پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا ئەندامێتی خۆی لە دەستەی باڵای کورد هەڵپەسارد.
سەعید عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە لێداوانێکدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر رفاندنی بەهزاد دۆرسن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەلپارتی لە دێرک، ئەلپارتی ئەندامێتی خۆی لە دەستەی باڵای کورد هەڵپەسارد". سەعید عومەر راشیگەیاند "6 رۆژە بەهزاد دۆرسن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نزال سەلیم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کورد (ئەلپارتی) لە لایەن هێزەکانی YPGوە رفێندراون و تا ئێستا هیچ چارەنووسیان دیار نییە. ئەو رووداوەش خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە گشتی و لایەنگرانی ئەلپارتی زۆر توڕە کردووە".
ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو بەهزاد دۆرسن و نزال سەلیم لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە شاری دێرک رفێندران و دوای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لەو رووداوەدا تۆمەتبار کران، ئەو هێزە وێرای رەت کردنەوەی ئەو تۆمەتانە، ئەو رفاندنەی سەرکۆنە کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەلپارتی لەو بارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "پێش رفاندنی بەهزاد دۆسن، گروپێک لە چەکدارانی YPG چووبوونە بنکەی ئەلپارتی لە دێرک و هەڕەشەیان لە ناوبراو کردبوو. پێشتریش 3 جار لە رێگەی چوونەوەی بۆ ماڵ شوێنی کەوتبوون تا 6 رۆژ لەمەو بەر هەواڵی رفاندنی بڵاو بووەوە. لەو شوێنە تەنها هێزەکانی YPGی لێیە و هیچ هێزێکی دیکە لەو ناوچەیە نییە. ئەگەر YPG دەڵێن ئێمە هێز و دەسەڵاتمان لەو ناوچەیە هەیە دەبێ بەرپرسیارێتی رووداوەکانیش لە ئەستۆ بگرن".
سەعید عومەر راشیگەیاند "بۆ رێگەگرتن لە رووداوی نەخوازراو و هەڵنەگیرسانی شەڕی براکوژی، ئێمە داوامان لە ئەندامان و لایەنگرانمان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆ لە تۆڵە سەندنەوە بپارێزن تا چارەنووسی ئەو دوو ئەندامەی ئەلپارتی ئاشکرا دەبێت".
لە رێکەوتی 11/7/2012 به سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتنامەی هەولێر لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا. دواتر لە 24/7/2012 لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ، دەستەی باڵای کوردی راگەیەندرا.
ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی كه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه له 140 هه‌زار تێپه‌ڕده‌كات.
ئه‌مڕۆ نادر روستی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به (رووداو)ی راگه‌یاند "له 24 تاوه‌كو 27ی ئه‌م مانگه ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه 95 هه‌زار گه‌شتیار بووه".
راشیگه‌یاند " ئه‌مه ئامارێكی سه‌ره‌تاییه و ئه‌و ژماره‌یه‌ش له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، چونكه زۆر له‌مه زیاتر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه". نادر روستی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوزاری هه‌رێمی كوردستان پێشبینی ده‌كات "ژماره‌ی گه‌شتیاران 140 هه‌زار گه‌شتیار تێپه‌ر ِبكات" و گوتیشی" له ئێستادا سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی داتایه‌كی دروستین".
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات "به به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌ژنی قوربانی پارساڵ، ژماره‌ی گه‌شتیاران زیادیكردووه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی گه‌شتیارانه‌ش له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بوونه و به‌شێكی دیكه‌شیان له رێگه‌ی ئێران و توركیا و فڕۆكه‌خانه‌كان هاتوون". له كۆتایی لێدوانهوهكهیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "پارساڵ له هه‌مان جه‌ژن 120 هه‌زار گه‌شیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو".
سەرمایەدارێکی کورد کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە بە گەورەترین تێکدەری بازاڕی دراوی ئێران ناو دەبردرێت. بە گوتەی موحسن ئێژەیی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران 30 کەس بە تۆمەتی تێکدانی بازاڕی دراو دەستگیر کراون کە ئەگەر دەربکەوێت مەبەستیان زیان گەیاندن بە نیزامی کۆماری ئیسلامی بووە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دادەسەپێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمی (مێهر)ی ئێران، گەورەترین تێکدەر (قۆرخکار)ی بازاڕی دراوی ئێران سەرمایەدارێکی کورد بەناوی (ی. ر.چ)یە کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ئێراندایە. بەگوێرەی ئەو هەواڵە، (ی. ر.چ) کە لەساڵی 2006وە لە کوردستان ناوبانگی دەرکرد، سەرەتا خۆی وەک کەسێکی خێرخواز ناساند و چەندین بینا و باڵەخانەی لە پارێزگای سنە دروست کرد.
ئاژانسی مێهر دەڵێت "(ی. ر.چ) سەرەتا بە دامەزراندنی کۆمپانیای بەرهەم هێنانی (خ.ز) کە دواتر بە (ا) ناسێندرا لە ناو کوردستانییەکان و دواتر لە سەرجەم ئێران ناوبانگی دەرکرد و بە خۆنزیک کردنەوەی لە ناوەندەکانی هێز و دەسەڵات، رۆژ لەگەڵ رۆژ سامان و دەسەڵاتی زیاتر و زیاتر بوو".
هەر بەگوێرەی ئەو راپۆرتە "ناوبراو بە دامەزراندنی سەڕافخانەیەکی گەورە بەناوی (ز) کە دوو بنکەی لە تاران و دوبەی هەیە، بەشێوەیەکی بنەماڵەیی دەستی بە کڕین و فرۆشتنی دراو و زێر و زیو کرد و بازاڕی دراوی تاران و ئێران بەگشتی خستە ژێر کاریگەری خۆیی و لەرێگەی باندەکانییەوە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەن بە جۆرێک کە بانکی ناوەندی ئێران سەرەڕای ئەوە هەمووە دراوەی خستییە ناو بازاڕەوە، نەیتوانی کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو بەدەست بگرێتەوە".
هەر لەو بارەوە رۆژنامەی (کەیهان)ی ئێران لە راپۆرتێک‌دا ناوی یەکەمی ئەو سەرمایەدارە کوردە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "(یەدوڵڵا چ) تێکدەری سەرەکی بازاڕی دراوی ئێرانە کە لەرێگەی سەرافییە گەورەکەی لە تاران و دوبەی بازاڕی دراوی ئێرانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار لە سەڕافخانەکەی ئاڵوگۆڕ دەکرا".
بەگوێرەی هەواڵێکی بەشی فارسی ئاژانسی NNSROJ، ناوی ئەو سەرمایەدارە کوردە (یەدوڵڵا رۆژ چەنگ)ە و خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. یەدوڵڵا بە یاوەری ئەنوەری برای خاوەنی گەورە کۆمپانیاکانی (خۆرشیدی زرێوار) و (ئیستەک)ە و ئێستاکە هەردووکیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە قۆڵبەست کراون.
کۆمپانیانی ئیستەک istak، گەورەترین کۆمپانیای بەرهەم هێنەری خواردنەوە بێ کحولەکانی ئێرانە و لە هەر کاژێرێک 35 هەزار خواردنەوەی بێ کحول لە دوو جۆری شیشە و قودی بە 16 تامی جیاواز بەرهەم دێنێت. ئەو کۆمپانیایە بەرهەمەکانی خۆی بۆ 22 وڵاتی جیهان وەک ئەمریکا، کەنەدا، بریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ئۆستراڵیا، ژاپۆن، تورکیا و عێراق هەناردە دەکات.
بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کرد کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی حیزبوڵڵای لوبنان، وێنەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیلی لەبەر دەستی ئێران داناوە. ئیسماعیل که‌وسه‌ری، سەرۆکی لێژنەی ئەمن و بەرگری ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران بە کاناڵی ئەلعالەمی ئێرانی راگەیاند "وێنه و زانیارییه‌کانی فڕۆکه بێ فڕۆکهوانەکەی حیزبوڵڵا له دامه‌زراوه ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل له به‌رده‌ستی ئێراندایە".
ئیسماعیل کەوسەری راشیگەیاند "فڕۆکه بێ فڕۆکهوانەکەی حیزبوڵڵای لوبنان راستەوخۆ وێنەی ناوەندە هەستیارە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی بۆ ناوەندی کۆنتڕۆڵ (ئێران) گواستووەتەوە و ئێستاکە ئێران وێنە و زانیاری وردی لەسەر ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیل لەبەر دەستدایە". دوای ئەوەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی حیزبوڵڵای لوبنانی بەناوی "ئەیوب" لە قوڵایی سنووری ئاسمانی ئیسرائیل تێکشکاند، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵای ئه‌مینداریی گشتی حیزبوڵڵای لوبنان رایگه‌یاند "ئەو فڕۆکە پێشکەوتوویە بەرهەم هێنراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
سەرۆکی لێژنەی ئەمن و بەرگری ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران وێڕای پشت راستکردنەوەی قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا، گوتی "حیزبوڵڵا فڕۆکه‌ی زۆر پێشکه‌وتووتر له "ئه‌یوب"ی لەبەر دەستدایە که ئه‌گه‌ر پێویست بکات ده‌یخاته روو و به‌کاریان دێنێت". ئەو بەرپرسە ئێرانییە وێرای ئاماژەکردن بە ئەزموونی 30 ساڵەی ئێران لەبواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا، رایگەیاند "ئێران تەنانەت توانای بەرهەم هێنانی جۆری پێشکەوتووتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هەیە کە توانای هەڵگرتنی چەکی هەبێت و ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەو کردەوە سەربازییەی حیزبوڵڵا (ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ئیسرائیل) لە ئارادایە".
پێشتریش محەممەد رەزا نەقدی، فەرماندەی بەسیجی موستەزعەفینی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو "لەمەوبەدوا ئیسرائیل دەبێ چاوڕەیی سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە 25 جۆری جیاواز و پێشکەوتوو بێت کە توانستی رووبەڕووبوونەوەی لەبەرانبەریاندا نییە".
لە کاتێکدا هێشتا دوو مانگی بۆ زستان ماوە، بەفری پاییزی بەرزاییەکانی شاری پیرانشار، خۆی و کرماشانی سپی پۆش کرد. دوابەدوای بارینی بەفر لە بەرزاییەکانی پیرانشار، کەشی هەوا دابەزیوە و ناوچەکە رووخساری زستانی بە خۆوە گرتوە. لە ئێستا دا بەرزاییەکانی تەمەرچین، حاجی برایم، بارزان و چەند شوێنێکی تر بە هۆی بارینی بەفر سپی بوون. بارینی بەفر و هاتنی شەپۆلی هەوای سارد، وای کردوە شارۆمەندانی ئەو شارە بە جلوبەرگی زستانی هاتوچۆ بکەن. هەوای پیرانشار لە ٢٤ سەعاتی رابردوو دا، لە نێوان ١١ بۆ ١٤ پلەی ژوور سفر بووە. یەکەم بەفری پاییزی بەرزاییەکانی ئاورین و زەرئاوای شاری خۆی داپۆشیوە.
