ئه‌مرۆ شاندێكی بەدەپە بۆ جاری شەشەمین سەردانی ئیمراڵی به‌رێكه‌وتن، پاش ئه‌وه‌ی شاندەكە سەردانی وەزارەتی دادی توركیایانكردئەوەش دوای مانگێك دێت بەسەر سەردانی پێنجەمدا.
ماڵپه‌ری فورات نیوز بڵاویكرده‌وه، ئه‌مرۆ شه‌ممه هه‌ریه‌كه له گوڵته‌ن کشاناک، سڕی سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بوڵدان ئاماده‌كاریان تهواوكردوهو به‌ره‌و ئیمرالی به‌رێده‌كه‌ون.
پێشتر پەروین بوڵدان جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی بەدەپە و یەكێك لەئەندامانی شاندەكە رایگەیاند بۆ ماوەی مانگێك دەبێت سەردانی ئۆجالانیان نەكردووە و لەماوەی ئەو مانگەشدا چەندین رووداوی گرنگ دروستبوون و بۆیە دەیانەوێت لەماوەیەكی كورت دا سەردانی ئیمراڵی بكەن.
پەروین بوڵدان وتی “خۆمان ئامادە دەكەین بۆ جاری شەشەمین بچینە ئیمراڵی و چاومان بە بەرێز ئۆجالان بكەوێت”.
بوڵدان هیوادارە لەماوەیەكی كورتدا چاویان بە ئۆجالان بكەوێت و لەسەر پرۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانەی بۆقۆناخەكە نراون گفتوگۆ بكەن.
گەریلاكانی PKK لە رۆژی 8ی مانگەوە دەستیان بەكشانەوە كردووە و تا ئێستاش پرۆسەكە بەردەوامە. پەروین بوڵدان وتی “دەمانەوێت هەم لەسەر ئەو بابەتە بۆچوونەكانی ئۆجالان وەربگرین، هەمیش لەسەر پێشهاتەكانی قۆناخەكە بیروبۆچوونەكانی وەربگرین “.
26/05/2013
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوای ئازادكردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌كات و په‌یامێك بۆ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوای كوردستان ده‌نێرێ.
له سێزده‌مین كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان كه ئه‌مڕۆ له برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد كه له‌لایه‌ن هێمن هه‌ورامی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان خوێندرایه‌وه و له به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا مه‌سعود بارزانی، داوای ئازادكردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)ی كرد.
بارزانی گوتی " دۆزی كورد له قۆناخێكی گرنگ دایه و هیوامان به ئاینده‌یه‌كی گه‌ش زۆره، نه‌یارانی گه‌له‌كه‌مان له هه‌ڵوێستی لاوازدان و ئیتر سه‌رده‌می نكۆڵی كردنی گه‌لی كورد به‌سه‌رچووه".
بارزانی زیاتر ده‌ڵێت سه‌ده تارییكهكانی كورد به‌سه‌رچووه، سه‌ده‌ی 21 سه‌ده‌ی گه‌یشتنی كورد ده‌بێ به ئاواته‌كانی، له‌و قۆناخه گرنگه‌دا له هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به هاوده‌نگی و كاری هاوبه‌شه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به باشترین شێوه خزمه‌تی دۆزی كورد بكه‌ین".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه‌شكرد "كه ناوچه‌كه له گۆڕانكاری خێرا و یه‌كلاییكه‌ره‌وه دایه، بۆیه پێویسته خۆمان بۆ گۆڕانكارییه‌كان ئاماده‌كه‌ین، راسته ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی كورد هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ركاتێكیش زیاتر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای كورد هه‌یه".
بارزانی ئاماژه‌ی به پرۆسه‌ی ئاشتی و ئه‌و گۆڕانكارییانهكرد كه له هه‌ڵوێستی توركیا روویانداوه و داواشی له هه‌موو لایه‌ك كرد " هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌ن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی و به پشوو درێژ و وردبینی مامه‌ڵه بكه‌ن، بۆ سه‌رخستنی هه‌رچی زووتری پرۆسه‌ی ئاشتی هیودارم به‌ڕێزم عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئازاد بكرێت، ده‌ستووری توركیا هه‌موار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو گه‌لی كورد و تورك به ئاشتی له ته‌ك یه‌كتری بژین".
له باره‌ی رۆژئاوای كوردستانه‌وه، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوای له هه‌موو پارته كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كرد "پابه‌ندی رێككه‌وتنی هه‌ولێر بن و به برایه‌تی و ته‌بایی هاوكاری یه‌كتربن، نه‌ك له رێگه‌ی چه‌ك و خۆسه‌پاندن رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه، به‌كارهێنانی چه‌ك و توندتیژی رێك ئه‌و شته‌یه كه نه‌یارانی گه‌لی كورد له‌و قۆناخه‌دا چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن".
له‌باره‌ی پرسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بارزانی گوتی" به هه‌موو توانایه‌ك پشتگیری له رێگه چاره‌ی خه‌باتی ئاشتیانه ده‌كه‌ین و هیوادارین دۆزی ره‌وای كورد له‌و پارچه‌یه‌دا پێشكه‌وتنی باش به‌خۆوه ببینێ، ئه‌وه‌ش وا دهزخوازێت هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش وتاریان و ریزیان یه‌كخه‌ن، په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه ژیانی گه‌لان هه‌ڵبگرن".
26/05/2013
سه‌عات 10:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ هەینی له‌مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، به سه‌رپه‌رشتی رێكخه‌ری گشتی، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبوه‌وه.
كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه له چه‌ند ته‌وه‌رێكدا خۆی بینییه‌وه، وه‌ك: هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه و یه‌كترناسینی دوای هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كان و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژارنه گشتییه‌كانی ئایندهی هه‌رێمی كوردستان و خۆئاماده‌كردن بۆ كۆنفرانسی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان .
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی له ئاماده‌بوان كرد و پاشان هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوچه‌كه و كوردستانی باس كرد و رۆڵ و پێگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له ناوچه‌كه‌دا رونكرده‌وه، كه بوه‌ته لایه‌نێكی گرنگی هاوكێشه سیاسییه‌كان، دواتر له‌ڕوی پێكهاته‌ی رێكخراوه‌ییه‌وه جیاوازی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌گه‌ڵ پارته‌كانی تری هه‌رێمی كوردستاندا خسته‌ڕو و رایگه‌یاند: ئێمه مۆدێلێكی جیاوازمان له حیزبایه‌تی داهێناوه به‌وه‌ی پێكهاته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه داڕشتوه نه‌ك له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی جیاوازییه‌كاندا، رۆڵ و پێگه‌ی ژنی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا باس كرد و له‌و روه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بۆ یه‌كه‌مجاره ژن به ده‌نگی ژن و به كۆتایه‌كی دیاریكراو ده‌چێته سه‌ركردایه‌تی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌وه، ئه‌مه داهێنانێكی نوێی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، هه‌ر له‌و روه‌وه رێكخه‌ری گشتی رۆڵ و پێگه‌ی ژنی له‌خه‌باتی سیاسی و ئایندهی كوردستاندا له بواره جیاوازه‌كاندا به گرنگ وه‌سف كرد.
له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا رێكخه‌ری گشتی باسی له رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد له كوردستاندا كه به كۆشش و ماندوبونی هه‌مو لایه‌ك له ئۆرگانه جیاوازه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان و میدیاكان، له‌چوار ساڵی رابردودا توانراوه مۆدێلێكی نوێ له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسی دابهێنرێت له‌بری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی چه‌كداری.
له ته‌وه‌رێكی تردا نه‌وشیروان مسته‌فا گرنگی و بایه‌خی هه‌ڵبژادنه گشتییه‌كانی ئایندهی كوردستانی باس كرد و پێگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ڕو، له‌مڕوه‌وه باسی ئه‌وه كرا، كه به هه‌مو لایه‌ك هه‌وڵی سه‌رخستنی په‌یامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بدرێت، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باسی كۆبونه‌وه‌ی ده‌زگاكانی هه‌ڵبژاردنی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كرا و هاوكاری و هاوئاهه‌نگییان له‌پێناو سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی ئایندهی كوردستان به گرنگ باس كرا، پاشان جڤاتی نیشتیمانی به‌تێكڕای ده‌نگ بڕیاریدا، كه (نه‌وشیروان مسته‌فا) وه‌ك سه‌رۆكی قه‌واره‌ی گۆڕان، له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی ئایندهی كوردستاندا بمێنێته‌وه.
دواتر ده‌رگای گفتوگۆ بۆ به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه كرایه‌وه‌و چه‌ندین سه‌رنج و پێشنیار خرانه‌ڕو، كه سه‌رجه‌میان له خزمه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه و سه‌رخستنی په‌یامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بون.
له پاشنیوه‌ڕۆدا ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی به‌رده‌وامیی هه‌بو، له‌م به‌شه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا خۆئاماده‌كردن بۆ كۆنفرانسی ئاماده‌كاری كۆنگره باس كرا و له‌مڕوه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و پێشنیازی به‌سود خرانه‌ڕو، ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه به تێكڕای ده‌نگ بڕیاری به‌ستنی كۆنفرانسی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌یان په‌سه‌ند كرد، بڕیاردرا له ئاینده‌دا به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن و سه‌رخستنی كاره‌كان، كۆبونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن.
سبەی
25/05/2013
سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بە هاتنەناوەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناو سنووری ناحییەی سیدەکان دەکەن، بەڵام بەڕێوەبەری ناحییەكە دەڵێ: "هیچ جموجوڵێکی نائاساییمان لە هێزەکانی ئێران نەبینیوە".
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە جووڵەپێکردن و هاتنەناوەوەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەکانی: کانی رەش، کانی سپی، چاڵاوان و بەرزێوە لە سنووری باڵەکایەتی دەکەن. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە هێزەکانی ئێران لەو ناوچانە سەرقاڵی دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێن.
محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ناحییەی سیدەکان، کە هەندێک لەو ناوچانە دەکەوێتە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ناحییەکە بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، کە لە پۆلیسی پاراستنی سنوور و هێزەکانی ئاسایش بەدەستمان گەیشتووە، رەوەندی کوردی لەودیو سنوور روو لە ناوچە کوێستانییەکان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی رێگاوبانی خاڵ و ناوچە سنوورییەکان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت و ئەوەش نەریتێکی ساڵانەیە، کە ئێران لە کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامی دەدات".
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: هیچ جموجوڵێکی نائاساییمان لە هێزەکانی ئێران نەبینیوە
محەممەد ئیسماعیل روونیكردوە: "حکومەتی ئێران زستانان ژمارەی بنكە سەربازییەكانی کەم دەکاتەوە و لە وەرزی بەهار و هاوینیش هێزی سەربازی زیاتر لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەکات، بۆ پاراستنی سنوورەکانی خۆی. لەبەر ئەوە رێژەیەکی زیاتری هێزی ئێران لەسەر سنوور دەبینرێن، بەپێی سەرچاوە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ جموجۆڵێکی نائاسایی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بەدی نەکراوە".
ماڵپەڕی كوردستان میدیای زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە راگەیاندووە "ماوەی 4 رۆژە هێزێكی زۆری سوپای پاسداران بە چەكی قورسەوە لەخاڵە سنوورییەكانی پیرانشار جێگیر كراون و شوێنی هێزی ئەرتەشیان گرتووەتەوە، کە تایبەتن بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان".
هەر لەو بارەوە زۆسک چۆمانی، کە رۆژنامەنووسێکی سنووری باڵەکایەتییە بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە بەرزاییەکانی کانی سپی لەنێوان گوندەکانی دۆڵی سەکرانی قەزای سۆران، سوپای ئێران لە هەوڵی دروستکردنی بنكەیەكی سەربازی نوێیە، لەكاتێكدا پێشتر 3 بنكەی دیکەی دروستکردبوو لەو سنوورە".
بەڕێوەبەری ناحییەی سیدەکان دەربارەی دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەلایەن ئێرانەوە، دەڵێت: "لە سنووری ناحییەی سیدەکان زستانان 12 بنکەی سەربازی هەیە و هاوینان دەکرێنە 20، کە هەندێکیان جێگیرن و بە کۆپتەر لە ورمێوە کەلوپەلی پێویستیان بۆ دەنێردرێت، بۆیە ئەو بنکانە لە سنووری سیدەکان زیاد نەکراون، بەڵام لە سنوورەکانی دیکە من هیچ زانیارییەکەم لەسەر نییە".
