رووداو- ئاژانسەکان
هەفتەی رابردوو، ئهنجوومهنی نیشتمانی سووریا چالاكوانی سیاسی كورد (عهبدولباست سهیدا)ی وهك سهرۆكی نوێی ئهنجوومهنهكه ههڵبژارد. هەڵبژاردنی کوردێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا، سەرنجی زۆربەی میدیاکانی ناوچەیی و جیهانی بۆلای خۆی راکێشا و هەر یەکەوە لە روانگەی جیاوازەوە ئەو رووداوەیان خستە بەر باس و شرۆڤەوە.
ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بۆچی کوردێک بووە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟"، بەو شێوەیە باس لە هەڵبژاردنی عەبدولباست سەیدا دەکات: بوڕهان غهلیون، سهرۆكی پێشووی ئهنجوومهنی نیشتمانی سووریا پێش ئەوەی حکومەتی سوریا بڕوخێنێت بههۆی رووبهڕبوونهوهی ههندێ گرفتی نێو ئهنجوومهنهكه، خۆی لە کورسی سەرۆکایەتی ئۆپۆزیسیۆن هاتەخوار و چالاکڤانێکی کورد شوێنی غەلیونی گرتەوە. هەڵبژاردنی سەیدا دوای رێکەوتنی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا دێت کە بە زۆرینە، سەیدایان وەک تاکە پاڵیوراو بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەن هەڵبژارد.
عەبدولباست سەیدا لە ساڵی 1956 لە "عامودا"ی پارێزگای "حەسەکە" کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، لەدایک بووە. سەیدا بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری فەلسەفە وەرگرتووە و ماوەی 20 ساڵە نیشتەجێی وڵاتی سویدە و سەرقاڵی وانە گوتنەوە و لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی ئەوروپایە. ئێستا ئەو پرسیارە دێتەپێش کە بۆچی کوردێک به سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا هەڵبژێردرا؟
کوردەکان 10% تا 15% دانیشتووانی سوریا پێک دێنن و لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێن. لەراستیدا هەڵبژاردنی کوردێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بۆ راکێشانی سەرنجی کەمینەکانی سوریا بەتایبەت کوردەکان بووە. پارتە کوردەکانی سوریا بەهۆی پشت گوێ خستنی داواکارییەکانیان، تا ئێستا زۆربەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریایان بایکۆت کردووە. هەڵبژاردنی سەیدا به سەرۆکایەتی ئەنجوومەن دەتوانێت لە چوارچێوەی بەشداری پێکردنی پارتە کوردییەکان لەناو ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریادا بێت.
هەندێک لە شڕۆڤەڤانانی سیاسی لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی کورد بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بەرهەمی رێککەوتنی سعودیا و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستانە. دەگوترێت بارزانی لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی ناوەندەکانی دەسەڵات و هێز لە ناوچەکە، بە فەرمی ئەو فایلەی رادەستی سعودیا و ئەمریکا کردووە. هەڵبژاردنی سەیدا به سەرۆکایەتی ئەنجوومەن لە کاتێکدایە کە سەیدا نە نوێنەرایەتی هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی دەکات و نە ناوبانگێکی ئەوتۆی لەناو خەڵکدا هەیە و تەنها هۆکاری هەڵبژاردنی ئەوەیە کە "کوردە". هەڵبەت نابێ رۆڵی کوردەکانی تورکیا لەو هەڵبژاردنە فەرامۆش بکرێت. ئەنقەرە کە هەر لە سەرەتاوە رێبەرایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای بەدەستەوە گرتبوو هەوڵیدا کوردێک بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێت تا هەم پارتە کوردیەکانی سوریا بەشداری ئەنجوومەنی نیشتمانی بکات و هەمیش خۆی لە کوردەکان نزیک بکاتەوە و رابگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان هیچ کێشەیەکی نییە.
عەبدولباست سەیدا لە یەکەمین لێدوانی فەرمی خۆیدا دوای هەڵبژاردنی به سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا "گرنگترین ئەرکی خۆی رێکخستنی ئەنجوومەن و لێک نزیک کردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن" راگەیاند. بەپێی ئەوەیکە کوردێک سەرۆکایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریای بەدەست گرتووە کە خۆی (وەک نەتەوە) داواکاری تایبەت بەخۆی هەیە، هیچکات ناتوانێ سەرجەم هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بکات.