بەرپرسی کەشناسی شاری خۆی بە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی راگەیاندوە کە پلەی هەوا لەو شارە ٨ پلە ژوور سفرە کە بە بەراورد لە گەڵ دوێنێ ٢ پلە دابەزیوە. لە لایەکی دیکەوە بەفری پاییزی لە بەرزاییەکانی شاری پاوەش باریوە. پاش ئەوەی چەند رۆژ لە سەر یەک لەو شارە باران باری، لە دوێنێ شەوەوە پلەی هەوا دابەزیوە و لە بەرزاییەکانی شاهۆ و چەند شوێنێکی تر باریوە. رێژەی بەفر لەو شوێنانە دەگاتە ٧ سانتی میتر.
nnsroj
بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووى كوردستان، یارى كۆتایى پاڵه‌وانى كیشوه‌رى ئاسیا له هه‌ولیرى پایته‌خت ئه‌نجام دەدرێت و ئامادەکاری پێویست گرتراوەتە بەر. نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر به یاوه‌رى تاهیر عەبدوڵڵا، جێگرى پارێزگارى هه‌وڵیر، سەفین كانەبى، سه‌رۆكى یه‌كێتى تۆپى پێی كوردستان و د.عەبدوڵڵا مەجید، سه‌رۆكى یانه‌ى هه‌ولێر بۆ ئاگا‌داربوو‌نیان لە ئامادەکارییە پێویستەکانی ئەنجامدانی یاری کۆتایی تۆپی پێی یانەی هەولێر و کوەیت، كاره‌كانى ئاماده‌باشى رێکخستنی یاریگای فرەنسۆ هەریری-یان به‌سه‌ر كرده‌وە.
پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند "ته‌واوى ئاماده‌كارییه‌كان به پێى پره‌نسیپه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان و رێنماییه‌كانى فیفا به باشترین شێوه كاریان بۆ ده‌كریت تاكو یارییەکە سه‌ركه‌وتوانه ئه‌نجام بدرێت". لهوبهسهر كردنه‌وه‌یه‌دا له دواى تاوتوێ كردنى پرسى ئاماده‌كارییه‌كان، بڕیارى پێویست درا سه‌باره‌ت به رێکخستنه‌وه‌ى یاریگە و په‌یژه‌كانى دانیشتن و ده‌روازه‌كانى هاتنه ژووره‌وه و پێداویستییه‌كانى كۆنتڕۆڵى ئاسایشی یاریگه‌كه و سه‌لامه‌تى تیپه‌كان و ستافی ناوبیژیكار و دابین کردنی چاودێرى تەندروستى و پزیشكى بۆ هه‌ر حاڵه‌تیكى نائاسایی.
بڕیارە رێکەوتی 3/12/2012، بەچاودێری نوێنەرانی فیفا، خولی کۆتایی پاڵەوانی کیشوەری ئاسیا لەنێوان هەردوو یانەی تۆپی پێی هەولێر و کوەیت لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری هەولێر بەڕێوە بچێت. ئەوە یەکەمین جارە لە مێژووی کوردستان و عێراقدا کە یارى كۆتایى پاڵه‌وانى كیشوه‌رى ئاسیا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "چاوەڕوانین گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستی وەرزش بۆ کوردستان و هەولێری پایتەخت بەدەست بێنین".
پارتی کۆماریی کوردستان
به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
به‌ڕێز / مه‌کته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی کۆماریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان / دۆست
سڵاوی دۆستانه و برایانه‌ی گه‌رم ....
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌وه ، به‌ناوی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی کۆماریی کوردستان جوانترین و رازاوهترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی به‌ڕێزتان و مه‌کته‌بی سیاسی و ئه‌ندامان و دۆست و جه‌ماوه‌رتان به‌تایبه‌تی وسه‌رجه‌م موسوڵمانانی جیهان و كوردستان به‌گشتی ده‌كه‌ین ، ئومێده‌وارین ئه‌م جه‌ژنه ببێته جةزنى برایه‌تی و ته‌بایی و پێكه‌وه ژیان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ديموكراسى و ئازادیخوازی گه‌له‌که‌مان له‌پارچه‌کانی تری کوردستان ، وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م جه‌ژنه بكه‌ینه وێستگه‌یه‌ك بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاشتیه‌كی سه‌رتاسه‌ری و لێبوورده‌یی ، وهههرلهم جه‌ژنه‌دا هه‌وڵه‌كانمان یه‌ك بخه‌ین بۆ سه‌رخستنی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئامانجی له‌مێژینه مان ، كه سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه ، دووباره جه‌ژنه‌تان لێ پیرۆز ده‌كه‌ین .
مه‌کته‌بی سیاسی
پارتی کۆماریی کوردستان 2 / گه‌ڵاڕێزان / 2712 کوردی به‌رامبه‌ر ( 24 / 10 / 2012 ) زایینی
له ئه‌نجامی شهڕوپێکادانهکهی دوێنی که له نێوان گرووپه چه‌کداره‌کانی به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا که که‌وتبوونه گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه‌ی شاری حه‌له‌ب و هێزه‌کانی YPG دا، (19) ئه‌ندامی گرووپه چه‌کداره‌کانی بهرههلستکارای سوریا کوژران و ژماره‌یه‌کیش دیل کراون. له ئه‌نجامی شه‌ره‌که گرووپه چه‌کداره‌که له گه‌ره‌که‌که ده‌رکه‌وت و کۆنترۆل له ده‌ست هێزه‌کانی YPG دایه. له شه‌ڕه‌که‌دا ئه‌ندامێکی YPG هش ژیانی له ده‌ستداوه و یه‌کی تریش به برینداری که‌وتوته ده‌ست گرووپه چه‌کداره‌که.
له دوای ئه‌وه‌ی که دوێنێ گرووپێک چه‌کدار که‌وته گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه‌ی شاری حه‌له‌ب که زۆربه‌ی دانیشتوانی کوردن، و رێپێوانی کوردانیان دابوو به‌ر ده‌سرێژی گوله و (5) که‌س ژیانیان له ده‌ستدابوو و هێزه‌کانی YPG ده‌ستبه‌جێ وڵامی گرووپه چه‌کداره‌کانیان دابووه. له ئه‌نجامی شهڕوپێکادانهکان که تا دره‌نگه‌کانی شه‌و بهردهوامیکرد، گرووپه چه‌کداره‌که گورزێکی گه‌وره‌یان به‌رکه‌وت و له گه‌ره‌که‌که ده‌رکه‌وتن. له دوای شهڕوپێکادانهکان، یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(YPG) ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌کانی شه‌ڕدا، لێدوانێکی نووسراوه‌ی بلاو کرده‌وه
له لێدوانه‌که‌دا ده‌ستنیشانکراوه که گرووپێک چه‌کدار که ناوی به‌رهه‌ڵستکارانی سوریایان له خۆیان کردوه، به ئامانجی کۆنترۆل کردن و کردنه‌وه‌ی شه‌ڕێک له‌گه‌ل رژێمی سوریا، که‌وتوته گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه و وتیان:'' هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت که ئه‌و شوێنانه‌ی که گه‌لی کورد تێیدا ده‌ژیت، بکشێننه ناو شه‌ڕێکی چه‌په‌ڵه‌وه. له ئه‌نجامدا گرووپه چه‌کداره‌که له‌به‌رامبه‌ر به گه‌له‌که‌مان که ده‌یه‌ویست رێپێوانێکی ئاشتییانه ئه‌نجام بدات و داوای ده‌رکه‌وتنی گرووپه چه‌کداره‌که له هه‌رێمه‌که‌یان بکه‌ن، چه‌کیان به‌کارهێنا و گه‌لێک که‌سیان شه‌هید و بریندار کرد''.
