رووداو -هەولێر
لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، كەركووك و دهۆك (رووداو) بووەتە پڕخوێنەرترین رۆژنامەی كوردستان. بەپێی توێژینەوەیەكی مەیدانیی رێكخراوی ئایرێكس IREX ی ئەمریكی (رووداو) لەسەر ئاستی عێراقیش یەكێكە لە 10 پڕخوێنەرترین رۆژنامەكان. بەپێی ئەو توێژینەوەیە، رۆژنامەی (هاوڵاتی) و (كوردستانی نوێ) بەدوای یەكدا لە پلەبەندی دووەم و سێیەمدا پڕخوێنەرترین رۆژنامەكانی كوردستانن لە دوای (رووداو)، بەڵام جگە لە (رووداو) هیچ رۆژنامەیەكی دیكەی كوردی نەیتوانیوە بگاتە نێو ریزبەندی 10 رۆژنامە پڕخوێنەرەكەی عێراق. بە گوتەی ئەحمەد جاف، جێگری بەڕێوەبەری رێكخراوی IREX لە عێراق گوتی : "لەبەرئەوەی رێژەی خوێنەری رۆژنامەكان بەگشتی زۆر كەم بووە، بۆیە لە توێژینەوەكەدا نەچووینەتە نێو وردەكاری زیاتر لەبارەی رۆژنامەكانەوە".
رووداو- هەولێر
هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ و دانووستان بە تاکە رێگا دەزانێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەی ناوچە دابڕاوەکان. هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پێشوازی لەو هەڵوێستە دەکات. لیوا جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیێنێت "گفتوگۆ و دانووستان تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی ناوچە دابڕاوەکان". ئەو قسانەی لیوا جەبار یاوەر، لەمیانەی ئەو کۆبوونەوەیە هات کە ئەمڕۆ لەگەڵ ژەنەڕاڵ کاسلن، لێپسراوى نووسینگەى هەماهەنگى ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامیدا.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشى ئەمنى ناوچە دابڕاوەکان بەهاوبەشى وەزارەتى پێشمەرگەو هێزەکانى سوپاى عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا. ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختیکردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگەو حکومەتى بەغدا، بەمەبەستی چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو ناوچانە لەرووى ئەمنییەوە. هەروەک دووپاتیشکردەوەکە "تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بە هاوکارى هەردوولا دەبێت".
ژەنەڕال کاسلن لاى خۆیەوە ئەو هەڵویستەى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەى دیالۆگ و دانوستانەوە. راشیگەیاند "ئەمەریکا پێشوازى لەو هەڵویستە دەکات".
لە میانەی دانیشتنی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران، پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام لە دەوری یەک کۆبوونەوە. دوێنێ شەممە، کۆبوونەوەی دوو رۆژەی پارێزگارەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و دیالە، واست، بەسرە لە عێراق و پارێزگارەکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خوزستان لە ئێران کە به (5+6) ناسراوە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. پارێزگارەکانی ئەو 11 پارێزگایە جگە لە کۆبوونەوەی گشتی، هەر یەکەو بەجیاش لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە و رێگاکانی پەتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ یەک شەممە به ئامادەبوونی مستەفا محەممەد نەججار، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، دووەم رۆژی کۆبوونەوەکان دەستی پێ‌کرد و بڕیار وایە تا چەند کاژێرێکی دی بە بڵاوکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی پێ بێت. نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و بەهرۆز محەممەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ پارێزگاری کرماشان کە مێواندارێتی ئەو کۆبوونەوەی دەکرد، رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.
پارێزگاری هەولێر و سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە وەحید جەلال زادە، پارێزگاری ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوایی) و عەلی رەزا شابازی، پارێزگاری سنه (کوردستان) کۆبوونەوە و هەر دوولا بە لەبەر چاوگرتنی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی مێژوویی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوانیان بە پێویست زانی. لەو کۆبوونەوانەدا پارێزگاری هەولێر جەختی لە بەشداری کارا و بەرچاوی کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی ئێرانی لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کرد.
پارێزگاری سلێمانیش بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی هاووڵاتیان، داوای هەڵگرتنی ڤیزەی لە بەرپرسانی ئیران کرد. هەروەها هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی داوایان لە کۆمپانیا ئێرانییه‌کان کرد ئه‌و کاڵایانه‌ی که له ڕووی کوالێتییه‌وه له ئاستێکی به‌رزدان، هه‌نارده‌ی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن چون لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگه به هاتنە ناوەی کاڵا به کوالێتی نزم ناده‌ن و کاڵا خراپەکان بۆ ئێران دەنێردرێنەوە.
