ئێستا رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست بووەتە وێنەیەکی تەواو ناسراو لە باشووری ئەوروپا و وڵاتانی وەک ماڵتا و ئیتاڵیا ململانێ لەگەڵ ئەو کێشەیە دەکەن. ئۆپەراسیۆنی پاراستنی سنووریی ئەوروپا، ئیستا ئەرکی ئەوەی کەتووەتە سەرشان کەشتییەکان رزگاربکات، بەڵام کێشەی گەورەتر چۆنییەتی نیشتەجێکردنی کۆچبەرانە لە وڵاتانی سەربە یەکێتی ئەوروپا، کە ئەمە پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێ هەیە.
فرانس تیمەرمان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەمبارەیەوە دەڵێ :" ئێمە دەستدەکەین بە زیادکردنی هاوکارییەکان و تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ بەشداریکردن لە پاراستن و رێکخستنی سنوورەکاندا، هەموو ئەمانەش لەپێناو رزگارکردنی ژیانی خەڵکە، بۆ ئەمە پێوەری خۆمان هەیە، دەبێت رێگە لەوانە بگیرێت، کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن، جگە لەوەش پێویستە تیمی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دابینبکرێت، کاتێک دەکەوێتە ژێر فشارەوە، لەکاتی لێشاوی پەنابەراندا".
نێردەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت لە ناوچەی تریتۆندا هەموو بەلەمەکان رزگاربکرێن، بەڵام کێشەی سەرەکی بریتییە لە چۆنییەتی نیشتەجێکردن لە ئەوروپا و داڕشتنی ستراتیژی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە.
ئەندرو شترۆلاین لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە هەندێک حاڵەتدا دڵخۆشە بە ئەنجامەکان و دەڵێ :"ئەگەر سەیری ژمارەی پەنابەران بکەیت، کە تا ئێستا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە سوریا وەریانگرتووە، بەهۆی ململانێکانی سوریاوە، دەبینی هەندێکیان دڵخۆشکەرن، بۆ نمونە ئەگەر سەیری بەریتانیا بکەین، من پێم وایە ژمارەکە زۆر کەمە لە چەند سەد کەسێک تێناپەڕێت، بۆیە ئەمە کیشەیە، ئەڵمانیا و سوێد تاڕادەیەک باشترن، لە باکوورەوە بەرگریەک لە وەرگرتنی پەنابەران هەیە، بۆیە وڵاتانی باشووری ئەوروپا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە".
15/5/2015