بەبۆنەی ھاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مۆسڵمانانی کوردستان و جیھان کرد و ھیواشی خواست ئەم مانگە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ھەموو لایەک .
بسم الله الرحمن الرحيم
(شهر رمضان الذي انزل فيه القرآن هدى للناس و بينات من الهدى و الفرقان)
- صدق الله العظيم-
به بۆنهی هاتنهوهی مانگی رهمهزانی پیرۆزهوه ، گهرمترین پیرۆزبایی له سهرجهم موسڵمانانی جیهان به گشتی و ههرێمی كوردستان و عیراق به تایبهتی دهكهم.
هیوادارم هاتنهوهی مانگی پڕ بهرهكهت و رهحمهتی ڕەمەزان ببێته مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلی كوردستان و هەموو گهلانی عێراق و چهسپاندنی گیانی برایهتی و پێكهوه ژیان لەنێو گشت پێكهاتهكان و دوور کەوتنەوە لە هزری نکۆڵیکاری و توندڕۆیی. با مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بکەینە دەرفەتێک بۆ کارکردن بۆ ئاشتی و یەکتر قبوڵکردن کە پەیامی سەرکیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.
مسعود بارزانی
سهرۆكی ههرێمی كوردستان
30 ی شهعبان 1434ی كۆچی
9/7/2013
یەكێتی زانایانی كوردستان راگەیەنراوێك سەبارەت بە مانگی رەمەزان بڵاودەكاتەوەو تێیدا داوا دەكات حیزب و لایەنە سیاسییەكان ئەم مانگە بكەنە هۆی لێكنزیكبوونەوەو كۆتاییهێنان بە شەڕی راگەیاندن.
هەروەها داوا دەكات راگەیاندنەكان دەكات رەچاوی هەستی خەڵكی رۆژووەوان بكەن و " شتێك پەخش نەكەن، كە هەستی خەڵكی رۆژووەوان بریندار بكات، لە بڵاوكردنەوەی فیلم و زنجیرە دراماكان".
دەقی راگەیەنراوەكە:
پەیامی یەكێتی زانایان بەبۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزان
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ)
بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان پیرۆزباییەكی گەرم لە تەواوی موسڵمانانی جیهانو كوردستان دەكەینو، لە خوای گەورە داواكارین خواپەرستی هەموو لایەك قبوڵ بكاتو، هەنگاوێكی دیكە بێت بەرەو ئاسوودەیی دڵانو خۆشەویستیو لێكنزیكبوونەوە.
هەر بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز بە پێویستی دەزانین چەند خاڵێك بدەینە بەرچاوی هاووڵاتیانی كوردستان:
یەكەم: داوا لە مامۆستایانی ئاینی بەڕێزو خۆشەویستمان دەكەین، مانگی رەمەزان هەوڵو هیممەتێكی زیاترو جۆشو خڕۆشێكی بەتینتر بدەنە نێو رێورەسمە ئایینیەكانو رنگی زیاتر بەلایەنی دڵپاكیو باوەڕداری بدەن.
دووەم: داوا لە راگەیاندنەكان بە شێوەیەكی گشتی دەكەین، رەچاوی كەشو هەوای مانگی رەمەزان بكەنو، شتێك پەخش نەكەن، كە هەستی خەڵكی رۆژووەوان بریندار بكات، لە بڵاوكردنەوەی فیلمو زنجیرە دراماكان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بەلایەنی ئایینیەوە هەیە، كە دەبێ رەچاوی شەرعیبوونو نە وروژاندنی بابەتگەلێك، كە كار لە هەستی مەزەبیو تائیفی بكاتو، دواجار ببێتە مایەی پشێوی نانەوە، بەتایبەتی چەند تەلەفزیۆنێك، كە ریكلام بۆ زنجیرە درامای ئایینی دەكەنو، پێشتر وەكو یەكێتی زانایان لەگەڵیان دانیشتووینەو، باسی مەترسی ئەو كارانەمان بۆ كردوونە، هیوادارین پابەندی ئەو ئەخلاقیە رۆژنامەوانییە بنو، سنووری رەسەنێتی نەبەزێنن.
سێیەم: داوا لە لایەن پەیوەندیدارەكانی حكومی دەكەین، وەك هەموو ساڵێك بە ئەركی سەر شانی خۆیان هەڵبستنو، رەچاوی هەستو سۆزی موسڵمانانی كوردستان بكەنو، رێگە بە كردنەوەی ئەو شوێنانە نەدەن، كە پێچەوانەی شەرعی پیرۆزی ئیسلامو ئادابی گشتی كۆمەڵگای كوردستانن.
