سەرۆكی گروپێكی چەكداری شیعەی عێراق، هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هێرشی دیكە دەكەنە سەر كەمپی پەنابەرانی موجاهدینی خەلق، ئەگەر ئەو گروپە عێراق بەجێنەهێڵن.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتید پرێس، وەسیق ئەلبەتاتی، سەرۆكی گروپێكی چەكداری ئەلموختاری شیعە، كە بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە تیرۆرستیەكەی سەرەتایی ئەم مانگە لە كەمپی لیبرتی بەغدا راگەیاند، كە بووە هۆی كوشتنی 9 پەنابەری موجاهدینی خەلق و هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو گروپە بەردەوام دەبن.
ناوبراو گوتی: "كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی موجاهدینی خەلق عێراق بەجێبێڵن و داوامان لە حكومەت كردووە كە ئەو گروپە لە عێراق دەربكات، بەڵام ئەوان هیچ هەنگاوێكی پۆزەتیڤیان نەهاویشتووە".
سۆران عەلی/ش.ب
PNA
27/02/2013
كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی رایگەیاندووە: سێیەم گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆر كردووە و پشكی لە كێڵگەی نەوتی هەڵەبجە كڕیوە.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی، كە هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیاكە لە مۆسكۆ كۆبووەوە، ئاشكرایان كرد كە لەسەدا 80ی پشكی بلۆكی نەوتی هەڵەبجەیان كڕیوە كە مەزندە دەكرێت 630 بۆ 790 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدا بێت.
ڤادیم یاكۆڤلۆڤی، جێگری بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە، دەڵێ: "ئێمە سەرپەرشتیاری ئەو كێڵگەیە دەبین و هەنگاوی یەكەمان بریتی دەبێت لە كێشانی نەخشەیەك بۆ بەرهەم هێنانی نەوتەكە و چاوەڕێ دەكرێت ئەو قۆناغی بەرهەم هێنانیش نزیكەی حەوت ساڵ بخایەنێت".
مانگی ئابی رابردوو، كۆمپانیای گازپڕۆم پشكی لە هەردوو كۆمپانیای گەرمیان و شاكەل كڕی و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش، مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، حكومەتی عێراقی هەڕەشەی لەو كۆمپانیا رووسیە كرد كە ئەگەر ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كوردستان هەڵنەوەشێنێتەوە، دەیخاتە لیستی رەشەوە.
بەڵام جێگری بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە رایگەیاند: حكومەتی عێراقی هیچ جۆرە ئاگاداركردنەوەیەكی لەوجۆرەی پێ نەگەیاندوون.
PNA
سۆران عەلی/ش.ب
27/02/2013
ئاگاداری به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسی "مافی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا"
له درێژه‌ی کار و چالاکیه‌کانی خۆیدا و بۆ باشتر ناساندنی دۆزی کورد به ڕای جیهانی و هێنانه به‌رباسی له ناوه‌نده جیهانیه‌کاندا و به ئامانجی به نێۆ نه‌ته‌وه‌یی کردنی ئه‌و دۆزه، کۆنفرانسێک له ژێر "ناوی مافی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا" له لایه‌ن ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ و ڕێکخراوی مهڕاپ (بزووتنه‌وه‌ی دژ به ڕاسیزم و بۆ دۆستایه‌تی نێوان گه‌ڵان) له ڕۆژی ١ی مارسی ٢٠١٣ له بنکه‌ی کۆمیساریای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له شاری ژنێڤ به‌ڕێوه ده‌چێ.
له‌و کونفرانسه‌دا چالاکانی مافه‌کانی مرۆڤ له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان هه‌وڵی ڕوون کردنه‌وه‌ی بار و دۆخی مافه‌کانی گه‌لی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا بۆ به‌شدار بووان ده‌ده‌ن.
له ڕۆژانی دواییدا ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر له سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه چوونی ئه‌و کۆنفرانسه بڵاۆ ده‌کرێته‌وه.
ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
٢٦/٠٢/٢٠١٣
لایه‌نه‌كانی سیاسیه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، ئاماده‌نین ناوچه كوردنیشینه‌كان بخه‌نه چوارچێوه‌ی ئه‌و حكومه‌ته كاتییه‌ی ئیئتلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڕیاری پێكهێنانی داوه له‌ناوچه رزگاركراوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا.
ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی سوریا ئاشكرای كردووه كه سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو حكومه‌تێكی كاتی بۆ ناوچه‌ی رزگاركراوه‌كانی سوریا پێكده‌هێنن، به‌ڵام كورد دژی ده‌وه‌ستێته‌وه به‌وپێیه‌ی خۆیان شاره كوردنیشینه‌كان به‌رێوه‌ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌خت له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و داوایانه ده‌كه‌نه‌وه كه پێشتر به‌مه‌به‌ستی داننان به‌مافه‌كانیاندا راده‌ستی ئۆپۆزسیۆن كراوه.
محه‌مه‌د ره‌شۆ، نوێنه‌ری په‌یه‌ده له‌هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت حكومه‌ته كاتیه‌كه هه‌موو ناوچه رزگاركراوه‌كانی سوریا ده‌گرێته‌وه‌و ئۆپۆزسیۆن له‌توركیا گفتوگۆی له‌سه‌ر كردووه.
له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندان‌و پێكدادانه‌كانی سوریاوه تائێستا، زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌و وڵاته له‌ژێر ده‌ستی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌رهێنراون، ناوچه كوردنیشینه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی باڵای كورد‌و عه‌ره‌بیه‌كان “سوپای ئازاد” سوریا سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
ده‌سته‌ی باڵای كورد له‌هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد‌و ئه‌نجومه‌نی گه‌لی رۆژئاوا پێكهاتووه كه چه‌ندین پارتی سیاسی كوردی له‌خۆده‌گرن.
ره‌شۆ به‌هاوڵاتی وت “ئۆپۆزسیۆن به‌نیازه ئیداره‌ی حكومه‌ته كاتیه‌كه بداته ده‌ست سوپای ئازاد، بهلاَم ناوچه كوردییه‌كان ناگرێته‌وه چونكه له‌ژێر ده‌ستی ده‌سته‌ی بالاَدایه”.
پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته دوای ئه‌و گفتوگۆیانه دێت كه ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی سوریا بێ به‌شداری كورد، له‌وڵاتانی قه‌ته‌رو میسر‌و توركیا له‌باره‌یه‌وه كردوویانه، به‌وهۆیه‌شه‌وه كورد هه‌نگاوه‌كه به‌پیلانێكی هاوبه‌شی قه‌ته‌رو توركیا دهزانێتو ره‌تیده‌كاته‌وه.
عه‌لی شه‌مسه‌دین، نوێنه‌ری پارتی پێشكه‌وتنی كورد له‌سوریا له‌هه‌رێم، به‌هاوڵاتی وت “رێگه‌ناده‌ین ئۆپۆزسیۆنی سوری بچنه ناوچه كوردییه‌كان، كورد لیژنه‌یان هه‌یه بۆ ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه پرسی كورد له‌سوریا وه‌رگرتنی پۆست نیه‌و ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن دان به‌مافه‌كانی كورددا نه‌نێت ئه‌وا “پۆستی سه‌رۆك كۆماریش وه‌رناگرین”.
كورد داننان به‌ده‌سته‌ی بالاَو مافه‌كانی كورد له‌ده‌ستووری داهاتووی سوریا وه‌كو مه‌رجی پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی خستووه‌ته‌ڕوو له‌گه‌ڵ چه‌ند داوایه‌كی تردا، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێشتر ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سوری دانی به‌مافه‌كانی كورددا نابوو، به‌ڵام دواتر په‌شیمانبووه‌وه.
عه‌لی شه‌مسه‌دین پێیوایه ئێستاش دان به‌مافه‌كانی كورددا نه‌نرێت ده‌بێت له‌داهاتوودا هه‌ر بكرێت.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا تائێستا گفتوگۆی حكومه‌ته كاتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوردا نه‌كردووه، له‌كاتێكدا واده‌ی پێكهێنانه‌كه‌ی دیاركردووه.
نوێنه‌ره‌كه‌ی په‌یه‌ده جه‌ختیكرده‌وه ده‌سته‌ی بالاَی كورد ئه‌و حكومه‌ته له‌ناوچه كوردیه‌كان قبوڵناكات، “ئه‌و هێزه‌شیان نیه بتوانن كۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن”.
له‌پاڵ دژایه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تیشدا، كورد داوای به‌شداریكردنی له‌ئۆپۆزسیۆنی سوریاش ره‌تكردووه‌ته‌وه، په‌یوه‌ستی كردووه به‌مه‌رجی داننان به‌مافه‌كانی كوردا.
مه‌حمود محه‌مه‌د (بابێ سابیر)، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌سوریا، به‌پێویستی زانی پێش پێكهێنانی حكومه‌ت ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی سازبكات به‌به‌شداری كورد‌و بگه‌نه رێككه‌وتنێك.