ناوچەی باڵەکایەتی لە 160 گوند پێک دێت، کە هەندێک لە گوندەکانی بەهۆی بۆردومانەکانی ئێران چۆڵکراون.
25/05/2013
-ناوەندی لاوانی چۆمان بە هاوكاریی تێبینەرایەتی ئەوقافی چۆمان یارمەتی و هاوكاری بۆ كوردانی ڕۆژ ئاوا كۆدەكەنەوە.
كارگێری ناوەندی لاوانی چۆمان، كەمال سەدرەدین، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: بەمەبەستی یارمەتیدانی كوردانی ڕۆژئاوا لە كەمپی دومیز، ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوانی چۆمان بە هاوكاریی تێبینەرایەتی ئەوقافی چۆمان هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی یارمەتی و هاووكاریان دەست پێكردووە و ڕێژەیێكی زۆر لە كەل و پەل و خۆراكیان كۆ كردووتەوە. دوای كۆتایی هاتنی كۆكردنەوەی یارمەتیەکان، لیژنەیەک پێک دێت و یارمەتییەکان دەگەیەنێتە كەمپی دومیز.
رائب زراری/م.ش
pna
25/05/2013
دوای تەواوبوونی باڵەخانەی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە هێشتا دەوامی لەو باڵەخانەیە نەكردووە، ئەویش وەك ئاژانسەكان باسی لێوەدەكەن لە ترسی جنۆكەیە.
ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنی ئاماژەی بەوە کردووە، شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، هێشتا نەچووەتە باڵەخانەی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران، بە هۆی ئەوەی رەنگە باوەڕی بە دەنگۆی بوونی جنۆکە کردبێ لە باڵەخانەکە.
جنۆکەكان رۆحی ئەو سەربازە لاوانەن، كە پەیوەندییان بە کودەتای 1936 كردووە
کین کاجایا، پەلەمانتاری پارتی دیموکراتی ژاپۆنی، داوای لە حکومەت کرد روونکردنەوە بدات دەربارەی راستی دەنگۆی بوونی جنۆکە لە باڵەخانەی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران.
دەنگۆکان باس لەوە دەکەن، کە جنۆکەكان رۆحی ئەو سەربازە لاوانەن، كە پەیوەندییان بە کودەتای شکست‌خواردووی شوباتی 1936 كردووە و گیانیان لەدەستداوە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاندووە، كە هیچ زانیارییەکی نییە بە بوونی جنۆکە لە بارەگای نوێی ئەنجوومەنی وەزیران.
ئاژانسی کیۆدۆ
24/05/2013
بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "تاوه‌كوPYD بە سیاسەتەکانیدا نەچێتەوە، سنوور ناکرێتەوە". بەرپرسێکی PYDش دەپرسێ "دەبێ هەڵوێستمان چۆن بێت".
رۆژی دووشەممە 2013/5/20، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە داخستنی سنووری رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند: "لایەنێكی دیاریكراو بە سەفەقاتی گوماناوی خۆی پڕچەككردووە، رۆژ لە دوای رۆژ خۆی لە رێككەوتننامەی هەولێر دوورخستووەتەوە و لایەنەكانی دیكەی پەراوێز خستووە، هەتا كار گەیشتە كوشتن، گرتن، رفاندنی خەڵك و رەچاونەكردنی بۆچوونی لایەنە سیاسییە كوردییەكان".
د. حەمید دەربەندی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی کاتی کرانەوەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "ئەو بابەتە پەیوەستە بە هەڵوێستی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و تا ئەو لایەنە بە هەڵوێستی خۆیدا نەچێتەوە سنوور ناکرێتەوە".
د. حەمید دەربەندی کە لە هەمانکاتدا بەرپرسی کەیسی رۆژئاوای کوردستانە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند "تاوه‌كو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنیمان لە لایەن PYD نەبینیوە".
لەو بارەوە د. جەعفەر حەنان، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئێمە سیاسەتی PYD لە رۆژئاوای کوردستان بە سیاسەتێکی هەڵە دەبینین و داواکارە بە سیاسەتەکانماندا بچینەوە. ئێمەش ئەو پرسیارەمان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەبێ هەڵوێستمان چۆن بێت؟ تێکەڵیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نییە. پابەندی رێککەوتننامەی هەولێرین و لەژێر رکێفی دەستەی باڵای کوردین. ئێمە نازانین سیاسەتی هەڵەی PYD چییە".
جەعفەر حەنان راشیگەیاند "هێزی پێشمەرگە ئێستا لەسەر سنووری رۆژئاوای کوردستانە، ئێمە چاوەڕوانمان نەدەکرد، کە رەوشەکە بگاتە ئەو ئاستە. هیوادارین بەو نزیکانە سنوور بکرێتەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێت. هیوای گەلی ئێمە سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستانە. پەیوەندی و تێکەڵی ئێمەش لەگەڵ دونیای دەرەوە لەڕێگای ئەو دەروازە سنوورییەیە".
نوێنەری PYD لە هەرێمی کوردستان گوتیشی "ئەو یارمەتییەی کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان رەوانەی دەکات، ئێمە لەبەر چاوی دەگرین و بەرزی دەنرخێنین. بەڵام پێویستە لە هەڵوێست وەرگرتندا بێ لایەنی بپارێزرێت. لەکاتێکدا کە رۆژئاوای کوردستان ئاسایش و هێزی چەکداری خۆی هەیە، لایەنەکانی یەکێتی سیاسی (یەکێتی نێوان 4 لایەنی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی)، هەردوو پارتی ئازادی کورد و پارتی یەکێتی کورد لە سووریا) لێک نزیکبوونەتەوە و هەوڵ بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازی دەدەن و پشتگیری لەو هەوڵەیان دەکرێت".
ئەو بەرپرسەی PYD رەخنە لە پارتەکانی ئەندام لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد دەگرێ و دەڵێت "پێشنیازمان کرد کە مادام هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوونی گەلی رۆژئاوای کوردستان لەژێر رکێفی دەستەی باڵای کورد دان، با دوو ئەنجوومەنی نەمێنێت و ئەنجوومەنێک پێک بێت، بەڵام ئەو داوایە رەتکرایەوە. رێککەوتننامەیەک مۆر دەکرێت و دواتر کەس بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە ناجوڵێتەوە. ئێمە هیوادارین کە گوتار و بەرنامەیەکی هاوبەش و دیاریکراو هەبێت و سەرجەم لایەنەکان بەپێی ئەو بەرنامە دیاریکراوە کار بکەین".
جەعفەر حەنان سەبارەت بە ئەگەری سەردانی سالح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی بۆ هەولێر دەڵێت "بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ببەسترێت و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت و رەنگە ساڵح موسلیم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە".
24/05/2013
کۆمپانیای ئێران خودرۆ بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل رایگەیاند ''هەموو ئامادەکارییەک تەواو بووە، بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئەسکەندەریەی پیشەسازی لە پارێزگای بابل، یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ئۆتۆمبێلانە بۆ گەرمای عێراق دروستکراوە''.
قوسەی جومعە عەبادی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمای عێراق هەواڵەکەی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و گوتی ''ئێمە لە پەرلەمانی عێراق وەکو لایەنێکی چاودێری ئاگاداری دامەزراندنی کۆمپانیای کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئێرانین لە ناوچەی ئەسکەندەرییە لە پارێزگای بابل، هەروەها عێراق لە رێگەی کۆمپانیا ئێرانییەکانی تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 44 هەزار ئۆتۆمبێلیان هاوردە کردووە''.
عەبدولعەزیم سەعدیان، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێران خودرۆ بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بووە بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئەسکەندەریە و توانای دروستکردنی 30 هەزار ئۆتۆمبێلی دەبێت لە ساڵێکدا، کە تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئەوەیە بەرگەی گەرمای عێراق دەگرێت، هەروەها لە جۆری سەمند و رانان'.
عەبدولعەزیم سەعدیان، باس لە تایبەتمەندی و مێژووی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانی دەکات بۆ عێراق و دەڵێت ''نزیکەی دە ساڵە ئێمە ئۆتۆمبێل بۆ عێراق هەناردە دەکەین، دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق چەندین گرێبەستمان مۆر کردووە و تا ئێستاش هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بەردەوامی هەیە، ئۆتۆمبێلەکانی سەمند و رانا بەرگەی50 پلەی گەرمی و 30 پلەش لە ژێر سفرەوە دەگرێت ''.
ئۆتۆمبیلەکانی سایبەی ئێرانی کە چەند ساڵێکە هاوردەی عێراق کراوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، لەوانە لاوازی تەکنەلۆژیاکەی و کەمی تووند‌و تۆڵی، بەڵام لە بەر ئەوەی لە بەکارهێنانی بەنزین زۆر کەم خەرج ده‌كات بۆیە هێشتا داواکاری لە سەری هەیە.
24/05/2013
به‌مه‌به‌ستی بایه‌خدانی زیاتر و شاره‌زابوونی زیاتری شوێنه بازرگانیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران، كۆمپانیایه‌كی ئێرانی به‌نیازه پڕۆژه‌ی رێبه‌ری بازرگانیی هه‌رێم و ئێران جێبه‌جێ بكات.
لێپرسراوی نووسینگه‌ی ژووری بازرگانیی سلێمانی، یوسف شه‌ریف، له لێدوانێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌فدێكی كۆمپانیایه‌كی ئێرانی سه‌ردانی ژووری بازرگانیی سلێمانییان كرد و ئه‌و بیرۆكه‌یان پێشكه‌ش كرد كه بریتیه له تۆماركردنی ناوی هه‌موو شوێنه بازگانیهكانی هه‌رێم به زمانی فارسی و هه‌موو شوێنه بازرگانیه‌كانی ئێران به زامنی كوردی و كۆكردنه‌وه‌ی له كتێبێكدا به ناونیشان و شوێنه‌وه.
گوتیشی "ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه هاوكارییان ده‌كه‌ین و پێمانوایه ده‌بێته رێبه‌رێكی باشی كه‌رتی بازرگانی و ئاسانكاریی زۆر بۆ ئه‌و بواره. له‌و رووه‌وه بڕیاره له سه‌ردانی داهاتوویاندا بابه‌ته‌كه یه‌كلایی بكرێته‌وه كه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت."
دڵشاد ئه‌حمه‌د/ ئا. ر
pna
23/05/2013
ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان ئیمزای نزیكەی 100 پەرلەمانتارو وەزیریان بۆ ئازادی ئۆجەلان بردە قەندیل، موراد قەرەیلانیش كۆكردنەوەی ئیمزا بەنیشانەی یەكبونی كوردان دەزانێت.
پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن شاندێكی بەرێوەبەرانی KCK بەسەرۆكایەتی موراد كارایلان، سەرۆكی دەستەی بەرێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK پێشوازیان لێكرا.
مەبەستی سەردانەكە پێشكەش كردنی ئیمزای نزیكەی (100) ئەندام پەرلەمانی كوردستان و هەروەها چەندین وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە واژۆیان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە و زیندانیانی سیاسی لەباكوری كوردستان و توركیا كردبوو .
لە كاتی پێشكەش كردنی ئەو ژمارە واژۆیانە سەرۆكی دەستەی بەرێبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK موراد كارایلان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو واژۆیانە زۆر بە بایەخەوە وەردەگرن.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا وتی “ئەوە نیشانەی یەكبوونی كوردانە كە دەبینین كوردان لە هەمو بەشەكانی كوردستان دەستیان كردووە بە هەڵمەتی واژۆ كۆكردنەوە بۆ ئازادی ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی كورد لە باكوری كوردستان بە تایبەتی ئەو واژۆیانەی كە لەلایەن ئەو ئەندام پەرلەمانانە و هەروەها بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان كراون” .
وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی و هاوكاری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا كرد و هیوای ئەوەیان خواست كە لە كاتێكی نزیكدا ئۆجالان ئازاد بكرێت.
