ئاگاداریه‌ک بۆهه‌موو چالاکانی کورد:
به ده‌سیسه‌ی تورکیا،چالاکی له فیس بووکم ڕاگیرا.
پاش نیوه‌ڕۆی،ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه بڕواری ۲۹/۰۷/۲۰۱۲میلادی ،له‌لایان تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووکه‌وه هه‌ردووک لاپه‌ڕه‌ی،شه‌خسی خۆم و لاپه‌ڕه‌ی ئانیوز چالاکیه‌کانم ڕاگیران وبوو به مایه‌ی سه‌رسووڕمانێکی یه‌ک جار زۆر له‌لایان خۆمه‌وه،که ئاخۆ چۆن ده‌بێ ماڵپه‌ڕێکی به ناو بانگی وه‌کوو فه‌یس بووک،دێتوو پێش به چالاکیه‌کانم له سه‌ده‌ی بیست ویه‌ک دا ده‌گرێ،سه‌ده‌یه‌ک که،سانسۆڕ وشاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان تاوانه و جورم به حیساب دێت،سه‌ده‌یه‌ک که دیموکڕاسی که‌لێن و کولێنی هه‌موو دونیا خه‌ریکه ورده ورده پڕده‌کاته‌وه،ڕۆژگارێک، که هه‌موو تاکێک،بۆی هه‌یه له‌سه‌ر تۆڕه کۆماڵایه‌تیه‌کان ئازادانه بنووسێت و بیروو بۆچون ده‌رببڕێت.
له‌لایان فه‌یس بووکه‌وه ئه‌وه‌م بۆ هاتوه که‌ده‌ڵێ:بۆچالاک ڕاگرتنی لاپه‌ڕه‌که‌ت له‌سه‌ر تۆڕی فه‌یس بووک،پێویسته هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ی که وتار ونووسراوه‌ی نفره‌ت ئامیزانهیان له‌سه‌رن،ڕه‌شیان بکه‌یه‌وه و هه‌روه‌هابه هۆی پشتیوانی له ئه‌حزابی خشوونه‌ت ئامیز که زه‌ره‌دیان بۆ خه‌ڵکان هه‌یه ،چالاکیه‌کانت ڕاده‌گرین تا کاتی ڕه‌ش کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وجۆره وێنه‌و بابه‌تانه.
جا من ده‌ڵێم ئه‌ی هاوار،که ته‌نانه‌ت منێکی لاو ناتوانم له‌سه‌ر تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک فه‌یس بووکیش ،داخوازی و پشتیوانی له مافی ڕه‌واو به حه‌قی نیشتیمان و نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌که‌م بکه‌م ،ئه‌ی هاوار کوانێ ویژدان؟کوانێ ئینسانیه‌ت و ئینساف؟
لێره‌وه به هه‌موو دوژمنانی گه‌لی کورد به‌تایبه‌ت تورکیای فاشیست ده‌ڵێم،که‌دڵنیا بن سه‌رده‌که‌وین و ئاواتی ڕزگاری وئازادیمان دێته دی و ئاسۆمان ڕوونه.
به هیوای سه‌رکه‌وتن ،ڕزگاری وئازادی کوردستان
This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
ئاسۆ ئاماده_دانیماڕک، بڕواری ۳۰/۰۷/۲۰۱۲
A news
اخبار ایران ،کردستان وجهان_هه‌واڵه کانی ئیران،کوردستان وجیهان
سەبارەت بەهاتنی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و بەرەنگاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەریاندا، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگشتی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند ئەوان لایەنگری هیچ لایەك ناكەن. عەلی موسەوی، راوێژكاری نوری مالیكیش دەڵێ" ئەو هێزە ناگەڕێتەوەو دەبێ تا ئەو شوێنە بچێ، كە بۆی دیاریكراوە".
كاژێر 5ی بەیانی 27/7/2012 هەردوو لیوای 37 و 38ی سەر بە فیرقەی 10ی سوپای عێراق، كە هەموویان شیعەن، بەبیانووی پاراستنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا لەشاری ناسرییەوە جوڵەیان پێكرا بەرەو پردی سحێلا لە ناوچەی زوممار، بەڵام لیوای 8ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەیان نەدا بگەنە شوێنەكە و پێشڕەوی بكەن.
نوری مالیكی، لە كاردانەوەیەكی تووندا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەو كارەی پێشمەرگە كردوویەتی "كۆتاییەكەی خێر نابێ" .
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە وڵامی پرسیارێكی (رووداو)دا لەبارەی تەنگژە و كێشەی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەمریكا لایەنگری هیچ لایەك ناكات لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا، بەڵام دەیەوێ چارەسەرێك لەسەر دەستی عێراقییەكان خۆیان دروستببێ بۆ كێشەكە، كە لەچوارچێوەی دەستوور و یاسای عێراقییەكاندا بێت". هەروەها دەڵێ "ئێمە پشتگیری خۆمان لە بەردەوامبوونی دیالۆگ دەكەین و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین كە پێكەوە كاربكەن و پابەندبن بە بەكارهێنانی دەستوور و بەندە یاساییەكان، تاوەكو بگەنە ئەنجامێكی چارەسەرئامێز بۆ جیاوازییەكانی نێوانیان".
بەڵام بەپێی هەندێ زانیاری پشتڕاستنەكراوە، ئەمریكا هۆشداریی داوەتە حكومەتی عێراق بۆ پاشەكشە پێكردنی هێزەكانی و ئێستا جگە لەوەی هێزەكە كیلۆمەتر و نیوێك كشاوەتەوە، هەندێك لە هێزەكەشیان كێشاوەتەوە، لەو شوێنەی بۆی هاتبوون لە ناوچەی زوممار. بەڵام هاشم سیتەیی، فەرماندەی لیوای 8ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان كە لە گوندی قاهیرەی هێڵی تەماسە، بە (رووداو)ی راگەیاند "سوپای عێراق بەردەوام ساتر و سەنگەر دروستدەكات، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەهێزتر و زووتر شوێنی گرتووەو لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە". هاشم سیتەیی گوتیشی "سوپای عێراق سەرەتا وەك هێرشكەر هاتە پێشەوە، بەڵام لەم 24 كاژێرەی دواییدا واپێدەچێ كەوتبنە حاڵەتی بەرگریكردنەوە".
ئەوەش لە كاتێكدایە كە عەلی موسەوی، راوێژكاری نوری مالیكی بەبێ ئەوەی باس لە چارەسەری كێشەكە بكات هەڕەشە دەكات و دەڵێ " هێزەكە ناگەڕێتەوە و دەبێ تاوەكو ئەو شوێنە بچێ، كە بۆی دیاریكراوە".