چوارەم: داوا لە حزبو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، مانگی رەمەزان بكەنە دەرفەتێك بۆ زیاتر لێك نزیك بوونەوەو، نەرمو نیانیو گفتوگۆكردن، بەتایبەتی كە خەڵكی كوردستان لە مانگی رەمەزان پێویستی بە پشووو هێمنی زیاترە، نەك ململانێو شەرە راگەیاندن.
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان
8/ 7 / 2013
لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا ئەمریکا و ئێران و تورکیا و لایەنە شیعییەکانی عێراق داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە، دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ببێ بە سەرۆک کۆماری عێراق. بارزانی لەو سەردانەدا ئەم بابەتەی لە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆلی لەگەڵ مالیکی باسیکردووە.
ئەندامێکی شاندی کوردی بۆ بەغدا لەو بارەیەوە دەڵی شیعەکان داوایان لە بارزانی کرد لە بەغدا بمێنێتەوە.
rudaw
9/07/2013
بەبڕوای پەرلەمانتارێکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان سەردانەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد هەنگاوێکە بۆ پێشەوە و دەڵێت: کێشەکان بەیەکێتی و یەک هەڵوێستی چارەسەر دەبن.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی هاوپەیمانی کوردستان، دکتۆر مەحمود عوسمان، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند:"سهردانى سهرۆكى ههرێم بۆ بهغدا، ههنگاوێكه بۆپێشهوه بهرهوچارهسهركردنى كێشه ههڵپهسێردراوهكان وكاراكردنى كۆمیته هاوبهشهكان. ئهمه جگه لهزیاتر هێوركردنهوه و كهمكردنهوهى گرژى لهرهوشهكهدا، بهڵام بێگومان نابێته هۆى چارهسهر بهو شێوهیهى كه لهگهڵ جێبهجێكردنى دهستور و رێككهوتنهكان و چهسپاندنى سهقامگیرى و ئاشتى بگونجێت و ببێته هۆى یهكگرتنى نیشتمانىی ئارهزومهندانه وهكو له دهستوردا هاتوه".
مەحمود عوسمان، گوتی:"بۆئهوهى كێشهكان بهرهو چارهسهرى بنهرهتى بڕۆن، له كوردستان پێویستمان بهیهكێتى ههڵوێست و ئهنجامدانى چهندین كۆبونهوهى جدى لهنێوان بریاربهدهستهكان ههیه. ههروهها كۆمیتهكان كهبۆ ئهم مهبهسته پێكهاتوون تا كێشهكان چارهسهر بكرێن یان بزانن بۆچى ناكرێنو كۆسپهكان چین".
ئەم نوێنەری پەرلەمانی عێراق هەروەها گوتی: "بهنسبهت كێشهكانى نێوان بهغدا و ههولێر یان عێراق بە گشتی، پێویسته كارى ئهم كۆبونهوانه شهفاف بن چونكه تاقیكردنهوهى رابووردوو دهریخستوه كه كاركردنى پشت پهرده ناگاته ئهنجامى خوازراو و پێویست.
زیرەک عەبدولڕەحمان/م.ش
pna
9/07/2013
سهرۆكی رژێمی بهعسی سووریا، ههموو ئهندامانی سهركردایهتیی حیزبی بهعسی له پۆستی سهركردایهتیی حیزبهكهی لاداوه و ئهندامانی نوێی لهجیاتیی ئهوان داناوه.
بهپێی ههواڵی میدیاكانی سووریا، حیزبی دهسهڵاتداری بهعسی سووریا، 16 ئهندامی نوێ جێگهی 16 ئهندامهكهی سهركردایهتیی حیزبهكهیان گرتووهتهوه و تهنیا بهشار ئهسهد، له پۆستهكهی خۆی وهك سهرۆكی حیزب ماوهتهوه.
لیستی نوێی سهركردایهتیی حیزبی بهعسی سووریا، سهرۆكی پهرلهمانی رژێم و سهرۆكوهزیرانی حكوومهتهكهی بهشار ئهسهدی تێدایه، بهڵام فارووق شهرع، له سهركردایهتیی حیزبهكه وهلانراوه.
فارووق شهرع، جێگری ئێستای سهرۆكی سووریا، له كهسانی نزیك له حافز ئهسهد، سهرۆكی پێشووی سووریا و له ساڵی 1984 ههتا 2006، وهزیری دهرهوهی سووریا بوو و پاشان كرایه جێگری سهرۆككۆمار.
