لەنامەیەکی ئاشکرادا، بۆ ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕێبەری ڕۆحیی شیعەکانی جیهان و ڕێبەری ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵێك پرسی گرنگ دەوروژێنێت و داوا دەکات" ئێران، کۆنفدراسیۆن بێت کەوەك لەمێژوودا، کۆنفدراسیۆنی ماد-پارس، بووەتە هۆی بەهێزکردن و ناوبانگی ئێران و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتیانە و بنەماکانی ئەخلاقی و سیاسی تێدا، بوونی هەبووە".
هەروەها هاتووە" لەبەرچاوگرتنی راستیەکانی مێژوویی و کولتووری ئێران، چاوەڕوان دەکرا کە ئێران بە گوێرەی وڵاتانیتر لە پرسی کورد و کرانەوەی دیموکراتیکدا دەستپێشخەر بووبا. بە سەرنجدان بە هەستیاری زۆرلە رەوشی هەنووکەیی ئێران، بە پێویستی دەزانین کە هەڵوێستی ئاشکرای خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورد رابگەیێنن".
ئەمەی خوارەوە، دەقی نامەکەیە:
نامەی سەرئاوەڵە بۆ ئایەتوڵا سەید عەلی خامنەیی
بە لەبەرچاوگرتنی هەستی بەرپرسیارێتیمان لە بەرامبەر گەلانی ئێران و داهاتووی وڵات، لەو قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا نوسینی ئەم نامەیە بۆ رای گشتی و ئاراستەکردنی بە کەسی ئێوە، بە گرینگ دەزانین.
ئێران بە هەموو پێشینەی مێژوویی، فرەڕەنگی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوونی زۆرێک لە گەلانی کۆن لەناویدا، پێگەیەکی گەڵێک مەزنی لە کولتوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئەو گەلانی کە لە پانتایی ئێراندا دەژین، رۆڵێکی بەرچاویان لە پێگەیاند و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی هەبووە و لە پێناو شارستانی ئێراندا پێشەنگایەتیان کردوە. بنەمای سەرەکی ئەو قۆناخانەی کە سیاست لە ئێراندا چێکەربووە و ئارامی و پێشکەوتنی لەگەڵدا بووە، راستینەیەک بەناوی پێکەوە ژیانی گەلانی ئێران و رێز لە ئیرادە و کولتووری ئەم گەلانە بووە. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک نمونە لە مێژووی ئێراندا هەبوونی هەیە.
کۆنفیدراسیۆنی ماد- پارس وەک درەوشاوەترینی ئەم نمونانە، یەکێک لە قۆناخەکانی مێژووی ئێران پێکدێنێت. بەیەکەوە ژیانی گەلانی ئێران و یەکێتی مێژوویی ئەوان توانی ئێران وەک وڵاتێکی بەهێز لێبکات نەک دەوڵەتەکانی ناوەندی بەهێز کە بە ناکۆکینانەوە لە نێوان گەلاندا هەوڵیاندەدا دەسەڵاتداری بکەن. بە وردبوونەوە لە ناوەرۆکی ئەو قۆناخانە کە خۆشگوزەرانی (رفاه) و بەختەوەری لەکۆمەڵگادا لە ئارادا بووە، دەردەکەوێت کە سەرنجدان بە بەیەکەوە ژیانی گەلان و لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی ئەخلاقی و سیاسی هەبوونی هەبووە. ئەو حکومەتانەی کە ئەم راستینە مێژوویی و سیاسیەیان لەبەرچاو گرتووە و پێویستیەکانیان بەجێ گەیاندوە، توانیویانە کە مەشروعیەتی پێویستی لەناو کۆمەڵگادا بۆخۆیان دەستەبەڕ بکەن. هەر مرۆڤەی کە لە لێگەڕینی راستیدا بێت دەتوانێت بە هاسانی لەمە تێبگات کە نەهێنی پێگەی مەزنی ئێران لە مێژووی هەرێمدا، نەک مەزنی مادی، سوپاسالاری و داگیرکردنی شاهانە بەڵکو بەیەکەوە ژیانی بەدڵخوازی گەلانی ئێران بووە. هەر ئەو گەلانە و بە ئیرادەبوونیان لە پێناو ئافراندنی ژیانی ئازاد و بەرزکردنەوەی کولتورەکانیان بوو کە مێژووی دەخوڵقاند. هەر کاتێک دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم راستیەنەیان لەبەرچاو نەگرتبێت ئەو کاتە قەیران، ئاڵۆزی و هێرشی دەرەکی پانتایی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە. ئێران وڵاتی ئەو گەلانە و ئەو هەژمارە زۆر کولتوورەیە کە لە دژی ناوەندگەرایی دەوڵەتەکان لە ناوخۆ و هەم لە دژی هێرشی هێزەکانی دەرەکیدا دەسەڵاتدارییان پەسەند نەکردوە. هەر کام لەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکیانە کە ئەم راستینەیان پەسەند کردبێت و سیاسەت و کردەوەکانیان لەسەر ئەم بنەمایە و تایبەتمەندی گەلان دەستنیشان کردبێت، توانیویانە سەرنجی کۆمەڵگاکان و فرەڕەنگی کولتوری ئێران بۆلای خۆیان رابکێشن. هەمەگەری کولتووری ئێران دیاردەیەکی دەرەکی یان دەستکرد نیە کە بە زەخت و یەکدەستکردن بتوانرێت ساز بدرێت، بەڵکو هەمەگەری بە بەشداری و ئامادەبوونی دڵخواز، ئازاد و یەکسانی هەموو گەلانی ئێران رەخساوە. ئەم هەمەگەریە کولتووریە لەسەر بنەمای رێز لە نرخەکانی یەکتر، ئازادی، ئاشتی و دانپێدانانی بەرامبەر شکڵی گرتووە. لەبەر ئەم