لەسەر ئاستی كوردستان، هەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵ و بزووتنەوە پشتیوانی تەواو لەم بەرەنگاربوونەوەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن بۆ ئەو هێزەی سوپای عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان داوادەكات بە هەماهەنگی هێزەكان جووڵەیان پێ بكرێت و یەكێتیش هاتنی سوپای عێراق بەڕاست نازانێ بۆ ئەو ناوچەیە و دەڵێ "دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو رێككەوتننامانەی لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان هەن سەبارەت بە جموجوڵی پێشمەرگە".
عیزەدین سەعدۆ، فەرماندەی یەكەی 414ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە دەستپێشخەرنابین بۆ شەڕ، بەڵام بوونی هەر شەڕ و پێكدادانێك لەو ناوچەیە، دۆخەكە لە كەركووك و خانەقین و جەلەولا و موسڵیش دەتەقێنێتەوە و دەبێتە شەڕێكی سەرتاسەری".
سەرچاوە: روووداۆ
بەپێی روونكردنەوەیەك ئەمشەو بڵاویانكردۆتەوە بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیە دەكات كە بڕیارە سبەینێ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدرێت.
لە رونكردنەوەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان هۆكاری بایكۆتكردنی ئەو كۆبونەوەیەی ئاشكرادەكات، و تێیدا هاتووە:"چونكە هەركاتێ كە تەنگژەیەك لە كوردستاندا دروست دەبێت ئەوكاتە ئۆپۆزسیۆن داوادەكرێت بۆ بەشداریكردنیان لە ئاڵۆزی و كێشەكاندا".
رونكردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە
ئەمڕۆ 29/7/2012 ئاگاداركراین كە سبەینێ 30/7 لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم كۆبونەوەی هەمو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكرێ لەسەر بارودۆخی نوێ لە كوردستان و ناوچەكە.
ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان بریارماندا كە بەشداری نەكەین لەو كۆبونەوەیەدا، وە لە هەمو كۆبونەوەیەكی لەوجۆرەدا، چونكە هەركاتێ كە تەنگژەیەك لە كوردستاندا دروست دەبێت ئەوكاتە ئۆپۆزسیۆن داوادەكرێت بۆ بەشداریكردنیان لە ئاڵۆزی و كێشەكاندا. بە پێچەوانەوە لە بڕیارە سیاسییە گرنگ و چارەنوسسازەكاندا تاكلایەنە و بێ پرس و را بڕیار دەدرێت هەروەك تێپەراندنی ئەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە بە بیانوی زۆرینەوە، كە پێویستبو بە تەوافوقی نیشتمانی تێبپەڕن، بۆ نمونە تێپەڕاندنی بەپەلەی یاسای بودجەی گشتی و دامەزراندنی ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش لە چەند رۆژی رابردودا، سەرەڕای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن چەندین پاكێج و پرۆژە یاسا و سەرنجی پێشكەش كردبو كە سەرجەمیان پشتگوێ خران.
بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز نابێتە پاشكۆی هیچ لایەنێك كە بە تەنها بڕیاردەر بێ و رۆڵی ئۆپۆزسیۆن وەك لایەنێكی گرنگ پشتگوێ بخات.
پرسیاریشمان ئەوەیە كە ئایا ئەو دەزگا و دامەزراوەیە كامەیە كە بڕیاری سیاسی دەدات و شەڕ و ئاشتی لە كوردستان بە دەست ئەوە؟
بزوتنەوەی گۆڕان
29/7/2012
سەرچاوە: رووداۆ
حیزب‌و ڕێکخراوه خه‌باتگێڕه‌کانی ڕۆژئاوای کوردستان!
کۆمه‌ڵانی ڕاپه‌ڕیوی گه‌لی کورد له سووریه!
له‌کاتێکدا خه‌ڵکی ئازادیخوازی سووریه شازده‌هه‌مین مانگی ڕاپه‌ڕینه پڕشکۆو هه‌رله‌وکاته‌دا پڕفیداکاریو قوربانیدانی خۆیان بۆ ڕزگاری له دیکتاتۆریی ده‌یانساڵه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د تێده‌په‌ڕاندو هه‌رڕۆژه لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕحهماسهیان به‌خوێنی باشترین ڕۆڵه‌کانیان له‌مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا تۆمار ده‌کرد، کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کۆبوونه‌وه‌کانی پێنجه‌مین پلینۆمی خۆی به‌ڕێوه ده‌برد. پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به بایه‌خێکی زۆره‌وه به‌دوای ئاڵوگۆڕه‌کانی سووریه و به‌تایبه‌تی ناوچه کوردنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌گه‌ڕا و به‌چاوی ڕێز‌و ئومێده‌وه ده‌یڕوانیه هه‌ڵمه‌ت و فیداکاریی گه‌لی کورد‌و گه‌لانی دیکه‌ی سووریه و ئه‌و پێشکه‌وتنه به نرخانه که له‌و ڕێگایه‌دا به‌ده‌ستیان دێنن.
ئێمه و هه‌موو ئازادیخوازانی کوردستان و ناوچه‌که به‌گشتی به‌بایه‌خه‌وه سه‌یری ئه‌م ڕووداوانه ده‌که‌ین و له‌و باوه‌ڕه‌داین که ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ره‌ڕۆی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌کی گرنگ له زنجیره‌ی تێکه‌وه‌پێچانی ڕێژیمه دیکتاتۆره‌کانی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی ده‌بێ و هه‌م ده‌بێته سه‌ره‌تای ئاڵوگۆڕێکی گرنگ له بارودۆخی تێکڕای ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، به‌تایبه‌تی پێمانوایه به ڕووخانی ڕێژیمی ئه‌سه‌د دیکتاتۆریی کۆنه‌په‌رستانه‌ی مه‌زهه‌بی له‌ئێراندا یه‌کێک له گرنگترین پێگه‌کانی ئاژاوه له‌و ناوچه‌یه‌دا له‌ده‌ست ده‌دا و ههنگاوێکی مه‌زن به‌ره‌و ڕووخان و له‌نێوچوون هه‌ڵدێنێته‌وه.
له‌لایه‌کی دیکه له‌که‌س شاراوه نیه که زوڵم وزۆر و ناهه‌قییه‌کانی ڕێژیمی به‌عسی له سووریه پێش هه‌مووان و پتر له‌هه‌مووان ڕووی له‌کۆمه‌ڵانی گه‌لی کورد له‌و وڵاته بووه. به‌وپێیه کۆتاییهاتن به ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د و داروده‌سته‌که‌ی ده‌توانێ هه‌م گه‌لی کوردی ئه‌و وڵاته له بێبه‌شی و ڕۆژڕه‌شی ڕزگار بکا و هه‌م ببێته مایه‌ی خۆشحاڵی و هیواو هومێدی کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.
