیاسیەكان”. گوتیشی “هیچ پێشبینیەكی زیاترم لە دەوڵەتی توركیا نییە. چۆن باسی پرۆسەی ئاشتی بكەین لە كاتێكدا هێشتا خەڵكی لە زیندانەكاندان”.
ئوزەی بوڵوت رووداو - ئەنقەرە 4/1/2014
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ، قوتابیانی زۆربەی قوتابخانەکان لە سەید سادق دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، دوای رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک، چەند خولەک لەمەوبەر قوتابیان بلاوەیان بە خۆپێشاندان کرد.
پەیامنێرمان لە قەزای سەید سادق پێی راگەیاندین، دوای ئەوەی نوێنەری خۆپێشاندەران لەگەڵ بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلیمانی کۆبوونەتەوە لەسەر چەند چەند خالێک رێککەوتون و بە هۆیەوە خۆپێشاندانەکە بلاوەی پێکراوە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە لەگەڵ پەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلیمانی رێککەوتون، بەداداچونە بۆ کەموکورییەکانی قوتابیان لە ناوچەکە و هەروەها دواخستنی تاقیکردنەوەکانە تا کاتی ئارامبوونەوەی دۆخەکە لە قەزاکە.
سەبارەت بە یەکێک لە داواکارییەکانی قوتابیان کە دەست لەکارکێشانەوەی بەرێوەبەری پەروەردەی سەید سادقە، پەیامنیرمان گوتی: تا ئێستا ئەوە ماوەتەوە و بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانیش هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەوە نەدرکاندووە.
ئەمرۆ دوای ئەوەی زۆربەی قوتابیان لە قوتابخانەکانی سەید سادق دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم کە دەبوایە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، دواخرا.
یوسف عەبدوڵا/ش.ب
pna
4/1/2014
دوای ئەوەی سەر لەبەیانی ئەمڕۆتەرمی بڕیار حەسەن ئەو گەنجەی دوێنێ لەخۆپیشاندانەكەی سەید سادق گیانی لەدەستدا ناشتیان دووبارە خۆپیشاندان دەستی پپَكردەوە.
ئەمڕۆ لەمزگەوتی عومەری كوری خەتاب لەسەید سادق تەرمی بڕیارحەسەن بەڕێ كرا بەرەو گۆرستانی سەید سادق دوای ناشتنی تەرمی ناوبراو ژمارەیەكی زۆر لەئامادەبوانی ئەم مەراسیمە بەرێكەوتن بەرەو بازاری سەید سادق بەدروشمی ئازاد كردنی ئەوبەندكراوانەی دوێنێ ی ڕووداوەكە و بەدروشمی (ئێمە هەموومان بڕیارین) چونە بەردەم بینای قائیمقامیەتی سەید سادق،
بەڵام هێزێكی ئەمنی لەچالاكیە مەدەنیەكان و بەرگری فریاكەوتن بەربەستێكیان دروست كردبوو لەبەردەم خۆپیشاندەران لەئەنجامدا ڕووبەڕووبونەوە ڕوویدا بەگازی فرمێسك ڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنیەكان پڕژێندرا بەخۆپیشاندەران ئەوانیش بەبەرد وەڵامیان دانەوە ناوبەناو پێكدادان ڕوودەدات.
یوسف/ج
رۆژنامهی نیویۆرك تایمز-ی چاپی بهریتانیا تیشك دهخاتهسهر هاوكارییه سهربازییهكانی ئهمریكا بۆ عیراق و پێی وایه تهنها چهك عیراق رزگار ناكات.
له راپۆرتێكدا رۆژنامهی نیویۆرك تایمز-ی چاپی بهریتانیا بڵاویكردهوه كه رشتنی خوێنی عیراقییهكان له ساڵی 2013 گهیشتووهته ئاستی كارهسات و لهو ساڵهدا ههشت ههزار كهس كوژراون كه 952یان پۆلیس و سهربازن، ئهمهش زۆرترین رێژهیه لهدوای ساڵی 2008هوه تۆمار كرابێت.
رۆژنامهی نیویۆرك تایمز باسی لهوهشكردووه كه سهقامگیریی عیراق له بهرژهوهندیی ئهمریكایه، بهڵام پڕچهككردن دادی عیراق نادات ئهگهر نوری مالیكی سهرۆك وهزیران و سهركردهكانی عیراق ئامانجهكانیان یهك نهخهن.
نیۆرك تایمز ئاماژهی به رهوشی ناوخۆی عیراق داوهو نووسیوویهتی دهستگرتن بهسهر دهسهڵات و قۆرغكردنی لهلایهن پێكهاتهیهكی دیاریكراو و فهرامۆشكردنی لایهنێكی دیكه، ململانێی تایهفی زیاتر دهكات، بهوهش گروپه چهكدارهكان كهلێن و دهروازهی زیاتریان به روودا دهكرێتهوه تا رهوشهكه ئاڵۆزتر بكهن.
