بڕیارە کەمتر لە 10 رۆژی دیکە، رێڕەوە سنوورییە کۆڵبەرییەکانی نێوان شارەکانی سەردەشت و قەڵادزێ دووبارە بکرێنەوە. ئەو سنوورە کۆڵبەرییانە لە هاوینی ساڵی 2015 داخران و لەو ماوەدا چەندجارێک بەشێوەی کاتی کراونەتەوە.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت، بۆ رێکخستنی کاری کۆڵبەری، لە رۆژی شەممە 6-8-2016 کارتی کۆڵبەری دەدەن بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان. بۆ پێدانی ئەو کارتە چەندین مەرجیش دانراون.
بڕیارە دووبارە جموجۆڵی کۆڵبەران لە رێوڕەوە سنوورییەکانی قاسمەڕەش و قندۆڵ لەنێوان سەردەشت و قەڵادزێ دەستپێبکاتەوە. عەزیز حەسەنی نالوسی قائیمقامی سەردەشت رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڕیاری کرانەوەی ئەو رێڕەوە سنوورییانەی داوە و کەمتر لە10 رۆژی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.
حکومەتی ئێران دەڵێت، کاری کۆڵبەری لەو سنوورانە رێکدەخات. بۆ ئەو مەبەستەش لە شاری سەردەشت کارتی کۆڵبەری دەداتە ژمارەیەک لە خەڵک کە مەرجە دیاریکراوەکان بیانگرێتەوە.
بەگوتەی عەزیز حەسەنی قائیمقامی سەردەشت، کارتی کۆڵبەری دەدرێت بەو کەسانە کە سەرپەرشتیاری خێزان و خزمەتی سەربازییان تەواو کردووە و بە درێژایی 15 کیلۆمەتر نیشتەجێی هەمیشەیی ناوچە سنوورییەکانن.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت: "ئەوانەی داوای وەرگرتنی کارتی کۆڵبەری دەکەن نابێ لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و سەربازی فەرمانبەر بن. لە بنەماڵەی دەوڵەمەند نەبن و تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نەبێ. هیچ کەسیش بۆی نیە کارتەکەی بدات بە کەسێکی دیکە کاری پێ بکات، جگە لە ژنانی سەرپەرشتی خێزان کە دەتوانن کارتەکەیان بدەن بە کەسوکاری نزیکیان کاری پێ بکات".
ناونووسی خوازیارانی کارتی کۆڵبەری لە سەردەشت لە رۆژی شەممە 6-8-2016 دەستپێدەکات، بەڵام رانەگەیێندراوە کە چەند کەس دەتوانن ئەو کارتە وەربگرن.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە رۆژانی رابردوو، قائیمقامی سەردەشت و قەڵادزێ بەئامادەبوونی سەرکۆنسوڵی ئێران لە دەروازەی سنووری کێلێ کۆبوونەوە و لەسەر هاوکاریکردن بۆ رێکخستنی کاروباری سنوورەکان رێککەوتن.
قائیمقامی سەردەشت دەڵێت بڕیاری کردنەوەی رێڕەوە کۆڵبەرییەکان بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخ جێبەجێ دەکرێ و هیچ سەرپێچییەک لەو رێنماییە قبوڵ ناکەن.
لەوانەیە مەبەستی سەرەکی لە قبوڵنەکردنی سەرپێچی، رێگرییەکانی سوپای پاسداران بێت. سوپا خۆی لە کردنەوەی سنوورەکانی پارێزگای سنە کردە خاوەن. چەندجار کە بەرپرسانی حکومی رایانگەیاند، سنوورە کۆڵبەرییەکانی سنە دەکرێنەوە، سوپای کارەکەی دواخست و لە کۆتاییدا فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی وێنە، مزگێنی کرانەوەی سنوورەکانی پارێزگای سنەی دا.
قائیمقامییەت و پارێزگارەکان، پاسەوانی سنوور و سوپای پاسداران لەسەر داهات و کۆنترۆڵکردنی سنوورە کۆڵبەرییەکان ناکۆکن. هەرکامەیان دەیانەوێ کاروباری سنوورە کۆڵبەرییەکان لەدەست ئەواندابێ، هیچیشیان پاشەکشە لە خواستەکانیان ناکەن، تەنیا لایەنێکیش کە لە درێژەکێشانی ناکۆکی ئەوان زیانمەندی سەرەکییە، ئەو خەڵکەیە کە هەموو داهاتەکەیان لەسەر کراوەبوونی ئەو سنوورانەیە.
6/8/2016