بۆیه هیوادارو ته‌نانه‌ت دڵنیاین که حیزب‌و ڕێکخراوه خه‌باتکاره‌کانی کوردی سووریه به پته‌وترکردنی ڕیزه‌کانی خۆیان و هاوکاری و ههنگاوڕێکخستن ده‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکڕات و پێشکه‌وتووی سه‌رانسه‌ری سووریه ڕۆڵی کاریگه‌رو کارساز له‌و ڕاپه‌ڕینه به‌شکۆیه‌دا بگێڕن و له سووریه‌ی ئایه‌نده دا ماف‌و ئازادییه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد بچه‌سپێنن و له‌وڕێگایه‌دا سه‌رکه‌وتنتان بۆ به‌ئاوات ده‌خوازین.
سڵاو له خهباتو قوربانیدانی ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد و هه‌موو تێکۆشه‌رانی ڕێگای ئازادی و دێموکڕاسی له سووریه،
نه‌مری بۆگیانی شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌کانی ڕاپه‌ڕین و به‌ئاواتی ڕزگاریی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانی زۆرلێکراو.
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
28/07/2012 (07/05/1391)
بڕیارە ئەمشەو لە زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان، خۆپێشاندان بۆ پشتگیری کردن لە دامەزراندنی دەستەی باڵای کوردی بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری (رووداو) لە شاری دێرک پێی راگەیاندین، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان ئامادەکاری پێویست بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکەی ئەمشەو ئەنجام دراوە. بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 9ی شەو بەکاتی هەولێر، خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە شاری دێرک بەرێوە بچێت و پێشبینی دەکرێ زیاتر لە 15 هەزار کەس لە دێرک و گوند و ناوچەکانی دەورووبەری بەشداری ئەو خۆپێشاندانە بکەن.
لە 24/07/2012 لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ، دەستەی باڵای کوردی راگەیەندرا. ئەو دەستەیە لە چوارچێوەی جێ بەجێ کردنی رێککەوتننامەی هەولێر دێت کە لە رێکەوتی 11/7/2012 به سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا.
بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە پێویست بوو لە ماوەی 15 رۆژدا دەستەیەکی باڵای هاوبەش بە ناوی ( دەستەی باڵای کوردی ) لە نێوان هەردوولا پێک بهێنرێت کە ئەرکەکەی دانانی سیاسەتێکی گشتی و سەرکردایەتی کردنی کوردی رۆژئاوای کوردستانە لەم قۆناخە چارەنووسسازەی کە تێیدا تێپەڕ دەبن.
هاوسه‌رۆکی پارتیی یه‌کێتیی دیموکراتی PYD کاردانه‌وه‌ی توندی له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و به "هه‌ڵه" لێکدانه‌وه‌ی یه‌کیەتیی کوردان نیشان دا و گوتی "به هیچ شێوه‌یه‌ک پاراستن و ده‌ستێوه‌ردانی تورکیامان ناوێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌کیش رێگه به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هیچ هێزێکی چه‌کدار ناده‌ین." گوتیشی "ئێمه‌ی کورد پێکه‌وه ده‌جوڵێینه‌وه، لیژنه‌ی باڵای کوردمان هه‌یه و به بڕیاری هاوبه‌ش کار ده‌کرێت و هه‌موو شتێکیش به یه‌ک بڕیاری ده‌کرێت."
هاوسه‌رۆکی PYD که لە هه‌مان کاتدا ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای کوردان، ساڵح محه‌ممه‌د موسلیم، به فیرات نیوز کە سایتێکی هەواڵیی نزیک لە پەکەکەیە رایگه‌یاند: "قسه‌کانی ئه‌ردۆغان په‌سه‌ند ناکرێن و بێ جێ و رێن، خودی خۆی باسی ئه‌وه ده‌کات که خوازیاری دیموکراسی و ئازادییه بۆ گه‌لی سووریا، ئێمه‌یش ده‌مانه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌م مژاره‌دا به راست و دروستانه مامه‌ڵه ده‌کات، بۆچی کوردان جیا ده‌کاته‌وه؟"
له لێدوانه‌که‌یدا، سەرۆکی ئەو پارتییە کوردەی ڕۆژاوای کوردستان، جه‌ختی کرده‌وه که تاکه "پەکەکە"یه‌کی چه‌کدار له هه‌رێمه‌که‌دا نین، "ئه‌ردۆغان ده‌یکات به بیانوو، له به‌هانه ده‌گه‌ڕێ تا بتوانێ ده‌ست له کاروباری ناوخۆی سووریا وه‌ربدات، کوردان له‌ناو ببات یاخود له مافه‌کانیان بێبه‌رییان بکات."
ئه‌ندامەکەی لیژنه‌ی باڵای کوردانی سووریا، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی تورکیایشی به "کارێکی ئاسته‌م" ناو برد و گوتی: "هاوسه‌نگیی ناونه‌ته‌وه‌یی بۆ شتێکی وه‌ها له‌بار نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆر بۆخۆی بێنێت، ئه‌وا ده‌بێته سه‌رشێتییه‌ک، ده‌که‌وێته ناو زۆنگاوێکهوه که ده‌رکه‌وتنی ئه‌سته‌مه. چ له بواری ناونه‌ته‌وه‌ییدا و چ له هه‌رێمه‌که‌دا، نه وڵاتانی رۆژئاوا و نه وڵاتانی عه‌ره‌بییش ده‌ستێوه‌ردانێکی به‌و شێوه‌یه په‌سه‌ند ده‌که‌ن."
له به‌رده‌وامیی لێدوانه‌که‌یدا سه‌رنجی بۆ هه‌وڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا له چوون بۆ هه‌ولێر راکێشا و گوتی ئه‌و هه‌وڵانه بێ‌ئاکام ده‌بن و "به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی ئه‌رکی کۆکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی به جێ هێنا، بوو به شاهێد، خودی خۆیشی سه‌رکرده‌یه‌کی کورده و هه‌موو که‌سێک به رێز و حورمه‌ته‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات. رۆڵی له لێکنزیکبوونه‌وه‌ی لایه‌نه کوردییه‌کاندا بینی، به‌ڵام له‌ناو مه‌سه‌له‌که‌دا نییه، له‌و باوه‌ڕه‌شدا نین داوود ئۆغڵو(وەزیری دەرەوەی تورکیا)، هیچ شتێکی ده‌ست بکه‌وێت. داوود ئۆغڵو بۆچی نایه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه چاوپێکه‌وتن ناکات؟"
له به‌رانبه‌ر دروستبوونی یه‌کیەتیی نێوان کوردان گوتی:"کوردان لێک کۆ نه‌بنه‌وه و نه‌یه‌نه پاڵ یه‌ک؟.. باشه ئه‌وه‌ی بۆ خۆیان و بۆ خه‌ڵک ره‌وای ده‌بینن، بۆچی بۆ کورد به ره‌وای نابینن؟ پێویسته به هه‌موو شێوه‌یه‌ک واز له‌و فۆبیای کورد بهێنێت، ئه‌وه‌ی که کراوه، سووکایه‌تییه‌کی گه‌وره‌یه به کورد و په‌سه‌ندی ناکه‌ین."
