یەکێک لە رێکارە تەندروستییەکان کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگیرێتەبەر خۆپاراستنە لە قەرەباڵخی، بۆ هێشتنەوەی خەڵکی لە ماڵەوە و دووربوونیان لە تێکەڵاوی و قەرەباڵخی، حکومەتی ئێران لە هەندێک پلاتفۆڕمی ئینتەرنێتی فیلم و زنجیرەی بێبەرامبەر بۆ خەڵک دابین دەکات.
وەزیری پەیوەندیەکانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە بەرنامەکانی تایبەت بە منداڵان لە هەندێک پلاتفۆرمی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر دەبێت و ئەو کارە بۆ ئەوەیە خەڵک بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
ئازەری جەمهوری، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی چەند کەناڵێکی ئینتەرنێتی ئێران قسەی کردووە و ئەوانیش بڕیاریانداوە بەرنامە و بڕگە تایبەتەکانی منداڵان و هەندێک فیلم و زنجیرەکانیش بۆ کەسانی گەورە بێبەرامبەر بەردەستدەبێت تاوەکو خەڵک لە ماڵەوە سەرگرەم ببن و نەچنە دەرەوە.
ئەو وەزیرە دەڵێت "تکاتان لێدەکەم لە ماڵەوە بمێننەوە و مەڕۆنە دەرەوە. ئاگاتان لە خۆتان و منداڵەکانتان بێت لە دژی کۆرۆنا".
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە چین سەری هەڵدا و بە جیهاندا بەخێرایی بڵاوبووەوە و گەیشتووەتە ئێران و بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 100 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 15 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەوانەیە رژێمی ئێران وردەکاریی گرنگی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەی شاردبێتەوە.
26/2/2020