ناوبراو به‌هاوڵاتی وت “ئه‌و حكومه‌ته بێ كورد خزمه‌تی یه‌كڕیزی ئۆپۆزسیۆن ناكات‌و ئاسته‌نگی زۆر ده‌بێت، مه‌ترسی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ش له‌ئارادایه ئه‌گه‌ر سوربن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه”.
26/02/2013
وەزیری دەرەوەی سوریا لە مۆسكۆ رایگەیاند: حكومەتەكەی ئامادەیە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوریادا گفتوگۆ بكەن، ئەمەش بە گەورەترین هەنگاوی رژێمی سوریا لە ماوەی دەست پێکردنی شەڕ لەم ولاتە دادەنرێت.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتیت پرێس ، وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەوەی رانەگەیاند كە پێویستە ئەو گروپە چەكدارانە لە پێشدا چەكەكانیان دابنێن، ئینجا دەست بكەن بە گفتوگۆكردن.
موعەلیم گوتی: "ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو كەسێكدا بكەین كە گفتوگۆی دەوێت، هەتا لەگەڵ ئەوانەی چەكیشیان هەڵگرتووە".
دواتر گوتی: "ئێمە بڕوامان وایە كە ریفۆرم لەرێگای گفتوگۆ و دانووستانەوە دێت، نەك لە رێگای خوێنڕشتنەوە".
لەدرێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەو گروپە چەكدارانە پێشوزای لەو پێشنیازەی موعەلیم كردووە، بەڵام بەمەرجێك كە ئەسەد و ئەوانەشی بەرپرسیارن لەو خوێنڕشیتنە، بدرێنە دادگا.
سۆران عەلی/ش.ب
PNA
26/02/2013
کورتە فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە تاران، شانازی وەرگرتنی خەڵاتی فێستیڤاڵە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانی پێ بەخشرا. هەواڵدەریی کاری ئێران لە راپۆرتێک‌دا بڵاوی کردەوە، کورتە فیلمی "چیدن سپیدە دم" لە نوسین و دەرهێنانی "تەیموور قادری" خەڵاتی یەکەمی حەوتەمین فێستیڤاڵی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی "پەروین ئێعتسامی" بەدەست هێنا.
ئەو کورتە فیلمە لە ماوەی ١٥ خولەکدا پرژاوەتە سەر ژیان و بەسەرهاتی منداڵێکی گوندنشین کە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێ بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە. فیلم هەڵگرتنەوەی ئەو بەرهەمە لە ئەستۆی "سامان حوسێن‌پوور" و هەروەها "مەتین عێبادی"، "قانع قادری" و "عەتا قادری" وەک ئەکتەر لەو کورتە فیلمەدا رۆڵیان بینیوە.
ئەو فیلمە پێشتریش ٩ خەڵاتی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا بە دەست هێنابوو. تەیموور قادری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شاری کامیاران لە دایکبووە و خوێندنی لە بواری دەرهێنەری و فیلمنامە نووسیدا لە زانستگەی "دارالفنون" تەواو کردووە.
25/02/2013
سەرچاوەیەك لە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت: لەرێگەی ئامێرێكە گەشتیاران دەتوانن بە 28 زمان زانیاری لەسەر ناوچە گەشتیاریەكانی هەرێم بزانن و بۆ وەرزی گەشتكردنی ئەمساڵیش ئامادەیە.
گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر رۆستی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: "ئەو ئامێرە ناوی "ناڤیگەیشن"ە كە وەك ئامێری گالاكسی و مۆبایلی ئایفۆنە".
نادر رۆستی، گوتی: ئامێرەكە بە 28 زمان زانیاری لەسەر 15 هەزار ناوچەی گەشتیاری هەرێم پەخش دەكات. شوفێران و گەشتیاران دەتوانن بەكاری بهێنن و ئەو ناوچەیەی دەیانەوێت گەشتی بۆ بكەن لە رێگەی ئەو ئامێرەوە بیدۆزنەوە و زانیاری لەسەر بزانن.
باسی لەوەشكرد، ئێستا ئەو ئامێرە لەبازاڕەكانی هەرێمدا دەست دەكەوێت و هاووڵاتی دەتوانێت بیکڕێت.