شاندی ئەندام پەرلەمانەكان پێكهاتبوو لە (ڤیان عەبدولرەحیم ، داناسەعید سۆفی ، خەلیل عوسمان، سالار مەحمود ، سەرگول قەرەداغی).
23/05/2013
سه‌مه‌دی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر کورده‌کان خۆیان رێکبخه‌ن ده‌نگ دێنن
ئه‌مساڵ بۆ یه‌که‌مجار دوو هه‌ڵبژاردنی خولی یازده‌هه‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆمار‌و خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌کانی ئێران له‌یه‌ک رۆژدا‌و پێکه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
یه‌کێک له گرنگترینی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شاری تارانه که به هۆی پایته‌خت بوون و ناوه‌ندارێتی تارانه‌وه گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، له هه‌مان کاتدا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه که سه‌رۆکی شاره‌وانی تاران هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌توانێت له بواره‌کانی شارسازی، فه‌رهه‌نگی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر کاریگه‌ر بێت.
له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵدا بۆ شاره‌وانی تاران چه‌ندین که‌سایه‌تی کورد خۆیان پاڵاوتووه، یه‌کێک له‌و که‌سانه مه‌عرووف سهمهدییه که پێشتر دوو خول نوێنه‌ری خه‌ڵکی شاری سنه بووه له په‌رله‌مانی ئێران، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵیش قایمقامی شاری مه‌هاباد بوه.
مه‌عرووف سه‌مه‌دی له وتوێژێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ په‌یامنێری نوسینگه‌ی مه‌کته‌ب له تاران پێی راگه‌یاندین: وه‌ک هاووڵاتییه‌ک به مافی خۆمم زانیوه که له‌م ههڵبژارنانهدا خۆم بپاڵێوم و پێموایه ئه‌گه‌ر کورده‌کانی دانیشتوی تاران تۆکمه بن و بتوانن خۆیان رێکبخه‌ن به دڵنیاییه‌وه کاندیدا کورده‌کان ده‌توانن ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبێنن، به‌ڵام چون ئه‌و تۆکمه‌یی نییه‌و راگه‌یاندن و ئیمکانیاتی پێویستمان له‌به‌رده‌ستدا نییه، ئه‌م ئامانجه به‌ئاسانی نایه‌تی دی.
سه‌مه‌دی راشیگه‌یاند: رێگایه‌کی گرنگ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی پێویست له شارێکی وه‌ک تاران‌دا، ئه‌وه‌یه که ناومان له لیستی لایه‌نه سیاسییه‌کاندا بێت، منیش به‌و نییه‌ته‌وه هاتومه‌ته مه‌یدانه‌وه که ناوم له لیستی ریفۆرمخوازاندا بێت و ئه‌وان پشتیوانیم بکه‌ن.
له درێژه‌ی وته‌کانیدا سه‌مه‌دی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که به مه‌رجێک له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا به‌شدار ده‌بێت که ناوی له لیستی ریفۆرمخوازاندا بێت و به‌پشتیوانی ئه‌وان به‌شداری بکات.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی تاران گرنگییه‌کی زۆری له ئێران هه‌یه‌و لایه‌نه سیاسییه‌کانیش هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ن که له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا کورسی زیاتر به‌ده‌ست بێنن، تا ئێستا ده‌وترێت چه‌ندین کوردی دیکه خۆیان بۆ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه پاڵاوتووه، له داهاتوودا هه‌واڵی زیاتری له‌سه‌ر بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
PUKmedia به‌شی هه‌واڵی نوسینگه‌ی مه‌کته‌ب له تاران
23/05/2013
رۆژنامەی لۆس ئەنجلیس ئەمریکی باس لە چیرۆکی ژن و پیاوێکی ئەمریکی دەکات کە لە هیڵی ئاسمانی تورکی بلیت دەبڕن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتێک بۆ (داکار) پایتەختی سەنیگاڵ لە باشووری ئەفریقیا، بەڵام کاتێك بە ئاگا دێنەوە خۆیان لە (دا‌کا)ی پایتەختی بەنگلادیش دەبیننەوە، واتا لە کێشوەرێکی دیکە و ٧ هەزار کیلۆمەتر دوورتر لەو شوێنەی ئەوان مەبەستیان بووە
کاتێک بە هەڵە ناوی ئەو ژن و پیاوە لە سەر بلیتەکە تایپ دەکرێت رووبەڕووی ئەم گەشتە دوورودرێژە بوونەوە لە جیاتی کۆدی (DKR) کە بۆ(داکار)ی پایتەختی سەنیگاڵ بە کار دێت، کۆدی (DAC) کە بۆ پایتەختی بەنگلادیش (دا‌کا)ی بە کار هاتووە.
سەرەرای ئەوەی لە نێو فرۆکەکە بە گەشتیارەکان وتراوە کە ئەوان بەرەو(دا‌کا)ی پایتەختی بەنگلادیش دەڕۆن، بەڵام ئەم ژن و پیاوە دەڵێن ''وامان زانی (داکار)ی پایتەختی سەنیگاڵە و تورکەکان بەو شێوەیە ئەو ناوە دەبەن''.
بەڵام کاتێک ئەم ژن و پیاوە لە خەو بە ئاگا دێنەوە لە چوار دەوریان هەمووی گەشتیاری خەڵکی ئاسیایین نەک ئەفریقی، بۆیە ئەوسا زانیویان هەڵەیەکی گەورە روویداوە.
22/05/2013
به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و دیموكراسیانه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ كۆنفرانسێك به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری قه‌واره سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت.
كارگێڕی سه‌نته‌ری گاره بۆ چالاكیی ڕۆشنبیری و كۆمهلاَیهتی، هۆگر سه‌لیم، به ئاژانسی په‌یامنێری گوت به ئامانجی ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆچوونی قه‌واره سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ ڕای گشتی و چاودێری كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ولێر كۆنفرانسێك به هاوكاریی ڕێكخراوی گولاَن بۆ پرسه سیاسی و كۆمهلاَیهتییهكان ساز ده‌كه‌ن و له‌وێدا تاوتوێی پێشوه‌خته‌ی كاروباری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن.
هۆگر گوتیشی "له‌و كۆنفرانسه‌دا نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له قه‌واره سیاسییه‌كانی كوردستان ئاماده ده‌بن، چونكه پێمانوایه كاركردن بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌ركی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانه."