ئا. ر
پەیامنێر
9/07/2013
سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنیی سووریا رایگەیاند "تاوەكو پرسی كورد لە لە سووریا چارەسەر نەكرێت شۆڕشی سووریا پێشناكەوێ" راشیگەیاند بەم نزیكانە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئەحمەد عاسی جەربا، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنیی سووریا دوێنێ 6/7/2013 لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نیشتیمانیی سووریا، كە لە ئەستەنبوڵ سازكرا وەك سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنیی سووریا دەستنیشان كرا.
جەربا تایبەت بە (رووداو) رایگەیاند "پرسی كورد لە سووریا یەكێكە لە پرسە سەرەكییەكان و تاوەكو پرسی كوردیش چارەسەرنەكرێ شۆڕشی سووریا پێشناكەوێت".
ئەوەشی خستەڕوو " لەماوەی مانگی داهاتوودا لەگەڵ دەستەی باڵای كورد DBK و ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی لە سووریا ENKS كۆدەبێتەوە" پێیوابوو "من سەدا سەد دڵنیام بەم كۆبوونەوەیە ئێمە دەچینە نێو قۆناخێكی نوێ".
ئاشكراشیكرد "لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی كوردی كۆدەبینەوە و هەوڵدەدەین ئەوان لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریدا بەشداریی پێ بكەین".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا سەردانی هەولێر و كامپی دۆمیز دەكات و گوتی "لە هەولێر لەگەڵ برای خۆم مەسعود بارزانی كۆدەبمەوە، بۆ ئەوەی سەرنجی ئەو لەسەر رەوشی سووریا بزانم، چونكە رۆڵی ئەو لە ناوچەكەدا رۆڵێكی نیشتیمانییە".
جەربا، كە وەك دۆستی گەلی كورد دەناسرێ، پەسنی گەلی كوردی كرد و رایگەیاند "ئێمە و گەلی كورد براین، بەیەكەوە لەسەردەمی عوسمانی و داگیركاری فەرەنسادا خەباتی هاوبەشمان كردووە لە دژی دوژمنان و مێژوومان یەكە".
هاوكات رۆڵی كوردی وەك رۆڵێكی مێژوویی و نیشتیمانی لەقەڵەم داو داوای لە ئۆپۆزیسیۆنی كوردی كرد بەشداری نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووری ببن و لە رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد رۆڵێكی ئەرێنی بگێڕن.
rudaw
8/07/2013
ئاهەنگی شەڕە ئاو
٥٠ کهس که له پارکی عهزیمییهی شاری کهرهج له ئاههنگی شهڕە ئاودا بەشداریان کردبوو به دەستی هێزه ئهمنییهکانی ئێران، دەستگیر کران.
ئهم ئاههنگه به بهشداری کوڕان و کچان بهڕێوەدەچێت که به دهمانچهی ئاو ، ئاو بە یەکتر دادەکەن .
ئهم ئاههنگه که سێ کاژێربهردەوام بوو، به بانگهوازی لاوانی ئهم شاره له سەر تۆری کۆمهڵایهتی فهیسبووک پێک هاتبوو .
هێزە ئەمنییەکانی ئێران چوونه ناو ئاههنگهکهو بڵاوهیان پێ کردن .
8/07/2013
دوێنێ مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرێز رادیساف پێترۆڤیچ بالیۆزی سربیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد, دووپاتکرایەوە کە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا لە ھەموو بوارێکدا بەرز بکرێتەوە.
لە دیدارێکدا پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سربیا گفتوگۆکران و ئەوەش دووپاتکرایەوە کە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا لە ھەموو بوارێکدا بەرز بکرێتەوە و وڵاتی سربیاش کۆنسولخانەی فەرمی خۆی لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە کە ئێستا کۆنسڵی فەخریان لە ھەرێم ھەیە.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی سربیا لە عێراق کەشوھەوای ئارامی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەشوھەوایەی ھەرێم ھاندەرە بۆ کۆمپانیاکان کە بێن لە ھەرێم وەبەرھێنان بکەن و لە ھەمان کاتدا ھاندەرێکیشە بۆ حکومەتی سربیا کە ھانی کۆمپانیاکانی خۆی بدات بێنە ھەرێمی کوردستان و بەشداری لە پێشەوەبردن و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێم و وەبەرھێنان لە ھەرێم بکەن.
