پارێزگاری ورمێ و قایمقامیەتی مەهاباد داوایان لە بەڕێوەبەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد کردووە، هاوکارییەکانیان بۆ کەمپێک بنێرن کە لە نزیک شارۆچکەی قەڵادزێی باشووری کوردستان کراوەتەوە.
سەعدون مازوجی، گوتەبێژی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند هاوکارییەکانی مەهاباد چەندین رۆژە ئامادەی بەڕێکردنە بۆ کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە باشووری کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ پارێزگاری ورمێ و قایمقامیەتی مەهاباد لەسەر شوێنی ناردنی ئەو هاوکارییانە ناکۆک بوون، ناردنی هاوکارییەکان دواکەوتووە.
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە مەدەنییە، لە لایەن جێگری پارێزگاری ورمێ و قایمقامی مەهابادەوە داوایان لێکراوە، هاوکارییەکانیان لەرێگەی سنوورەکانی نێوان سەردەشت و قەڵادزێ، بنێرن بۆ کەمپێک کە حکومەتی ئێران بۆ ئاوارەبووان لە نزیک شارۆچکەی قەڵادزێ کردوویەتییەوە.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون ئەوان هاوکارییەکانیان بەناوی یارمەتیدانی لێقەوماوانی شنگال کۆکردووەتەوە و داوایانکردووە ئەو هاوکارییانە یان راستەوخۆ بنێردرێتە کەمپی ئاوارەکانی شنگال یان رادەستی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ تاوەکوو بۆخۆیان بەسەر ئاوارەکانیدا دابەش بکەن.
لە کۆتاییشدا بڕیاردراوە، ئەرکی گواستنەوەی ئەو هاوکارییانە لە ئەستۆی رێکخراوی مانگی سووری مەهاباد بێ، بەڵام هێشتا گواستنەوەی ئەو هاوکارییانە دەستی پێنەکردووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مانگی سووری مەهاباد لەژێر گوشاری ناوەندە حکومییەکانی پارێزگای ورمێدایە بۆ ناردنی ئەو هاوکارییانە بۆ ئەو شوێنەی کە بۆخۆیان دەیانەوێت.
بەڕێوەبەرانی کەمپینی مەهاباد رایانگەیاندووە، ئەوان توانیویانە 10 کامیۆنی بارهەڵگر کەلوپەلی خۆراکی و پێداویستی رۆژانەی لێقەوماوان و هەروەها زیاتر لە 700 ملیۆن تمەن پارەی نەخدی بۆ ئاوارەبووانی شنگال کۆبکەنەوە. لێژنەیەکی پێنج کەسیان لە نوێنەرانی قایمقامیەت، شارەوانی، ئەنجوومەنی شار، مانگی سوور و دامەزراوە مەدەنییەکان بە مەبەستی گەیاندنی ئەو هاوکارییانە پێکهێناوە.
بەڕێوەبەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ شنگال لە مەهاباد دەڵێن، دانیشتووانی ئەو شارە و دەورووبەری بە نیەتی هاوکاریکردنی مرۆیی هاونیشتمانیانی ئێزدی وەڵامی داواکاری ئەوانیان داوەتەوە و خۆیان لە بەرامبەر متمانەی ئەو خەڵکەدا بە بەرپرسیار دەزانن. تاوەکوو ئێستا دوو قۆناخی هاوکارییە مرۆییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە باشوور و بڕیارە لە رۆژانی رابردووشدا رێژەیەکی زیاتری ئەو هاوکارییانە بگەیەندرێتە کەمپ و شوێنی نیشتەجێ کردنی ئاوارەبووانی شنگال.
06/09/2014