سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، نیازی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا باش بووایە، سەردانی هەولێری دەکرد.
کەمێک پێش ئێستا (سێشەممە 19\7\2016)، لە میانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە پەراوێزی مەراسیمی ڕێزلێنان لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان پێشکەشی کرد و پەیامنێری (باسنیوز)یش لەوێ ئامادە بوو، ڕای گەیاند: ”مالیکی باسی سەردانیکردنی هەولێری نەکردووە، ئەگەر داوا بکات، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر مالیکی نیازی باش بووایە، سەردانی هەولێری دەکرد و گوتی: ”ئێمە نازانین مالیکی نیازی چی هەیە و پێموایە نیازی باش نییە، منیش پێشتر سەردانی ئەوم کردبوو، بەڵام دەبێت ئەوانەی کە پێشوازییان لە مالیکی کرد، وەڵامی ئەوە بدەنەوە“.
هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا، نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئاشکرای کرد، ئەو بەرزبوونەوەیە کاریگەری بەسەر داهاتی کوردستانەوە نەبووە، چونکە بە گوتەی ئەو، هەرێمی کوردستان پێشتر بەهۆی مووچەی فەرمانبەرانەوە قەرزی کەوتووەتە سەر. گوتیشی: ”ئەو پارەیەی کە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ پێشمەرگە دەنێردرێت، لە مانگی 8 دەبێت و کە گەیشت، بەپێی پێویستی بەسەر پێشمەرگەیدا دابەش دەکەین“.
هەر لەو لێدوانەدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی کرد و گوتی: ”ئێستا دکتۆر فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕاسپێردراوە“.
19/7/2016