سه‌عید عه‌بدوڵا/ ئا. ر
pna
22/05/2013
سەرچاوەیەک بە (رووداو)ی راگەیاند، شەوی رابردوو جگە لە گیراوێک، هەموو گیراوەکانی دیکەی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا ( ئەلپارتی)، ئازاد کران.
ئەو گیراوانە ئەندامی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا بوون و لە لایەن ئاسایشی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD دەستگیر کرابوون.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد، کە "تەنیا حەسەن عەتیە ئازاد نەکراوە" و لە ئاسایشی کۆبانێ هێڵدراوەتەوە.
لە لایەن ئاسایشی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD دەستگیر کرابوون
رۆژی شەممە، 74 ئەندامی ئەلپارتی، کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕانەوە رۆژئاوای کوردستان، لە نزیک دێرک و قامیشلۆ دەستگیرکرابوون.
دوێنێ جەعفەر حەنان، نوێنەری PYD لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو "دوای لێپرسینەوە، ئەمڕۆ (20/5) یان سبەی (21/5) ئەندامەکانی ئەلپارتی ئازاد دەکرێن".
21/05/2013
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی
راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكیێتی نیشتمانی كوردستان
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی 2013/5/20، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسول عەلی لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
سەرەتای كۆبونەوەكە بەوەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی یەكێتی‌و كوردستان دەستی پێكرد.
ئەجێندای كۆبونەوەكە تەوەرەكانی پەیوەست بەبارودۆخی ناوچەكەو گۆڕانكاریەكان، هەلومەرجی ئێستای عیراق‌و قەیرانە جۆراوجۆرەكانی. بارودۆخی كوردستان‌و هەروا كاروباری ئۆرگانەكانی یەكێتی لەخۆ گرتبوو.
ناوچەیەكی ئاڵۆز، هەڕەشەو دەرفەتەكان
كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەلومەرجێكی جیاواز‌و هەستیاری ناوچەكەو عیراق‌و كوردستاندا ئەنجامدرا، كە لەلایێكەوە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕا ست بەبارودۆخێكی ئاڵۆزی سیاسی‌و ئەمنی دژوار‌دا تێ ئەپەڕێو بەشێك لە ناو چەكە بووەتە گۆڕەپانی بەیەك دادانی توندوتیژو ململانێی خوێناوی، كە لەگەڵ خۆیدا بارێكی ناجێگیری بۆ تەواوی ناوچەكە هێناوەتە ئاراوە. كەنەك تەنیا گەلان‌و دەوڵەتانی ناوچەكەی، بەڵكو تەواوی وڵاتانی زلهێزو بڕیار بەدەستی دنیاشی بەخۆوە سەرقاڵ كردوە. بەتایبەت كە ململانێكانی ناوچەكە لەلایێكەوە ئاراستەیەكی مەترسی داری تایفی وەرگرتوەو لەلایەكیتریشەوە ململانێیەكی نێودەوڵەتی لەناوچەكەدا خستووەتەوە. هاوكات بارودۆخی عیراقیش رۆژدوای رۆژ لەبواری سیاسی‌و ئەمنییەوە بەئاراستەی ئاڵۆزبوونی بەردەوامو بێ متمانەیی نێوان پێكهاتەكانی عیراق‌و هێزە سیاسیەكانیدا ئەڕواو بنەماكانی شەراكەتو سازان، كەئەزمونی دوای رژێمیان لەسەر بنیات نراوە بەشێوەیەكی بەر چاو و مەترسیدار لەق بووەو ناكۆكی‌و ململانێكە لە جیاتی ئەوەی ركابەریێكی دیموكراسیانەو مەدەنیانە بەرجەستە بكا. لە شەڕو شۆڕو زاڵبونی عەقڵیەت‌و رەفتاری توندوتیژی چەكداری‌و ئەمنی‌و تایەفەگەری بەخۆوە گرتووە. لەپەنای ئەم بارودۆخەدا رێكخراوە تیرۆرستیەكانو پاشماوەی یاخی بووی رژێمی بەعس، كارا تربوونەتەوەو رۆژانە كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام ئەدرێتو بارێكی، ئەمنی، سیاسی، سایكۆلۆژی‌و كۆمەڵایەتی پڕ لە هەرەشەی درووست كردووەو كاروكاردانەوەی خوێناوی لێ كەوتووەتەوە. ئاسۆی چارەسەركردنو لێدەرباز بوونیشی رۆژ دوای رۆژ تاریكتر ئەبێو دەرفەتی درووست بوونەوەی متمانەو شەراكەت سات دوای سات بەر تەسك تر ئەبێتەوە. وەك چۆن هێشتا پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ‌و حكومەتی هەرێم‌و گەلی كوردستان لەعیراقدا لەبەردەم مەترسیدایەو نەخشەی رێگای چارەسەر كردنی ئەو ناكۆكی‌و كێشمە كێشمەی نێوان هەرێم‌و بەغدا، سەرەڕای هێور بونەوەی رێژەیی گووتاری نێوان هەردوولاو ئیمزاكردنی رێكەوتنێك بۆ چارەسەر، هێشتا بە كردەوە نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەلایەكی دیكەوە لەناو ئەو دیمەنە ناوچەییە ئاڵۆزەدا، لەكوردستانی باكوردا پرۆسەیەكی ئاشتی لە نێوان پەكەكەو حكومەتی توركیادا دەستی پێكردووە، كەمایەی دڵخۆشی‌و پشتیوانی لێكردنە بۆ وەدیهاتنی مافە دیموكراتی‌و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە توركیا، كە ئەم بارودۆخە نوێیە ساڵانێكی دوورودرێژ یەكێك بووە لە پڕۆژە ستراتیژی‌و خەمە نەتەوەیی‌و دیموكراسییە گەورەكانی سەرۆك مام جەلال. بڕوامان وایە ئەم پرۆسەیە گۆڕانكاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دێنێ‌و تەواوی ناوچەكە قازانجی لێ ئەكاو لەڕەخسانی هەلومەرجی سەركەوتنی پڕۆسەكەشدا، بارێكی جیاواز‌و هاوكێشەی جیاواز لە دیمەنی ناوچەكەدا زاڵ ئەكا، كە دیمەنی برایەتیو ئاشتی‌و تەبایی ئەبێ. هاوكات بەگرنگی ئەزانین بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجی ئاشتیدا بكرێ‌و پێداویستییە ئەمنی‌و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان‌و تەواوی ناوچەكە لەبەر چاو بگیرێ.
لەكوردستانی عیراقیشدا، وێڕای هەبوونی كێشەی گەرم لەو ناوچانەی كوردستان كەلەدەرەوەی سنوری هەرێمدان، دواخستنی بەبەرنامەی جێبەجێكردنی مادەی 140 كارا بوونەوەی تیرۆر‌و ئەو بارگرژییە ئەمنیەی ئەو ناوچانەی تەنیوەتەوە، هەرێمی كوردستان لەبەردەم چەندین ئیستحقاقی دەستوریدایە، گرنگترینیان ئیستحقاقەكانی هەڵبژاردن‌و مەسەلەی دەستوورە، كە هێشتا سازانێكی كوردستانیانەیان لەسەر وەدینەهاتووە.
كێشەی ئێستای سوریا‌و دەركەوتەو كاردانەوەكانی لەئاستی ناوچەكەدا، بووەتە ناوەندی ململانێیەكی ناوچەیی ودەولی، كەخوازراو و نەخوازراو كاریگەری بەسەر تەواوی ناوچەكەدا هەیە. ئەنجوومەنی سەركردایەتی، وێڕای نیگەرانی لەبارەی ئەو ململانێ چەكدارییە خوێناوییەی كە ئێستا لە ئارادایە، بەردەوامبوونی خودی قەیرانەكەش نیگەرانی زۆری خستووەتەوە، لەوبارەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتی لایەنگری چارەسەرێكی سیاسیانەی قەیرانەكەیە كە بەهۆیەوە مافەدیموكراتیەكانی خەڵكی سوریا‌و كۆتایی وەدی بێ‌و كۆتاییش بە كوشتار‌و ماڵوێرانیەكان بهێنێو بشبێتە بەربەستو رێگر لەبەردەم زاڵبوونی رەوتە توندڕەوەكانی دژ بە دیموكراسی‌و ئاشتی. هاوكات ئەنجوومەنی سەركردایەتی پشتیوانی لە تێكۆشانی گەلەكەمان ئەكات لەكوردستانی رۆژئاوا لە پێناو وەدی هێنانی مافەدیموكراسیەكانیان بۆ ئەو مەبەستەش پێمان وایە رێگەی راستی ئەو تێكۆشانە یەكڕیزی هێزە كوردستانیەكانی ئەوێ‌و سەروەری بڕیاری یەكگرتووی لایەنەكانی پێویستەو ئەمەش مەرجێكی بنچینەیی سەركەوتنە. بڕواشمان وایە كە هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی رۆژئاوا هان بدرێن‌و دڵگەرم بكرێن بۆ مكوم كردنی یەك ریزی ویەك خستنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆیان‌و هەروا هووشیاركردنەوەیان بۆ خۆدوورگرتن لە هەر هۆكارو رەفتارو بڕیارێك، كە ببێتە هۆی نانەوەی ناكۆكی‌و دروستكردنی بارگرژی لە نێوانیاندا.
عیراق، قەیرانی قووڵ
ئەمڕۆ، عیراق بەقەیرانێكی قووڵ‌و ترسناكدا تێئەپەڕی، كە بێ گومان پێش پێ نەگرتنی بەرەو هەڵدێری ئەبا. پێشلكردنی دەستوور، ناكۆكی تایفی‌و پەرەسەندن‌و قووڵ بوونەوەی تێكچوونی باری ئەمنی‌و كوشتار‌و رەشەكوژی هاووڵاتیان بە ئەنگێزەی تایفی‌و سیاسی، كاڵبوونەوەی متمانەی نێوان پێكهاتەكانی عیراق‌و هەروا لایەنە سیاسیەكان، لادان لە پڕنسیپە بنەڕەتییەكانی سازان‌و شەراكەت، جێبەجێ نەكردنی بڕیاری 140 ی دەستوور، بەعەسكەرتاری كردنی كۆمەڵگا، خۆدزینەوەو هەڵاتن لە دایلۆگی نیشتیمانی‌و دانوستان، بەردەوام بوونی ناڕەزایەتییەكانو هاوكات نزمی ئاستی خزمەت گوزاریو تەشەنە كردنی گەندەڵی‌و چارەسەرنەكردنی دیاردەی بێكاری‌و هەژاری‌و دەیان دیاردەی تر پێكەوە نیشانەو ئادگارەكانی قەیرانی عیراق پێك ئەهێنن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەبارەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆز‌و قەیراناوییەی عیراق‌و نەبوونی نەخشە رێگایەكی روون‌و دڵنیاكەرەوە بۆ چارەسەر كردن، پابەند بوونی خۆی بەبەردەوام بون لەسەر راستی‌و دروستی سیاسەتەكانی هەڤاڵ مام جەلال ئەسەلمێنێ، بۆیە كۆبوونەوە تەئكیدی لە بەردەوام بوون لەسەر ئەو سیاسەتە كردەوەو بڕواشی وایە كە گەڕانەوە بۆ دەستوورو پابەندبوون پێی، هەروا رەچاو كردنی هاوسەنگیو سازان‌و دیموكراسی‌و فیدڕاڵی لەعیراقدا یەكجار پێویستە. هاوكات چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم، بەتایبەت جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠، یەكلاكردنەوەی كەیسی پێشمەرگەو نەهێشتنی هۆكارە ئەمنی‌و سەربازیو سیاسییەكانی بارگرژی ئەمنی لە ناوچەكانی كوردستان لە دەرەوەی هەرێم‌و هەروا چارەسەركردنی كەیسی یاسای نەوت‌و گاز‌و كەیسەكانی تری نێوان هەردوو لا كاریگەری زۆر ئەرێنی ئەبێ بەسەر بار گرژی‌و قەیرانەكانی عیراق.