ساڵح موسلیم هاوکات داوای لە حکوومه‌تی تورکیا کرد "بۆچی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا دیالۆگ ناکه‌ن، با بێن و پێکه‌وه قسه بکه‌ین، له ده‌می که‌سی یه‌که‌مه‌وه، له ئێمه‌وه ببیستن، کۆتایی به نیگه‌رانی و دوودڵییه‌کانیان بهێنن."
له باره‌ی ناوچه‌ی قهدهخهکراویشهوه که حکوومه‌تی تورکیا باسی لێوه ده‌کات گوتی: "به هیچ شێوه‌یه‌ک پاراستن و ده‌ستێوه‌ردانی تورکیامان ناوێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌کیش رێگه به هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هیچ هێزێکی چه‌کدار ناده‌ین."
له‌باره‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی که له میدیاکانی تورکیا به تایبه‌تی و چه‌ند میدیایه‌کی رۆژئاواوه سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆی کوردان ده‌کرێن، ساڵح محه‌ممه‌د دەڵێت "ئێمه‌ی کورد پێکه‌وه ده‌جوڵێینه‌وه، لیژنه‌ی باڵای کوردمان هه‌یه و له هه‌وڵی جێبه‌جێکردنیداین. به‌تایبه‌تیش دوای دامه‌زراندنی لیژنه‌ی باڵا به هیچ شێوه‌یه‌ک دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆی کورد جێگای باس نابێت و ده‌ستیش نادات. به بڕیاری هاوبه‌ش کار ده‌کرێت و هه‌موو شتێکیش به یه‌ک بڕیاری ده‌کرێت."
هاوپه‌یمانی كوردستانی رایده‌گه‌یێنێ ده‌وڵه‌تی یاسا هیچ شتێكی تازه‌ی پێ نییه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "ئه‌وان له‌لایه‌ك هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی دیكه‌ش داوای گفتوگۆ له كورد ده‌كه‌ن". موئه‌ید ته‌یب، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی كوردستانی له په‌رله‌مانی عێراق به (رووداو)ی راگه‌یاند، "جگه له ده‌وڵه‌تی یاسا نه‌بێت، په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی نێو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی هه‌یه".
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی كوردستانی ره‌خنه‌ی تووندی له ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران گرت و رایگه‌یاند له‌لایه‌ك ده‌وڵه‌تی یاسا داوای گفتوگۆ و دانووستان ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه هه‌ڕه‌شه له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی جیهانی ده‌كات كه له هه‌رێمی كوردستاندا كار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. موئه‌ید ته‌یب، ده‌ڵێ "ده‌وڵه‌تی یاسا هیچ شتێكی تازه‌یان پێ نییه، ته‌نیا به‌ڵێن ده‌دات و ئێمه‌ش پێشتر ئه‌زموونی له‌م شێوه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌یه". هه‌روه‌ها زیاتر گوتیشی" ده‌وڵه‌تی یاسا جدی نییه له گفتوگۆكردن و ده‌یه‌وێ كات بكوژێ".
سەرچاوە؛ روداۆ/ نەهرۆ محەممەد
نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD رۆڵی بارزانی لە یەکڕیزی هێزە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاند و گوتی تورکیا ناتوانێ بارزانی بخاتە ژێر باری سیاسەتی خۆیەوە.
ئەمڕٶ هەینی، پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD لە هەولێر، سیمینارێکی لەسەر ڕەوشی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان پێک هێنا.
د. حسێن کۆچەر، نوێنەری PYD لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی (رووداو) سەبارەت به سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیاسەتی هەولێر لە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان بە سەرنجدان بە هەڕەشەکانی تورکیا رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناو دوژمن‌دا ژیان دەکات بۆیە بەرپرسانی ناچارن لەگەڵ ئەو لایەنانەدا دانێشتنیان هەبێت. ئەمە ناچارییە و ئێمە بەهیج شێوەیەک پێشبینی خراپ ناکەین لە سەرۆک بارزانی چونکە زۆر بەجدی و پەرۆشییەوە هەوڵی داوە بۆ یەکێتی کوردانی ڕٶژئاوای کوردستان".
تورکیا ناتوانێ بارزانی بخاتە ژێر باری سیاسەتی خۆیەوە
د. حوسێن رۆڵی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاند و گوتی"سەرۆک بارزانی بە جدی کاری بۆ ئەو یەکێتییە کردووە و بڕواناکەین بکەوێتە ژێر کاریگەری تورکیاوە و ڕێککەوتنەکەی هەولێر سست و بێکاریگەر بکات. ئەگەر واشی کرد دیارە گەلی کورد ئەوە قبوڵ ناکات، بەڵام ئێمە هەرگیز بڕوامان نییە ئەردۆغان و تورکیا بتوانن سەرۆک بارزانی بخەنە ژێر باری سیاسەتی خۆیانەوە لەکاتێکدا بارزانی هێندە پەرۆشی یەکێتی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە".
ئەمریکا، روسیا و کورد سێ هێڵی دژ بە یەکن لە سووریا
نوێنەری PYD باسی لەوە کرد کە ڕووداوەکانی سووریا وای کرد هەموو هێزە سیاسیەکان "حسابات"ی خۆیان بکەن و هەموو لایەنە سیاسییەکان کەوتنە ڕێکخستنی خۆیان و لەوێشەوە سێ هێڵی سیاسی سەرەکی درووست بوون، ئەوانیش هێڵی ئەمریکا و تورکیا لەلایەک، هێڵی ڕووسیا و چین و هێڵی سیاسی کوردانیش لەلایەکی دیکەوە.
د. حوسێن گوتیشی "ئەو سێ هێڵە سەرەکییەی کە لە دوای ڕووداوەکان درووست بوون، یەکەم هێڵی هێزە ئیسلامییەکانە کە هەندێک جار بە ناوی ئیسلامەتییەوە و هەندێك جاریش بەناوی دیموکراسییەوە پرۆژەی ئەمریکا و تورکیا پیادە دەکەن و ئامانجی ئەوان پارچە پارچەکردن و دابەشکردن و ماڵوێرانییە و ئەمەش ئاشکرایە کە سیاسەتێکی فاشیلە. دەیانەوێت وەکو لیبیا و میسر دەوڵەتی فاشیل درووست بکەن لە سووریادا. ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریاش لە %55ی ئیخوان موسلمینن کە ئەمەش خەڵكی سووریا لێی هۆشیار بووە و خۆیان دەزانن سیاسەتێکی فاشیلە چونکە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایینی و پێکهاتەی جیاوازی وەک سووریا بەوان بەڕێوە ناچێت بە ئارامی. ئەو هێزە پەرە بە سوپای سووریای ئازاد دەدەن، کە ئەڵتەرناتیڤیان پێ نییە بۆ ئەو هەموو پێکهاتە جیاوازانە و دابەشکاریەکانی لیبیا و میسر خۆیان دووبارە دەکەنەوە لەسەردەستی ئەوان."