رووداو- ئاژانسهكان
بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی كوردی لەوەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگهیاند، ساڵى داهاتوو زمانى كوردى له ههموو عێراق دهخوێندرێتو پلانى ستراتیژیشى بۆ داڕێژراوه. حوسێن جاف، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی كوردی لەوەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگهیاندووه "وەزارەتى پهروهردهى عێراق پلانێكی ستراتیژی بۆ خوێندنی زمانی كوردی لە قۆناغهكانى ئامادەیی داڕشتووەو ساڵی داهاتووش زمانی كوردی لە قۆناغی ئامادەییدا دهخوێندرێت".
خوێندنى زمانى كوردى له قوتابخانهكانى عێراق بەپێی پلانەكەى وهزارهتى پهروهرده پۆلی (پێنجەمو شەشەمی ئامادەیی بەشى وێژەییو زانستی) دەگرێتەوە، لەگەڵ پەیمانگاكانی پێگەیاندنی مامۆستایانو هونەرەجوانەكان، حوسێن جاف گوتى "بە پاڵپشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2015 بە شێوەیەكی (اجباری) وانهى كوردى له پۆلی شەشەم جێگیر دەكرێت". تاوهكو ساڵی 2003 لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانو پارێزگاكانی دیالەو كەركووكو سەلاحەدینو موسڵ تەنها 50 خوێندنگە هەبووە كە زمانی كوردی تێداخوێندراوە، بەڵام ئێستا 1554خوێندنگە هەیە كە زمانی كوردی تێدا دەخوێندرێت.
کۆبوونەوەیەکی "ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا" و "ئەنجومەنی گەل" لە هەولێر، ڕێککەوتن لە سەر چۆنیەتی ئیدارەکردنی باشووری ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە. "ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا" و "ئەنجومەنی گەل"، لە ژێر چاوەدێری دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر کۆبوونەوە و بە گوێرەی م. ئەوێستا، لە سەر چۆنیەتی هاوکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن.
کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە سووریا، پەیمانێکی 7 خاڵی لێکەوتۆتەوە و بڕیار دراوە بە مەبەستی هاوئاهەنگی زیاتر کۆمیسیۆنێکی هاوبەش پێکبهێنرێت و لەمەودوا بە هاوکاری هەر دوو لایەن، ڕۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکرێ. هاوکات، لەو کۆبوونەوەی ئاماژەپێکراو دا، بەشداربووان، بە مەبەستی ڕێگری لە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکی هاوڵاتیان، داوایان کردووە کە هەر چەشنە هێزێکی چەکدار، لە کوردستان بکشێندرێنەوە. دەگووترێ مەبەستی سەرەکی ئەم خاڵە، چەکدارانی سەر بە "پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک"ە.
"ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ENKS"، ڕێکخراوێکی چەترئاسایی ئۆپۆزیسیۆنی کوردە کە زستانی 2011 وبە بەشداری 15 حیزب و لایەنی سیاسی و چەند گرووپی خۆڕسکی گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتووە و ئەندامی "ئەنجومەنی نیشتمانی سووریا"یە. "مەجلیسی گەل"یش ڕێکخستنێکی تری ئۆپۆزیسیۆنە کە لە 7 ڕێکخراوی تری کورد لە سووریا پێکهاتووە کە بەرچاوترین لایەنی، پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک [PYD]یە.
رووداو- ئاژانسەکان
لێژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی تورکیا به فەرمانی عەبدوڵڵا گویل، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی سەبارەت به چۆنێتی مردنی تورگوت ئوزال، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا ئەنجامدا. ئەمڕۆ چوارشەممە، دامەزراوەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، مردنی تورگوت ئوزال، هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیا گوماناوییە و لە وردبینی لە بەڵگەنامە پزیشکییەکان بەو ئەنجامە گەیشتووین کە لەکاتی جەڵتەی دڵ، بە شێوەیەکی ئامانجدار ئۆزال بە درەنگی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە". ئەو دامەزراوەیە بە مەبەستی پشکنینی تەرمی ئوزال، داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە فەرمانی هەڵدانەوەی گۆڕی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دەربکات.
تورگوت ئوزال هەشتەمین سەرۆک کۆماری تورکیایە کە لە ساڵی 1989 هاتە سەرکار و یەکەمین سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆتایی هاتنی 9 ساڵ حکومەتی سەربازی بەسەر ئەو وڵاتەیە. ئوزال لە ساڵی 1993 و دروست لە کاتێکدا کە بۆ گەیشتن به ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PPK نزیک ببووەوە، بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد. تورگوت ئوزال هەوڵی چارەسەری پرسی کورد و گەیشتن به ئاشتی لەگەڵ PKKی دەدا و تەنانەت پێش مردنی، ئەحمەد تورک و سری ساکیکی، پەرلەمانتارانی کوردی پەرلەمانی ئێستای تورکیای بە مەبەستی چاوپیکەوتن و وتووێژ بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی PKKی ناردبوو.