له‌سه‌ر بانگهێشتنێکی فه‌رمی، هه‌یئه‌تێکی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەلاتی کوردستان، ئێوارەی رۆژی هەێنی رێکەۆتی ٢٢/٦/٢٠١٢، بە سەرپەرشتی چالاکوانی هێژا کاک ئیبراهیم بایەزیدی نوێنەری بزووتنەوە لە وەلاتانی بریتانیا و ئیرلەند، بەشداری سمیناری بەرێز ماموەستا ئارام وەزیری شەهیدان و ئەنفال کراوانی کوردستانیان کرد، لەم کۆرەدا ماموەستا ئارام سەبارەت بە کۆی کار و چالاکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەر پرسی بە جیهانیکردنی ژینۆسایدی کورد، گووتارێکی ئارستەی بەشداربووانی کۆرەکە کرد و زۆر بە روونی بابەتەکانی پەیوەندیدار بەم پرسەی شیکردەوە. هەروەها لەدرێژەی سمینارەکەدا هەریەک لە بەرێزان خاتوو بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێم و کاک دوکتور سولەێمان رەحیمی و کاک خالید ئاسنگەر بەشێوەیەک باسی ژینۆسایدی گەلی کوردیان کرد و لەسەر شیوازی بەژینۆساید ناساندی جینایەتەکانی قەلادزێ وسەردشت باسێکی گرینگ‌یان ئاراستەی بەشداربووانی سمینارەکە کرد،
سمینارەکە بە به‌شداریی نوێنه‌رانی زۆربه‌ی حیزبه‌کانی چوارپارچەی کوردستان و کەسایەتیە سیاسی، ئاکادێمی و کۆمەلایەتیەکانی کوردستانی نیشتەجێ لە وەلاتی بریتانیا بەرێوەچوو، شایانی باسه له په‌راوێزی سمینارەکەدا، کاک ئیبراهیم بایه‌زیدی نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كۆماریخوازی رۆژهه‌لاتی كوردستان له وەلاتی به‌ریتانیا، دەگەل زۆر لە نوێنەرانی حیزب و کەسایەتیەکانی بەشدار، چاۆپێکەۆتنی پێکهێنا.
فه‌رماندارى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى هێزەکانی پاڕاستنی گەل HPG، لە بەیاننامەیەکد داوا لە گەنجانی باکووری کوردستان دەکات کە سەربازی بۆ حکومەتی تورکیا نەکەن و پەیوەست به ریزەکانی گەریلا ببن. لە بەیاننامەکەی فه‌رماندارى بریارگهى ناوه‌ندى HPGهاتووە "بانگه‌وازی لە هه‌موو گه‌نجانى کوردستان دەکەین به‌شدارى قه‌ڵاى به‌رخۆدانى هه‌رێمه‌کانى گه‌ریلا ببن، سه‌ربازى سوپاى تورکیا نه‌که‌ن و نه‌چنه سه‌ربازی." فه‌رماندارى بریارگهى ناوه‌ندى HPG ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییەی پارێزگای جۆلەمێرگی خستەڕوو و رایگەیاند "له‌کاتێکدا که ته‌رمی (109) سه‌ربازى تورکیا له‌لایه‌ن گه‌ریلاکانه‌وه بینراون، سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپای تورکیا به ئه‌نقه‌ست، ته‌نیا ناسنامه‌ی 8 سه‌ربازیان ئاشکرا کردووه که دوانیان کورد بوون".
HPG هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو شەڕە لە قوڵایی 30-40 کیلۆمەتری باکووری کوردستان بووە و هیچ پەیوەندییەکی به هەرێمی کوردستانەوە نییە "له راستییدا شهروپێکادانهکان له ناو سنوورى باشورى کوردستاندا نه‌بوو، ئه‌و هێزانه‌ى که چالاکیان ئه‌نجام داوه، هێزه‌کانى هه‌رێمى زاگرۆس بوون و ئێستا له جێگاى خۆیانن. سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپا و حکومه‌تى AKP ئه‌مه به باشى ده‌زانن".
بە گوتەی فه‌رماندارى بریارگهى ناوه‌ندى HPG دوای تێپەڕبوونی 6 رۆژ لە شەڕەکە، هێشتاش ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکاندایە "هێزه‌کانى تورکیا له‌ناو گه‌مارۆى گه‌ریلاکاندا بوون و ته‌نیا به شه‌و توانیویانه به پشتیوانى هێرشى ئاسمانى پاشه‌کشه به‌هێزه‌کانیان بکه‌ن، هه‌موو گرد و ته‌په به‌رزه‌کانى ئه‌و هه‌رێمه تائێستاش له‌ده‌ستى گه‌ریلاکاندایه. سه‌ره‌راى هه‌موو هه‌وڵه‌کانیشیان ماوه‌ی 6 رۆژه سوپاى تورکیا نه‌یتوانیوه خۆى بگه‌یه‌نێته تابوری شتازان و ئۆره‌مار. ئێستا ته‌نها به ڕێگای ئاسمانی ده‌توانن خۆیان بگه‌یه‌ننه شتازان و ئۆره‌مار". سێ شەممەی هەفتەی رابردوو پێکدادان لەنێوان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و سوپای توركیا روویدا.