رۆستی باسی لەوەشكرد،ماوەیەك كار لەسەر پرۆژەی ماستەرپلان و ڕێنیشاندەری ناوچەكانی هەرێم لە رێگەی مۆبایلەوە دەكەین و پێدەچێت لە ناوەراستی ئەمساڵدا ئەویش تەواو ببێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
دڵشاد ئەحمەد/ش.ب
25/02/2013
سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان داوای لە پارتەکەی كرد ئەو توركانە ئازاد بكەن كە لەلایان دەستبەسەرن. ئەم کارە پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان كورد و دەوڵەتی توركیای خۆشتر كرد.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم داوایەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە لەدوای ئەوە دێت كە سێ ئەندام پەرلەمانی دیكەی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لەنێو زیندان، سەردانیان كرد.
دواتر لە بڵاوكراوەیەكی فەرمیدا، پەرڤین بوڵدانی ئەندام پەرلەمانی توركی لەسەر لیستی BDP كە لەگەڵ دوو ئەندام پەرلەمانی دیكەدا سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ئاشكرای كرد: ئۆجەلان داوای كردووە چەكدارانی پەكەكە ئەو توركە دەستبەسەرانە ئازاد بكەن.
پەرڤین بولدان رایگەیاند: ئۆجەلان گوتویەتی: "پڕۆسەیەكی مێژوویی بەڕێوەیە و هەردوو لا دەبێ زۆر ئاگادار و هەستیار بن". هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی: ئۆجەلان رایگەیاندووە كە دەوڵەتی توركیا و پەكەكەش دەستبەسەریان هەیە و "دەبێ پەكەكە بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەندكراوانە بكەن و هیوادارم بۆ نێو خانەوادەكەیان بگەرێنەوە ".
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، رەنگە ئۆجەلان مەقسەدی دەستبەسەرە سەربازە توركانە بێت كە پەكەكە لە چەند ساڵی رابردوودا دەستگیری كردوون یان ئەو كارمەندە حكومیانەی كە رفاندوویانن.
سۆران عەلی/ش.ب
24/02/2013
لە ٢٥مین ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی "هەڵەبجە" و "سەردەشت"، چەندین چالاکی فەرهەنگی و سمینار لە وڵاتی ئێران بەڕێوە دەچن. ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانستگەی تاران و زانستە پزیشکییەکانی تاران بۆ یاد و بیرئانینی ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی "هەڵەبجە و سەردەشت" سمینارێکی تایبەتی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتی ئەدەبی و رۆشنبیریی کورد بەڕێوە دەبات.
ئەو سمینارە کە رێکەوتی ٩ی رەشەممە لە هۆڵی "ئیبنی سینا"ی زانکۆی پزیشکی تاران بەڕێوە دەچێت، چەندین کەسایەتی وەک: "جەلال مەلەکشا"، "خالید تەوەکولی"، "ئەسعەد ئەردەڵان" و "سەعدوڵڵا نەسیری" تێیدا بەشدار دەبن. بەشێک لەو سمینارە بۆ تاوتوێ کردنی کارەساتی شیمیاباران کردنی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لە روانگەی کۆمەڵناسی، ئەخلاقی و ژێنگەیەوە تەرخان دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە، گروپی کامکارەکانیش لە ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی هەڵەبجە، چەندین کۆنسێرت بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە ئاستی ئێران‌دا بەڕێوە دەبەن.
kurdpa
23/02/2013
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له شاری هه‌ولێر دووه‌مین كونفرانسی تایبه‌ت به كورد و دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ساز ده‌كرێت.
فواد عوسمان، به ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێری راگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی چالاكیه‌كانی یادی 25 ساڵه‌ی جینوسایدی گه‌لی كوردستان، به دروشمی دادپه‌ره‌ریی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی رێگره بوَ دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینوسایدی گه‌لی كورد، رێكخراوی چاودێری كوردۆساید به پشتیوانیی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفال كراوان، دووه‌مین كونفرانسی تایبه‌ت به كورد و دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ساز ده‌كات.
گوتیشی، كۆنفرانسه‌كه سه‌عات 9ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ له هوتێڵ چوارچرای شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌توانن ئاماده‌ی بن و رووماڵی ورده‌كاریه‌كانی بكه‌ن.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و كۆنفرانسه هه‌وڵه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات بوَ ئه‌وه‌ی عیراقیش بچێته پاڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئیمزایان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی (ICC) كردووه.
23/02/2013
به پێی هه‌واڵێكی ته‌له‌فیزیۆنی گه‌لی كوردستانی زمانحاڵی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له ئێستادا جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان باری ته‌ندروستی زۆر باشه و ده‌توانێت قسه بكات.