باڵیۆزی سربیا ئەوەشی دووپاتکردەوە کە رەوشی ئارامی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان نموونەیە لە ناوچەکە و پێویستە ھەموو عێراق سودی لێوەرگرێت و ئەو ئەزموونەی ھەرێم لە ھەموو دەڤەرە جیاجیاکانی عێراق پێڕەوبکرێت.
لەلایەن خۆیەوە مەسروور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سربیا پیشاندا و ھیوای خواست کە ئەم پەیوەندیانە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ھەموو بوارەکان بۆ خزمەتی پێشکەوتنی ھەردوو گەلی کورد و سربی و گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی توندوتۆڵتر بکرێ و ھیواشی خواست بە ھاوکاری ھەردوولا ناوچەکە ئارامی و سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببینێت بەشێوەیەک پێشکەوتن بۆ ھەموو لایەک گارانتی بکات.
گفتوگۆکردن و باسکردنی سەردانی شاندی ئابووری و سیاسی ھەرێمی کوردستان بۆ سربیا و لە بەرامبەریشدا سەردانی شاندی سربیا بۆ ھەرێمی کوردستان و سود وەرگرتن لە ئەزموونی سربیا لە ھەموو بوارەکاندا؛ لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
pna
8/07/2013
كارناسان و ژینگەپارێزان هۆشداری دەدەن لە وشكبوونی یەكجارەكی دەریاچەی ورمێ و دەڵێن ئەگەر ئەوە رووبدات، جگە لە زیانی ئابووری، زیانێكی زۆری تەندروستی و ژینگەییش بە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنانەت باشووری كوردستانیش دەگات.
دەریاچەی ورمێ، یەكێكە لە دیاردە ناوازەكانی دنیا و ئێستا 27 جۆر شیردەر، 212 جۆر پەلەوەر، 41 جۆر خشۆك، 7 جۆر وشكاوی و 26 جۆر ماسی تێدا دەژیت. ئەو دەریاچەیە 102 دوورگەی تێدایە كە هەموویان لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە تۆمار كراون.
نوێنەرانی پارێزگای ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوا) لە پەرلەمانی ئێران دەمێكە هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە وشكبوونی ئەو دەریاچەیە، بەڵام هەنگاوەكانی حكومەت بۆ بەهاناوەهاتنی ئەو دەریاچەیە تاوەكو ئێستا ئەنجامێكی نەبووە. بەقسەی نوێنەری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ئەو دەریاچەیە تاوەكو ئێستا 50 گوند چۆڵ بوون.
دەریاچەی ورمێ، نزیكەی 40 ساڵ لەمەوبەر وەكو شوێنێكی پارێزراو راگەیێنرا، لە ساڵی 1975 یش وەكو یەكێك لە گرنگترین زۆنگە نێودەوڵەتییەكان تۆمار كراوە.
ناجی كانی سانانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا پێیوایە دروستكردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە نێو دەریاچەكە، هەروەها هەڵكەندنی بیری ئاو لە دەوروبەری دەریاچەكە بۆ كاروباری كشتوكاڵی هۆكاری كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكەن.
هەروەها بە بڕوای د.جەلال ئیجادی، كە ژینگەناسێكی دانیشتووی فەرەنسایە، وشكەساڵی و فڕێدانی پاشەڕۆی كارگەكان بۆ ناو دەریاچەی ورمێ، زیانی زۆریان بە دەریاچەكە گەیاندووە.
فلامینگۆ مەترسی
لەناوچوونی لەسەرە
لەو دەریاچەیەدا هەندێك زیندەوەر و باڵندەی دەگمەن هەن كە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە مەترسی لەناوچوونیان لێدەكرێت. ناجی كانی سانانی، باسی یەكێك لەو باڵندانە دەكات كە باڵندەی فلامینگۆیە، دەڵێت "ئەو باڵندەیە لەو دەریاچەیە هێلەكە دەكات و جووجەڵە هەڵدێنێ، لەسەر جۆرە زیندەوەرێك دەژی كە پێیدەڵێن ئاریتما، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە و خەستبوونەوەی خوێ ناتوانێ بژیت و بەو جۆرە ژیانی فلامینگۆكانیش كەوتووەتە مەترسییەوە".
جگە لەوەش دەریاچەی ورمێ شوێنی حەسانەوە و پەڕینەوەی باڵندەكانی دەریاكانی خەزەر، ئۆراڵا و وانە بۆ دەریا گەرمەكان لە وەرزە ساردەكان و بە پێچەوانەش.
