کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، رۆژی یەکشەممە 19ی نیسانی 2015 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" پشکنینە سەرەتاییەکان و کەسە نزیکەکانی عیزەت ئیبراهیم خەلیل دووری، جەخت لەسەر کوشتنی نێوبراو دەکەنەوە لە میحوەری حەمرین، لەسەر دەستی چەكدارانی عەشایەرەکان، ئەوانەی لەلایەن بەرگریی ئیسلامی و حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن".
فەرماندەی سەربازی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی رایگەیاندووە:" هەواڵگری کەتیبەکان زانیاری بە هەندێک لە عەشایرەکان دابوو، بۆ ئەوەی بە ئاسانی عیزەت دوری بکوژن".
جەختیشدەكاتەوە:" چەكدارێكی یەکێک لە هۆزەكانی میحوەری حەمرین راسپێردرابوو بۆ کوشتنی عیزەت دووری".
ئەو فەرماندە سەربازییەی حیزبوڵڵا، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "دڵنیابووینەوە لەوەی ئەوە تەرمی دوورییە، بەپێی پشکنینەکان و گوتەی شایەتحاڵەکانی نزیک لە دووری". باس لەوەش دەكات" کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رۆژی دووشەممە تەرمی دووری رادەستی حکومەتی عێراقی دەکەن".
20/4/2015