به پێی لێدوانێكی د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم كه بۆ ئه‌و كه‌ناڵه‌ی داوه، له ئێستادا تاڵه‌بانی ده‌توانێت به شێوه‌یه‌كی ڕه‌وان قسه بكات و توانای بیركردنه‌وه‌شی باشه و به‌رده‌وام ته‌ندروستی به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت.
شایه‌نی باسه هه‌ر به پێی ئه‌و هه‌واڵه، پزیشكانی ئه‌ڵمانی ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق و ده‌ستبه‌كار ببێته‌وه له پۆسته‌كه‌یدا.
22/02/2013
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، سه‌رۆکی رووسیای فیدراڵ، ڤلادیمێر پۆتین، لەگەڵ سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانیدا په‌یوه‌ندیی ئابووری، رۆشنبیری و رۆڵی کۆمپانیا رووسیاییه‌کان له پرۆسه‌ی دووبارە ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق و کوردستانیان خستە بەر باس.
له دیدارێکی زۆر دۆستانه‌دا ئاماژه به په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان گه‌لی کوردستان و گه‌لانی سۆڤیه‌تی جاران و گه‌لی رووسیا درا، هه‌روه‌ها ته‌ئکید له په‌یوه‌ندییه دیرۆکییه‌کانی نێوان رووسیا و عێراقیش کرا.
له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ر خرانه به‌ر باس، له‌وانه په‌یوه‌ندی ئابووری و رۆشنبیری و رۆڵی کۆمپانیا رووسیاییه‌کان له پرۆسه‌ی دووبارە ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق و کوردستان.
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ته‌ئکیدی له دۆستایه‌تیی نێوان هه‌ردوو لا کرد و گوتی: پێویسته ئه‌و په‌یوه‌ندیانه به‌ره‌و پێشه‌وه بچن، هه‌روه‌ها باسی مێژووی خه‌باتی گه‌لی کوردی کرد به‌و قوربانیانه‌ی داویه‌تی له پێناو ئازادی و سهرفرازیدا.
سه‌رۆک بارزانی ته‌ئکیدی کرده‌وه، که گه‌لی کوردستانی عێراق پابه‌ندن به ده‌ستووری عێراق و ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی، که هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه و رووسیادا له چوارچێوه‌ی عێراقدا دایه.
سه‌رۆک پۆتین له لای خۆیه‌وه ته‌ئکیدی له دۆستایه‌تیی نێوان گه‌لی رووسیا و کوردستان کرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئه‌وان ئاگاداری خه‌باتی گه‌لی کوردستان و خه‌باتی بارزانیی نه‌مرن که ماوه‌یه‌ک ژیانی له رووسیا بردووەته سه‌ر.
سه‌رۆک بارزانی سوپاسی سه‌رۆک پۆتینی کرد بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته که سه‌ردانی مۆسکۆ بکات چونکه بۆ ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه باسی ئه‌م شاره به‌شێک بووه له ژیانی، چونکه باوکی و زۆرێک له که‌سوکاری له‌م وڵاته ژیاون و ده‌رفه‌تێکی مێژوویی بوو که سه‌ردانی ئه‌م شاره بکات.
PNA
21/02/2013
هاونیشتمانانی كوردستانی
كۆڕ و كۆمەڵە سیاسی، كلتووری و رووناكبیرییەكان
كەسایەتییە رۆشنبیر و هونەرمەندانی نەتەوەیی و ئازادیخوازەكانی كوردستان
خەڵكی بێبەشكراو لە خوێندن بە زمانی زگماگی لە رۆژهەڵاتی كوردستان
لەگەڵ سڵاوی خۆڕاگری، هۆشیاری و بەرخودان
لەم هەزارەیەدا كە بە هەزارەی كلتوورە جیاوازەكان و كاراكتەرە رەنگینەكان، دیمۆكراسی و ئازادیی جیهانی ناسراوە و میدیا و رۆشنبیری رۆڵیكی گەورە لە بەرچاوڕونیی گەلانی جیهان بە 6هەزار زمانی جیاوازیانەوە دەبینن، گرنگیی زمانی دایكی و گەشەپێدان و كارپێكردنی لە هەموو زەمەن و ساڵ و سەدەكانی رابردوو زیاتر هەست پێدەكرێت.
لەم هەزارەیەدا پاراستنی كلتوورەكان بووە بە مافێكی جیهانی و رێزگرتن لە قەوارە جیاوازەكان لە ئێستادا یاسایەكی جیهانییە و هێدی هێدی خەریكە سنوورە پۆڵایینەكانی رابردوو تَكدەشكێنێت.