نوێنەرەی PYD راشیگەیاند "ئەم هێزە ئیسلامییە لەبەر بەرژەوەندی نێودەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکەنی شەڕ و پێکدادان و دووبەرەکی دەخاتە ناو خەڵکی سووریا بەگشتی، کە ئاوارەبوون و پارچەپارچەبوون لەسەر بنەمای توندوتیژی دەرەنجامەکەی دەبێت".
لەمەر هێزی دووەم کە وڵاتانی رووسیا و چین سەرکردایەتی دەکەن ولە دژی بڕیارەکانی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیاندا و رەتیانکردەوە بە هێزی سەربازی ناتۆ دژی ئەسەد بوەستنەوە، د.حسێن گوتی "ئەم هێزەش لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان خوازیارن تەنها گۆڕانکارییەکی ڕووکەشی لەو وڵاتەدا درووستببێت تاوەکو ڕژێمی ئەسەد لەسەر دەسەڵات بمینێتەوە کە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوچەیی لەسەر عێراق و وڵاتانی دیکە دەبێت و ئەو ڕژێمە لە بەرژەوەندی ئەواندایە لە ناوچەکە، بۆیە ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەخوازن کە ڕژێمی سووریا وەک خۆی بمینێتەوە و تەنها گۆرانکارییەکەی ڕووکەشی بکرێت".
لەدوای ئەو دوو هێزەش د. حسێن گوتی هێزی سێیەم لە سووریا ئێستا هیڵی سیاسی کوردە "کە ئامانجی سیاسەتی دیموکراسیانەیە و بە سیاسەتی پێشوەچوونی جڤاکی مەدەنی و دیموکراتی کوردەوە سەرقاڵە".
ئامانجی PYD روخانی رژێمی ئەسەدە
نوێنەرەی PYD راشیگەیاند؛ ساڵ و نیوێکە پارتەکەی ئەوان گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک دەخات و رۆژانە بە هەزاران کورد خۆپیشاندانی مەدەنیانە بەڕێوە دەبەن و کورد شەهید دەبن بەهۆی ئەو چالاکییە مەدەنیانەوە "بەڵام قسەمان بۆ درووست دەکەن کە گوایە لەگەڵ ڕژێم پەیوەندیمان هەیە و خۆڵ دەکنە چاوی خەڵكەوە بەو بوختانانە. باشە گەر پەیوەندیمان هەیە ئەندامانی یەکینەکانی بەرگری گەلمان بۆ دەکوژرێن و شەهید دەبن. خۆپیشاندەرانمان بۆ شەهید دەبن و پێکدادانمان هەیە لە چەند ناوچەیەک. ئەوە خۆڵکردنە چاوی خەڵكەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ڕژێم بووین، ئەوانەی ئەو وشانە هەڵدەبەستن نایانەوێت ئەو ڕاستییە بڵاوببێتەوە کە کورد خۆی ڕیخراو کردووە و ئەڵتەرناتیڤی پێیە".
د. حوسێن سەبارەت به هۆکاری هێڕش نەکردنەسەر سوپاکەی ئەسەد گوتی "ستراتیژی سیاسی ئێمە لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە ئەوە بووە کە کەمترین قوربانی بدەین و زۆرترین دەستکەوت بەدەست بێنین و لە هەمانکاتیشدا پرۆژەی ئێمە ئەلتەرناتیڤبوونی سیستەمی ئەسەدە و ئێمە خەریکین بەدیل درووست دەکەین، لەهەمانکاتدا یەکێتی نەتەوەیی و یەکبوون لەناو لایەنە کوردیەکان پیادە بکەین".
هەر لەوێشەوە تیشكی خستە سەر ڕێککەوتننامەکەی هەولێر و بە "مێژوویی" لە قەڵەمدا بەوەی کە بە بۆچوونی ئەوان ئەمە یەکەمجارە لە بارودوخێکی لەو شێوەیەی سووریادا هێزە کوردیەکان خۆیان یەکدەخەن و ڕێکەوتننامەیەکی لەوشێوەیە درووست دەکەن. بۆیە ناوبراو ئاماژەیدا "کاری ئێمە ئەوەیە بە تەواوەتی پابەند بین بەو ڕیککەوتنمایەوە، هەرچەندە زۆر لایەن هەبوون پێیان وابوو کە هەرگیز ئەو ڕێکەوتنە ڕوونادات، بەڵام ئەوەتا ئەو یەکێتییە ئەمڕۆ درووست بووە و پێکەوە کاردەکەین".
سەرچاوە: رووداۆ/ ۆژ ئەحمەد
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا كەمپینێكی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ بەڕەسمی ناساندنی ئەنفال و كیمیابارانی كوردستان بەجینۆساید رێكخستووە و داوا لە رەوەندی كوردی دەكات پاڵپشتی لەو كەمپینە بكەن.
كەمپینەكە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەفەرمی لەسەر ماڵپەڕی حكومەتی بەریتانیا كراوەتەوە لەژێر ناوی "ناساندنی جێنۆسایدی ئەنجامدراو دژی كوردەكان لە عێراق"، كەمپینەكە كە بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێ، پێویستی بە 100 هەزار واژۆی ئەو كەسانەیە كە خاوەنی وڵاتینامە (رەگەزنامەی) بەریتانین، تاوەكو ئەو دۆزە بخرێتە بەرمانەی كاری پەرلەمانی بەریتانیاوە. كەمپینە ئەلكترۆنییەكە لەژێر ناوی پەرلەمانتاری بە رەگەز كورد نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، كراوەتەوە.
بەیان سامی عەبدلڕەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا، بە (رووداو)ی راگەیاند دەمێكبوو بە دوای میكانیزمێكدا دەگەڕان تاوەكو ئەو دۆزە ببەنە نێو پەرلەمانی بەریتانیا "دوای دانیشتن لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی بەریتانی دۆستی كورد، پێیان راگەیاندین كە ئەم میكانیزمە (كەمپینی ئەلیكترۆنی) لە بەریتانیا هەیە و دەكرێ لەورێگەیەوە بتوانین ئەم دۆزە لەناو پەرلەماندا هەڵدەینەوە".
بەیان داوا لە رەوەندی كوردی لە بەریتانیا دەكات بەشداری كەمپینەكە بكەن، بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەنفال و كیمیابارانی گەلی كورد "بەهیوام هەموو كوردانی خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی ئیمزای بكەن و پاڵپشتی خۆیانی بۆ دەرببڕن، ئەوە دەۆزێكە هەموومان بەردەوام لە خەمیداین".