پێکدادانەکە له 5 ناوچه‌ی پارێزگای جۆلەمێرگ له سێگۆشه‌ی سنووری ئێران، توركیا و هەرێمی کوردستان روویداوە و چالاكیه سه‌ربازییه‌كان تا ئێستاش له ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وامە. بەپێی راگەیەندراوی HPG، 14 گەریلا لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە. دوا بەدوای ئەو پێکدادانە فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان بە سەختی بۆردومان کرد.
سەرچاوە: ANF
خراپ به‌كارهێنانی فه‌یسبووك له لایه‌ن هه‌ندێك له به‌كاربه‌رانی ئه‌م تۆڕە کۆمەڵایەتییە بووەتە هۆی لێكترازان و ههڵوهشانهوەی هەندێک لە بنەماڵەکانی شاری سەقز لە رۆژهەلاتی کوردستان. دادوه‌رێكی سه‌قزی به ناوی جه‌مال سەدیق زاده دەڵێت "خراپ به‌كارهێنانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له لایه‌ن ژنان و پیاوانی ئه‌م شاره‌وه هۆكاری 32٪ی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی سه‌قزه و رۆژ له دوای رۆژ ئه‌م رێژه له هه‌ڵكشان و به‌رزبوونه‌وه‌دایه". ناوبراو له درێژه‌دا وتی: هه‌نووكه ٣٢٪ی پهروهندهكانی داواكاریی ته‌ڵاق كه له مه‌حكه‌مه و دادگای سه‌قز له‌ژێر كاردان تایبه‌ت به دۆسیه‌ی فه‌یسبووكن و خراپ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ماڵپه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئێستا وه‌كوو مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه‌كان چاوی لێ ئه‌كرێت.
دادوه‌ره جەمال رایگەیاند "زۆربه‌ی ئه‌و ژن یان پیاوانه‌ی كه له دۆسیه‌ی فه‌یسبووكدا، سكاڵا و داوای جیابوونه‌وه‌یان له دادگا تۆمار كردووه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ناتوانن قبووڵی بكه‌ن هاوسه‌ره‌كانیان له دونیای مه‌جازیدا هاوڕێی ره‌گه‌زی دیكه‌یان هه‌بێت یان وێنه‌ی تایبەتی خۆیان له فه‌یسبووك بڵاو بكه‌نه‌وه". بە گوتەی ئەو دادوەرە "به‌شێكی به‌رچاوی سكاڵاكانی ئه‌م بواره‌ش تایبه‌ت به‌و ژن و مێردانهیه كه به بۆنه‌ی فهیسبووكهوه تووشی دڵپیسی له هاوسه‌ره‌كانیان بوون و تۆمه‌تی ناپاكی و خه‌یانه‌تیان خستووه‌ته پاڵیان و به چاوێكی گوماناوی له هاوسه‌ره‌كانیان ده‌ڕوانن و ئاماده نین له‌گه‌ڵیان درێژه به ژیانی هاوبه‌ش بده‌ن".
بەهۆی نەبوونی ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووردارکردنی تاکەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە، رێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ هۆگری فەیسبووک بوونە و زۆربەی بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لەو تۆڕەدا بڵاو دەکەنەوە.
سەرچاوە: هەوالنیری سەقز
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان به گڕ و تینێکی تایبەتەوە روویان لە ناوەندەکانی فێربوونی زمانی کوردی کردووە و تەنها لە شاری سنە 2 هەزار کەس بەشداری ئەو خولانە بوون.
بە گوتەی محەممەد مەخدومی، کارناسی فەرهەنگی بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای سنە، خولی فێربوونی زمانی کوردی لە شاری سنە دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار کەس بەشدارییان لەو خولانەدا کردووە. ئەو خولانە بۆماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبن و تێیدا چالاکڤانانی فەرهەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆبەخشانه گەنجانی کورد فێری خوێندن و نووین به زمانی دایکیان دەکەن.
ساڵانێکە فێرگەی زمانی کوردی سۆما لە شاری مەهاباد دامەزراوە و لە رێگەی کردنەوەی چەندین بنکە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 10 هەزار گەنجی کوردی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کردووە. هەروەها زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆ بە شێوەیەکی خۆبەخشانە خولی فێرکردنی زمانی کوردی‌یان لە زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتەوە و ساڵانە بە سەدان کەس لەو خولانه فێری خوێندن و نووسین به زمانی دایکییان دەبن.