6هەزار زمانی جیاواز بە واتای 6 هەزار نەتەوەی جۆربەجۆرن كە هێشتا 200 وڵاتیان بۆ دروستكراوە و پاشماوەكانیان لە ژێر باری فشار و مەترسیی لەناوچوندا دەبێ بپارێزرێن.
لە سەرەتای ئەم هەزارەیەدا و رێك لە ساڵی 2000 ەوە و لە رۆژی 21 ی فێوریەدا و بە پێشنیاری وڵاتی بەنگڵادش - كە یەكەمین وڵات بوو بە شێوازێكی تەواو شەففاف و بە دیاریكراوی بە مەبەستی پاراستنی زمانەكەی بزووتەنەویەكی لە بەرانبەر هەژموونی زمانی پاكستانییەكاندا دروست كرد و چەندین كەسایەتی رووناكبیریان لێ تیرۆركرا وبوونە قوربانی ئەو ئامانجە و دواتر درێژەی ئەم بزووتنەوەیە بوو كە بووە هۆی رزگاریی بەنگاڵییەكان لە ژێرچەپۆكەی پاكستانییەكان – لە دانیشتنی سالانەی نەتەوەیەكگرتوەكان و بە فەرمانی یونسكۆ ئەم زۆژەی بە فەرمی وەك "رۆژی جیهانی زمانی دایكی" دەستنیشان كرد.
پێویست بوو بۆپاراستنی كلتووری 6هەزار نەتەوەی سەرگۆی زەوی و 6 هەزار زمانی جیاوازیان، سەرەتا رێز لە رەگەزی جیاكەرەوەیان واتە زمانەكەیان بگیرێت و ناوەندێكی جیهانی بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لە دەسكەوتە كلتوورییەكانیان لەم سەردەمەدا كە سەردەمی رێزگرتن لە بەها مرۆییەكان بە گشتییە، ئەم ئەركە گرنگ و مرۆییەی لە ئەستۆ گرت.
6 هەزار پێكهاتەی جۆربەجۆر كە بەشی زۆریان لە ناوچە هەژار و جیهانی سێهەمییەكانی وەك ئافریقا و ئاسیادان و زۆربەیان زمانەكانیان لە ژێر مەترسیی ئاسیمیلەبوون و لەناوچووندان دەبوایە بكرێن بە مڵكی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و بپارێزرێن.
نەتەوە بێدەوڵەتەكان و پێكهاتە بێ دەسەڵاتكراوەكان لەو رەنگە جیهانییانەن كە بەردەوام لەژێر فشاری دەسەڵات و هەژمونی رەهای زمان و كلتووری نەتەو و زمانی باڵادەستدان و پاراستنیان لە ئێستادا وەك ئەركێكی هەست پێكراوی جیهانی لە هەموو كاتەكان زیاتر هەست پێدەكرێت.
نەتەوەی رزگاریخوازی كوردیش یەكێك لەو نەتەوە بێدەسەڵاتانەی جیهانە كە بە مەبەستی پاراستنی زمانەكەی هەزاران شەهید و هەزاران قوربانی و هەزاران سەركردەی روناكبیری لەدەستداوە و ئەگەر ئێستا دەتوانێ بە زمانی خۆی لە زانكۆكانی هەرێمی باشووردا و لە سەرماڵپەر و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بوونی خۆی پیشان بدات ئەمە بەرهەمی خەبات و رەنجی هەزاران خەباتكار و رۆشنبیر و خۆڕاگریی نەتەوەیەك بووە كە هیچ هێرش و پەلامارێكی بێوەڵام نەهێشتوەتەوە و بەرگری لە زمان و كلتوور و شوناسی جیاوازی خۆی كردووە.
لەم رۆژە دا پێویستە:
1- سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی قەڵەم و زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگری نەتەوەكەمان دانەوێنین كە لە پێناوی پاراستن و زمان واتە رەگەزی سەرەكیی پێكهێنەری شوناسی نەتەوەییاندا قوربانییان داوە و بوونەتە قوربانی.
2- پێویستە لە پێناوی سڕینەوەی ناكۆییە نەتەوەییەكانماندا كە بەشێكیان دەگەڕێتەوە بۆ دروست نەبوونی زمانی یەكگرتوو لە نێوان كوردی پارچەكاندا، هەوڵی بەردەوام بدەین.
3- بە مەبەستی دروستكردنی هێلانە و سەرپەنایەك بۆ پاراستنی زمانی كوردی پێویستە داوای "پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی" بكەین بە دروشمێكی نەتەوەیی بۆ "كۆنگرەی نەتەوەیی حیزب و لایەنە خەباتكارەكانی كوردستان".