نیۆرك تایمز، ئامۆژگاریی عیراقییهكانیشی كردووه كه گهرهنتیی ئهوه بدهن ههڵبژاردنه پهرلهمانییهكهی داهاتووی عیراق پاكوبێگهرد بێ و داواشی له ئیدارهی ئهمریكا كردووه پڕچهككردنی بهغدا بووهستێنێ ئهگهر عیراقییهكان بهرژهوهندیی شهخسیی خۆیان خسته پێش بهرژهوهندیی وڵاتهكهیان.
03/01/2014
رووداوەکانی ئەو دواییانەی تورکیا بە ئاراستەی لاوازبوونی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردوغان دەڕوات و رەنگە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو سەرکەوتنەی، کە دیسان بۆ ئەو پارتە چاوەڕوان دەکرا بەدی نەیەت، بەڵام بەو لاوازبوونە کێشە دروست نابێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، چونکە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی ئابووریی بەهێزە. شارەزایانی ئابووری پێیانوایە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەسەر بنەمایەکی پتەوی ئابووری بنیاتنراوە، بەوپێیەی هەرێمی کورستان پێویستی بە دەروازەیەک هەیە بۆ ناردنە دەرەوەی سامانی سرووشتی خۆی لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا پێویستییەکی زۆری بە وزەی هەرێمی کوردستان هەیەو هەرێمی کوردستان دەروەازی وڵاتانی کەنداوە بۆ تورکیا. بە لاوازبوونی ئەردوغان و پارتەکەی و تەنانەت هاتنە سەر کاری لایەنێکی دیکە لەسەر حوکمرانی تورکیا، پێناچێت کێشە دروست بێ لەبەردەم رێککەوتنە ستراتژییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیادا. باروودۆخی ناوخۆی تورکیاو ناوچەکە گۆڕانی بەسەرهاتووە و هەندێک فاکتەر هاتوونەتە ئاراوە، کە تەنانەت بە نەمانی پارتی دادوگەشەپێدان لەسەر حوکم، هەر حکومەتێکی داهاتووی تورک ناتوانێت ، بایەخی جاران بە پێگەی هەرێمی کوردستان و بە هێزی ئابووری هەرێمی کوردستان نەدات. سیاسەتی ئێستای حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەتەواوەتی پەیوەست نییە بە کەسایەتی رەجەب تەیب ئەردوغان و پارتی داد و گەشەپێدان، کۆمەڵێک هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەوە هۆکاری پەرەسەندنی هاوکارییەکانی ئەو دوو لایەنەن، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت هاوکارییە ستراتژییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە داهاتووش دا درێژەی پێبدرێت. ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بە جددی پلانی بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت و گازی خۆی داناو بوێرانە بەسەربەخۆیی و بەبێ گوێدان لە نارەزایەتییە تووندەکانی بەغدا درێژەی بە پەرەپێدانی ئەو کەرتەدا، هیچ ئاسۆیەک بۆ رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا بەدی نەدەکرا، بەڵام دەسکەوتەکانی لەو بوارەدا هێندە بەرچاوبوون و بوونەتە ئەمری واقیع، حکومەتی بەغدای ناچارکردووە ملکەچ بکات بۆ داواکارییەکانی و دانبنێت بە پێشکەوتنەکانی. هەڵویستەکانی بەرپرسانی عێراقی بەتایبەت جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، حسێن شەهرستانی و هەروەها وەزیری نەوت عەبدولکەریم لۆعەیبی جێگای رامان و تێبینین. شارەزایانی بواری نەوت پێیان وایە بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامی پێشکەوتنەکان لە پیشەسازی نەوت و گازدا، واباشترە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ پێداگری لەسەر بەرێوەبردنی سەربەخۆیانەی سامانی سرووشتی، بگاتە رێگەچارەیەکی گونجاوی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
2/1/2014
سهرۆکایهتى دهستهى باڵاى ههڵبژاردنهکان لە تورکیا رایگەیاند، ههڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا له رۆژى یهکشهممه 30ى ئادارى 2014 دهستپێدهکات و 25 پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. لەو 25 پارتە سیاسییە، 2 پارت کوردیین ناوی ئەو پارتانهی دهتوانن له ههڵبژاردنهکە بهشدارى دەکهن: پارتى داد و گهشه پێدان AKP پارتى ئهلتهرناتیڤ AP پارتى تورکیاى سهربهخۆ(بەتەپە) پارتى ئاشتى و دیموکراسی BDP پارتى گەلی کۆماری CHP پارتى دیموکرات DP پارتى چهپى دیموکراتی(دەسەپە) پارتى رێگاى راست (دەیەپە) پارتى رهنج پارتى گهنج پارتى ماف و یهکسانی پارتى ماف و ئازادییهکان (هاکپار) پارتى رزگارى گهلان پارتى بهرزى گهل پارتى دیموکراتى گهلان HDP پارتى دۆزى هوور پارتى کرێکار پارتى لیبڕال دیموکرات پارتى نهتهوهیی پارتى نهتهوهپهرهستی تورک MHP پارتى ئازادى و پاڵپشتی پارتى سهعادهت پارتى گهشهپێدان و ریفۆرمى رێککهوتنى کۆمهڵایهتی پارتى کۆمۆنیستى تورکیا