له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی ره‌وا وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه
له لێدوانه‌که‌دا ده‌ستنیشانکراوه که YPG له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی ره‌وا و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی شه‌هیدانی گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه، وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ی داوه‌ته‌وه و وتی:''له ئه‌نجامی شهڕوپێکادانهکاندا، (19) ئه‌ندامی گرووپه چه‌کداره‌که کوژراون و ژماره‌یه‌کیش دیل کراون. هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر بڕێک جبه‌خانه‌دا گیراوه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کیش ئۆتۆمبێلی گرووپه چه‌کداره‌که که له دوای راکردنیان ماوه‌ته‌وه، که‌وتوته ده‌ست هێزه‌کانمان''.
گه‌ره‌که‌که له ژێر کۆنترۆلی YPG دایه
له لێدوانه‌که‌دا وترا که له ئه‌نجامی شهڕوپێکادانهکهدا ئه‌ندامێکی YPG به‌ناوی''عومه‌ر'' ژیانی له ده‌ستداوه و یه‌ک بریندار بووه و یه‌کی تریش به بریناری که‌وتوته ده‌ست گرووپه چه‌کداره‌که. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانکراوه که گه‌ره‌که‌کانی شێخ مه‌قسود و ئه‌شره‌فییه به ته‌واوه‌تی له ژێر کۆنترۆلی هێزه‌کانی YPG دایه و له‌مه‌وبه‌دوا لیوای''شه‌هیدانی شێخ مه‌قسود'' پاراستنی هه‌ر دوو گه‌ره‌که‌که و سه‌رجه‌م گه‌لی ئه‌و هه‌رێمه ده‌که‌ن.
له‌به‌رابه‌ر هه‌ر هێرشێک راده‌وه‌ستین
YPG ده‌ستنیشانیکرد که له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێک راده‌وه‌ستن و وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه. له کوێ ده‌بێت با ببێت، وه‌ڵامی هێرشه‌کان ده‌ده‌ینه‌وه. به‌رپرسیارێتی هه‌ر هاوڵاتییه‌کی کورد، له کوێ ده‌بێ با ببێت، له ئه‌ستۆی ئێمه‌یه. ئه‌وه به‌رپرسیارتییه‌کی ئه‌خلاقی و وڵاتپارێزییه. له‌گه‌ل هیچ که‌س و هێز و لایه‌نێک، ده‌رباره‌ی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی گه‌له‌که‌مان له رۆژئاوای کوردستان بازاری ناکه‌ین.
ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی باری لاندۆ، لەزاری گەورەبەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە" سەرۆکی دەزگای هەواڵگری موساد، بەپێی ڕێککەوتنێك، لەگەڵ حکومەتی عەرەبستانی سعودیدا، هەوڵی تیرۆرکردنی زانا و پسپۆڕانی ئەتۆمیی ئێرانی داوە".
ڕۆژنامە نوسەکە، بڵاوی کردەوە" حکومەتی عەرەبستانی سعودی، یەك ملیار دۆلاری داوەتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری موساد، تاکو پسپۆڕە ئێرانیەکانی بوواری ئەتۆم، تیرۆر بکات".
هەروەها نوسیویەتی" تیرۆرکردنی زانا و پسپۆڕە ئەتۆمیەکانی ئێران، بەپارە و تێچوونی عەرەبستانی سعودی بووە".
پێنوسەکان/ عەربیلی ئیسرائیلی...
بە ئاماده‌بوونی شاعێران و نووسه‌رانی رۆژهەڵاتی کوردستان، له شاری بۆکان بڕوانامه‌ی فێربوونی زمانی کوردی به 275 که‌س به‌خشرا. له رێوڕه‌سمێکی تایبه‌تدا کە له لایه‌ن فێرگه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی له شاری بۆکان رێکخرابوو، دوای ته‌واوکردنی خوله‌کانی فێربوونی زمانی کوردی به‌شداربووانی خوله‌که بڕوانامه‌یان وه‌رگرت.
له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا چۆنێتی بەڕێوەچوونی خولەکانی "رێزمانی زمانی کوردی، نووسین به رێنووسی لاتین، زمان‌ناسی و وه‌رگێڕان"، "ئه‌ده‌بی کوردی، په‌خشان، نووسین، شێعر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی"، "وتارنووسی" و "ئه‌ده‌بی منداڵان" خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەریەک لە مسته‌فا ئیلخانی زاده لە بەشی ئەدەب، سوسه‌ن حه‌سه‌ن زاده، هیدایه‌ت ئازه‌ری، هێمن بانه‌یی، ڕه‌حمان جه‌وان، کوردستان مام مه‌حموودی وه‌ک مامۆستایانی لقی فێرکاری زمانی کوردی، حوسێن شیربێگی و سه‌عید نه‌جاری وه‌ک مامۆستایانی به‌شی ئه‌ده‌بی نووسین و شێعر و سیاوش که‌ریم زاده مامۆستای به‌شی وتارنووسی، له لایه‌ن ئاماده‌بووان و به‌رپرسانی فێرگهکە رێزیان لێ‌گیرا.