بەپێی دەستووری بنچینەیی ئێران، فارسی زمانی فەرمی ئەو وڵاتەیە بەڵام بەپێی مادەی 15، نەتەوە نافارسەکان دەتوانن زمان و وێژەی خۆیان لە خوێندنگا حکومییەکان بخوێنن. ئەو مادە دەستوورییەی ئێران هەرچەند تەنها رێگەی بە خوێندنی زمان و وێژەی نەتەوە نافارسەکان داوە، بەڵام دوای 33 ساڵ لە شۆڕشی ئیسلامی تا ئێستاش نەچووەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە. تەنانەت لە باخچەی ساوایانیش زمانی کوردی بەکار نابردرێت و منداڵانی کورد هەر لە سەرەتای چوونە ناو ژیانی خوێندنەوە، هۆگری زمانی فارسی دەکرێن و تا کۆتایی قۆناخەکانی خوێندن لە خوێندن و نووسین به زمانی کوردی بێ بەش دەبن.
رۆژهەڵاتی کوردستان لە 4 پارێزگای ئیلام، کرماشان، سنه (کوردستان)، ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوایی) و بەشێک لە پارێزگاکانی هەمەدان، لۆرستان، چوارمەحال و بەختیاری پێک هاتووە. سەرژمێرییەکی دروست و باوەڕپێکراو سەبارەت به ژمارەی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی راگەیاندنە نافەرمییەکان کورد 11% دانیشتووانی 75 ملیۆن کەسی ئێران پێک دێنێت.
شاری کرماشان به زیاتر لە 980 هەزار کەس ژمارەی دانیشتووان، گەورەترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت کوردستانه. بەهۆی کۆچی زۆرەملی کوردان و جێ بەجێ کردنی سیاسەتی بە فارس کردنی کوردستان، کورد لەسەرجەم پارێزگاکانی ئێران بڵاو بووەتەوە، بەشێوەیەک کە تەنها لە پارێزگای خوراسانی باکووری رۆژهەڵاتی ئێران نزیکەی 2 میلیۆن کورد دەژین.
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران رادەگەیەنێت : لە كوردستانی عێراق ئەمریكا و ئیسرائیل و ئینگلیس ژووری تیرۆر بۆ زیان گەیاندن بە ئێران دروستكراوە.
حەسەن رەحیم پوور ئەزعەدی مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فارس نیوز رایگەیاند: ئەمریكا و ئینگلیز و ئیسرائیل لە لە كوردستانی عێراق ژووری فەرمانیان دروست كردووە بۆ تیرۆر كردن و لە ماوەی یەك ساڵ و نیوی ڕابردوودا سێ جار هەواڵی تیرۆریان داوم. رەحیم پوور ئەوەشی خستەڕوو كە پێدەچێت ئەندامانی موجاهیدینی خەڵقیش لەو ژوورەدا بەشدار بن. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شۆڕشی فەرهەنگی ئێران ناوی بەڕێوەبەرانی ژووری تیرۆری ئاشكرا نەكرد بەڵام تەنها ناوی وڵاتەكانی هێنا
سەرچاوە: خۆرنیوز
ئەم یارییە کامپیوتێرییە نوێیە کە لە ئێران قاچاغە بەهاری ٢٠١٣ بە رەسمی دێتە ناو بازاڕز یاری لیستی رەش یەکێکە لە کۆی یارییەکانی ئسپلینتێر سێل کە ساڵی ٢٠١٢ لە کۆنفڕانسی مایکرۆسافت لە بەشی پێشانگای یارییەکان نمایش کرا و ئیزنی دەرچونی پێدرا
ئەم یارییە لە سنووری ئێران و ئێراقدایە ( کوردستان ) و داستانەکەی ئەوەیە کە ئێران لە رێگای تێرۆریست و هەندێک دژبەری ئامریکا لە ئێراق دەیانهەوێ ئامریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکەن و ئامریکاش بۆ بەرەنگار بونەوەیان لە رێگای کۆماندۆیەکی سیخوڕ بە ناوی فیشەر سەرکردەی تاقمە تێرۆریستییەکان ئاشکرا و دەیانکوژێت
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هێزەکانی ئێران بە فارسی قسە دەکەن و یەکێک لە شەڕەکان لە میراوەی سەردەشتە و گوندەکانی کوردستانیش زۆر تەبیعی و خۆماڵیانە دروست کراونەوە. هەروەها لەم یارییەدا ئاڵای کوردستان دەبینرێت و ئەوەی جیی سەرسوڕمان بوو بۆ من ئەوە بوو کە ئاڵای کوردستان لە مەقەڕەکانی سپای پاسدارانی ئێران دا هەڵدراوە تا بڵاو بونەوەی رەسمی ئەم یارییە لە بازاڕدا روون نییە کە هۆکاری ئەم کارە چییە!؟
ئەم یارییە گرافیکی زۆر باشە و بەرهەم هێنەرانی ئەم یارییە بەتەمان ساڵی ٢٠١٣ بە رەسمی بۆ سیستمەکانی ( X360 , PS3 , PC ) لە بازاڕدا بڵاوی بکەنەوە
شایانی باسە ئەمە یەکەمین یاریی نییە کە لەدژی ئێران بەرهەم دێت و ماوەیەک لەمەوبەر یاریەک بە ناوی مەیدانی نەبەردی ٣ (Battlefield 3) بڵاو بۆوە کە لەو دا هێزەکانی ئامریکا هێرش دەکەن بۆ تاران. هەروەها لە یارییەکی دیکەدا بە ناوی نەدای وەزیفەی ٤ (Call of Duty 4) کە شەڕەی ئامریکا و عێراقە و باس لە گرتنی ئێراق بەدەستی هێزەکانی ئامریکا دەکات، لە قۆناغی یەک دا لە شەڕێکدا کە لە کەنداوی خوارووی ئێرانە هێزەکانی ئامریکا هێرش دەکەن بۆسەر کەشتیەکی ئێراقی و کاتێ زانیاریەکانی هێزەکانی عێراق هەڵدەگرن لە ناو کەشتیەکەدا بە عەرەبی نوسراوە خەلیجی عەرەبی کە ئێرانی توڕە کردبوو.