7 مەتر كەمی كردووە
زیاتر لە 20 ساڵە كارناسان و ژینگەناسان هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە وشكبوونی دەریاچەی ورمێ. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە حوزەیرانی 2012 بڵاوكراوەتەوە، ئاستی ئاوی دەریاچەكە لەنێوان ساڵانی 1995-2011 نزیكەی 7 مەتر كەمیكردووە، هەروەها لەو ماوەیەدا رووبەرەكەشی لە 6100 كیلۆمەتر چوارگۆشەوە بۆ 2366 كیلۆمەتر كەم بووەتەوە.
هەروەها بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی ژینگەپارێزی ئێرانی كە لە تەمموزی 2012دا بڵاوكراوەتەوە، 65%ی دەریاچەی ورمێ وشكبووە.
نادر قازی پوور، نوێنەری ورمێ چەند رۆژێك لەومەوبەر لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "تەمەنی دەریاچەی ورمێ روو لە ئاوابوونە و تەنیا لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا 32 سەنتیمەتر كەمیكردووە".
60 هەزار بیر لە دەوروبەری دەریاچەكە لێدراون
دەشتی ورمێ، یەكێكە لە دەشتە بە پیتە كشتوكاڵییەكان، ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆر بیری ئاو لە دەوروبەری دەریاچەكە لێبدرێن. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "همشهری" كە لە 2009دا بڵاوكراوەتەوە، 24 هەزار و 881 هەزار بیر لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ لێدراون.
بەڵام نەقی كەریمی، كارگێڕی گشتی ئاوی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاند 60 هەزار بیری ئاو لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ لێدراون. ئەوەش لە كاتێكدایە لە ساڵی 1985 تەنیا 415 بیر هەڵكەندرابوون و لەساڵی 1995 ژمارەی ئەو بیرانە گەیشتبووە 1400 بیر.
بەپێی قسەی د.جەلال ئیجادی، یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی ورمێ، دروستكردنی چەند بەنداوێكە لەسەر ئەو رووبارانەی دەرژێنە نێو دەریاچەكە. ناوبراو گوتی "11 بەنداو لەسەر ئەو رووبارانە دروستكراون". بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی دیكە تا ئێستا 40 بەنداو لەسەر ئەو رووبارانە دروستكراون كە كۆی گشتییان 21 رووباری هەمیشەیی و 7 رووباری وەرزین.
10 ملیۆن تۆن خوێ هەڕەشە دەكات
دەریاچەی ورمێ، سوێرترین دەریاچەی جیهانە. هەر ئەوەش بە قسەی ناجی كانی سانانی مەترسی گەورە لەسەر خەڵكی دەوروبەری دەریاچەكە دروستدەكات "چونكە وشكبوونی ئاوەكە، دەبێتە هۆی بەجێمانی رێژەیەكی زۆری خوێ كە دواتر (با) وردە خوێیەكان هەڵدەگرێ و بەرەو رۆژهەڵاتیان دەبات و پارێزگاكانی باكوورو باكووری رۆژئاوای ئێران، كوردستان و ئازەربایجانیش دادەپۆشێت و بەشێك لە توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە".
وەك شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن، خوێی ئەو دەریاچەیە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی باخەكان و زەوییە كشتوكاڵییەكان. هەروەها مرۆڤیش تووشی نەخۆشی پێست، نەخۆشییەكانی دڵ و سی دەكات.
بە وتەی محەممەد باقر سێدوق، جێگری سەرۆكی رێكخراوی پارێزگاری لە ژینگە، بەهۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ "10 ملیۆن تۆن خوێ لەشێوەی تەپوتۆز بەسەر 6 ملیۆن خەڵكی دەوروبەریدا بڵاودەبێتەوە".
ناجی كانی سانانی دەڵێت "وشكبوونی دەریاچەی ورمێ بژێوی خەڵكی دەوروبەری دەخاتە مەترسییەوە. چونكە ئاوەكە بەردەوام دەكشێتەوە و ئەمەش كار دەكاتە سەر گەشتوگوزار و كشتوكاڵی ناوچەكەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی خوێ و نەبوونی ئاو لەنێو دەچن و خەڵكی ناوچەكەش ناچار بە كۆچكردن دەبن".