هۆکارە لە سەرتاسەری مێژووی ئێران، ناتوانرێت نموونەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەلاندا بدۆزرێتەوە. ئەوەی روویداوە، تەنیا هەڵگیرساندنی شەڕ لە لایەن هێز و حکومەتەکان بووە. ئەو پێکدادان و ناکۆکیەی کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەگەڵ دەرکەوتنی دیاردەی نامۆ لەگەڵ راستینەی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران واتە دەوڵەت- نەتەوە، هاتۆتە ئاراوە. ئەم دیاردەیە، راستینەیەک بە گشتی ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ بنەمای بەیەکەوە ژیانی گەلانە. دەرئەنجامەکەشی کۆمەڵکوژی کولتووری و جەستەیی گەلان و تراژیدیاگەلێکە کە لاوازی هەمەگەری کولتووری ئێرانی لێکەوتۆتەوە. فەرمیکردنی یەک کولتوور و دەسەڵاتدارکردنی یەک نەتەوەی تایبەت و پەراوێزکردنی ئەوانیتر نەک تەنیا بەهێزبوونی ئێرانی لێنەکەوتۆتەوە بەڵکو قەڵشتی کۆمەڵایەتی، بێمتمانەیی و نەهامەتیگەلێکی زۆری بۆ خەڵکانی ئەم وڵاتە هێناوە. بۆ نمونە دەتوانرێت ئاماژە بە رەوشی گەلی کورد لە ئێراندا بکرێت. ئەم گەلە بەردەوام پێداگری لەسەر پاراستنی ناسنامەی زاتی خۆی و پێداگری لە بەشداری راستەوخۆ لە رێوەبەری بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردوە و لە هەمان چوارچێوەدا بە تێڕوانینێکی ئەرێنیەوە تەماشای ناسنامەی ئێرانی کردوە. ئەگەر ئاوها نەبوایە گەلی کورد شانبەشانی گەلانی ئیران لە بەلوچ، ئازەری و عەرەبەوە بگرە هەتا تورکمەن و گیلەک و فارس، لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا چالاکانە بەشداریان نەدەکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوای شۆڕشی ٥٧، بنەما دیموکراتیک و گەلانی بەشداربوو لە شۆڕش، رووبەڕووی سەرکوت و پەرتەوازەکردن کرانەوە. دەبێت پرسیار بکرێت کە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی مێژووی ئێران، بۆچی دەوڵەمەندی کولتووری و مێژووی گەلانی ئەو هەرێمە هەنووکە وەک مەترسی ئاسایشی تەماشا دەکرێت؟ بێگومان وەک مەترسی نیشاندانی دەوڵەمەندی و توانای فەرهەنگی و سیاسی گەلانی ئێرانە کە زۆرترین خزمەتی بەو کەسانە کردوە کە لە هەوڵی لەناوبردنی ئەم هەمەگەری کولتووری- مێژووییەی گەلانی ئێران و پارچەکردنینە. گەلان لە پێناو بەردوامیدان بە هەبوونیان، هیچ کات لە داواکاریە ئازادیخوازانە و کولتووری خۆیان چاوپۆشی ناکەن، ئەمە بەرپرسیارانی حکومەتن کە پێویستە بە سیاسەتە هەڵە و ناکۆک لەگەڵ راستینەی مێژوویی گەلانی ئێران، بەخۆیاندا بچنەوە و وەچەرخان بکەن. لە تێڕوانینی ئێمەوە، بۆ چارەسەری پرس و کێشە قووڵەکانی هەنووکەیی، تەنیا رێگە هەمان خوێندنەوەی دروستی مێژوو و گەڕانەوە بۆ بنەمای بەیەکەوە ژیانی گەلان و بیستنی دەنگی ئەوانە. لەم قۆناخە لە مێژووی ئێران، وروژاندن و پێکهێنانی پڕۆژەی ئاشتی دەوڵەت لەگەڵ گەلانی ئێران و بە فەرمی ناسینی ئیرادە و مافە رەواکانی هەموو گەلانی ئێرانە کە دەتوانێت جارێکیتر ئێران بۆ پێگەی شیاوی پێشەنگایەتی بۆ شارستانی دیموکراتیک لە ئاست هەرێم و تەنانەت جیهاندا بەرزبکاتەوە.
بە درێژایی چەند دەهەی دوایی، بە شێوەیەکی دوور لە ئینساف و تەنها بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەرتەسک و نابەرپرسیارانە سەبارەت بە راستینەی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد کە یەکێک لە کۆنترین پێشەنگانی کولتووری ئاریایی لەسەر ئەم خاکەیە، نزیکایەتی ئینکار و ئەمنیەتی دەستەبەڕ کراوە. لە شەرت و مەرجی بەم شێوەدا کە هەڵهێنانەوەی هەنگاوگەلێک لە پێناوی چارەسەری پرسی گەلان گەلێک دژوار بوو، وەک پەژاک بە هەموو هێز و توانای خۆمان کۆمەڵێک پڕۆژە و بیرۆکەی دیموکراتیک لە پێناو چارەسەری پرسی کورد و گەلانیتری ئێرانمان پێشکەش کرد. لەم چوارچێوەیەدا، بەردوام داوامان کردوە کە کاربەدەستانی سیستەم بە بەرپرسیاریەوە لەبەرامبەر رەوشی هەنووکەیی ناوخۆ و دەرەکی هەڵسوکەوت بکەن. ئەم هەنگاوە بەرپرسیارانەمان وەک رێبازێکی دیموکراتیک لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو مەترسیانە پێشکەشکردوە کە روبەرووی وڵات و گەلان دەبنەوە. لە بەرامبەر ئەم نزیکایەتی چارەسەریخوازانەدا و هاوتەریب لەگەڵ ناخی مێژوویی گەلانی ئێران، وەڵامێک کە لە لایەن سیستەم و لە ژێر بەرپرسیارێتی ئێوە دراوەتەوە، تێڕوانینی ئەمنیەتی، زەخت، هەڵاواردن و قەدەخە و پێداگری لەسەر ئینکارگەرایی بووە.