رێوڕه‌سمه‌که به خوێندنه‌وه‌ی شیعر له لایه‌ن سه‌عید نه‌جاری "ئاسۆ"، ره‌سوڵ چووپانی "شوانە"، ئه‌مین گه‌ردیگلانی، جه‌عفه‌ر مۆختاری فه‌ر و فرمێسک محه‌ممه‌د ئه‌مینی، وتار خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریف عه‌زیمی و حوسێن شیربیگی و خوێندنه‌وه‌ی سروودی کوردی له لایه‌ن منداڵانی گوندی گڵوڵانی بۆکان درێژه‌ی پێدرا.
فێرگه‌کانی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی له شاری بۆکان تا ئێستا بڕوانامەی دەرچوونیان بە زیاتر له 12 هه‌زار بەشداربوو لە خولەکانی زمان، ئه‌ده‌ب، وتارنووسی و ئه‌ده‌بی منداڵان بەخشیوە.
بە مەبەستی بەرپاکردنی شەڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه لەدژی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان فەرمانی پێک هێنانی هێزێکی 50 هەزار کەسی دەرکردووە. رۆژنامەی ئەلسەفیری لوبنانی لە راپۆرتێک‌دا کە لە ماڵپەرەکەی بڵاو بووەتەوە، دەڵێت "حکومەتی تورکیا لە رێکەوتی 21/9/2012، له رێگەی محه‌ممه‌د ئۆجەلانی برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان په‌یامێکی بۆ ئه‌و ناردووه و داوای کۆتایی هاتنی شەڕی کردووە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو دیدارەدا رایگەیاندووە "دانوستانێکی له‌و چه‌شنه کۆتایی به خوێنڕێشتنهکان ناهێنێت و ئه‌وانه‌ی که ده‌یانه‌وێت ئه‌م خوێنڕشتنانه کۆتایی پێ بهێنرێت ده‌بێ دان بە هەندێک لە مافەکانی کورد دابنێن و سیاسەتێکی دروست هەنگاوی کردەوەیی و باشی پێویستە". بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، پێشمەرجی موراد قەرەیلان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی تورکیا، گۆڕینی زیندانی کردنی ئۆجه‌لان بۆ زیندانی کردن له ناو ماڵدایە.
ئەلسەفیر ئاشکرای کردووە کە ئۆجەلان لەو دیدارەدا، لەرێگەی محەممەدی برای نامەیەکی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراستی BDP ناردووە و پێی راگەیاندووە "لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی کوردی و حکومەتی تورکیا گفتوگۆ ئەنجام بدات و هەموو هەوڵێک بدات تا بە ئەنجامێکی باش دەگەن".
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکە نامەکەیدا بە دەمیرتاشی راگەیاندووە "ئەگەر هەلی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتی نەڕەخسا، شەرێکی هەمە لایەنە بەرپا دەبێت کە لە ماوەی 3 مانگدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە شەڕوانان (گەریلاکان) بۆ بەهاری ساڵی داهاتوو ئامادە بن. پێویستە هێزێکی 50 هەزار کەسی کۆ بکرێتەوە و ئەو رێژەیەی ئێستا کە 10 هەزار شەڕوان (گەریلا)یە کەمە".
هەر لەو نامەیەدا ئۆجەلان رەخنەی لە شەڕی 30 ساڵەی PKK گرتووە و دەڵێت "ئەو شەڕەی کە PKK بەدرێژایی 30 ساڵی رابردوو ئەنجامی داوە شەڕێکی بە تەواو مانا (یەکلا کەرەوە) نەبوووە و هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووەتەوە".
سەرۆکی بەندکراوی PKK لە نامەکەیدا بۆ دەمیرتاش رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەگرێت "حکومەتی ئەردۆغان لە چارەسەری پرسی کورد راستگۆ نییە و ئەگەر بیهەوێت لە ماوەی مانگێکدا دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام ئەو پرسەی بە چارەسەر نەکراوی و وەک پرسێکی وەرزی یان پەیوەنددار بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار هێشتووەتەوە". سەرەڕای ئەوەیکە نامەکەی ئۆجەلان ئاماژە بە پێکهێنانی هێزێکی چەکداری 50 هەزار کەسی دەکات، بەڵام حکومەتی تورکیا بەهۆی ئەو نامەیە هیوادارە کە رێگەچارەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەمیرتاش دەستی بە وتووێژ لەگەڵ حکومەت و ئامادەکردنی هێزەکان کردووە.
لەگەڵ ئەوەیدا کە تورکیا کەوتووەتە ناو قەیرانی سووریا، ئایا لەگەڵ شەڕێکی نوێ و گشتگیری کوردەکان بەرەو روو دەبێتەوە؟
هێزه چه‌کداره‌کانی به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا( سوپای ئازادی سوریا) له گه‌ره‌که‌کانی ئه‌شره‌فییه و شێخ مه‌قسودی حه‌له‌ب که زۆربه‌ی دانیشتوانی کوردن، له رێپێوانێک که له‌لایه‌ن کوردانه‌وه به ئامانجی ده‌رخستنی هێزه‌کانی بهرههڵستکارای سوریا رێکخرابوو، گوله باران کرد. له ئه‌نجامی گولهبارانکهدا (5) که‌س ژیانیان له ده‌ستدا و (10) که‌سی تریش بریندار بوون.
له جه‌ژنی قوربان هێزه‌کانی رژێمی سوریا و به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا گوایا ئاگربه‌ستیان راگه‌یاندبوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش هێرشی سه‌ر کوردانیان کرد. به پێی زانیارییه‌کان گرووپێک چه‌کداری به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا، دوێنێ ده‌ربازی گه‌ره‌کی ئهشهرفییه که زۆربه‌ی دانیشتوانی کورد، ببوون. به‌ڵام دانیشتوانی گه‌ره‌که‌که و یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(YPG) ئه‌وانیان له گه‌ره‌که‌که ده‌رکردبوو. له دوای ئه‌و رووداوه، ئه‌مجاره‌یان سوپای سوریا گه‌ره‌که‌که‌ی تۆپباران کرد و (15) که‌س ژیانیان له ده‌ستدابوو و زیاتر له )15) ی تریش بریندار ببوون.