رووداو- ئاژانسەکان 2/1/2014
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی لە خەڵکی هەڵەبجە دەکات و داواشدەکات، ئیدارەیەک بە دڵی خەڵکەکەی پێکبهێنرێت. مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەسەندکردنی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، خۆشحاڵە بەوەی "ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو هاتەدی" و هیوادەخوازێت "ئەو ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت بە دڵی خەڵکی ناوچەکە بێت". بارزانی وێرای ئاماژەکردن بە مێژووی هەڵەبجە و قوربانیدانی خەڵکی ئەو شارە، دەڵێ "پێویستە برینەکانیان ساڕێژ بکرێت" و پێشیوایە "شایستەی ئەوەیە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بکرێت" و ببێتە سیمبولی ئاشتی بۆ هەموو جیهان. رۆژی سێشەممە 31.12.2013، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرنەی دەنگ بڕیاری بە پارێگاکردنی هەڵەبجەی پەسەندکرد. رۆژی سێشەممە 24/12/2013 لە نامەیەكی فەرمیدا، بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کرد لە وردەكاری هەنگاوەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئاگاداری بكەنەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید گرتبوویانەبەر. رۆژی دواتر، کە دەکاتە چوارشەممە 25/12/2013، پڕۆژە یاساى بهپارێزگاكردنى ههڵهبجهى شەهید لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە به فهرمى ڕادهستى نووری مالیکی، سهرۆك وهزیرانى عێراقى فیدرال کرا.
rudaw
1/1/2014
ئێستا لە دەروازەی شاری (وان) لە باكووری كوردستاندا نووسراوە " بەخێربێن بۆ شاری وان " . ئەو پارێزگایەی باكووری كوردستان بەوشێوەیە پێشوازی لە ساڵی نوێ كرد . ئەو تابلۆیە لە پێنج دەروازەی شارەكەدا دانران. شارەوانی شاری وان ، كە لەساڵی 2010دا بڕیاری " خزمەتی فرەزمانی" دا ، بەپێی ئەو بڕیارە بەبۆنەی دەستپێكی ساڵی 2014 ، لەسەر پێنج تابلۆی شارەكەدا بە كوردی بەخێرهاتنی گەشتیاران دەكرێت بۆ شارەكە . ئەو تابلۆ كوردییانە لەو ناوچانەدا دانراون : قەلقەلی ، پایزاڤا ، ئەردیش ، ئەرتەمێت و شێخ . كە رێگەكانی هەموو ئەو ناوچانە بەرەو نێو شاری وان دەچن . شارەوانی شاری وان رایگەیاند كە هەوڵدانەكانیان بۆ فرەزمانی بەردەوامدەبن . هەروەها لە راگەیێندراوەكەی شاری وان دا هاتووە، كە لەساڵی 2014دا ئەو كارەیان دەگەیێننە ئاستێكی هەرە بڵند . هەروەها شارەوانی وان دەڵێت ئەوان لەسەر داوای خەڵك ئەو پێنج تابلۆ كوردییەیان داناون و دەڵێ " هەوڵدانەكانمان لەوڕووەوە بەردەوامدەبن ".
1/1/2014
یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان کار دەکات بۆ سازکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی پەرلەمانتارانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیەش دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکان. نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێت، "لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە چوونەتە ئێران و توركیا و لەگەڵ حیزبە سیاسییەكانی رۆژئاواش قسەیان كردووە، بۆ ئەوەی هەموو پەرلەمانتارانی كورد زمان لەهەر كوێیەكی دونیا بن، بەشداری كۆنگرەكە بكەن." نەجات یاسین، ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە گوتی، "لەماوەی رابردوو حیزبە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەكەی كوردستان، هەوڵی بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەییان دا، بەڵام هەوڵەكەیان شكستی هێنا، ئەمە دووەم هەوڵە بۆ بەستنی كۆنگرەیەك كە هەرچوارپارچەكە تێیدا بەشدار بن." كاردۆ محەمەد، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان گوتی، "پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان وەك خۆیان دەڵێن ئەگەر ئەم هەوڵەیان سەر بگرێت، هەنگاوی دیكە دەنێن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە حیزبە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەكە لەسەر مێزی گفتوگۆكان كۆبكەنەوەو ئەو كۆنگرەیە ببەستن كە لەنیوەی رێگادا تێكیان دا."
2/1/2014