بۆ گەلی کورد کە بەردی بناخەی کولتوور و مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئێرانە، (داواکاری ئازادی کولتووری، شوناس، ئەتنیکی و بەشداری یەکسانی سیاسی و دیموکراتیک لە پەنای گەلانیتری ئێران لە پێناو دەستنیشانکردنی چارەی هاوبەشی خۆیی) مژارێکی حاشا هەڵنەگر و بنەمای گشت تێکۆشانەکانی ئەم گەلەیە. لەبەر ئەوەیکە ئەم داواکاریانە، کۆڵەکەگەلی پاراستنی هەبوونی گەلی کورد و بنیاندنانی ژیانی ئازاد و شەرافەتمەندانەیە. بە درێژایی زیاتر لە سێ دەهەی رابردوو، هیچ یەک لە سەلیقە و نزیکایەتیەکانی سیاسی هەیی لە بەدەنەی سیستەم نەیانتوانیوە لە راستینەی ئەم داواکاریانە تێبگەن و بیانکەنە بنەمای بەرنامەی کاری خۆیان. هەنووکە کە ئێوە بەو سیاسەتەی کە لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و مژارە قەیراناویەکانیتری وڵات، دەستەبەڕتان کردوە، وەک دەوترێت سیستەمتان یەکدەستکردوە و خۆتان کردوە بە موخاتەب و بەرپرسیاری روبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەم پرسانە، بەو پێیە چ بەرنامەیەکتان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم داواکاریانە هەیە؟ لە کاتێکدا کە داواکاریە رەواکانی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد لە داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەتی هیچ جێگەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە و تەنانەت رووبەڕووی سەرکووت بۆتەوە. داواکاری بەشداری لە (خۆڕاگری و دلێری سیاسی) کە ئێوە داواتان کردوە چەندە رێئالیستە؟ پێویستە کە ئێوە وەک موخاتەبی ئەم پرسانە و بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری خولی یانزدەهەمین، بەرنامە و هەڵوێستی خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ داواکاری گەلان ئاشکرا بکەن و ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی کە راستینەی مێژوویی و هەنووکەیی ئێران و گەلان لەسەر شانی لایەنەکانی ئەم پرسە دادەنێن، پێکی بێنن. ئێمە وەک پەژاک لە بنەماگرتنی هێڵی بەیەکەوە ژیانی گەلان لە هەرێم و لە پێناو بەرەوپێشبردنی دیموکراتیزەکردن لە ئێران و وەدیهێنانی مافی گەلی کورد و گەلانیتری هەتاکوو ئێستاکە, تێکۆشان و خەباتی بەرفراوانمان بەڕێوەبردوە، نرخی مەعنەوی زۆرمان داوە و لە ئەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە لەسەر چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد پێداگری دەکەین.
ئێران نەک تەنیا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەچێت بەڵکو بەرەو هەڵبژاردنێکی ستراتێژیک و چارەنووسساز دەڕوات. بەرپرسیارێتی شێوەی هەڵسوکەوتێک کە گەلان لەم قۆناخە و لە پەیوەندی لەگەڵ پرسەکانیان نیشانی بدەن، لە ئەستۆی ئێوەیە. بەردەوامی سیاسەتەکانی رابردوو نەتەنیا گۆشەگیری ئێران لە ئاستی دەرەکی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆشەگیری حکومەت لە ناو گەلانی ئێرانیشدا. روونەکردن و دەستەبەڕنەکردنی هەڵوێستی ئاشکرا و چارەساز، دەبێتە هۆی ئەوەیکە تێکۆشانی گەلانی ئێران بەردەوام بێت و ئەمەش ئەوان بەرەو هەڵبژاردنیتر راکێش دەکات. تەماشاکردنێک لەو گۆڕانکایانەی کە لە هەریم لە چواردەوری پرسی کورد دێنە ئاراوە، نیشان دەدەن کە لە ئەنجامی تێکۆشانی بەرزی گەلی کورد، سیاسەتی دژەکورد شکستی هێناوە. تەنیا دەوڵەتێک کە هەنووکە لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی کورد پێداگری دەکات، سیستەمی دەسەڵاتدار لە ئێرانە. لە کاتێکدا سەدەی بیست و یەکەم ئیتر نزیکایەتی سەرکوتکەر لە دژی گەلان پەسەند ناکات. سیاسەتی ئینکارکردنی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ کورداندا، تەنیا قووڵبوونەوەی پرسەکانی هەیی لێدەکەوێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی راستیەکانی مێژوویی و کولتووری ئێران، چاوەڕوان دەکرا کە ئێران بە گوێرەی وڵاتانیتر لە پرسی کورد و کرانەوەی دیموکراتیکدا دەستپێشخەر بووبا. بە سەرنجدان بە هەستیاری زۆرلە رەوشی هەنووکەیی ئێران، بە پێویستی دەزانین کە هەڵوێستی ئاشکرای خۆتان لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورد رابگەیێنن. هەڵوێست و هەنگاوە کردەوەییەکانی ئێوە لەم قۆناخە هەستیارە مێژووییەدا، نیشان دەدات کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی کام رێگە هەڵدەبژێرێت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
31.05.2013
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلمەنار)ی زمانحاڵی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "حکومەتی سووریا بەشێكی رۆکێتی بەرگریی هەوایی (S300) دەستکەوتووە و بەشەکەی دیکەشی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدەستدەهێنین".