زۆرێک لە مێژوونووسان و شرۆڤەڤانانی تورکیا لەسەر ئەو باوەڕەن مردنی ئوزال لە لایەن توندڕەوەکانی تورکەوە بووە کە نەیاندەویست پرسی کورد لەو وڵاتە چارەسەر بکرێت.
دووشهممه 11 – 6 مهلا ئهمینی راستی وتاربێژی مزگەوتی “دارالاحسان”ی شاری سنە، كه كوردێكی سونی مهزههبه، لە لێژنەی کولتووری پارێزگای کوردستانی رۆژههڵات رایگەیاندووە لەبەر ئەوەی کە هەڵپەڕکێ کوردی دژی ئیسلامەو لە ناو دینی ئیسلامدا شتێکی وەها بوونی نیە، دەبێت قهدهغهبكرێت.
ئاژانسی میهری ئێران بڵاویكردوهتهوه دوابەدوای ئەوە کە چەندین رێكخراوی بواری کەلەپووری کوردی و داموودەزگای حکوومی پرۆژەیهکیان بۆ ناساندنی هەڵپەڕکێ کوردی وەکوو میراتێکی پڕ بایەخ بۆ پەرەپێدان بەو کەلەپوورە و لێکۆڵینەوەی له كوردستانی رۆژههڵات بڵاوكردهوه، وتار بێژی مزگەوتی دارالاحسان دژایەتی خۆی بەرانبەر بەم هەوڵانە راگەیاندووە. مهلا ئهمینی راستی به ئاژانسی میهری ئێرانی وتوه “لەبەر ئەوەی کە هەڵپەڕکێ کوردی هیچ پەیوەندیهکی بە دینی ئیسلامەوە نیە و لەم دینەش شتی وەها پەسەند ناکرێت، بە میراتی کەلەپووری راگەیاندنی هەڵەیهکی گەورەیە.” مەلا ئەمینی راستی وتیشی “لە نێو هەڵپەڕکێ کوردیدا ههندێك جووڵەی ناشیرین هەن کە مایهی قبوڵکردن نین لە ئیسلامدا، بۆیە دەبێ بەرەنگاری ئەم کەلەپوورە هەڵەیە بینەوه”.
رووداو- PUKmedia
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێهات و جەلال تاڵەبانی وەڵامی لایەنەکانی کۆبوونەوەی هەولێر دەداتەوە کە تێیدا "هەموو راستییەکان روونکراونەتەوە". ئێوارەی ئەمڕۆ 12-6 بەسەرپەرشتی مام جەلال، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەشاری سلێمانی کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوە ئاساییەدا بارودۆخی عێراق و دواگۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە قەیرانی پرۆسەی سیاسی عێراق و چەند مەسەلەیەکی دیکە باسیان لێوەکرا.
کۆبوونەوە، جارێکی دیکەش نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە بەردەوامبوونی قەیرانە سیاسییەکەی عێراق دەربڕی و تەئکیدیشی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی کردەوەو لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی کوردستانیشەوە دەرهاوێشتە و رەنگدانەوەکانی قەیرانەکەی بەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستاندا تاووتوێکرد و ئەو سەرەتایەی تەئکیدکردەوە کە سەرەڕای هەبوونی بۆچوونی جیاواز و ئاڵۆزبوونی بەردەوامی تەنگژەکە، یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی گەلی کوردستان لەپێشەوەی ئەجێنداکانی یەکێتیدایە و هەر بەپێی ئەو پرنسیپەش مامەڵە لەگەڵ رێگەچارەکانی قەیرانەکەدا دەکات و لەسەر رەوتی بیروڕاگۆڕینەوە و راوێژکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە جێگەی متمانەن بۆ پابەندبوون بە دەستور و جێبەجیبَکردنی رێککەوتننامەکانمان.
