بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لە نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران دامەزران و دەست بەکاربوون.
لە ڕاگەیاندراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئێران کە دانەیەکی دەست پەیامنێری ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر کەوتووە، تێیدا ھاتووە: دوای بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ بەھێزکردنی پایەی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان لە ئێران وەکوو ئەندامی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزران و دەست بەکاربوون. ئومید دەکەین ڕۆڵی خۆی ببینێت لە یەک وتاری سیاسی ـ کوردی لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەدا، لە پێناو گەیاندنی سیاسەت و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و حکومەتی ھەرێم بە دونیای دەرەوە.
نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێران کە بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران دامەزراون، بریتین لە: لوقمان لەتیف محەمەد عەبدوڵڵا ـ نوێنەری حیزبی سوشیاڵ دیموکراتی کوردستان، ئەمجەد باباحاجی نەجمەدین ـ نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، ھیوا ڕەسووڵ ڕەشید ـ نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی و فەخرەدین عەزیز ساڵح مەحموود (دکتۆر ڕەمەزان) ـ نوێنەری حیزبی بزووتنەوەی ئیسلامی.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمجەد باباحاجی نەجمەدین ـ نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند: جێی خۆیەتیی لێرەدا سوپاسێکی زۆری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و ھەروەھا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەو بڕیارەی کە دەمێکە بڕیاریان داوە بە دامەزراندنی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە تاران وەک ئەندامێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و جێگەی خۆیەتی لێرەشدا سوپاسی زۆری نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بکەین کە ماوەیەکی زۆرە بەڕاستی لە بەدواداچووندا بۆ بە ئەنجامگەیشتنی ئەم بڕیارە و ئێمە لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە ئەم نوێنەرایەتییە ببێتە مایەی دڵخۆشکردنی ھەموو لایەک و ببێتە مایەی ئەوەی کە بتوانین بە ھەموومانەوە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی ھەرێمی کوردستان بین و کارێکی وابکرێت لە وڵاتانی دەرەوەش نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر بە ھەمان شێوە، بە ھەمووانەوە بە کۆدەنگی و یەکدەنگییەک نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ئێمەش لێرەدا ڕایدەگەیەنین و دووپاتیدەکەینەوە کە خزمەتەکانمان بەردەوام دەکەین تاوەکوو بتوانین نموونەیەکی جوانی باش نیشانی ھەموو لایەکی بدەین و ببێتە مایە دڵخۆشی ھەموو لایەک.
ھەر لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ھیوا ڕەسووڵ ڕەشید ـ نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئێمەش دەستخۆشی ئەم ھەنگاوە دەکەین و بە کارێکی باش و پیرۆزی دەزانین بۆ بەھێزکردنی پایەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران. ھەر چەندە ئێمە وەکوو حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان ئیش دەکەین بەڵام لە دەرەوەی کوردستان ھەڵوێستمان یەکە و یەک ڕووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدەین و ئەو موشکیلە و گیروگرفت یا ھەر تێبینییەک کە لە ناو کوردستان ھەمانبێت نایگوازینەوە بۆ ئێرە و وەکوو بنەماڵەیەک کە ھەر تێبینییەکیان لە ناو خۆیاندا ھەبێت لە بازنەی خێزانی خۆیان نایبەنە دەرەوە و ئێمەش لێرە یەک ھەڵوێست، ھاوڕێی ئەو برایانە ئیش دەکەین و ئینشائەڵڵا خزمەتی خەڵک دەکەین.
مەنسوور جیھانی/ ی.ا
27/06/2013