دوای ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا گەمارۆی چەکی لەسەر سووریا هەڵگرت بۆ هەناردەکردنی چەک بۆ هێزی ئۆپۆزسیۆن، حکومەتی رووسیا رایگەیاند: "ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەورووپا، هەوڵەکانی ئەمریکا و رووسیا بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی جنێڤ لە مانگی داهاتوو بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگی سووریا ئاڵۆزتر دەکات".
حکومەتی رووسیا رایگەیاندووە، كە بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنی چەک بەتایبەتی مووشەکی S300 بۆ پشتگیریکردنی رژێمی سووریا دژ بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و ئیسرائیل داوایان لە رووسیا کرد هەناردەکردنی چەک بۆ رژێمی سووریا رابگرێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند: هەناردەکردنی مووشەکی S300 گەورەترین مەترسییە بۆسەر وڵاتی ئیسرائیل، بۆیە لەکاتی هەناردەکردنیدا وەڵامیان دەبێت.هاوكات وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا، بۆ تەلەفزیۆنی ئەلمەیادینی سووری رایگەیاند "ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر خاکی سووریا، ئێمەش وەڵامی خۆمان دەبێت".
مووشەکی S300 دەتوانێت لە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر ئامانجی خۆی بپێکێت و لەلایەن رووسیاوە فرۆشراوە بە رژێمی سووریا.
31/05/2013
محەممەد رەزا عارف، پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئێران نوێنەری پێشووی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران وەکو جێگری خۆی بۆ کاروباری نەتەوەکان هەڵدەبژێرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ی ئایار) چالاکڤانانی سیاسی کورد و سوننی نیشتەجێی تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ محەممەد رەزا عارف، پاڵێوراوی هەڵبژاردنەکانی ئێران کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەدا حاسڵ داسە، چاودێری سیاسی کورد و نوێنەری پێشووتری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران بە دەنگی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە وەکو جێگری ئەو پاڵێوراوە بۆ کاروباری نەتەوەکان هەڵبژێردرا.
حاسڵ داسە بە (رووداو)ی راگەیاند کە لەو کۆبوونەوە لە رەهەندی جیاوازەوە باس لە پرسی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا کراوە و ئەو پاڵێوراوەش پێشوازی تەواوی لە پێشنیارەکانیان کردووە.
ئەو هەروەها کۆبوونەوەی ئەمڕۆ و بڕیارەکانی بە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ کورد دەزانێت و دەڵێت "تاوهكو ئێستا هیچ پاڵێوراو یا سەرۆک کۆمارێکی ئێران ئامادە نەبووە پۆستی وەزیر لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی بداتە کوردێک".
31/05/2013
ئێوارەی دوێنێ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە فیڵ جۆردەن ڕێکخەری نوێی کۆشکی سپی و برێت مەکگوورک جێگری یاریدەدەری نوێی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە دیدارێکدا سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و ڕێکخەری نوێی کۆشکی سپی کە یەکەم جارە سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات داوای کرد کە بیروبۆچوونی سەرۆک بارزانی لەمەڕ دوا پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق بزانێت.
دواتر سەرۆک بارزانی ڕوانگەی ھەرێمی کوردستانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بە شاندی میوان ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات کردەوە کە کورد دواکاریی سیاسی و دەستووریی خۆی ھەیە بەڵام ھیچ کات نابێتە لایەنێک لە ململانێی تاییفی نێوان لایەنە عێراقییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بارودۆخی ئاڵۆزی سووریا تاوتوێ کرا.
pna
31/05/2013
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو لە حاڵێکدا بەڕێوەچوو کە هیچکام لە نوێنەرانی کورد خۆیان بۆ ئەم پۆستە نەپاڵاوتووە.
عەلی لاریجانی دوێنێ سێشەممە (28ی ئایار) لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرا.
بە پێی پێڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی ئێران، هیچ مەرجێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان نییە و هەموو ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن خۆیان بۆ بەدەست هێنانی ئەو پۆستە بپاڵێون.
لە ماوەی ٩ خولی پێشوودا ٣٢ جار سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرداوە، بەڵام تاوهكو ئێستا هیچکام لە نوێنەرانی کورد خۆیان بۆ ئەو پۆستە نەپاڵاوتووە.
حاسڵی داسە، نوێنەری پێشووتری پەرلەمانی ئێران لەم بارەوە بە (رووداو) دەڵێت "بۆ زۆریەک لە پۆستە باڵاکانی ئێران مەرج دانەنراوە، بەڵام یاسایەکی نەنووسراو هەیە کە ناهێڵێت کورد ئەو پۆستانە بەدەست بهێنن".
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە لە خولی شەشەمدا نوێنەرێکی کورد بۆ لێژنەی سەرۆکایەتی پاڵێوراوە، بەڵام جگە لە نوێنەرانى کورد هیچ کەسێکی دیکە دەنگی پێ نەداوە.
نوێنەری پێشووتری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار هەروەها پێیوایە کە لە ئێراندا متمانە بە کورد ناکرێت و پۆستی باڵای پێ ناسپێردرێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران هەر چوار ساڵێک جارێک بەڕێوە دەچێت و کۆتایی مانگی ئایار سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵدەبژێردرێت. لە کۆی ٢٩٠ ئەندامی پەرلەمانی ئێران ١٨ کەسیان کوردن.