هەروەها کۆبوونەوە تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەو هاوپەیمانییەتانەی کە لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانمان پەسەندکراون. دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، ئازاد جندیانی ووتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند "کە سەرۆک تاڵەبانی وەڵامی ئەو نامەیەی ئامادەکردووە کە لایەنەکانی کۆبوونەوەی هەولێر لەبارەی قەیرانەکەوە بۆ بەڕێزیان ناردبوو، لە وەڵامەکەی سەرۆک تاڵەبانیدا هەموو راستییەکان وەک ئەوەی کە هەن بۆ ئەو لایەنە بەڕێزانە روونکراونەتەوە".
رەجەب تەیب ئەدوغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیە، رایگەیاند کە بۆ یەکەم جار لە مێژویی سیستەمی پەروەردەۆبارهێنان لە تورکیە دا، رێگە دەدرێت کە لە قووتابخانەکاندا زەمانی کوردی بۆ فێربوون بەکار بێت، ناۆبراۆ ئەم هەنگاوەی وەک گۆرانکارێکی مێژوویی پێناسە کرد. بەلام سیاسەتوانانی کورد ئەم هەنگاوە واتە رێگەدان بە تەدریسی زمانی کوردی وەک شتێکی کەم بەها دەنرخێنن, و داوا دەکەن کە تورکیە دەبێ ئیمکانی خوێندن بە زمانی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن، بۆ کوردەکان دابین بکات.
رووداو-ئهمستردام
بڕیاره ئهمڕۆ سێشهممه پهرلهمانى هۆڵهندا چارهنووسى ئهو 1200 پهناخوازه كورده یهكلایى بكاتهوه، كه داواى مافى پهناههندهییان كردووه لهو وڵاتهدا. ماوهى چهند مانێگه حكومهت هۆڵهندا دهستیكردووه به ههڵمهتێكى دیپۆرتكردنهوهى پهنابهرانى كورد لهو وڵاتهدا، ئێستاش 1200 پهناخوازى كورد دۆسیهكهیان به ههڵواسراوى ماوهتهوهو بڕیاره ئهمڕۆ له پهرلهمانى ئهو وڵاتهدا قسه لهسهر چارهنووسیان بكرێت.
پارتى سهوزى هۆڵهندی، داوایکردووه یاسایهکى تایبهت بۆ ئهوانه دهربچێت که تهمهنیان لهسهر و 18 ساڵهوهیه و زیاتر له پێنج ساڵیشه لههۆڵهندا دهژین مافی پهنابهرییان پێبدرێت. ههروهها خیریت، رایس، وهزیرى کۆچى هۆڵهندا رایگهیاندووه سهرقاڵی داڕشتنی یاسایهکن، بهپێى یاساكه ههر پهنابهرێک لههۆڵهندا خۆى گونجاندبێ و شارهزای زمان و کلتوری ئهو وڵاته بێ، مافى پهنابهرى بدرێتێ. وا بڕیاره رۆژى 14/6/2012 فیدراسیۆنی سهرتاسهری پهنابهرانی عێراقو ژمارهیهک لهکۆمهڵه کوردییهکان، دوو خۆپیشاندانی گهوره له لهندهنی پایتهختی بهریتانیا ئهنجامبدهن بۆ پشتگیریى ئهو 1200 پهنابهره کورده، كه له ژێر ههڕهشهى دیپۆرتكردنهوهدان.
بینای فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی لە لەفکۆشای پایتەختی قوبرسی تورکی لە لایەن هەندێک کەسەوە هێڕشی کرایەسەر و کەل و پەلی ناو بینایەکە ئاگر تێبەردرا. لایەنگرانی ناڕازی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بەهۆی نارەزایەتی لە دۆڕانی هەڵبژاردەی قوبرسی تورکی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوردستان، کەل و پەلی ناو بینایەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو هەرێمەیان ئاگر تێبەردا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی لەفکۆشا، هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە دەستبەجێ خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە و لە تەشەنە سەندنی ئاگر رێگریان کرد. ئەو رووداوە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام زیانێکی مادی زۆر به باڵاخانەکە گەیشتووە و زۆربەی کەل و پەلی ناو بیناکە سووتاوە. تەنانەت بەهۆی گڕی ئاگرەکە جامەکانی بینای فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بەتەواوی شکاون.
پۆلیسی لەفکۆشای دەستی به لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە. حەسەن سەرتئۆغلو، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی به رۆژنامەی قوبرس پۆستاسی راگەیاند "لە رێگەی کامێرە شاراوەکانی ناو بینا، تاوانباران ئاشکرا کراون و سەرجەم بەشداربوونی رووداوەکە لە لایەن پۆلیس دەسگیر دەکرێن ". سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی بە ئاماژەکردن به یارییەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قوبرسی تورکی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوردستان، دەپرسێت "بۆچی ئەم سووتاندنە روویدا؟".
حەسەن سەرتئۆغلو ئاماژە بە دۆڕانی هەڵبژاردەی قوبرسی تورکی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوردستان دەکات و ناراستەوخۆ رادەگەیەنێت "رووداوەکانی ئەو چەند رۆژەی دوایی دەتوانێت بەهۆی یارییەکانی جامی پاڵەوانێتی ڤیڤاوە بێت". سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی قوبرسی تورکی گوتیشی "هەندێک لە لایەنگرانمان توڕە بوونە بەڵام نازانن لەوێ (هەولێر) چ روویداوە. ئێمە وڵاتی خۆمان لەوێ به خەڵک ناساند. لەوێ (هەولێر) سوپایەکی رۆژنامەڤانی لێبوو. ئێمە لە بەرامبەر 20 هەزار کەس ئاڵای خۆمان بەرز دەکردەوە و دەهەژاند و ئەوە خۆی سەرکەوتنێکە".
رووداو- بریتانیا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، كه باس لهوه دهكهن به مهبهستى یهكگرتنهوه، لهگهڵ ههردوو حیزبى دیموكراتى كوردستان و حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران دانیشتووه. بەگوێرەی چەند سهرچاوهیهكى هەواڵ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە مەبەستی یەکخستنەوەی دیموکراتەکان، لەگەڵیان دانیشتووه.
ههر بهپێى ئهو سهرچاوانه، ئەو هەوڵانە لەژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، بەرپرسان و نوێنەرانی هەردوو لایەنی دیموکرات لە بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا و هۆلەندای بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نهێنی بانگهێشتی لەندەن کردووە. بهڵام بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاند "من وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم حیزب و لایەنە کوردستانیەکان دادەنیشم و پەیوەندی گەرم و پتەومان لەگەڵیان هەیە، بەڵام هیچ هەوڵ یان بەرنامەیەکی لەو چەشنە لە ئارادا نەبووە".
بەیان سامی گوتیشی "وەک نەریتێکی هەمیشەیی، لەم سەردانەی دوایی مەستەفا هیجری، سکرتێری گیشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەمان كردووه، بەڵام باسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان لەو هیچ یەک لە کۆبوونەوەکان نەکراوە". بەیان سامی عهبدولرهحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەبارەت به داوای مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ یەکخستنەوەی دیموکراتەکان رایگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ داوایەکی لەو چەشنەی لەمن نەکردووە، بەڵام یەکێتی و یەکدەنگی نێوان لایەنە کوردستانییەکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر بەرێز بارزانی داوایەکی لەو شێوەیە لەمن بکات به گیان و دڵ قبوڵی دەکەم".
(رووداو) بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی به سەرکردایەتی هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد و هەردوو لا وێڕای رەتکردنەوەی ئەو هەواڵە رایانگەیاند "دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەیان سامی عەبدوڵڕەحمان بۆ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان نەبووە و تەنها وەک نەریتێکی هەمیشەیی لە سەردانەکانیاندا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپیکەوتنی دۆستانە ئەنجام دەدەن و هیچ کاتیش به هاوبەشی لەگەڵ بەیان سامی کۆ نەبوونەتەوە".
رووداو-ههولێر
مهسعود بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان رایگهیاند نامهى سهرۆكى كۆمارى عێراق و 170 ئیمزا له بهردهستن بۆ لێسهندنهوهى متمانه له نورى مالیكى، سهرۆك وهزیرانى عێراق. بارزانى، كهمێك له مهوبهر له پهیجى تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك بڵاوىكردووهتهوه كه "هەوڵی هێزە عێراقییەكان بەردەوامە بۆ گۆڕینی مالیكی بە رێگەیەكی دەستووری. نامەی سەرۆك كۆمار و زیاتر لە 170 ئیمزاش لەبەر دەستن".