بەم جۆرە شەڕی راگەیاندن و رەوانی لە دژی ئێران بە دروست کردنی ئەم یاریانە و کۆمەڵێک فیلمی هالیوود، کەوتۆتە قۆناغێکی نوێ وە.
ئامادەکردن: پێشەوا
رووداو – ئاكشام
سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی حكوومه‌تی عێراق، توركیا ئاماده‌كاری بۆ كڕینی نه‌وتی خاو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. بهرریس ئیكنجی، به‌رپرسی دۆسیه‌ی وزه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خام له باكووری عێراق (هەرێمی کوردستان) بۆ توركیا به رێژه‌یه‌كی كه‌م ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌و به‌رپرسه توركیه رایگه‌یاند كه یه‌كه‌م جار نه‌وتی خاو به تانكه‌ر ده‌گوازرێته‌وه توركیا. ئێكنجی له‌میانه‌ی كۆنفڕانسی وزه كه لە له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا سازكرا رایگه‌یاند كه توركیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له عێراق به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان له بواری كه‌رتی وزه دێته ئاراوه، دەستە وەستان نامێنێ.
ئێکنجی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی خاو له هه‌رێمی كوردستان بكڕێ و ده‌بێته لایه‌نی هه‌ره گرنگ له بازاڕی هەناردە کردنی". ئێكنجی له‌میانه‌ی دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆیته‌رز، رایگه‌یاندووه كه كڕینی نه‌وتی خاو له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێده‌كات و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وتی خاو ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له مانگی ئایاری رابردوو ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی حكوومه‌تی عێراق تا ساڵی 2013 به بۆری، نه‌وتی خاو ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كه‌ن.
ئەدهەم بارزانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەکات. ئەدهەم بارزانی لە سەر پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا ئۆجەلان به دۆست و هەڤاڵی خۆی ناودەبات و داوای ئازاد کردنی دەکات. ناوبراو لە سەرووی وێنەیەکی خۆی و ئۆجەلاندا نووسیویەتی "داوای ئازادی بو هه‌ڤال و دوستم کاک عه‌بدولا ئوجه‌لان ئه‌که‌م .
براتان ئه‌دهه‌م بارزانی".
ئەدهەم بارزانی هەروەها لە وەڵامی یەکێک لە کۆمێنتەکان کە ئەو داوایە داوای تایبەتی ئەدهەم بارزانییە یان روانگەی پارتی دیموکراتی کوردستانه، دەڵێت "سوباس بو هه‌موى ئیوه‌ى به‌ریز ، هه‌لویسته نهتهوایهتهكان هه‌میشه له سه‌ره‌وه‌ى هه‌مو شتیكى تره ، و زیان بو ئه‌م مه‌به‌سته‌م ته‌رخان كردووه". ئەو داوایەی ئەدهەم بارزانی لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 10 مانگە بەرپرسانی تورکیا رێگەیان به پارێزەرانی ئۆجەلان نەداوە سەردانی گرتووخانەی ئیمڕالی بکەن و بەو هۆیەوە گومان لە زیندوو بوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێت. سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان ماوەی 13 ساڵە لە دورگەی ئیمڕالی دەستبەسەرە.
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- هەولێر
سەرۆكی لێژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادی ڕۆژنامەنوسانی كوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیارنەمانی سەرنووسەری گۆڤاری (ئیسرائیل – کورد) بەرپرسیار دەزانێت. ئەنوەر حوسێن، سەرۆكی لێژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادی ڕۆژنامەنوسانی كوردستان لەو بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند "تا ئێستاش روون نییە کە مەولو ئافەند کەی، لە کوێ و چۆن بێ سەرشوێن بووە و ئایا گەیشتووەتە سلێمانی یان هەولێر ماوە یا خود لەکاتی چوون بۆ سلێمانی لە رێگای کەرکووک بێ سەروشوێن بووە".