30/05/2013
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکات کە مافی نەتەوەکان لەو وڵاتەدا رەچاو بکات و دەرفەت بەو نەتەوانە بدرێ کە بە زمانی دایکییان بخوێنن.
لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ سێشەممە (28ی ئایار) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "لە ئێراندا مافی کەمینە نەتەوەییەکان پێشێل دەکرێت و دەوڵەتی ئێران دەبێ هەوڵ بدات لە بواری ئابووری ئەو ناوچانە قەرەبوو کاتەوە".
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە "کورد، عەرەب، ئازەری و بەلوچەکان لە ئێراندا ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن، دەبێ هەوڵ بدرێ کە ئەم مافەیان بۆ بگەڕێتەوە و هەروەها پشتیوانی لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار بەو زمانانە بکرێت".
لە مادەکانی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی ئێراندا رێگە بە نەتەوەکانی دیکە وەکوو کورد، عەرەب، ئازەری، بەلوچ دەدرێت کە وێڕای زمانی فارسی لە خوێندگاکان زمانی دایکیشیان بخوێنن. ئەو یاسایە تاوهكو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
30/05/2013
ژنێكی روسی بەناوی “گالینا فیودرۆفنا” دانیشتووی شاری تامبۆفبۆ ئازادی ئۆجالان 11 هەزار واژۆ كۆدەكاتەوە، لەچوارچێوەی كەمپینی نێونەتەوەیی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی ئۆجالان لە روسیا.
گالینا فیدرۆفنا لەفیدراسیۆنی روسیا و لەشاری تامبۆف رایگەیاند لەچوارچێوەی كەمپینی نێونەتەوەیی ئازادی بۆ ئۆجالان، بەپێی توانای خۆی واژۆی كۆكردوەتەوە .
فیدرۆفنا دەڵێت “من خەباتی كۆمەڵایەتی دەكەم. بەو بۆنەشەوە لەنزیكەوە كێشەی كورد چاودێری دەكەم. لەمسكۆ كۆمیتەیەك بۆ ئازادی ئۆجالان دامەزراوە. لە تامبۆفیش كومیتەكە واژۆ كۆدەكاتەوە”.
ئەو ژنە روسیە بەپێویستی دەزانێت گەلی كورد پشتیوانی ئۆجەلان بكاتو وتی “بۆ گەلەكەی تێدەكۆشێت و گەلەكەی پێویستە پشتیوانی بێت، من ژمارەیەكی زۆر لەكتێبەكانی ئۆجالانم خوێندوەتەوە، نابێت وەها مرۆڤێك لەزینداندا بێت. من بۆ ئازادی ئۆجالان (11) هەزار واژۆم كۆكردوەتەوە “.
سەرچاوە؛ فورات نیوز
29/05/2013
له مهراسیمی تهواو بوونی نهخۆشخانهی شار له سلێمانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له وتارێكدا رایگهیاند،" ئەم پرۆژەیە سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە پڕۆژەی وا گەورە پێشتر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرابوو، پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو ئامانجی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانه كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین"، ههرووهها باسی له دهرمانی خراپ و نهخۆشهكانی ههولێر كرد، لهبارهی بارودۆخی سیاسی وتی، تەوافوق و سازانی نیشتمانی لە كەشێكدا دروستنابێ كە پڕبكرێت لە هەڕەشە و مەرج سەپاندن.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له وتارهكهیدا وتی: پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو ئامانجی هەرە سەرەكین لە كارنامە و پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین . لە كوردستان و بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش لەگەڵ حكومەتدا، بتوانێ نەخۆشخانەی پێشكەوتوو و ناوەندی چارەسەری لە كوردستان بكاتەوە. هەر لێرەوە من دەمەوێ هانی ئەو وەبەرهێنەرانە بدەم كە دەیانەوێت كار لەسەر ئەم كەرتە بكەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان.
ئاماژهیدا: ئەوەی تائێستا كراوە، كارێكی زۆربووە، بەڵام هێشتا زۆری دیكەش ماوە بیكەین. بەتایبەتیش گۆڕینی سیستەمی تەندروستی بۆ سیستەمێكی هاوچەرخ و دروستكردنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە كارێكی زۆرمان لەپێش خۆمان داناوە بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی و، بە پشتیوانی خەڵك و ئێوەی خۆشەویست ئەم كاروانە دەگەیێنینە ئامانج .
سهبارهت بهو كهسانهی له ماوهی رابردوو له ههولێر بینینیان لهدهستدا، نێچیرڤان بارزانی وتی: لەو ماوەیەی رابردوودا، رووداوێكی جەرگبڕ هەموومانی تاساند، ئەویش بەهەڵە بەكارهێنانی چارەسەری بوو بۆ چەند هاووڵاتییەك لە هەولێر، كە بەهۆیەوە هەندێكیان بیناییان لەدەستدا، ئەوانە وەك هەموو خەڵكی كوردستان كەس و خۆشەویستی ئێمەن و بەڕاستی زۆر دڵتەنگین بۆ ئەوەی بەسەریان هات . ئێمە بەپێی یاسا ، بەدواداچوونی ورد و لێپێچینەوەیەكی تووندمان دەستپێكرد ، وەزارەتی تەندروستیش لە بەدواداچوونەكەیدا بەردەوامەو هیوادارین بگاتە ئەنجام.
سهرۆكی حكومهت دووپاتی دهكاتهوه كه بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هیچ بازرگان و كۆمپانیایەك زیان بە هاووڵاتیانی كوردستان بگەیێنێ و، هەر كۆمپانیایەك ئەوەبكات لێخۆشبوونی بۆ نییە و رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە بەپێی یاسا. ئێستا سەردەمی سەروەری یاسایە، هەموو كارێكی ئێمە لەبواری تەندروستیدا ، لە چوارچێوەی یاسای تەندروستیدایە كە بە ژمارە 15 لەساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە. ئەم سەروەركردنەی یاسا، هەنگاوێكی بنەڕەتییە لە بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا.
روونیكردهوه: بڵاوبوونەوەی دەرمانی خراپ و ساختە زۆر فراوانبووە لە جیهاندا، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر كاركردن بۆ نەهێشتن و رێگە لێگرتنی. ئێمە دەمانەوێ لەو بوارەدا چاو لە وڵاتە چالاكەكان بكەین لە بواری بەرنگاربوونەوەی دەرمانی ساختەدا. هەروەها لیژنەی كۆنترۆڵی خۆراك و، ئەو لیژنانەی بەردەوام رێستۆرانت و دووكان و سوپەرماركێتەكان دەپشكنن ، كارێكی زۆر گرنگ دەكەن لە بواری پاراستنی هاووڵاتیان لە خۆراكی خراپ. لەو بوارەشدا زۆر سوپاسی لیژنەكەی شاری سلێمانی دەكەم و كارەكانیان زۆر بە باخ و بەرزییەوە سەیر دەكەین .
وتیشی: ئێستا كوردستان ناوبانگی بەوە دەركردووە لە جیهاندا كە بەردەوام پێشدەكەوێ و خۆشگوزەرانی تێدا زیاتر دەبێت . ئەوە هەروا دروستنەبووە، بەڵكو بەكارێكی زۆر ئەو ناوبانگەی دەستكەوتووە. بۆیەش بەڕاستی هەر هێز و لایەنێك ، ژیان لە كوردستان لەبەرچاوی خەڵك رەش بكات، كارێكی خراپ دەكات. ناكرێ ئۆپۆزیسیۆن، بۆ مەرامی ئینتیخابی، ژیان و وڵات بە رەشی پیشانبدات. ناكرێ بۆ مەرامی سیاسی و ئینتیخابی، درز بخاتە نێوان حكومەت و هاووڵاتیانەوە.
نێچیرڤان بارزانی رایگهیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، كە ئەمڕۆ بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حوكمی هەرێمی كوردستان دەكەن لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەدا، ئامادەن بۆ دانیشتن و كۆدەنگی لەسەر پرسە نیشتمانییەكان، بەپێی بنەما یاساییە كار پێكراوەكانی وڵاتەكەمان. بەڵام لە هەمانكاتیشدا زمانی هەڕەشەكردن لەلایەن یەكێتی و پارتی و خەڵكی كوردستانەوە زمانێك نییە كە قەبول بكرێت، چونكە تەوافوق و سازانی نیشتمانی لە كەشێكدا دروستنابێ كە پڕبكرێت لە هەڕەشە و مەرج سەپاندن.
ئهوهشی خستهروو: ئێستا هەموو نەتەوەی كورد لە دۆخێكی زۆر هەستیاردایە. لەعێراقیش كێشەی خاك و جێبەجێكردنی مافەكانی كورد لە دەستووردا هێشتا چارەسەرنەكراون، ئەوەش پێویستی بەوەیە كە كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان بۆ مەسەلە ئینتیخابییەكان لەبیر نەكەین، لەبەرئەوەش ئێمە داوای دروستكردنی یەكدەنگی دەكەین لەسەر مەسەلە نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەی هەموو گفتوگۆ و راگۆڕینەوەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان.
س . س
pna
29/05/2013
نوێنەرانی پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، داوادەکەن وەک نوێنەری کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنفرانسی جنێف بەشداری بکەن.
شێروان ئیبراهیم، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتی (PYD) لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (حورییەت دەیلی نیوز)ی تورکی رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری بکەین، جا وەک ئەندامی ئیئتلاف بێ یان بە سەربەخۆیی وەک نوێنەری باڵای کورد ".
رووسیا و ئەمریکا دەیانەوێ بەهۆی کۆنفرانسی جنێفەوە نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا لەسەر یەک مێز کۆبکەنەوە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەكانی سووریا.
ئێمە چەندین دەیەیە لەژێر دەستی رژێمی سووریا دەچەوسێینەوە
هاوکات، بەهزاد ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد، رایگەیاند، كە ئەوانیش دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسەکە و گوتی: " ئێمە چەندین دەیەیە لەژێر دەستی رژێمی سووریا دەچەوسێینەوە و بەر لە دەستپێکردنی شۆڕشی سووریاش تێکۆشانمان کردووە."
لیژنەی باڵای کورد لە مانگی تەمموزی 2012 دامەزرا و ئەندام نییە لە ئیئتلافی نیشتمانی سووری.
رۆژی 26-5-2013، وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە میانی سەردانێکیدا بۆ عێراق، رایگەیاند: "حکومەتی سووریا بەشداری لە کۆنفرانسی ئاشتی دەکات، کە لە جنێف بەڕێوەدەچێت".
ئامانجی کۆنفرانسەکە راگرتنی شەڕی ناوخۆی سووریایە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 هەزار کەس کوژراون و چەندین ملیۆنیش سووریایان بەجێهێشتووە.