بەیان سامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوان سێ ئامانجیان هەیە لە راگەیاندنی ئەو كەمپینە، یەكەم: بە جینۆسایدناساندنی ئەنفال و كیمیارانی گەلی كورد. دووەم: هۆشیاركردنەوەی بەریتانییەكان لەو جینۆسایدە. سێیەم: مەسەلەی دادوەرییە "بەبڕوای ئێمە پێویستە نەك هەر لە كوردستان بەڵكو لە دەرەوەی كوردستانیش دادوەری هەبێ لەسەر جینۆسایدی كورد".
گوتەبێژی رێكخراوی چاك: پێویستە رەوەندی كورد پشتگیری لەو كەمپینە بكات
عەلی مەحموود، گوتەبێژی رێكخراوی كوردۆساید (چاك)، كە رێكخراوێكە زیاتر لە دەرەوەی كوردستان لەسەر جێنۆسایدی كورد كاردەكات و چەندین چالاكی و كەمپین و تەنانەت دادگای یاساییشیان لەسەر جێنۆسایدی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە لە ساڵانی رابروودا، بە (رووداو)ی گوت "بە هیوام رەوەندی كورد لە بەریتانیا پشتگیری تەواوی خۆیان لەو كەمپینە بكەن، هەرچەندە رەوەندی كوردی متمانەیان بە كارەكانی حكومەت نییە لە دەرەوە، بەڵام پێویستە پشتگیری لەم كەمپینە بكرێت بە هەرشێوەیەك بێت، چونكە ئەمە دۆزێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و كاریگەری لەسەر هەموومان هەیە".
عەلی مەحموود دەڵێ تائێستا چەندین كەمپینیان لە دەرەوەی كوردستان لەسەر مەسەلەی جینۆسایدی كورد رێكخستووە، بەڵام پێیوایە كەمپینە ئەلیكترۆنییەكەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا زۆر گرنگە "پاڵپشتی ئەندام پەرلەمانەكانی ئەو وڵاتانە زۆرتر گرنگە، چونكە ئەوە یەكەم هەنگاوە، كە دەكرێ سەركەوتنی ئەو كەمپینە مسۆگەر بكات ئەوكاتەی لە پەرلەمان باسدەكرێت".
لە سەرەتای ئەم مانگەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمپینەكەی بردە نێو پەرلەمانی بەریتانیا و لەوێوە بەڕەسمی داوای لە حكومەت و ئەندام پەرلەمانەكانی ئەو وڵاتە كرد پشتگیری بكەن. نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە بەیان سامی عەبدولڕەحمان و فەلاح مستەفای وەزیری دەرەوەی هەرێمی كوردستان و كەمال كەركووكی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان. چەندین ئەندام پەرلەمانی بەریتانیش كە دۆستی كوردن، پێیانوایە ئەو دۆزە دەبێ پاڵپشتی لێبكرێت، بۆ پشتگیری لەوێ ئامادەبوون.
پەرلەمانتارێكی بەریتانی: ئەوەی بەرامبەر كورد كراوە جینۆسایدە
لەو كۆبوونەوەیەدا لە پەرلەمانی بەریتانیا، رۆبێرت هاڵفۆن، پەرلەمانتاری ناوچەی هارلی لە بەریتانیا و جێگری سەرۆكی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتە بەریتانییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، رایگەیاند "ئەگەر جێنۆساید زانستیانە و سیستەماتیكیانە پلانی كوشتنی بە كۆمەڵی خەڵكبێت و بە چەند قۆناغێك ئەنجامبدرێت، وەك وەلانان و سەركوتكردن و دواتر سڕینەوە، ئەوا كورد جینۆساید كراوە."
هەروەها نەدیم زەهاوی، ئەندامی پەرلەمانی ناوچەی سترافۆرد ئەپۆن هەیڤن، كە ماڵپەری كەمپینەكەش لەسەر ناوی ئەو كراوەتەوە، گوتی " بەرەسمی ناساینی ئەم جینۆسایدە لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە زێدە گرنگە لەو روانگەیەوە كە تەئكید بكرێتەوە جارێكی دیكە ئەم تاوانە گەورەیە روونەداتەوە، هەر ئەوەشبوو، وایكرد ئەو كەمپینە لەسەر ماڵپەڕی حكومەت رابگەیێنم".
تاوەكو نووسینی ئەم راپۆرتەی (رووداو)، كەمپینەكە تەنیا 2132 ئیمزای كۆكردووەتەوە، بەڵام پێشتر هەر لە بەریتانیا كەمپینی پشتگیریكردن لە سەربەخۆیی كوردستان بە هەمان میتۆد راگەیێندرا، هەرچەندە نزیكەی 200 هەزار كوردی بە ناسنامە بەریتانی لەو وڵاتە نیشتەجێن، بەڵام لە ئەنجامدا شكستی هێنا و نەیانتوانی ئەو ژمارە پێویستە ئیمزایە كە 100 هەزارە كۆبكاتەوە.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، كە رەوەندی كورد لە بەریتانیا تائێستا زۆریان ئینتەرنێت بۆ ئەو كاروبارانە بەكارناهێنن، هەركەسێكیش كە دەبێ ئیمزای بكات پێویستە ئیمەیلی تایبەتی بەناوی خۆیەوە هەبێت. بەڵام گوتی "دەكرێ لەسەر كاغەزیش ئیمزابكرێت، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین بە كاغەزیش كەمپینەكە لەناو رەوەندی كوردیدا بڵاوبكەینەوە تاوەكو هەمووان دەرفەتی ئەوەیان هەبێت ئیمزای بكەن".
سەرچاوە: رووداۆ/ لەندەن
ئەحمەدرۆژ
مه‌حموود عوسمان، چاودێری سیاسی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ده‌ڵێت: بارودۆخی کوردەکانی سوریا بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێکی سەر بەخۆ گونجاو نییە و پێیوایه کوردانی سوریا سوود له ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان وه‌ربگرن و هەرێمی کوردستانیش یارمەتیان بدات. مەحمود عوسمان"بەئاژانسی پەیامنێری گوت:"بار‌و دۆخی کوردەکانی سوریا بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆ گونجاو نییە و تەنها دەتوانن لەناو سوریادا ناوچەیەکیان هەبێت و خۆیان بەڕێوەی ببەن، چونکە تورکیا و حکومەتی ئایندەی دیمەشق و کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی به ڕاگەیاندنی هەرێمی سەربەخۆ لەلایەن کوردەکانەوە رازی نابن".
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، گوتی:"حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ڕێگەو شوێنیان نیشان بدات و ده‌کرێت هاوکاری کوردەکانی سوریا بکات و ئەوانیش خۆیان سود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئاراستەیان بکات بۆئەوەی لەناو خۆیاندا یەک بن". مه‌حموود عوسمان، گوتی: هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیادا هاوکاری هەیە و دەبێت کارێکی وا بکەن تورکیا دژی هەرێمەکەی ئەوان نەبێت و هەریەک لەپارتی و پەکەکەش هاوکار بن. چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان و په‌که‌که بەشێوەی سەرەکی کاریگه‌رییان له سه‌ر کورده‌کانی سوریا هه‌یه، ئەگەر بێت ئەو دوانەش هاوکاری یەک نەبن، جاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده‌کانی سوریا ئاسان نابێت.
سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کە بە مەبەستی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆلەمپیادی ٢٠١٢ بەرەو لەندەن بەڕێ دەکەوت، بەر لە بەجێهێشتنی وڵاتەکەی وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی سەبارەت بە سووریا دایەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٦ی ژوئیە) ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەنووسی دا گوتی "رێگە نادەین لە باکووری سووریا بلۆکێکی تیرۆریستی دروست بێ و ببێتە مژاری هەڕەشە. مەحاڵە رێگە بدەین هاوپەیمانی پەکەکە-پەیەدە تەنانەت هەنگاوێک بەرز بکاتەوە." گوتیشی "سەبارەت بەم بابەتە تەگبیری پێویستمان وەرگرتوە. سوپای تورکیا یاخود ئەگەر پێویست بکا یەکینەی پەیوەندیدار دەست بە کار دەبن."
سەرۆک وەزیری تورکیا ئەوەشی بە بیرهێنایەوە کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا بڕواتە هەرێمی کوردستان و لە سەر ئەم بابەتە لە گەڵ کاربەدەستانی ئەوێ کۆ ببێتەوە. لە بەشێکی قسەکانی دا ئەردۆغان گوتی "دامەزراندنی کۆنسەی نەتەوەیی کوردی لە سووریا هەڵسوکەوتێکی هەڵە بوو." ناوبراو بەمجۆرە بەردەوام بوو "رێگە بە نەخشەی خەیاڵی هاوپەیمانی پەکەکە و پەیەدە نادەین"
دوێنێش سەرۆک وەزیری تورکیا لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنی (٢٤)ی تورکیا، کۆبونەوەی ئەمنی لەو وڵاتە هەڵسەنگاند و گوتی لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی باکووری سووریا بێدەنگ نامێنن. ئەردۆغان راشکاوانە باسی لەوە کرد کە ئێستا مافی دەستێوەردانیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی پارتی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری گەل (جەهەپە) کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵو لە سەر ئەو بڕوایەیە کە دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا و عێراق دروست دەبێ و رەخنەی توندی لە حکومەتی تورکیا و سەرۆک وەزیر ئەردۆغان گرت کە کەمتەرخەم بوون. سەرۆکی جەهەپە بانگەشەی کرد دەوڵەتەکە هاوشێوەی ئیسرائیل دەبێ و باسیشی لە رۆڵی مەسعود بارزانی لە پێڤاژۆی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دا کرد. کڵیچدار ئۆغڵو گوتی: "هەموو کەس دەیزانی هەوڵی ئەوە لە ئارا دا هەبوو هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سووریا دابمەزرێ. لەمبارەوە قسە کرا و بابەت نووسران، بەڵام ئێمە چیمان کرد؟ دانیشتین و سەیرمان کرد."
شایانی باسە لە وڵامی قسەکانی دوێنێی ئەردۆغان دا، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەمڕۆ لە لێدوانێک دا رایگەیاند "ئەگەر ئاکەپە بەو ئەقڵیەتە دوژمنکارانەیە هەڵسوکەوت بکا، بە دەستێوەردان بیەوێ ئیرادەی گەلی کورد بخاتەوە دەرەوە، ئەوا کورد لە هەر شوێنێک بن دژی تورکیا دەکەونە خۆ".
سەرچاوە: NNSROJ
رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێ 28 کورد لە گرتووخانەکانی ئێران‌دا چاوەڕێی پەتی سێدارە دەکەن. ئەمڕۆ پێنج شەممە، کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند "ئێستا بە لانیکەم 28 زیندانی سیاسی کورد بە پاساوی ئەمنی و سیاسی سزای لەسێدارەدانیان بەسەر داسەپاوە و چاوەڕوانی جێ بەجێ کردنی سزاکە دەکەن". له‌و 28 که‌سه 17 که‌سیان سزای لەسێدارهدانیان له لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئێران‌دا پشتڕاست کراوه‌ته و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که سزاکه‌یان جێبه‌جێ بکرێت. هه‌روه‌ها 11 که‌سیشیان سزای له‌سێداره‌دانیان له دادگای پێداچوونه‌وه‌دایه و ئه‌گه‌ری په‌سه‌ند کردنی زۆره.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کەمپینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران "زۆربەی ئەو گیراوانە لە گرتووخانەکانی سنە، ورمێ، سەقز، تاران، رەجایی شار و سمنان-دان و هێزە ئەمنییەکانی ئیران کەشێکی داخراوی ئەمنییان بەسەر بنەماڵەکانیان سەپاندووە کە رێگرە لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنوسسیان". لە راگەیەندراوەکەی کەمپیندا هاتووە "شۆڕش رەزایی، فەخرەدین فەرەجی و چەنگیز قەدەم خێر سێ چالاکڤانی سیاسی دیکەی کوردن کە بە تازەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون و ئەگەری ئەوە زۆرە به تۆمەتی محاربە (شەر کردن لەگەڵ خوا) سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دابسەپێت".
پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە خۆیی سەرۆکەکەی لە گرتووخانەیە لە راگەیەندراوێکدا ناوی 24 زیندانی سیاسی کوردی بڵاو کردەوە کە لە گرتووخانەکانی ئێران‌دا چاوەروانی پەتی سێدارە دەکەن. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوای لە چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی کردبوو به هانای گیراوانی سیاسی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان بێن کە ناوەکانیان بریتین لە:
شێرکۆ مەعارفی، لوقمان مورادی، زانیار مورادی، حەبیبوڵڵا گوڵپەری پور، حەبیبوڵڵا لەتیفی، رەشید ئاخکەندی، بێهروز ئاڵخانی، رەزا ئیسماعیلی، حەبیب ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سامی حوسێنی، ئەسغەر رەحیمی، یاوەر رەحیمی، بێهنام رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، موختار رەحیمی، مەردان مەلیکی، ئەنوەر رۆستەمی، مستەفا سەلیمی، حەسەن تاڵعی، عەزیز محەمەدزاده، جەماڵ محەمەدی، ئیبراهیم عیساپور و سیروان نژاوی.
فه‌رمانده‌یه‌كی كوردی سه‌ر به سووپای سووریای ئازاد رایده‌گه‌یێنێ ئه‌گه‌ر توركیا هاوكاری سه‌ربازیان بكات، ئاماده‌ن شه‌ڕ له‌دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بكه‌ن. سه‌ركرده‌یه‌كی كورد كه سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌یه‌كی چه‌كداری ده‌كات له سووپای سووریا ئازاد له ماڵێكی پارێزراودا له توركیا خۆی حه‌شار دابوو، ئه‌و خودان چیرۆكێكه كه داوای چه‌ك ده‌كات له توركیا، تاوه‌كو شه‌ڕ له دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) و رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ن.