پرسی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تەنانەت ناڕەزایەتی خەڵكی لە پارێزگاكانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و ئازەربایجانی رۆژئاوای بە دواداهات، بەو هۆیەش چەندین كەس دەستگیركران. لەمانگی تەمموزی 2011دا، 22 ئەندامی پەرلەمانی ئێران داوایان لە حكومەت كرد بەرپرسیارێتی ئەو دەرئەنجامە كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریانە لەئەستۆ بگرێ كە بەهۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ دروستدەبن.
ئەو ناڕەزایەتیانە گەیشتە ئاستێك كە حكومەتی پێشووی ئێرانی ناچار كرد لە سێپتێمبەری 2011 بڕی 950 ملیۆن دۆلار بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخان بكات.
چارەسەر چییە؟
دوو ساڵ لەمەوبەر، حكومەت پرۆژەیەكی سەبارەت بە گواستنەوەی ئاو لە رووباری ئاراسەوە بۆ دەریاچەی ورمێ پەسند كرد. بەڵام بەبڕوای شارەزایان ئەستەمە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێ، جگە لەوەش ئەو پڕۆژەیە ناڕەزایەتی دەوڵەتی ئازەربایجانی بە دواداهات كە ئەو رووبارە هێڵی سنووری نێوان ئێران و ئازەربایجان پێكدێنێ.
د.ئیجادی پێیوایە بە چوار قۆناغ دەكرێ ژیان بۆ دەریاچەی ورمێ بگەڕێندرێتەوە "رێژەی ئەو خوێیەی كۆبووەتەوە كەم بكرێتەوە. دووەم: ئاوی بەنداوەكان بۆ نێو دەریاچەكە بەربدرێتەوە. سێیەم: رێگە لە لێدانی بیر بگیرێت. چوارەم: رێگە نەدرێ پاشماوەی كارگەكان برژێتە نێو دەریاچەكە".
پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن
پرسی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بووە بەشێك لە پروپاگەندەی كاندیداكانی سەرۆك كۆماریی ئێران. حەسەن رووحانی، كاندیدی ریفۆرمخوازان كە براوەی هەڵبژاردنەكە بوو، لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن سەردانی شاری ورمێی كرد و بەڵێنی بە دانیشتووانەكەی دا دەریاچەی ورمێ بژیێنێتەوە.
حەسەن رووحانی گوتی "ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانم دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئاوی دەریاچەی خەزەر لە باكووری ئێران بۆ دەریاچەی ورمێ رادەكێشین".
بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بەشێك بوو لە هەڵمەتی پروپاگەندەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشوویش، بەڵام هێشتا دەریاچەكە بەدیار مردنی لەسەرخۆی خۆیەوە چاوەڕێی بەجێهێنانی ئەو بەڵێنانەیە.
فواد حەقیقی
رووداۆ
7/07/2013
بانكی ناوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیاریدا بەهای خەرجی دراوی وڵاتەكەی بەرامبەر بە دۆلار دابەزێنێت و بیگەیەنێتە نیوەی بەهای خۆی، ئەو كارەی بانكی ناوەندیش لە چوارچێوەی ئەو قەیرانە گەورەیەی ئەو وڵاتە دێت، كە بەهۆی سزا ئابوورییەكانەوە رووبەرووی بووەتەوە.
تومەنی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2012، دوو لەسەر سێی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئەو دابەزینەش، وەك كاریگەرییەكانی ئەو ئابڵوقەیە دێت، كە ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا وەك سزایەك بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران كە گومانی درووستكردنی چەكی ئۆتۆمی لێ دەكرێت دایانناوە.
ئەو سزایانە بووە هۆی درووستبوونی قەیرانی گەورە لەو وڵاتە و رێژەی هەڵاوسانی ئابووریشی 30% تێپەڕاندو رێژەی بێكاریش لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەیە.
بانكی ناوەندی نرخی دۆلار لەبانكەكان بە 24 هەزار و 779 ریالی ئێرانی دیاریكردو ئەو بڕیارەشی بۆ كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی هاوردەكردنی كەرەستە سەرەتاییەكان و خۆراكو دەرمان دیاریكرد.
پێشتر نرخی گۆڕینی دۆلار بە ریالی ئێرانی یاخود تومەن لە ئاستێكی نزمدا بووەو ساڵی رابردووش گەیشتبووە 12 هەزارو 260 تومەن.
لەپاڵ ئەو نرخەی بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە دیاریكردووە، لە بازاڕی رەشی ئێران نرخی دۆلار زۆر لەوە بەرزترە كە بانكی ناوەندی دیاریكردووە، نرخەكەش گەیشتۆتە 33 هەزارو 200 تومەن.