28/05/2013
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، 24 كەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە. لەنێو ئەوانەشدا ژنان زۆرترن. بە گوتەی كۆمەڵناسێكیش، حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە پارێزگای ئیلام زیاتر لە ناوچەکانی دیکە روودەدات.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دوو گەنجی دانیشتووی دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنە، بە خۆهەڵواسین کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بە پێی ئامارەکان، ژنان زیاتر لە پیاوان خۆیان دەکوژن
هەفتەی رابردووش کچێکی تەمەن 10 ساڵان خەڵکی ئاوایی پەسوێ لە پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ، کە پێشتر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو ئامارەی ناوەندی هەواڵی کوردپا بڵاویکردووەتەوە "لە ماوەی 65 رۆژی رابردوودا، 24 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە، کە 14 کەسیان ژنن".
د. خالید تەوەکولی، مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سەقز، لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) گوتی: "ئەو ئامارانە بە تەواوی رەنگە دروست نەبن، چونکە لەلایەن ناوەندێکی زانستی سەربەخۆوە کۆنەکراونەتەوە".
تەوەکولی پێیوایە، بەرزبوونەوەی رێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە و کێشەیەکی گشتییە. جەخت لەوەش دەکاتەوە "خۆکوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵات زیادیکردووە".
بەرزبوونەوەی رێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە و کێشەیەکی گشتییە
سەبارەت بە هۆکارەکانی پەرەسەندنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، مامۆستاكەی زانكۆی سەقز ئاماژە بە "نایەکسانی چینایەتی، بێباوەڕی و نائومێدی بە ژیان و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان، دژایەتی لەنێوان نەریت و بەها کۆمەڵایەتییە مۆدێڕنەکان و گیرۆدەیی بە ماددە سڕکەرەکان" دەکات.
تەوەکولی گوتیشی: "لە پارێزگای ئیلام بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی خۆکوشتن زیاترە و بە پێی ئامارەکانیش، ژنان زیاتر لە پیاوان خۆیان دەکوژن".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئێران لەدوای چین و هیندستان سێیەمین وڵاتە لە بەرزی رێژەی خۆکوژی و لەو نێوەندەشدا پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین ئاماری خۆکوشتنیان تێدا تۆمار کراوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، پارێزگای ئیلام لە بەرزبوونەوەی ئاستی خۆکوژی، بەتایبەت خۆکوژی ژنان لە پلەی یەکەمەوە دێت. (ساڵانە 400 کەس) و ئەوە لە کاتێکدایە، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئیلام زۆرترین رێژەی بێکاری لە ئاستی ئێراندا تۆمارکردووە و 21%ی دانیشتوانی بێکارن.
rudaw
28/05/2013
لە ناوچەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان کاسبکارێک بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئێران كوژرا.
هێزەکانی ئێران شەوی رابردوو لە ناوچەی "شیلانێ"ی سەردەشت هێرشیان کردە سەر پۆلێک کاسبکاری کورد و لە ئەنجامدا کەسێک بە ناوی "زانکۆ قوربان" كوژرا.
بە پێی یاسای بەكارهێنانی چەک لە ئێراندا، هێزە چەکدارەکان دەبێ لە پێشدا گومان لێکراو یان تاوانبار ئاگادار بکەنەوە و لە قۆناخی دووەم تەقەی هەوایی بکەن و دواتر ئەگەر خۆی بە دەستەوە نەدا تەقە لە پێی بکەن.
لە مانگی رابردوودا، ١٤ كاسبكاری كورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران و یان تەقینەوەی مین لەناوچە سنوورییەكانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گیانیان لەدەست داوە.
27/07/2013
سهعدی ئهحمهد پیره، ئهندامی مهكتهبی سیاسی یهكێتی نیشتمانی كوردستان رایدهگهیێنێت عێراق هی ههموو عێراقییهكانهو پهیوهندی كوردو شیعهش به مێژوویی "مێژووییه" وهسف دهكات .
سهعدی ئهحمهد پیره گوتی "پهیوهندی ئێمه پهیوهندیهكی مێژووییهو چهندین شههیدمان پێكهوهداوه، له ئێستاشدا بهرهوباشی دهڕوات ئهگهرچی له چهند رۆژی رابردوو نهیارو تێكدهرانی عێراق بۆ ئهوهی بارودۆخهكه ئاڵۆز بكهن ههوڵیاندا كهلێن بخهنه نێوان كوردو شیعه".
به گوێرهی ههواڵێكی ماڵپهری (PUKmedia ) زمانحاڵی یهكێتی نیشتمانی كوردستان پیره زیاتر روونیكردهوه "دوای سهردانی عهمار ئهلحهكیم بۆ ههرێمی كوردستان و به راوێژ و دانووسان و وهفدی كوردی بۆ بهغداو سهر له نوێ پهره بهو پهیوهندییه دراوه هیوادارین لهداهاتووشدا عێراق بۆ ههموان بێت ئهو ئاڵۆزییهی ئێستاش ههیه بهشێوازی گفتوگۆو دانووسان چارهسهربكرێت".
ئهندامهكهی مهكتهبی سیاسی یهكێتی ئاماژهی بهوهشكرد "له ههرێمی كوردستان بوژانهوهو ئاوهدانكردنهوه بهشێوهیهكی بهرچاو پهرهی سهندوه، ئێستاش بهرهو قۆناخی ههڵبژاردن دهڕۆین، وهك یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سیاسهتی یهكێتی پێش مام جهلال و له غیابی مام جهلال ههمان ههڵوێستمان ههیه و بهردهوامی سیاسهتی ئهو دهبین".
ئهو قسانهی سهعدی ئهحمهد پیره ئهندامی مهكتهبی سیاسی یهكێتی ئهمڕۆ یهكشهممه لهشاری ههولێر لهمیانهی ئهو كۆبوونهوهیه هات كه لهگهڵ محهممهد ئهلحهیدهری كهسایهتیی ئایینی و سیاسی دیاری عێراق و پهرلهمانتاری پێشوی عێراق و وهفدێكی هاوڕێی ئهنجامیدا.
rudaw
27/05/2013
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارێكدا بەبۆنەی یادی شۆڕشی گوڵان، كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاركی شانەدەر لە شاری هەولێر پێشكەشی كرد، تیشكی خستە سەر پرسی گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەروەها باسی لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم و دوایین رێككەوتنی هەولێرو بەغدا كرد.