رێكەوتنی ستراتیژی‌و پرسی دەستور
كۆبونەوە، لەبارەی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان یەكیێتییو پارتی، جەختی كردەوە لەسەر درێژەپێدان بە سیاسەتی سەرۆك مام جەلالو بڕیار‌و راسپاردەكانی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی، سەبارەت بە پاراستنی هاوپەیمانی ستراتیژی، وەك مەرجی سەرەكی دەستەبەر كردنی ئارامی دانا بۆ هەرێمی كوردستان‌و بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان، هاوكات گەشەپێدان‌و گونجاندنی رێكەوتنەكەی لەگەڵ دۆخی نوێی كوردەواری بە پێویست زانی بۆ وەدی هێنانی هەرچی زۆرتری دیموكراسی‌و بەرجەستە بوونی حكومەتی هاووڵاتی.
مەسەلەی دەستور
كۆبونەوە، جەختی كردەوە سەر پرسی دەستورو گرنگی بۆ سیستمی سیاسی‌و پێگەی هەرێمی كوردستان. لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتی داكۆكی لە هەمواركردنی دەستوور كردەوەو پەیوەستی كرد بە سازانی نیشتیمانیەوە. هەروا دیدی خۆشی سەبارەت بەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم پەیوەست كردەوە بە مەسەلەی دەستورەوە. هەروەها بەشداربوونی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكان بەلیستی سەربەخۆ، جەختی لەسەر كرایەوە. هەر لە بواری هەڵبژاردندا، كۆبوونەوە لیستی نیمچە كراوەی بەشێوازی گونجاوتر بۆ هەڵبژاردنەكان دانا بەو پێیەی كە ئازادیەكی زۆرتر بۆ دەنگدەران دابین دەكات لەهەڵبژاردنی كاندیدەكاندا.
پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیون
كۆبونەوە مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیون، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی كوردستانییەوە تاووتوێ كرد‌و جەختی كردەوە سەر سیاسەتی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتی كرانەوەی زۆرتر لەگەڵ لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیونو حزبە سیاسەكانی تر. هەر لەوبارەوە كۆتایی هێنان بە بارگرژی سیاسی نێوان لایەنەكانی كوردستان‌و تەندروستكردنی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنەكانی بە جێگرەوەی ئەم بارگرژییە سیاسی‌و پەیوەندییە سستەی ئێستای دانا‌و بەرنامەی كاری خۆشی لەو كەیسەدا لەسەر ئەو تێزەداڕشت.
كاروباری ئۆرگانەكانی یەكیێتیی
دوا تەوەری كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە كاروباری ئۆرگانەكانی یەكیێتییو بابەتە حزبییەكانو هەڵسەنگاندنی كاری هێندێ لە ئۆرگانەكانو داڕشتنی ریوشوێنی كاراتر بوونی بزاوتی ئۆرگانەحزبییەكان، بە تایبەت لە سەروبەندی نزیكبوونەوە لە كەشوهەوای هەڵبژاردن.
هەروا كۆبوونەوە پێداچوونەوەو بەراووردكاریێكی خێرای كرد بە كاروبڕیارەكانی لەمەوبەر لەبەر رۆشنایی‌و گونجانی لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆ. لەوبارەوە سەرنجو تێبینی‌و رەخنەنەكان هەڵوەستەیان لەسەركراو تاووتوێكرانو رێوشوێنی بەدواداچوونی زۆرتریشی لەبارەوە پەسندكرا.
رۆژی شەهیدی یەكیێتی
كۆبوونەوە، پێشنیارێكی مەكتەبی شەهیدانی سەبارەت بە دیاركردنی "رۆژی شەهیدی یەكێتی" تاووتوێكردو دوای گفتوگۆیەكی تێر‌و تەسەل، رۆژی لە سێدارەدانی شەهیدانی نەمر "شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عبدالواحد، ئەنوەر زۆراب" 1976/11/21، وەك رۆژی شەهیدی یەكێتیی دیاركرا.
ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی‌و بەرپابوونی شۆڕشی نوێ
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، كەوتە سەروبەندی سی‌و هەشت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی‌و سی‌و حەوت ساڵڕۆژی بەرپاكردنی شۆڕشی نوێ، بۆیە ئەم بۆنەیەی بە دەرەفەت زانی‌و پیرۆزبایی‌و سڵاو و خۆشەویستی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ هەڤاڵ مام جەلال نارد. هەروا پیرۆزبایی گەرمی خۆی نارد بۆ گیانی نەمری شەهیدان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان، بۆ هەڤاڵانی یەكێتی، پێشمەرگە هەمیشە دڵسۆزەكانو كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی‌و سەرجەم خەڵكی كوردستان. هاوكات كۆبوونەوە هەڤاڵانو لایەنگران‌و دۆستانی یەكێتی راسپارد كە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی‌و بەرپابوونی شۆڕشی نوێ بەرزڕابگرنو بەشێوەیەكی شایستە یادی بكەنەوەو بە گوڕ‌و جۆش‌و خرۆشەوە لە چالاكییە جیاجیاكانی هەفتەیادی یەكیێتی دا بەشداربن.
كۆبوونەوە، بەسەركەوتوویی كۆتایی هات
دوای نزیك بە هەشت سەعات گفتوگۆ‌و بیروڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كۆتایی پێهێنا. كە زۆرینەی هەڤاڵان بە گیانی پەرۆشی‌و بەجدییەتێكی كەم وێنەوە لە گفتوگۆكردن سەبارەت بە تەوەرە جیاجیاكان بەشدارییان كرد‌و بڕیارە سیاسییە گرنگەكانیش بەكۆی دەنگ پەسەندكران.
بڕیاریشدرا، كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لەوەختی خۆیاندا ئەنجام بدرێن‌و لەم هەلومەرجەشدا هەركاتێ بەپێویست زانرا كۆبوونەوەی نائاسایی بكرێت.
بەمجۆرە هەڤاڵانی سەركردایەتی، دوای داڕشتن‌و پەسندكردنی سیاسەتەكانی یەكێتی‌و رێوشوێنەكانی كار‌و، دوای پەسندكردنی چەندین راسپاردەی پێویست‌و دیاركردنی ئەركەكانی ئەم قۆناخەی تێكۆشان، كۆتاییان بەكۆبوونەوەكە هێنا.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2013/5/21
PUKmedia تایبەت
22/05/2013