بارزانى له درێژهى لێدوانهكهیدا دهڵێت "ئەو هێزە عێراقییانەی دەیانەوێت رێگە لە دكتاتۆرییەت بگرن، بەهەموو توانایەكمان پشتگیرییان دەكەین. ئەگەر كێشەی دیموكراسی لە عێراق بە راستی چارەسەر كرا، كێشەكانی هەرێمیش چارەسەر دەبن. ئەگەر كێشەی دیموكراسیش چارەسەر نەكرا، ئەوسا ناچارین بەرەو خیاراتی دیكه بچین، هەروەك پێش ئێستاش ئاماژەم پێدابوو. بەهیچ شێوەیەك مساوەمە لەسەر ماف و ئایندەی گەلەكەمان ناكەین". ئهو لێدوانهى بارزانى له كاتێكدایه، كه جهلال تاڵهبانى، سهرۆك كۆمارى عێراق به بیانووى تهواونهبوونى نیسابى یاسایى، ههوڵهكانى لێسهندنهوهى ههرسێ لایهنى هاوپهیمانى كوردستانى و ئهیاد عهللاوى و موقتهدا سهدرى شكست پێهێنا.
تاڵەبانی درەنگانێكی شەوی شەممەی رابردوو بە بەیاننامەیەك رایگەیاند داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران نانێرێتە پەرلەمان، چونكە وەك لە بەیاننامەكەدا دەڵێت "نیسابی یاسایی تەواو نەبوو". له بهشێكى بهیاننامهكهى نووسینگهى تاڵهبانیدا هاتبوو "ئەو کۆمیتەیەی کە سەرۆک کۆماری عێراق رایسپارد بۆ وردبینیى ،ئیمزاى 160 پەرلەمانتارى عێراقیە و هاوپەیمانیى کوردستان و کوتلەى ئەحرار و ژمارەیەک پەرلەمانتارى سەربەخۆى وەرگرت، دواتریش لیستێکى چەند پەرلەمنتارێکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانیشی خرایەسەر، پاشان 11پەرلەمانتار کە پێشتر ئیمزایان کردبوو، بە نوسینگەى سەرۆک کۆماریان راگەیاند کە پاشەکشێ دەکەن بە ئیمزاکانیان دوو پەرلەمانتارى دیکەش ئیمزاکردنەکەیان هەڵپەسارد" .
ئەم هەڵوێستەى تاڵهبانى ركابەرەكانی مالیكی نیگەران كرد. جەعفەر ئیبراهیم، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به (رووداو)ى رایگەیاند كە پارتی نیگەران بووە بە رەزامەندینەدانی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر رەوانەكردنی داوای متمانەوەرگرتنەوە لە سەرۆك وەزیران، بۆ پەرلەمان: "هەڵوێستی مام جەلال و بەیاننامەكەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو".
لە ناوچەی باغجلاری ئەستەمبول، دەستگیر کردنی شارەداری وان بەکر کایا، سەرۆکی پێشووی BDP ی وان جونەیت جانەش و شارەداری ناوچەی ئەلباکی وان کە شارەدارییەتیەکەی لەلایەن وەزیری ناوخۆی تورکەوە بەتال کرابوە، پرۆتێستۆ کرا. ئەندام و بەرێوەبەرانی BDP ی ئەستەمبول و ناوچەکانی، لەبەردەم بارەگای BDP لە باغجلار کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسین ئەنجامدا.
ھاوسەرۆکی BDP سەلاحەدین دەمیرتاش، پەرلەمانتاری BDP ی ئەستەمبول سەباحەت تونجەل،جێگری ھاوسەرۆکی BDP فیلیز کۆچالی، ھاوسەرۆکانی BDP ی ئەستەمبول ئاسیە کۆچاک و عەلی رەزا بیلگیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی BDP گولچین ئیسبەرت و بەرێوەبەرایەتی شار و ناوچەکان بەشدار بوون.لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی وەکو'' سەرمان بۆ زولم دانانوێنین، بەکر کایا بە تەنیا نییە، جونەیت جانش بە تەنیا نییە، ھەموومان بەکر کایاین، ھەموومان جونەییت جانشین، بەکر کایا کەرامەتمانە، بێ سەرۆک ژیان نابێ، جیھانێکی بێ ئۆجالان بەسەرتاندا وێران بکەین، چارەسەری بە ئاشتی و ئاشتیش لە ئیمرالییە، بژی سەرۆک ئاپۆ، با زیندانەکان خالی بکرێن، جێ بۆ ئەردۆغان بمێنێتەوە و قاتل ئەردۆغان'' بەرز کرانەوە.