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی:"لە دەسەڵاتی هیچ كەسێكدا نییە دەستوور بگەڕێنێتەوە پەرلەمانی كوردستان تاوەكو میلـلەت قسەی لەسەر نەكات". داوای گەڕانەوەی دەستووریشی، كە هەندێك لایەن داوای دەكەن، بە "نا یاسایی" وەسف كرد.
گوتیشی: "ئەو كاتەی دەستوور پەسەندكرا 36 حیزب لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی یاساییان هەبوو، هەر 36یان دەنگیان بە پرۆژەیاسای دەستوور دا".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو "لە هەڵبژاردنی 25/7/2009 زۆر هەوڵماندا دەستوور بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام كۆمسیۆن ئامادە نەبوو".
بارزانی، هۆشداریی لە بارەی دواكەوتنی ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستوور داو گوتی: "چەند راپرسی لەسەر دەستوور دوابكەوێت، كێشەكە زیاتر دەبێ". ئاماژەی بەوەشكرد: "هەمواركردنی دەستوور بووەتە مەسەلەیەكی سیاسی و كردوویانەتە كەرەستەی ململانێكان".
بارزانی راشیگەیاند: "ئەگەر دەستوور خراپە با میللەت دەنگی پێ نەدات و ئەگەر بە باشی دەزانێت با پەسەندی بكات".
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، مەسعود بارزانی رایگەیاند: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی هەموو خەڵكێكی كوردستان دەكات نەك حیزبێك، بۆیە گرنگ نییە كێ دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گرنگ ئەوەیە خەڵك هەڵیبژیرێ، دڵنیاشم زۆر خەڵكی لێهاتوو هەن ئەم رۆڵە ببینن".
لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەوە، بارزانی گوتی: "پێمانخۆشە هەڵبژاردنەكان بەشێوازی نیمچەكراوە بەڕێوەبچن و گەلی كوردستان مافی خۆیەتی حەسمی بكات".
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، باسی لە بارودۆخی عێراقیش كردو گوتی: "داوا لە لایەنە عێراقییەكان دەكەین، دەست بكەن بە گفتوگۆ و تەوافوقی نیشتمانی".
لەبارەی دوایین رێككەوتنی هەولێر و بەغداش، گوتی: "ئومێدەوارین ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێ و بە كردەوە ئیسپاتی بكەن كە جێبەجێی دەكەن، چونكە هەموومان ماندووبووین لە بەڵێنی بێ كردار".
26/05/2013
سەرچاوەیەك بە هەفتەنامەی "باس"ـی ڕاگەیاندووە، ئەمەریكا لە هەوڵدایە هەریەك لە كورد، توركیا و قەتەر رازی بكات بۆ ئەوەی تا ساڵی 2014 بەشار ئەسەد لە حوکمدا بمێنێتەوە، لەم ماوەیەیشدا زەوینەی هەڵبژاردنێكی ڕەوا و یەكسان بسازێنێت.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی سازی دا، ئەمەریكا داوای لە بارزانی كردووە، یارمەتیدەری بێت بۆ چارەكردنی ئاشتیانەی قەیرانی ئێستای سووریا.
سەچاوەكە هەروەها دەڵێت، لایەنی كوردی هەڵوێستی لە بەرانبەر چارەی ئاشتیانەی كێشەی سورریا نەرمە، بەڵام بەو مەرجەی مافی كورد لەو وڵاتەدا مسۆگەر بكرێت، هەرچی قەتەریشە لەگەڵ ئەو چارەسەرەدا نییە، چونكە بە سازشی سیاسیی دەزانێت لە بەرانبەر ئێران، هێشتا توركیایش بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە.
بە گوتەی سەرچاوەكەی "باس" كە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی كردووەتەوە، بایدن هاوكات پشتیوانیی خۆی بۆ داواكانی كورد نیشان داوە و داوایشی كردووە كە كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا درێژەیان هەبێت و لایەنی سوننەیش بهێنرێتە نێو گفنوگۆكانەوە.
لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن جیهاد، باوەڕی وایە كە ئەمەریكا لەوە گەییشتووە كە سەركردایەتیی كورد لە هەرێم دەتوانن ڕۆڵ لە هاوكێشەكەدا بگێڕن، بۆیە لە پێوەندییەكانیاندا پرس بە كوردیش دەكەن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستانی، موئەییەد تەییبیش ئەوەی ڕاگەیاند كە كورد لە پێووتریش و ئێستایش هەمیشە هۆكاری سەقامگیری بووە لە عێراق و ناوچەكە، هەربۆیە هێزێكی وەكو ئەمەریكا ڕاوێژی پێ دەكات.
گوتیشی، سەركردایەتیی سیاسیی كورد حەكیمانە مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی عێراق و سووریادا دەكات، چونكە دەزانێت ئەوەی هەیە ملمڵانێی ئیقلیمیشی تێدایە، بۆیە كورد بۆ كێشەكانی عێراق لەگەڵ گفتوگۆ بووە بۆ كێشەی سووریا، لەگەڵ پێدانی مافەكانی كورد بووە لەو هەرێمە وێڕای ئەوەیش پێداگر بووە لەسەر ڕای خەڵكی سووریا لەسەر كێشەكانی خۆیان.
pna
28/05/2013