به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا جارێکی‌تر که‌وته گه‌ره‌که‌که
له دوای رووداوه‌که، به‌رهه‌ڵستکارانی سوریا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ جارێکی‌تر رێگای نێوان گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه و شێخ مه‌قسودیان گرته‌وه. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش و له‌سه‌ر داخوازی گه‌ل شاندێک له ئهمجوهنی گه‌لی گه‌ره‌که‌که و دانیشتوانی گه‌ره‌که‌که دامه‌زرا. شانده‌که ویستی که له‌گه‌ل گرووپه چه‌کداره‌که دیدار ئه‌نجام بدات که له گه‌ره‌که‌که ده‌ربکه‌ون. به‌ڵام کاتێک که شانده‌که ئاماده‌کاری دیداری له‌گه‌ل گرووپه‌که ده‌کرد، گرووپێک چه‌کدار لێدوانیاندا و بانگه‌شه‌یان کرد که ئه‌وان کۆنترۆلی گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه‌یان به‌ده‌ست خستوه و گه‌ره‌که‌که‌یان ئازاد کردوه.
رێپێوانه‌که‌یان گوله‌باران کرد
له‌به‌رامبه‌ر به‌مه، پاشنیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ هاوڵاتییان رێپێوانێکیان ئه‌نجامدا و ویستیان که گرووپه چه‌کداره‌که ده‌رکه‌وێت و ئیدی کۆمه‌ڵکوژی روو نه‌دات. به سه‌دان هاوڵاتی کورد و عه‌ره‌ب له سنووری نیوان گه‌ره‌که‌کانی ئه‌شره‌فییه و شێخ مه‌قسود گردبوونه‌وه. جه‌ماوه‌ره‌که ویستی له‌وێوه تا گه‌ره‌کی ئه‌شره‌فییه رێپێوان ئه‌نجام بدات و داوا له گرووپه چه‌کداره‌که بکه‌ن که له گه‌ره‌که‌که ده‌رکه‌ون. به‌ڵام گرووپه چه‌کداره‌که جه‌ماوه‌ره‌که‌ی گوله‌باران کرد و به پێی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌کان، تا ئێستا (5) هاوڵاتی مه‌ده‌نی ژیانیان له‌ده‌ستداوه و (10) که‌سی تریش بریندار بوونه.
یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(YPG) ده‌ستبه‌جی وه‌ڵامی هێرشه‌کانی بهرههڵستکارای سوریای دایه‌وه. راگه‌یه‌ندرا که شه‌ڕی نیوان هێزه‌کانی YPG و گرووپه جهکدارهکه به‌رده‌وام ده‌کات.
ئەمی خوارەوە کلیك بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە و کوشتنی خەڵكی کورد لەکاتی خۆپیشانداندا بەدەستی چەکدارەکانی سوپای ئازادی سوریا:
https://www.youtube.com/watch?feature=player_embedded&;v=pwe3we9ou3k#!
سەرچاوە: پێنووسەکان
لە سەر داوای پارلەمانتارێکی کورددۆستی سەر بە حیزبی "سۆسیالیستی چەپ"، وەزیری دەرەوەی وڵاتی نۆڕوێژ ئامادەی دانیشتنێکی پارلەمان بوو کە تێیدا ژینۆسایدی کورد لە باشووری کوردستان و بە تایبەت کەیسی ئەنفاڵ و حەڵەبچە، راوەستەی تایبەتی لە سەر کرا.
رۆژی پێنجشەمبە[٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٢ی زایینی]، "ئەسپەن بارت ئەیدا"، وەزیری دەرەوەی نۆڕوێژ، ئامادەی دانیشتنێکی پارلەمانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە "چەکی کۆمەڵکوژ"، بە جەختکردنەوە لە سەر کەیسی "کۆمەڵکوژکردنی کورد" لە باشووری کوردستان بوو. وەزیری دەرەوەی نۆڕوێژ، وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی وڵاتەکەی لەمەڕ دژایەتی بەکارهێنانی هەر چەشنە چەکێکی کۆمەڵکوژ و مەحکوومکردنی ژێنۆساید، سەبارەت بە کوشتاری بە کۆمەڵی کورد بە دەستی رەژیمی بەعسیش دوا.
ناوبراو حەڵەبچەی وەک "کوشتاری سیستماتیک و پلانداڕێژراوە بۆ کۆمەڵکوژی کورد" پێناسەکرد و هەر وەها وتیشی کە "دەبێ هەوڵ بدرێ کە کارەساتی مرۆیی لەم چەشنە دووپات نەبێتەوە". دانیشتەکە لە سەر داوای "ئەختەر چاودری"، نوێنەری حیزبی SV و ئەندامی "کۆمیتەی مافی مرۆڤی کورد" لە پارلەمانی نۆڕوێژ، پێکهاتبوو.
چاودری، کە بە ڕەچەڵەک پاکستانییە و ئێستا جێگری سەرۆکی پارلەمانی نۆڕوێژیشە، ماوەیەک لەمەوبەر، بە سەردانی گەرمیان و حەڵەبچەی باشووری کوردستان و دیتنی ئاسەواری بۆمبارانە شیمیاییەکان و بەجێماوانی ئەنفاڵ، لە نزیکەوە بەدواداچوونی کۆمەڵکوژی کوردی باشووری کردبوو.
دانیشتنی ئاماژەپێکراو کاتژمێر ١٠ی بەیانی، لە هۆڵی سەرەکی پارلەمانی نۆڕویژ و بە بەشداری هەژمارێکی زۆر لە پارلەمانتارانی نۆڕوێژی و نزیک بە ١٠٠ چالاکی کورد بەڕێوەچوو. چەندین ئەندامی تری پارلەمان سەر بە حیزبەکانی "ناوەند"، سۆسیالیستی چەپ، کرێکاران و هتد، لە سەر ژینۆسایدی کورد دوان. رەوشی ئێستای سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان و ئەگەری دووپاتبوونەوەی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ، مژارێکی تری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بوو.