ئەنوەر حوسێن وێڕای رەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە ئێران لەپشت دیارنەمانی مەولود ئافەندە، رایگەیاند "پێویستە بنەماڵەی ئافەند یان دەزگای ئیسرائیل- کورد و دۆستان و هاوکارانی بە فەرمی دیارنەمان و چۆنێتی دیارنەمانی به پۆلیس و ئاسایش یان سەندیکای رۆژنامەنووسان و لێژنەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان رابگەیەنن تا بەدواداچوونی بۆ بکرێت". سەرۆكی لێژنەی داكۆكی لە ماف و ئازادی ڕۆژنامەنوسانی كوردستان گوتیشی "پاڕاستنی ژیان و ئاسایشی مەولود ئافەند و سەرجەم رۆژنامەنووسان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین بەرپرسن لە دیارنەمانی مەولود ئافەند و پێویستە هەوڵی جیدی بۆ بدەن چ وەک هاوڵاتییەک چ وەک سەرنووسەری گۆڤارێک و چ بۆ رەتکردنەوەی ئەو تۆمەت و دەنگۆیانەی لەبارەی دیارنەمانی بڵاو دەکرێتەوە".
ئەنوەر حوسێن سەبارەت به هەوڵەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسان و لێژنەی بەرگری لە ماف و ئازادی رۆژنامەنووسان بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر مەولود ئافەند رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، پەیوەندیمان به لایەنه پەیوەنددارەکان کردووە و پێیان راگەیاندووین مەولود ئافەند نە لە لای ئەوانەوە دەستگیرکراوە و نە هیچ زانیارییەکیشیان لەسەری هەیه بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانمان بەردەوامه". ناوبراو گوتیشی "ئێمە بەرپرسین لەکاری رۆژنامەنووسی و ئازادی رۆژنامەوانی. کاتێک بزانین مەولود ئافەند لە شوێنێک گیراوە، یان رفێندراوە و هۆکارەکەشی کاری رۆژنامەوانی بووبێت بەدڵنیاییەوە دەیپارێزین و بەجیدی داکۆکی لێدەکەین بەڵام ئەگەر بێت‌و بەهۆی هۆکارێکی بەدەر لە کاری رۆژنامەوانیەوە بووبێت ناتوانین هیچی بۆ بکەین".
هەفتەی رابردوو، مەولود ئافەند، سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل- کورد بە مەبەستی سەردان و کارێکی تایبەت هەولێر بەرەو سلێمانی بەجێ دێڵێت بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە گەیشتنی بۆ سلێمانی، مۆبایلەکەی دادەخرێت و تا ئێستاش هیچ هەواڵ و زانیارییەکی لەبارەوە نییە. چەند رۆژ دوای بێ سەروشوێن بوونی مەولود ئافەند، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند "چەند سیخۆرێکی ئیسرائیلیان کە لە یەکێک لە هەرێمەکانی هاوسنووری ئێران بوون دەستگیر کردووە" و هەر ئەو قسەیەش ئەو نیگەرانییەی دروست کرد کە مەولود ئافەند لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە رفێندرابێت.
پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی ئامادە نین هیچ زانیارییەک سەبارەت به چۆنێتی دیارنەمانی مەولود ئافەند بڵاو بکەنەوە، لە کاتێکدا کە دەزگای ئیسرائیل- کورد داوای لە لایەنە پەیوەنددارەکان کردووە لەرێگای ئاخرین پەیوەندییەکانی مۆبایلەکەیەوە، زانیاری پێویست لەسەر ناوبراو بەدەست بێنن و رای گشتی لەسەر چۆنێتی دیارنەمانی مەولود ئافەند ئاگادار بکەنەوە.
سوپای سوریا ئازاد داوا له کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات بە مەبەستی سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا بەشداری لە شەڕ دژی رژێمی ئەسەد بکەن. عه‌قید ڕوکن قاسم سه‌عده‌دین، گوته‌بێژی سوپای سوریای ئازاد له به‌یانـنامه‌یه‌کدا رایگەیاند "داوا لە برا کوردەکانمان دەکەین چ ئەوانەی لە ریزی سوپای سوریادان و چ ئەوانەی هاوڵاتی سڤیلن با پەیوەست به ریزەکانی سوپای سوریای ئازاد ببن تا بەیەکەوە بەرگری لە نیشتمان بکەین و دانیشتوانی مەدەنی سوریا بپارێزین".
قاسم سەعدەدین راشیگەیاند "پێویستە بەیەکەوە کار بکەین بۆ گۆڕینی سوپای سوریای ئازاد بۆ سوپایەکی نیشتمانی و بەیەکەوە پارێزگاری لە خواستەکانی شۆڕشی سوریا بکەین و ببینە کۆڵەکەی بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی سەردەمیانە". گوته‌بێژی سوپای سوریای ئازاد پرسی رۆژئاوای کوردستانی هێنایە بەر باس و رایگەیاند "فه‌رمانده‌یی گشـتی سوپای سوریای ئازاد هەوڵ بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو زوڵمک و ستەمانه دەدات کە کورد لە لایەن دەسەڵاتی ئەسەدەوە دووچاری بووەتەوە".