ئەو هەنگاوەش وەك بەرپرسانی بانك ئاماژەیان پێداوە زۆربەی هاوردەكارانی ئێرانی سوودمەند دەبن.
مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، تۆمەتبار كراوە بەوەی بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ بەهای دۆلار كردووەو نەیتوانیوە هاوسەنگییەك دروست بكات لە نێوخۆی بازاڕی وڵاتەكەی و رێگریی بكات لە هەڵاوسان و شكستهێنانی ئابووری.
7/07/2013
چەند مامۆستایەكی كورد و ئەڵمان، پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە بۆ دروستكردنی قوتابخانەیەك لە باكووری كوردستان بەناوی "قوتابخانەیەك بۆ كوردستان" كە هەمان ناوی كۆمەڵەكەیانە.
ئەو كۆمەڵەیە رۆژی 9ی حوزەیرانی رابردوو لە شاری كوێڵن كۆبوونەوە و بڕیاریاندا قوتابخانەیەكی فرەزمانی لە یەكێك لە شارەكانی باكووری كوردستان بكەنەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا 5 كەس هەڵبژێردران بۆ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكەو مامۆستا سلێمان ئاتەش، دووبارە بە سەرۆكی كۆمەڵەكە هەڵبژێردرایەوە.
كۆمەڵەی "Eine Schule für Kurdistan" ساڵی 1992 لە شاری كوێلن دامەزراوە و ئەندامەكانی مامۆستای كورد و ئەڵمانن. ئەو كۆمەڵەیە كە كار لەسەر زمانی كوردی دەكات، تاوەكو ئێستا 2 قوتابخانەی لە باشووری كوردستان كردووەتەوە، یەكەمیان لە ساڵی 1994 لە گوندێكی سنووری هەڵەبجە و دووەمیشیان لە ساڵی 1995 لە گوندێكی دەڤەری بارزان.
كۆمەڵەكە تاوەكو ئێستا 2 پەرتووكی پڕۆگرامی خوێندنی بە هەردوو زمانی ئەڵمانی و كوردی بۆ وانەی زمانی كوردی لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە ئەڵمانیا ئامادەكردووە.
سلێمان ئاتەش، سەرۆكی كۆمەڵەكە لەبارەی هۆكاری بڕیاری دروستكردنی قوتابخانەی فرەزمانی لە باكووری كوردستان بە (رووداو)ی گوت "دەمانەوێ پڕۆژەیەكی شایستە لە باكووری كوردستان دروستبكەین، قوتابخانەیەكی فرەزمانی كە دەبێتە نموونەیەكی دەگمەن بۆ زمانی دایك. دەمانەوێ قوتابخانەیەك بكەینەوە كە بە زمانی توركی، كوردی (كرمانجی و زازاكی)، ئارامی، ئەرمەنی، چەركەزی و لازی تێیدا بخوێندرێت". گوتیشی "سەرەتا دەمانەوێ شوێنێك بدۆزینەوە كە هەموو ئەو نەتەوانەی تێدا بن. جگە لەوەش ئێمە لە ئەڵمانیا و توركیا سەرقاڵی دروستكردنی پەیوەندین لەگەڵ مامۆستا و زانكۆكاندا، دەمانەوێ پرۆژەی ئامادەكردنی پەرتووكی وانەی كوردی ئامادە بكەین".
وەك سلێمان ئاتەش ئاماژەی بۆ كرد، تاوەكو ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ زانكۆی ئارتوكلوی مێردین، بۆگازیچی لە ئیستەنبوڵ و زانكۆی شاری گراس لە نەمسا دروستكردووە. گوتیشی "كۆمیتەیەك دروست دەكەین بۆ ئامادەكردنی پەرتووكی خوێندن."
6/07/2013
دادگای بەڕێوەبەریی لە ئەستەنبوڵ کارەکانی تێکدانی پارکی گەزی وەستاند، کە پێشتر بڕیاری گۆڕینی پارکی گەزی بە بینای بازرگانی درابوو.
بڕیاری تێکدانی گەزی پارک لە 6/6/2013 ـەوە لەلایەن دادگای بەڕێوەبەریی تورکیاوە چاوی پێدا دەخشێنرێتەوە، دوێنێش 3/7/2013 دادگا بڕیاری راگرتنی بڕیاری پێشووی دا و رایگەیاند "تێکدانی پارکەکە زیانی بۆ خەڵک و شاری ئەستەنبوڵ دەبێت".