4- كورد پێویستی بە گرتنی "كۆنگرەی ناسنامە"یە و دەبێ خاڵە ستراتێژییەكانی نێوان خەباتكارانی پارچە جیاوازەكانی كوردستان لەم كۆنگرەیەدا دیاری بكرێن. كە یەكێكیان گەیشتن بە رێكەوتنی سەرەتایی بۆ دانانی "ئەنجومەنی فەرمیی زمانی ستنداردی كوردی"یە كە ئەم ئەنجومەنە بتوانێ كار بۆ برەوپێدانی زمان و دانانی سەرچاوەكانی خوێندن و داڕشتنەوەی زمانی خوێندنگاكان و پەرەپێدانی ئەم بوارە گرنگە بكات.
5- پێویستە لە بەرانبەر سیاسەتی ئاسیمیلەكردنی نەتەوەییماندا لە لایەن داگیركارانی كوردستان و بە تایبەتیش دەسەڵاتی ئێران، سیاسەتێكی یەكگرتوانەی كوردیمان بێت و سكاڵاكانمان بە یەكگرتوویی بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان و یونسكۆ بە بەردەوامی بەرز بكەینەوە.
6- پێویستە لەو ناوچانەیدا كە زمانی كوردی خەریكە تووشی كێشە دەبێت و بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بوەتەوە، لایەنە كوردستانییەكان سیاسەتی پشتگیری و بەرگریكردن لە هاولاییانی كورد بكەن بە ئامانجێكی نەتەوەیی و پێش بە پەرەگرتنی هەژموونی زمان و دەسەڵاتی نەتەوەی بێگانە بگرن.
7- دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پێویستە لەم هەلومەرجە مێژوویی یەدا كە خاوەنی سەروەریی و دەسەڵات و داهاتی تایبەتین، یارمەتیی ناوەندەكانی رۆشنبیری و راگەیاندنی كوردی بە بێ جیاوازیی پارچەیی بدەن.
8- دەبێ بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین پەرە بە زمانی كوردی بە شێوەیەك بدەین كە ماڵەكانمان ببن بە فێرگە و دایكانی كورد ببن بە مامۆستای زمانی كوردی.
9- دەبێ فێری ئەوە بین كە زمانی خۆمان لە زمانی نەتەوەی بێگانە بە گرنگتر بزانین و هانی رووناكبیرانی كورد بدەین، لە باتی نووسین بە زمانی نەتەوەی باڵادەست، بە زمانی كوردی بنووسن و خزمەت بە گەشەی كلتووری دەستدرێژیكاری ئەوان نەكەن.
10- پێویستە لەم رۆژە پیرۆزەدا سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هونەرمەندانی كورد و گۆرانبێژان و بەندبێژان بكەین كە بە شێوەیەكی زۆر جوان و رازاوە زمانی ئەدەبیی كوردیان بە دەنگی سێحراویی خۆیان وەكو وانەیەكی خوێندن بۆ ناوماڵەكانی كورد هێناوە.
11- داوا لە ناوەندە جیهانییەكانیش دەكەین كە یارمەتیی خۆیان بۆ پاراستنی زمانی كوردی پێشكەش بە ناوەند و میدیا كودرییەكان بكەن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" وێڕای پیرۆزیایی ئەم رۆژە مەزنە لە هەموو گەلی خۆراگری كورد، خوازیارە كە یەكگرتوانە لە پێناوی بردنە سەری ئاستی هۆشیاریی نەتەوەییماندا بە زمانی دایكی زیاتر هەوڵ بدەین و بەرهەمی زیاتر بخەینە ناو ماڵ و بازاڕەكانی كوردستانەوە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"
21/2/2013
محه‌مه‌د ئۆجه‌لان، رۆژی 18ی شوبات سه‌ردانی ئیمرالی کرد و له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه دیداری ئه‌نجامداو ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه‌ش ئاشكراده‌كات.