موخاتەب ئۆجالانە
لەسەر ناوی جەماوەرەکە ھاوسەرۆکی BDP ی ئەستەمبول ئاسیە کۆلچاک، لێدوانەکەی خۆێندەوە و دەستنیشانیکرد کە حکومەتی AKP لە ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ئێستا، لە دژی پارتییەکەیان کۆمەڵکوژی سیاسی بەرێوە دەبات. کۆلچاک دەستنیشانیکرد کە AKP بەو ئۆپەراسیۆنانە، رەق و کینەکەی خۆی دەشارێتەوە و وتی:'' بە دەستگیر کردنی شارەدار بەکر کایا، ھەموو گەلی وان دەستگیر کرا. دیدارەکەی سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغان و سەرۆکی گشتی CHP کەمال کلچدارئۆغلو، موخاتەبی خەیالییە. بەڵام تا ناوی کێشەکە بە راستی باسی لێوە نەکەن و لە موخاتەبی راستی نەگەرێن، کێشەکە چارەسەر نابێت. موخاتەبی سەرەکە بەرێز ئۆجالانە''.
ئەوەی بەکر کایای دەستگیر کرد ئەردۆغانە
ھاوسەرۆکی گشتی BDP سەلاحەدین دەمیر تاش دستنیشانیکرد کە حکومەتی AKP لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، گەورەترین زەخت و گوشار بەرێوە دەبات و وەھای وت:'' دەبێت ھەر کەس گۆێ لە دەنگی ویژدانی بێت. ئەو کەسەی گۆێداری دەنگی ویژدانی خۆی دەکات، زولمی AKP دەبینێت. سەرۆک وەزیر ھەر شتێک بۆ دەوڵەت دەبینێت. ئەردۆغان سەرۆکی دەۆڵەتی شاراوەیە. ئایا بۆ ئازاد کردنی ھەڤاڵانی زیندانیمان، ھیچ ھەۆڵدانێ بۆ گۆرانکاری یاسایی ھەیە؟ بۆ دەوڵەت، دەوڵەت ئاوا دەکرێت. لە تورکیا دو دەوڵەت ھەیە. یەکێک لەوانە، دەوڵەتێکە کە لە بەرێوەبەرایەتی کۆنترا پێک دێت و زولم لە گەلی کورد دەکات. دەوڵەتی تریش لە رۆژئاوای تورکیایە کە زولم لە گەلی تورک دەکات. سەرۆکی دەوڵەتی شاراوە و سەرۆکی دەوڵەتی فەرمیش، تۆی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان. ئەوەی بەکر کایاشی دەستگیر کرد ئەردۆغانە''.
پەیکەری فرۆکەوانێکی کورد دوای ٣٢ ساڵ لە کوژرانی، لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد ساز کرا. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە تا ئەم دواییانە ئەو فرۆکەوانە کوردە کە لە شەڕی ئێران و عێراق دا گیانی لە دەست دا، لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە وەک "شەهید" نەدەناسرا. خالید حەیدەری کە لەدایکبووی گوندی قوڵقوڵەی ناوچەی محاڵی سەر بە شاری مەهاباد بوو، رۆژی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ فرۆکەکەی لە لایەن دژە ئاسمانیەکانی ئەرتەشی عێراق لە سەر ئاسمانی شاری کوت پێکرا و کەوتە ناو رووباری دیجلەوە. ئەو خوێندن و راهێنانی فرۆکەوانی بەر لە ئینقلابی ساڵی ٥٧ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێپەڕ کردبوو کە لە دوای ئینقلاب لە بنکەی ئاسمانیی نۆژە لە نیزیک هەمەدان لە ناو ئەرتەشی ئێران دا درێژەی بە کاری فرۆکەوانی دا و لە شەڕی ئێران - عێراق دا وەک یەکەم فرۆکەوانی کوژراو لە ئەرتەشی ئێران دا دێتە ئەژمار.