پلاتفۆڕمی مەیدانی تەقسیم، کە سەرپەرشتیاری ئەو خۆپیشاندانانەی دەکرد، کە لە 27/5/2013 و رۆژانی دواتر روویاندا رایگەیاند "ئەمڕۆ بڕیارەکە گەیشتووەەتە دەستی ئێمە، راگرتنی ئەو بڕیارەش ئەوە دەردەخات خۆپیشاندەران چەند لەسەر حەق بوون".
رۆژی 27/5/2013 بەهۆی بڕیاری تێکدانی گەزی پارک، لە مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ خۆپیشاندان دەستیپێکرد و دواتر بۆ شارەکانی ئەنقەرە و ئیزمیر و چەند شارێکی دیکە تەشەنەی کرد، دوای ئەوەی 19 رۆژ بەردەوام بوو، 3 کەس لە ئەنجامی توندوتیژییەکان کوژران و زیاتر لە 2 هەزار کەس بریندار بوون.
5/07/2013
پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە سەلاحەدین، بە سەرپەرشتیی مهسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، باسیان له ههڵبژاردنهكانی پهلهمان و سهرۆكایهتی ههرێم كرد و گۆڕانكارییهكانی عێراق و ناوچهكه و سهردانهكهی سهرۆكی ههرێم بۆ فهرهنسا تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكه بوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە کەیسی پەیوەست بە دەستوور و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم و دوا بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە.
لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی ڕاوێژی زۆرتر لەگەڵ لایەنەکانی تر کۆدەبێتەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکارییە نوێیەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و کوردستان و ناوچەکە باسی لێوە کرا.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا و دیدارەکانی لەو وڵاتە بۆ کۆبوونەوەکە باس کرد.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، باسی لێوە کرا و گفتوگۆی لەبارەوە کرا. لەو سەردانەدا شاندێکی حکومی و سیاسیی پێکهاتوو لە نوێنەری حزبەکان هاوڕێیەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
پەیامنێر
5/07/2013
دوێنێ هەینی، ئیسلامییەكانی دژبە لەكارلادانی محەممەد مورسی، لە ئەنجامی توڕەییان لەوەی كە بە كودەتای سەربازی ناوی دەبەن، خۆپێشاندانیان ساز دا و بە هۆیەوە لە تەواوی میسر، لانی كەم 24 كەس كوژران و سەدانیش بریندار بوون.
پێكدادانی توند، لە نێوان هەوادار و لایەنگری موورسی و نەیارانیدا، لە ئەسكەندەریە بەرپا بوو و بەی هۆیەوە 12 كەس كوژران و 200ـیش بریندار بوون؛ هاوكات لە نێوەڕاستی قاهیرە و هەر بە هۆی پێكدادانەكانەوە، 5 كەس كوژران و دواتر زریپۆشی سەربازی بۆ هێوركردنەوەی بارگرژی و پێكدادان چووە شوێنی ڕووداوەكە.
لە شاری عەریش، 5 پۆلیس بە رووداوی جیا كوژران، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ڕوون نەبووەتەوە كە داخۆ ئەمە ئیسلامییە توندڕۆكان بە هۆی لادانی موورسییەوە ئەنجامیان دابێت.
هەزاران كەس لە هەوادار و لایەنگرانی سەرۆككۆماری لەكارلادراوی میسر، محەممەد موورسی، لە تەواوی میسر و لەژێر ناوی "هەینیی توڕەیی"، ڕژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتییان لە دەستبەسەرداگرتنی موورسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی كە سوپا پشتیوانیی دەكات، دەردەبڕی.
یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراو بە شێوەیەكی ئازاد(محەممە موورسی)، چوارشەممەی ڕابردوو و پاش دوو ساڵ لە ڕووخانی حوسنی موبارەك كە بە هۆی ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبییەوە بوو، لەكار لادرا.
ئەم ڕووداوەی هەفتەی ڕابردوو، نیگەرانی و دڵەڕاوكێی خستووەتە نێو هاوپەیمانانی میسر لە ڕۆژاوا و لە نێویشیاندا ولاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا و ئیسرائیلیش.
یەكشەممەی ڕابردوو، جەماوەرێكی زۆر لە قاهیرە و شارەكانی دیكە، داوایان دەكرد موورسی دەست لە كار بكێشێتەوە، وەك دەڵێن، ئەمەیش بە هۆی ئەوەی كە ئیخوان موسلمین دەستەڵاتەكانی قۆرخ كردووە و باری ئابووری خراپە.
Reuters
6_/07/2013