پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت کە لەکاتی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە، ئاڵای کوردستانیان هەڵنەکردووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی NNS ROJ، ئەمڕۆ یەک شەممە، سڕی ساکیک، نوێنەری پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP، لە پەرلەمانی تورکیا رەخنەی لە سیاسەتی دووفاقی حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر کورد گرت.
سڕی ساکیک بە نیشاندانی چەند وێنەی جیاواز لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و تورکیا لە هەولێر و ئەنقەرە، گوتی "بەرێز مەسعود بارزانی لە چوارچێوەی نۆڕمەکانی نێودەوڵەتی میوانداریتانی کرد و ئاڵای کوردستان، عێراق و تورکیای هەڵکرد بەڵام ئێوە لە کاتی بانگهێشتی بەرێز بارزانی بۆ ئەنقەرە، تەنیا ئاڵای تورکیاتان دانا و بەم شێوە نرخ و هێمایەکی گەلی کوردتان وەک نەبوو هێنایە ئەژمار. باشە بۆ سووکایەتی بە ئاڵا، ناسنامە، زمان، کەلتوور و هێمای گەلێک دەکەن؟ بۆ لێی دەترسن؟".
ئەو پەرلەمانتارەی BDP رەخنەکانی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و گوتی "جەنابی وەزیر پێتان خۆش بێ یان ناخۆش بێ، لەوێ حکومتی هەرێمی کوردستان بە رەنگ و ئاڵاکەی بوونی هەیە. ها، رەنگی ئاڵاکە نازانن؟ کەسک و سوور و زەرد! لەو رەنگانە مەترسن! ئەو رەنگانە نوێنەرایەتی کوردان دەکەن. رەنگی گەلانی برا، لە ئاڵاکانیان مەترسن!"
ئەو گوتانەی سڕی ساکیک لە پەرلەمانی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی 12/17 کە بە رۆژی "ئاڵای کوردستان" ناسراوە و بەو هۆیەوە، سەرجەم دام و دەزگا فەرمییەکان و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستان رازێندراوەتەوە.
رۆژی 26ی سەرماوەز (17/12/1946) ساڵڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەدەست هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانه لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان.