چوار دەستەی سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستان وادەی سەرۆکەکانیان تەواو بووە، ماوەیەکە بۆشایی یاسایی لە دەستەکان ھەیە، راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئەو چوار سەرۆکە لە پەرلەمان داندراون، ئێستا ناتواندرێت دەستکاریان بکرێت و دەتوانن لە پۆستەکانیشیان بەردەوام بن.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "دامەزراوەیەكی وەك دەستپاكی سەدان كەیسی گەندەڵی و داوای سزایی و فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی لایە، بۆیە ئەمانەتێكی گەورەیە، لە ھەردوو حاڵەتی جێھشتن و مانەوە لێی كێشەیەكی گەورەیە".
راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاگاداری ھەموو ئەو یاساییانەیە کە لەو ماوەیە پەرلەمان دەریکردوون، ئەو دەڵێ، ھەر چوار دەستەکە ماوەیەکە بۆشایی یاساییان ھەیە، لە پەرلەمانیش بڕیار لە چارەنووسیان بدرێت پێویستە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەرسومیان بۆ دەربکات، بۆیە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە فریادرەسی ئەوان نازانێت.
مەدحەت سلێمان، راوێژکاری یاسای پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئەگەر پەرلەمانیش كارابكرێتەوە، ناتوانن ھیچ یاساییەك دەربكەن، چونكە بڕیاری جێبەجێكردن لە سەرۆكی ھەرێمەوە بۆ حكوومەتەوە دەنێردرێت".
5/7/2017