دوکتور سەلاحەدینی خەدیو لە توێی وتارێک دا و لە بابەت هۆکاری وەبیرهاتنەوەی ئەو فرۆکەوانە کوردە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە دوای پتر لە ٣٠ ساڵ، هۆکارەکە بۆ دوودڵی دەسەڵات لە روانگەی ئیدئۆلۆژی و باوەڕی ئەو دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ" "ڕهنگه بهشێکی ولآمی ئهم پرسیاره له ڕێکهوتی گیان له دهستدانی فڕۆکهوانی ناوبراو بێ. "خالیدی حهیدهری" له ڕێکهوتی 1/7/59 گیانی بهخت کردووه. ئهم ڕێکهوته کاتێکه که هێشتا ئهرتهشی شاههنشاهی بهتهواوی پاکسازی نهکرابوو." دوکتور خەدیو لە درێژەی وتارەکەی دا زیاتر لەم بارەوە دەدوێ و دەڵێ: تهنانهت پاش نیوهی یهکهمی ساڵی 59ش، تاقمێکی زۆر له ئهفسهرانی ئهڕتهش و بهتایبهت هێزی ئاسمانی تهسفیه کران و ههلآتن. ڕهجهوی و بهنیسهدریش له هاوینی ساڵی 1360 بهبێ هاوکاری تاقمێک لهم ئهفسهرانه مسۆگهر نهدهبوو. ئهم ئهگهرانه له حاند ئهفسهره کوردهکانی ئهڕتهش شاههنشاهی لهمهش زیاتر بوو. تاقمێکی زۆر لهم کهسانه ههر دوای شۆڕش ڕهگهڵ هێزی پێشمهرگه کهوتن و بهشێکیشیان بوونه فهرمانده بهناوبانگهکانی ئهم هێزه. که وابوو تهواوی ئهم شک و گومان و دڕدۆنگیانه لهمپهر بوونه که فڕۆکهوانی ناوبراو له دهزگای تهبلیغاتی دهسهلآتدا پڕۆپاگاندای بوون به سیمبول و هیمای بۆ بکرێ."
رووداو- krg
سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، بهبۆنهى سهركهوتنى تیمى تۆپى پێى ههرێمى كوردستانو بردنهوهى جامى جیهانى ڤیڤا، پیرۆزبایى له كوردستان دهكاتو ئهو بردنهوهیهش به مێژوویى وهسف دهكات.
نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان له بهیاننامهیهكدا رایگهیاند "پڕ بهدڵ دهستخۆشىو پیرۆزباییهكى گهرم ئاراستهى یهكه یهكهى یاریزانان، راهێنهرانو ئهندامانى تیمى ههرێمى كوردستانو تهواوى كوردستانیان دهكهم و هیواى سهركهوتنى بهردهوامیان بۆ دهخوازم، بهو سهركهوتن و ئاسته بهرزهى كه تیمى تۆپى پێى ههرێمى كوردستان له یارییهكهدا نیشانیدا به بردنهوهى جامى جیهانى ڤیڤا و بهدهستهێنانى نازناوى پاڵهوانیهتیى جیهانى تۆپى پێى ههرێمهكان، تیمهكهمان خزمهتێكى مهزنى به ههرێمى كوردستان و كوردستانیان كرد و سهركهوتن و شانازییهكى مێژوویى بۆ خۆى و بۆ كوردستان تۆمار كرد".
له بهیاننامهكهدا نێچیرڤان بارزانى ئاماژهى بهوهداوه كه "ئێمه وهك ههمیشه ئهوپهڕى پشتگیرى و پشتیوانى خۆمان بۆ تیمى تۆپى پێى كوردستان و ههموو چالاكییه وهرزشییهكانى كوردستان دووپات دهكهینهوه، به دڵسۆزىو ههوڵ و ماندووبوونى وهرزشوانهكانمان، له سهركهوتنى زیاترى تیمهكانمان له ههموو بوار و ئاستهكانى ترى وهرزشیدا دڵنیاین". یارییەكانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی پێنجهمى ڤیڤا به بەشداری 9 هەڵبژاردەى ههرێمهكان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، له كۆتایدا دوێنێ ههڵبژاردهی كوردستان بۆ یهكهمجار توانی ببێته پاڵهوانی ڤیڤا، دوای سهركهوتنی بهسهر ههڵبژاردهی قوبرسی توركیا 2-1، ئهو ههڵبژاردهیه تهنیا سێجار بهشداری ئهو جامهی كردووهو دووجار پلهی دووهمی به دهست هێناوهو جاری سێهمیش پلهی یهكهمی به دهستهێنا.
ساکار عەبدوڵڵازادە
رووداو- هەولێر
ئەمرۆ دووشەممە، بۆ یەکەمجار گەشتی ئاسمانی نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێتەوە. تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر به (رووداو)ی راگەیاند "فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر لە درێژەی پەرەپێدانی گەشتەکانی خۆی بۆ پایتەختی وڵاتان، ئەمڕۆ یەکەمین گەشتی فەرمی خۆی بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە".
بە گوتەی تەلار فایەق ئەو هێڵە ئاسمانییە نوێیە ئەمڕۆ بە بەشداری بەرپرسانی ئێرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر رادەگەیەندرێت. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر راشیگەیاند "ئەو گەشتە لە لایەن هێڵی ماهانی ئێرانیەوە هەفتانه به دوو گەشت دەستپێدەکات و ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا گەشتی رۆژانە ئەنجام بدرێت".