به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی "فورات" ی نزیك له‌په‌كه‌كه، محه‌مه‌د ئۆجه‌لان به ئاژانسی دیجله DIHA راگه‌یاندووه كه به ئۆجه‌لانی وتووه "تۆ قۆناغه‌که له ئیمه باشتر ده‌زانی، لانی که‌م له رێی چاپه‌مه‌نیه‌وه ئاگاداری هه‌یه . به‌شێویه‌کی که‌م و بهشبهشیش بێت له‌رێی چاپه‌مه‌نیه‌وه ئاگاداره له‌وه‌ی ڕووده‌دات . به‌ڵام له په‌رۆشی ئه‌وه‌دایه که رای گشتی به‌تایبه‌تی گه‌لانی کورد و تورک چۆن له‌وم قۆناغه ده‌ڕوانن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "من وام پێ راگه‌یاند که له (70%)ی ئه‌م قۆناغه به راست ده‌بینێ، ههلهخهڵهتاندن نیه و ، داوا ده‌که‌ن که په‌ره به پرۆسه‌یه‌کی راسته‌قینه بدرێ . پێم راگه‌یاند که هه‌ندێ گۆشه نوسه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کانیش ده‌لێن قوناغێکی باشه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد، بۆ ئه‌وه‌ش داوا ده‌که‌ن که ئه‌م قۆناغه باش بهریوهببرێ".
محه‌مه‌د ئۆجه‌لان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه ئۆجه‌لان له وه‌ڵامدا وتویه‌تی "منیش ئه‌وانه ده‌زانم، من لێره‌دا مهحکومێکم، شتێکی ئه‌خلاقی نیه ئه‌گه‌ر لێره‌م بلێم که من ئهمهدهکهم و ئه‌وه ده‌که‌م، من ئه‌م قۆناغه به‌رێوه‌ده‌به‌م، به‌ڵام راستیه‌کان به ده‌ره‌وه بلێن. من له‌گه‌ل ئیستخبارات دیدارم ئه‌نجام دا. له‌وانه‌یه ئه‌و که‌سانه‌ی هاتنه ئیره سه‌میمی بن، به‌لام ته‌نیا ئه‌وانه نین. هێزی تر هه‌ن. ده‌زانم ئه‌و هێزانه چه‌ند پشتگیری له‌م قۆناغه ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ی هاتنه ئێره دروستن، به‌ڵام ئه‌وانه تا سنورێک ده‌توانن بچن، ئه‌گه‌ر باش به‌رێوه‌ببرێ ئه‌وی له ده‌ستمان بێ ده‌یکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی من بیکه‌م سنوردارن، خۆ من هه‌موو شتێک نیم، گه‌ر واش بێ راست نیه، هه‌موو شتێک ده‌هاوێنه سه‌ر شانی من، ئه‌وه راست نیه".
هه‌روه‌ها وتویه‌تی "به‌ڵام چیمان له ده‌ست بێ ده‌یکه‌ین، بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد راستیه‌کانمان ده‌لێین، داوامان لهشاندهکهو ئه‌وه‌ی ده‌که‌وێته سه‌رشانیان به ده‌ستی بۆ حکومه‌تم نارد. چیمان ده‌وێ، چی ده‌بێ بکرێ ، چۆن چاره‌سه‌ر بکرێ ئه‌وه‌ی ده‌یزانین به حکومه‌تمان دا . حکومه‌تی ناوی لێ ده‌نێ چی با بیینێ ، ئه‌م رێیه رێی چاره‌سه‌ریه، ئه‌وانه هه‌لسه‌نگاندن له سهرداواکانمان و چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌که‌ن. به‌لام دیسانه‌وه ده‌لێم من لێره مهحکومێکم، من خاوه‌نی هه‌موو شتێک نیم، هه‌موو شتێک به منه‌وه مه‌به‌ستنه‌وه. گه‌ر به منه‌وه بیبه‌ستنه‌وه نایکه‌م".
20/02/2013
سه‌رۆككۆماری میسر، كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند و له كۆتایی مانگی نیسان هه‌تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران درێژه‌ی ده‌بێت و به 4 قۆناغ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
محه‌مه‌د مورسی، سه‌رۆككۆماری میسر رایگه‌یاند هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی میسر، له رۆژی 27ی نیسانی داهاتووه‌وه ده‌ست پێده‌كات و بۆ ماوه‌ی 2 مانگ، تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌پێی راپۆرتی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، له فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری میسردا ته‌ئكید كراوه‌ته‌وه به‌هۆی كه‌میی رێژه‌ی چاودێرانی هه‌ڵبژاردن، پڕۆسه‌ی ده‌نگدان به 4 قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
په‌رله‌مانی داهاتووی میسر، له رۆژی 6ی مانگی ته‌مموزی داهاتوو به ره‌سمی ده‌كرێته‌وه و چاودێران ده‌ڵێن، مورسی و هێزه ئیسلامییه‌كان، هیوادارن هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان، خۆپیشاندانه‌كان له دژی حكوومه‌ت، كه‌متر بكاته‌وه.
22/02/2013