
هه‌ر چوار وڵاتی، سعوودیه و به‌حره‌ین و ئیمارات و میسر، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی دیپلۆماسیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر پچڕاند، هه‌ر وڵاته و بڕیاری جیاوازی ده‌رباره‌ی گه‌شتی هاووڵاتیانیان بۆ قه‌ته‌ر ده‌ركردووه و ده‌ریا و ئاسمانی وڵاته‌كانیان به رووی فڕۆكه و پاپۆڕه‌كانی قه‌ته‌ردا داخست.
به گوێره‌ی بۆچوونه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌و چوار وڵاته، بۆ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیارانه هۆكاری زۆر هه‌ن و په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وحه‌وه، به تایبه‌تی پاڵپشتیكردنی قه‌ته‌ر له گرووپه توندڕه‌وه‌كانی (ئیخوان موسلمین و گرووپی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن و قاعیده و داعش).
هه‌روه‌ها "پاڵپشتیكردنی ده‌وحه له ئێران بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی وڵاتانی كه‌نداو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كار بۆ تێكدانی سه‌قامگیری وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كات و هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاتانه هانده‌دات دژی حكومه‌ته‌كانیان بجوڵێنه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌حره‌ین ده‌یكات".
سعوودیه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه" بڕیاری پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و داخستنی ده‌روازه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته، بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه كه په‌یوه‌سته به ئاسایش و ئارامی سعوودیه و ده‌مانه‌وێت هاووڵاتیانمان له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و توندڕه‌وی بپارێزین".
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، ئه‌و بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ی ریاز به‌هۆی پێشێلكارییه زه‌قه نهێنی و ئاشكراكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی دهوهحهوه بووه، له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا‌و ئامانجی ئه‌وه بووه كه‌لێن بخاته ریزه‌كانی سعوودییهكانهوه".
هه‌روه‌ها به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی سعوودیه" ده‌وحه هه‌وڵی پێشێلكردنی سه‌روه‌ری سعوودیه‌ی داوه‌و باوه‌شی بۆ گرووپه توندڕه‌و و تائیفییه‌كان كردووه‌ته‌وه تا سه‌قامگیری ناوچه‌كه بكه‌نه ئامانجی خۆیان. له‌وانه گرووپی ئیخوان موسلمین و قاعیده و داعش و بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌فكار و ئه‌ده‌بیات و نه‌خشه و پلانه‌كانی ئه‌و گرووپانه له رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی قه‌ته‌ره‌وه به به‌رده‌وامی".
هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی ئه‌و گرووپه تیرۆریستیانه‌ی له لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن له پارێزگای "ئه‌لقه‌تیف" له سعوودیه. هه‌روه‌ها له به‌حره‌ین و پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی توندڕه‌وه‌كان، ئه‌وانه‌ی كار بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن".
ئیماراتیش هه‌ڵوێسته‌كانی له سعوودیه نه‌رمتر نییه به‌رامبه‌ر ده‌وحه و لای خۆیه‌وه بڕیاری هاوشێوه‌ی داوه و رایگه‌یاندووه" به‌هۆی به‌رده‌وامی قه‌ته‌ر له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه و یاریكردن و هه‌ڵاتن له‌و پابه‌ندییانه‌ی به‌هۆی رێككهوتننامهكانهوه له‌سه‌رییه‌تی، بڕیارماندا رێكاری پێویست دژی قه‌ته‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو به گشتی و گه‌لی قه‌ته‌ریی برامان به تایبه‌تی بگرینه‌به‌ر".
به‌حرین كه یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و وڵاتانه‌ی بڕیاری پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر داوه، هه‌مان پاساو و بیانووی سعوودیه‌ی هه‌یه و رایگه‌یاندووه" به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی به‌حره‌ینی پێدا تێپه‌ڕیوه‌و ئه‌و بارودۆخه نارامهی بهریكرد و ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی چالاكیی گرووپه توندڕه‌وه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئیران، قه‌ته‌ر كردوویه‌تی و پێشێلكاریی رێككه‌وتنه‌كان و هاندانی میدیایی دژی ئارامی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوكه‌وتی دیكه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رێككه‌وتننامه‌كان، ئه‌و بریارهمانداوه".
مه‌نامه ئه‌و بڕیاره له به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی خۆی ناوده‌بات و سیاسه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی قه‌ته‌ر به مه‌ترسیدار و شه‌ڕه‌نگێزیی دژی به‌حره‌ین له قه‌ڵه‌م ده‌دات".
میسریش رایگه‌یاندووه" قه‌ته‌ر هه‌موو هه‌وڵێكی دژی میسر داوه‌و شكستی هێناوه، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ پاڵپشتی تیرۆریستان داوویه‌تی به‌ره‌و رووی شكست كرانه‌وه، به تایبه‌تی رێكخراوی "ئیخوان موسلمینی تیرۆریست" و حه‌واندنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانیان كه بڕیاری دادگا دژیان ده‌ركراوه و به‌شداری كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان كردووه‌و میسر و ئارامی وڵاته‌كه‌یان خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌وحه بانگه‌شه بۆ فیكری رێكخراوی قاعیده و داعش ده‌كات و پاڵپشتی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی ناوچه‌ی سینا ده‌كات، سه‌ره‌ڕای سووربوونی قه‌ته‌ر له ده‌ستوه‌ردانه كاروباری میسر و وڵاتانی ناوچه‌كه و درووستكردنی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و هه‌ڵگیرساندنی ئاشووب و درووستكردنی كه‌لێن له ناو كۆمه‌ڵگاكانی عه‌ره‌بی به گوێره‌ی پیلانێكی داڕێژراو كه یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه".
قه‌ته‌ریش به‌و بڕیارانه‌ی ئه‌و چوار وڵاته نیگه‌رانه و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند" ئه‌وان نیگه‌رانن و به داخهوهن بۆ ده‌ركردنی بڕیاری له‌و شێوه‌یه و هیچ پاساوێك بۆ ئه‌و بڕیارانه نابیننه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه ئه‌و هۆكارانه‌ی له بڕیاره‌كانیاندا ده‌ستنیشانیان كردووه هیچ بنه‌مایه‌كی راستیی تێدانییه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قه‌ته‌ر له بایه‌خی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه" هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی قه‌ته‌ریی نابێت".
5/6/2017