ئەو داوایەی سوپای سوریای ئازاد لە کاتێکدایە کە حیزبە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان نەک تا ئێستا بەشدارییان لە هیچ خەباتێکی چەکداری نەکردووە، بەڵکو بەهۆی دان نەنان به مافەکانیان لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەشدارییان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریاش نەکردووە.
رووداو- هه‌ولێر
كۆماری ئیسلامی ئێران، قوتابخانه‌ى بنه‌ڕه‌تی و سه‌نته‌رى فێركردنی زمانی فارسی له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه. سه‌ید عه‌زیم حوسێنی، كونسوڵی گشتى كۆمارى ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر رایده‌گه‌یێنێت "له‌به‌رنامه‌یاندایه به‌م نزیكانه چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ستانداردی ئێرانی و سه‌نته‌ری فێركردنی زمانی فارسی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه". ئه‌و قسانه‌ی كونسوڵی گشتى كۆمارى ئیسلامی ئێران له‌میانه‌ی ئه‌و دیدارههات كه ئه‌مڕۆ ئه‌نجامیدا د. عیسمه‌ت محه‌مه‌د خالید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
وه‌زیری په‌روه‌رده پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات و پاڵپشتی خۆشی بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌رده‌بڕێ.. له‌سه‌ردانێكدا بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵی گشتى كۆمارى ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر، خۆشحاڵى خۆى بۆ به‌ره‌وپێشچوونی ره‌وشی په‌روه‌رده‌و خوێندن و، ئارامی و ئاوه‌دانى هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
پێویستە :
ساڵیادی شەهیدكرانی سەردار سمكۆ شكاك بكەین بە "رۆژی متمانەی نەتەوەیی بۆ دژایەتیكردنی داگیركا‌ر" لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
خەڵكی رزگاریخوازی كوردستان
لاوانی ناسیۆنالیست
كۆڕ‌و كۆمەڵە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردی هەرچوارپارچەی كوردستان
ئەمڕۆ 21ی جونی 2012 ، ساڵیادی شەهیدبوونی، باوكی ناسیۆنالیزمی رۆژهەڵاتی كوردستان سەردار "سمكۆ شكاك"ە.
82 ساڵ لەمەوبەر سەردار سمكۆ، بە هۆی بۆسەی هێزەكانی رەزاشای پەهلەوی كە "سمكۆ"یان بە مەبەستی دانوستان لەسەر پرسی كورد بانگهێشت كردبوو، شەهید كرا.
سەردار سمكۆ شكاك، ساڵی 1875 له‌دایک بووه و پاش مردنی باوکی و تیرۆرکرانی جه‌عفه‌ر ئاغای برای، سه‌رکردایه‌تی هۆزه‌که‌ی خۆی گرتۆته‌ده‌ست و له‌دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانییه‌وه هاتۆته مەیدانی خه‌بات و کوردایه‌تییه‌وه.
له ساڵانی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا سمکۆ له هیچ چالاکییه‌کی سیاسی‌دا به‌شداری نه‌کرد، به‌ڵام هێزه‌کانی روسیه گرتیان و دووریان خسته‌وه بۆ "تفلیس" و دواتر ئازادیان کرد به‌و مه‌رجه‌ی له‌شاری "خۆی" دابنیشێ و هیچ هه‌ڵوێستێک دژی ڕووسه‌کان نه‌نوێنێت.
که جه‌نگی یه‌که‌م کۆتایی هات، "سمكۆ" وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی ناوی ده‌رکرد و له‌پێناو دامه‌زراندنی دەوڵەتێکی کوردی‌دا ساڵی 1919 شۆڕشی به‌رپاکرد و گه‌لێ ناوچه‌ی گرنگی خسته‌ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه.
پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دروستكرد و لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید كە ئەویش لە باشووری كوردستان خەریكی شۆڕش بوو و دەیویست ئەو پارچەیەی كوردستان رزگار بكات، پێوەندییەكی توندوتۆڵی بەست. لەگەڵ شۆڕشگێڕ و سەركردەكانی باكووریش پێوەندی گرت.
لەماوەی ١١ ساڵ شۆڕشی خۆیدا ئەم سەرکردە مەزنە تەنگی بە رەزاشای پەهلەوی هەڵچنی.
توانی رەزاشا بکێشێتە ئەو ئاستەی کە بێتە خزمەتی و داوای ئاگربەست و دانوستان لە سمکۆ بکات.
سمکۆ بەمەشەوە رانەوەستاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری و رۆشنبیریی کۆمەڵگای کوردستان، دەستی یارمەتی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەتی فەرانسەوییەکان درێژ کرد و چەندین مامۆستای بیانی هێنایە کوردستان و بۆ زیاترکردنی چالاکییە کلتووری و نەتەوەییەکانی دەستی بەسەر ورمێ‌دا گرت و چاپخانەی ورمێی بۆ چاپی رۆژنەمەی"رۆژی کورد و شەوی عەجەم" بە هاوکاریی بلیمەتی کورد مامۆستا "تورجانیزادە"خستە خزمەتی نووسەران و رۆشنبیرانی کوردەوە.
ساڵی 1921 له‌ئه‌نجامی له‌شکرکێشییه‌کی گه‌وره‌ی هێزه‌کانی حکومه‌تی ئێران، سمکۆ ناچار بوو پاشه‌کشێ بکات و چووه تورکیا.
ساڵی 1924 به‌بڕیارێکی لێبوردن گه‌ڕایه‌وه ئێران و ساڵی 1926 جارێکی‌تر شۆڕشی به‌رپاکرده‌وه.
به‌ڵام ئه‌مجاره سەرکەوتوو نەبوو و ماوه‌یه‌ک له‌تورکیادا به‌ده‌ست به‌سه‌ری مایه‌وه. پاش ئازاد کردنی گه‌ڕایه‌وه ئێران و له رۆژی 21ی ژوئه‌نی ساڵی 1930 به‌پیلانێکی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌وسای ئێران له‌شاری شنۆ تێرۆر کرا و به‌مه‌ش شۆڕشه‌که‌ی ناسیۆنالیستییەکەی سمکۆ کۆتایی هات که یانزه ساڵ درێژه‌ی کێشا.
دیارە نەریتی داگیرکەرانی کوردستان بەرانبەر کورد وابوە کە ڕەحم بە کەس نەکەن.
پێش سمکۆ، جەعفەرئاغایان تیرۆر کرد و دواتر هەمزە ئاغای مەنگوڕ و چەند دەیە دوای سـمکۆ پێشەوا و هاوڕێیانیان لە سێدارەدا و چەند دەیەی دوای پێشەواش دوکتور قاسملو و کاک فواد و کاک سەعیدی یەزدانپەنا و دوکتورشەرەفکەندییان تیرۆر کرد.
ئامانج لە یادكردنەوەی ئەم كارەساتە ئەوە بوو كە جارێكی‌تر و لە هەزارەی تازەدا، نەوەی تازەی خەباتی كوردستان ئاگادار بكەینەوە كە شۆڕشەكەی سەرداری كورد "سمكۆ شكاك" هێشتا بە ئامانج نەگەیشتووە.
هێشتا دوژمنانی كورد دانیان بە سەروەرییەكانی ئێمەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا نەناوە و بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتەر و داگیركارەی كۆماری ئیسلامی، بە هەمان گوتاری دژە كوردیی سەردەمی سەرداری كورد سمكۆ شكاك - ەوە درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆیان دەدن.
هەموو رۆژێك چەند لاوی كورد دەكەونە ناو بۆسەی هێزەكانی رژیم و بەند دەكرێن و جار بە جاریش بۆ چاوترسێنكردنی گەلەكەمان لە بەرچاوی كۆمەڵگادا لەسێدارەیان دەدەن.
هەر وەك چۆن رووسەكان ئەو كاتەش دەستی دوژمنانی كوردیان دەگوشی و نەیاندەهێشت سەردار سمكۆ لەدژیان راپەڕێ و یارمەتیی دوژمنەكانی كوردیان دەدا، ئێستاش رووسەكان هۆكاری نەڕووخانی دوژمنانی كورد واتە دەسەڵاتدارانی "ئێران و سووریا" ن.
ئیتر پێویستە ئەو كەموكورتییانەی لە گوتاری سیاسی و نەتەوەیی خۆماندا و لەپاش شەهیدكرانی سەرداری كورد سمكۆ شكاك بوومانە، بە هەموو هێز و توانای خۆمانەوە پڕی بكەینەوە و ئەمەش تەنیا بە جیاكردنەوەی ماڵ و شوناسی خۆمان لە دوژمن دەكرێت. واتە بە یەكێتیی ریزەكانمان دەتوانین شۆڕشی كوردستان پێش بخەین و ئاواتی سەركردە و شەهید و گەلی ئازاردیتووی كورد وەدی بێنین. هەر بۆیەش "یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان" لە بریارێکی ژیرانەدا رۆژنەمەی "رۆژی کورد" ی ژیاندەوە و بەمەش یادی سەردارێکی مەزنی کوردی بۆ نەوەی نوێ بەرز نرخاند.
پێویستە :
ساڵیادی شەهیدكرانی سەردار سمكۆ شكاك بكەین بە "رۆژی متمانەی نەتەوەیی بۆ دژایەتیكردنی داگیركا‌ر" لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردار و خەباتكاری بەجەرگ: سمكۆی شكاك و شۆڕشە مەزنەكەی.
بژی كورد
پایەدار بێت كوردستان
ناوەندی راگەیاندنی
یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان - RUK
21/6/2012