دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆككۆماری فەرەنسا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەوێ لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لێكرا و دواتریش كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەیان ئۆلاند و بارزانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازكردو هەردوولا جەختیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و زیاتر پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان كردەوە.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرەتا بارزانی گوتی: "هاوكارییەكانی فەرەنسا كاریگەریی هەبوو لەسەر ورەی گەل و پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها هاوكارییە سەربازییەكان كاریگەریی گەورەیان هەبوو بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێمە پێداگریی دەكەین لە شەڕكردن دژی ئەو تیرۆریستانە ، ئێمە تەنیا شەڕ ناكەین، بەڵكو دەمانەوێت بنبڕیان بكەین". ئاماژەی بەوەشكرد، كە جگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەركێكی دیكە لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
بارزانی جەختیكردەوە، كە بەهۆی هاوكاریی فەرەنسا و وڵاتانی دیكەوە هاوسەنگی هێز گۆڕاوەو گوتی "پێشمەرگە رۆژ بەرۆژ سەركەوتن تۆماردەكات و بڕوامان وایە بە هەوڵی هەمەلایەنە دەتوانین سەقامگیری بەدیبێنین".
دواتر فرانسوا ئۆلاند باسی لە سەردانەكەی كرد و بە كاریگەر وەسفی كرد . ئەو راشیگەیاند ، كە هاوكارییە مرۆییەكانی فەرەنسا بەردەوام دەبێت بۆ ئاوارەكان.
گوتیشی، كە فەرەنسا ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەو خێزانانەی دەیانەوێت روو لە فەرەنسا بكەن. بەڵام وەك سەرۆكی فەرەنسا دەڵێ ئاوارەكان زیاتر دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
فرانسوا ئۆلاند گوتیشی : "پێشمەرگە توانی سوود لە هاوكارییە سەربازییەكانمان وەربگرێت و هاوسەنگی هێز بگۆڕێت. بۆیە هاوكارییە سەربازییەكان زیاتر دەبن".
12/09/2014