هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە ئێستا لە گرتووخانەیە دەڵێت، دەمێکە نەخۆشە و گرفتی تەندروستی هەیە، هێشتا نەخۆشییەکەیشی دەستنیشاننەکراوە.
هەفتەی رابردوو نەخۆشکەوتنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بووە رۆژەڤی تورکیا. پارێزەرانی دەمیرتاش رەخنەی تووندیان لە دەسەڵات و بەرپرسانی گرتووخانەی ئەدیرنە گرت بەوەی رێگریانکردووە لەوەی دەمیرتاش بگوازرێتەوە نەخۆشخانە.
بەرپرسانی گرتووخانە و نەخۆشخانەی فێرکاریی ئەدیرنە رایانگەیاند: دەمیرتاش لەکاتی پێویستدا گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، هەروەها بەرپرسانی گرتووخانە رایانگەیاند، نەخۆشییەکەی دەمیرتاش دۆخێکی قورس نییە.
لەو بارەیەوە دەمیرتاش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەی ئێڤرەنسەلی تورکی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد "بەداخەوە باری تەندروستیم زۆر باش نییە. هێشتا نەخۆشییەکەم دەستنیشاننەکراوە، دەسەڵاتێکی رسوای کەوتوو، رزیوو، لەبنهاتوو هەیە کە پشتیوانیی گەلی بە رێژەیەکی بەرز لەدەستداوە، کاتی ترسان و رەشبینی نییە".
سەلاحەددین دەمیرتاش کە لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی داخراوی جۆری ئێف لە ئەدیرنە دەستبەسەرە، رایگەیاند لە 26ـی تشرینی دووەمی 2019ـەوە ناوبەناو لە هۆش دەچێت و شتی بیردەچێتەوە، سەرەڕای پێشنیازی پزیشکان، گرتووخانە رێگر بووە لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.
سەرەتای ئەم مانگە ئایگول دەمیرتاش، خوشکی سەلاحەددین دەمیرتاش لە توویتێکدا رایگەیاند، رۆژی 26-11-2019 سەلاحەددین دەمیرتاش تووشی ئازاری سنگ و هەناسەتووندی بووەتەوە و ماوەیەکی زۆر بە بێهۆشی ماوەتەوە.
10/12/2019