عوبێد مو‌سا یه‌كێكه له‌و سه‌ركرده كوردانه‌ی كه له‌ئێستادا له ریزی سووپای سووریای ئازاد ده‌جه‌نگێ له دژی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، له لێدوانێكدا بۆ (ئاژانسی فڕانس پرێس) خوازیاره توركیا به چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی هاوكاریان بكات. ناوبراو سه‌رۆكایه‌تی 40 چه‌كدار ده‌كات و ئه‌و قسانه‌شی له‌كاتی پشوودان كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌شداری له شه‌ڕێكی قورس كردبوو له نزیك شاری حه‌له‌ب.
ئه‌و سه‌ركرده كورده ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ئه‌گه‌ر توركیا كۆمه‌كی سه‌ربازیان بكات، ئه‌وا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه چه‌كداره كوردانه ده‌كه‌ن كه ماوه‌یه‌كی زۆره دژایه‌تی توركیا ده‌كه‌ن. هاوكات گوتیشی: "ئێمه پێویستیه‌كی زۆرمان به چه‌ك هه‌یه". هه‌روه‌ها راشیدهگهیێَنێ "ئه‌گه‌ر ئه‌وان به كورد و عه‌ره‌ب یه‌كریزبن، ئه‌وا ده‌توانین كۆمه‌ك و پاڵپشتی سه‌ربازی توركیا به‌ده‌ست بهێنین. ئه‌وكات نه‌ك له دژی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، به‌ڵكو له‌دژی پارتی كرێكاری كوردستان(PKK)ش شه‌ڕ ده‌كه‌ن".
عوبێد مو‌سا له ژوورێكدا قسه‌ی ده‌كرد كه چوار ده‌وری دیواره‌كانی، وێنه‌ی چه‌كدارانی كوژرا و برینداری سووپای سووریای ئازادی تێدا هه‌ڵواسراوبوو، له‌گه‌ڵ چه‌ند وێنه‌یه‌كی كاریكاتێری به‌شار ئه‌سه‌د. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر دیواره‌كه‌دا نووسرابوو "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوه‌ستین تاوه‌كو سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنین". عوبێد مو‌سا ده‌ڵێ "به پاڵپشتی توركیا ده‌توانین هێرش بكه‌ینه سه‌ر پێگه و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) له ناوخۆی سووریا، چونكه ئێمه زانیاری ته‌واومان هه‌یه له‌باره‌ی بوونی(PKK) و ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتووه".
سەرچاوە: AFP
وه‌رگێڕانی له ئینگلیزی: نه‌هرۆ محه‌ممه‌د
شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنارى قەندیلیان بۆردوومان کرد‌و بهۆ هۆیه‌وه ئاگرێكى زۆر له بنارى قه‌ندیل به‌ربوو تاوه‌كو ئێستاش ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه. كاژێر 11:30 خووله‌كى شەوی رابردوو فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا گوندی ئینزێ و لێوژهى بنارى قه‌ندیل سەربە ناحیەی سەنگەسەریان به خه‌ستى بۆردوومان كرد، بهۆ هۆیه‌وه ئاگرێكى زۆر له ره‌زو باخ‌و دارستانى ناوچه‌كه به‌ربوو تاوه‌كو ئێستاش ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه.
هاووڵاتییه‌كى گوندى لێوژه به (رووداو)ى راگه‌یاند "شه‌وى رابردوو فڕۆکەکانی تورکیا چەندجارێک بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە، دواتر بە خەستی بۆردوومانی ده‌وروبه‌رى گونده‌كانى لێوژه‌و ئێندزێى ناحیه‌ى سه‌نگه‌سه‌ریان كرد‌و ترس‌و دڵه‌راوكێ لاى خه‌ڵكى گونده‌كان دروستبوو".
عه‌بدولره‌زاق بایز محه‌ممه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌نگه‌سه‌ر به (رووداو)ى راگه‌یاند "شه‌وى رابردوو فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا بۆردوومانى بنارى قه‌ندیلیان كرد‌و 40 خووله‌كى خایاند، بۆردوومانه‌كه زیانى گیانى نه‌بوو، به‌ڵام ئاگرێكى زۆر له ره‌زو باخ‌و دارستانه‌كانى ناوچه‌كه به‌ربوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه ناوچه‌كه له ده‌ستى PKKدایه ئێمه نه‌مانتوانیوه ئاگركوژێنه‌وه بنێرینه ناوچه‌كه، به‌ڵام خه‌ڵكى ناوچه‌كه خه‌ریكى كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگره‌كه‌ن تاوه‌كو ئێستاش كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه".
سەچاوە: رووداۆ
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەڕەشەی کرد هێڕش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، قەرەیلان هۆشداریدا کە سەرجەم کورد بەدژی دەوەستێتەوە. ئەمڕۆ پێنج شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە و پێش رۆیشتنی بۆ بریتانیا بە میدیاکانی راگەیاند "ئێمە بەدژی PKK و لایەنگرانی لە باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) رێگاچارەی پێویست دەگرینە بەر و سوپای تورکیا بۆ ئەو مەبەستە لە ئامادەباشی دایە".
ئەردۆغان گوتیشی "ئایا وڵاتێک 900 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەبێت لە بەرامبەر ئەو رووداوانە بێدەنگ دەبێت؟ ".
هەر ئەمڕۆ، موراد قەرەیلان، سەرۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK، وەڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغانی دایەوە و قسەکانی بە دەستتێوەردانێکی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆیی کوردانی رۆژئاوای کوردستان ناو برد. هەروەها سەرۆکی KCK هەڕەشەی لە ئەردۆغان کرد لە ئەگەری هێڕش بۆسەر رۆژئاوای کوردستان "سه‌رجه‌م گه‌لی کورد رووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌تی تورکیا دەوەستێتەوە و له هه‌موو شوێنێک ده‌که‌وێته بەرگری کردن".
دوێنێ چوارشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی تورکیا به کاناڵ 24ی تورکیای راگەیاند "بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا پاڵپشتی لە پارتیزانەکانی PKK دەکات". ئەردۆغان نیگەرانی خۆیشی لە نزیکی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و PKK دەربڕی و رایگەیاند "ئەو پەیوەندییە مەترسیدارە و ئێمە لەو بابەتەدا هەست به ئاسوودەیی ناکەین".
سەرۆک وەزیرانی تورکیا راشیگەیاند "ئەگەر PKK باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) وەک پێگەیەک بۆ هێڕشکردنە سەر تورکیا بەکار بێنێت ئەوکات تورکیا مافی خۆیەتی هێڕش بۆسەر باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) بکات". ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە ناوبراو دوێنێ چوارشەممە، بە دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیای راگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانییەکانی تورکیا دەخاتە روو.
سەرچاوە: رووداو- ئاژانسەکان