ئەختەر چاودری، لە وتارێک دا، بە وردی باسی لە کەیسی حەڵەبچە و ئەنفاڵ کرد و داوای لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەوەی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دووپات نەبێتەوە، نۆڕوێژ هەڵوێستی ڕوونی هەبێ. پارلەمانتارێکی تریش سەبارەت بە کورد رایگەیاند کە "تەنیا گارانتییەک بۆ دووپات نەبوونەوەی کۆمەڵکوژی کوردان، سەربەخۆیی ئەو نەتەوەیە".
لە دانیشتنەکەدا، باس لە دۆزی کورد لە پارچەکانی تر بۆ وێنە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرا. ئەگەری ئەوەی کە لە داهاتوودا، ژینۆسایدی کورد بە دەستی حکوومەتی ناوەندی عێراق، لە لایەن پارلەمانی نۆڕویژەوە، بخرێتە دەنگدان و بە فەرمی بناسرێ مژارێکی تری مشت و مڕی نێوان پارلەمانتاران بوو بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئاماژە بە رێکەوتێک و دەستپێشخەرییەکی تایبەت لەمبارەوە نەکرا.
nnsroj
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی هەولێر و پێكهێنانی دەستەی باڵای كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام هێشتا ئەو رێككەوتنە لەنێوان هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان جێبەجێنەكراوە. بەرپرسێكی كورد دەڵێ ئەوەی تائێستا كراوە هەر ئەوەیە كە رێككەوتنی هەولێر رێگربووە لەبەردەم بەرپابوونی شەڕی براكوژی.
سەرەڕای پەرەسەندنی رووداوەكان لە سووریا‌و زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە، بەڵام هێشتا كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەك خۆی ئامادە نەكردووە كە بتوانێ رووبەڕووی گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان ببێتەوە. هۆكاری سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی هەولێر كە لە 11/7/2012 لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستانی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD ئیمزكرا. هەرچەندە ئەو دوو لایەنە لەهەموو بۆنەیەكدا پابەندبوونی خۆیان بەو رێككەوتنە دووپاتدەكەنەوە، بەڵام رێككەوتنەكە بەكردەوە جێبەجێنەكراوە، بەكردەوە PYD هێزی سیاسی و سەربازی و ئیداری باڵادەستە لە ناوچە كوردییەكاندا، دوور لەو هاوبەشییەی لە رێككەوتنەكەدا هاتووە.
بەرپرسێكی كورد لەناو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند "جگە لەوەی كە بەهۆی رێككەوتنەكە شەڕی براكوژی لە رۆژئاوای كوردستان رووینەداوە، بە كردەوە هیچ بەندێكی رێككەوتننامەی هەولێر جێبەجێنەكراوە".
بەبڕوای ئەو، هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD هێزێكی چەكدارە "لایەنێك چەكدارە و لایەنێك بێ چەكە، ئایا لەو بارودۆخەدا چۆن رێككەوتن جێبەجێدەبێت؟ ئایا رێككەوتن لە نێوان حاكم و مەحكوم مومكینە؟".
شەلال گەدۆ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی چەپی كورد لە سووریا، پێیوایە كورد ناتوانێ رێككەوتنی هەولێر جێبەجێبكات. گەدۆ لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) لەوبارەیەوە دەڵێ "لەڕووی هێزەوە جیاوازی لەنێوان هەردوو لایەنی رێككەوتنەكە هەیە، ئەنجوومەنی گەل خاوەن هێزە، خاكی لەژێر دەستە، چەك و ئیمكاناتی لەدەستدایە، خاوەنی توانای ئابووری و راگەیاندنی گەورەیە، بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانی هەرچەندە هێزێكی مرۆیی زۆری لە پشتە، بەڵام رێكخراو نییە، بێ دەزگایە، لەهەموو لایەنێكەوە لاوازە، بەتایبەتی لە مەسەلەی چەك و تەقەمەنی، بە كورتی جیاوازی لە باڵانسی هێز هۆكاری سەرەكییە بۆ جێبەجێنەبوونی رێككەوتننامەی هەولێر".
تائێستا ئەوەی دیارە مەسەلەی هێزی چەكدار لەنێوان ئەنجوومەنی گەل و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد هۆكاری سەرەكییە بۆ جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی هەولێر. بەڵام شەلال گەدۆ پێیوایە جگە لەو هۆكارانە هۆكاری دیكەش هەن "جیاوازی مێژوویی لەنێوان هەردوولا هەیە، وەك یەكتر بیرناكەنەوە، جگە لەوانەش مەسەلەی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی رۆڵی خۆی دەبینێ".
دەستەی باڵای كورد كە لە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی هەولێرەوە بە 20 رۆژ لە قامشلۆ دروستكرا، وەك دەستەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێر دامەزرا، كە ئیدارەی ناوچە كوردییەكان بەڕێوەببات، بەڵام جگە لە چەند هەنگاوێكی بچووك هیچی دیكەی پێنەكرا، هەربۆیە دەستەی ناوبراو شەوی شەممەی رابردوو 20/10/2012 گەیشتە شاری هەولێر و بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ بكات.
عەبدولباقی یوسف نوێنەری (پارتی یەكێتی كورد لە سووریا) لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "هاتنی دەستەی باڵا لەبەرئەوەیە كە رێككەوتننامەی هەولێر تاوەكو ئەمڕۆ جێبەجێنەكراوە".
شەلال گەدۆ، هاتنی دەستەی ناوبراو بە دەرفەتێك دەزانێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی رۆژئاوای كوردستان "دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گوشار دەخاتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەوەی رێككەوتنی هەولێر جێبەجێبكرێت، ئەگەر دوای چەندین مانگ هێشتا رێككەوتنی هەولێر جێبەجێنەكراوە ئەوە مایەی داخە بۆ هەرێمی كوردستان و شەقامی كوردی لە سووریا. ئەگەر كورد لە سووریا ئەو رێككەوتنە نەباتە سەر پێموایە دەگەڕێنەوە ناو چوارگۆشەی سفر و دوورنییە براكوژیش لەناو كوردی سووریا بێتەئاراوە. بۆیە جگە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هیچ چارەیەكی دیكە نییە".
ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان كە یەكێكە لە لایەنەكانی رێككەوتنی هەولێر، لە زۆر لێدوان و بۆنەدا جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە دەخاتە ئەستۆی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و دەڵێ ئەو ئەنجوومەنە لاوازە و توانای كاركردنی نییە.
شەلال گەدۆ لەوبارەوە دەڵێ "بەوپێیەی كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد هێزێكی سەرەكییە، پێویستە هەموو دەزگا پێویستەكانی دەوڵەتداری دابمەزرێنێ. ئەوانە دەبنە هۆی بەهێزبوونی ئەنجوومەن و دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ئەنجوومەن. تەنیا ئەو كاتەش رێككەوتنی هەولێر جێبەجێدەبێ". شەلال گەدۆ هەندێك لەو رەخنانەی ئاراستەی ئەنجوومەنەكەی دەكرێن بە راست دەزانێ و دەڵێ" هیچ گومان لەوەدا نییە كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بەربڵاوە، هەرچەندە 16 پارتی سیاسی لەناو ئەو ئەنجوومەنەدان، جگە لە كەسایەتی سەربەخۆ و هەماهەنگی لاوان، بەڵام تائێستا یەكێتیەكی راست دروستنەبووە. زۆر بۆچوونی جیاواز لەبارەی مەسەلەكان هەیە، بۆیە دەبێ ئەو ئەنجوومەنە یەكێتییەكی راست دروست بكات. ئەنجوومەنی گەل هەموو دەزگاكانی خۆی دروستكردووە، دەزگای دادوەری، پەروەردەیی، سەربازی و ئیداری هەمووی دروستكردووە. ئەوان زۆر لە ئێمە زیاتر كاردەكەن و یەك سەركردایەتی ناوەندییان هەیە، ئێمە 16 پارت جگە لە هەماهەنگی و كەسانی سەربەخۆ كە هەموویان بێ ئیمكاناتن، هەموویان لە پاشكۆی حیزبەوە سەیری رووداوەكان دەكەن". لەكۆتایی قسەكانیدا، شەلال گەدۆ كە ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردە، بەوشێوەیە وەسفی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد دەكات " ئەنجوومەنی نیشتمانی لەبەرئەوەی لاشەیەكی گەورەیە، بەهەنگاو زۆر لەسەرخۆ بۆ پێشەوە دەڕوات".
بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەستەڵەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی هەولێرەوە دروستبووە، لەناو دەستەی باڵای كورد كار بۆ كۆبوونەوەیەكی فراوانی هەردوو ئەنجوومەن دەكرێ.
ئیسماعیل حەمە، ئەندامی دەستەی باڵای كورد و سكرتێری پارتی یەكێتی كورد لە سووریا بە (رووداو)ی راگەیاند "كاتی ئەوە هاتووە هەردوو ئەنجوومەن ببنە یەك، چونكە بوونی هەردووكیان ئاستەنگ بۆ كاری ئێمە و دواڕۆژی كورد دروستدەكات. لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان هەردوو ئەنجوومەن بە بەشداری زیاتر لە 150 كەس بۆ تاوتۆكردنی یەكگرتنی هەردوو ئەنجوومەن لە قامشلۆ سازدەكرێ".
وەزیری دادی تورکیا داوا لە مانگرتووانی کورد دەکات کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن. سەعدوڵڵا ئەرگین، وەزیری دادی تورکیا لە پەیامێکی تەلەفیزیۆنیدا داوای لە مانگرتووانی کورد کرد کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن. بە گوتەی رێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا، 715 زیندانی (سیاسی کورد) لە 48 گرتووخانە لە سەرانسەری تورکیا مانیان لە خواردن گرتووە و هەندێک لەو زیندانیانە 44 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
مانگرتووان دەخوازن گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کۆتایی پێ بێت و رێگە بە پارێزەرەکانی بدرێت سەردانی بکەن. داکۆکی کردن بە زمانی کوردی لە دادگاکانی تورکیا و پەروەردە بە زمانی دایکی دوو لەو داواکاریانەیە کە مانگرتووان داوای دەکەن.
لە رۆژانی رابردوو ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بۆ پاڵپشتی کردن لە مانگرتووان، مانیان لە خواردن گرت. بەگوێرەی سەرچاوە ناخۆییەکان، تەندروستی ژمارەیەک لە مانگرتووان ناجێگرە و مەترسی ئەوە دەکرێت کە رووداوی 12 ساڵ لەمەو پێش دووبارە بێتەوە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مانگرتووانی کورد لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستدا.
وەزیری دادی تورکیا لەو بارەوە دەڵێت "بۆ پاراستنی گیانی مانگرتووان ئەگەر پێویست بکات حکومەت هەڵوێست دەنوێنێت. حکومەتی سەرۆک وەزیران ئەردۆغان بەڵێنی داوە هەوڵ بدات رێگە بە تاوانباران بدرێت تا لە دادگاکانی تورکیا بە زمانی دایکیان داکۆکی لە خۆیان بکەن".
بەگوێرەی ئاماری گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ICG (کە گروپێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتییە و بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان لە جیهان تێدەکۆشێت)، لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 7 هەزار چالاکڤانی سیاسی کورد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کۆما جڤاکێن کوردستان KCK دەستگیر کراون.
گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت کە ئەو دەستگیرکردنانە نە تەنها هیچ یارمەتییەکی بە حکومەتی تورکیا نەداوە تا کێشەی کورد چارەسەر بکات، بەڵکو گەنجانی کوردی توڕەتر کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بە سەدان گەنجی کورد بۆ شەڕکردن دژی حکومەتی تورکیا پەیوەستی ریزەکانی PKK ببن.
Rwdau