سەرەتای هەفتەی داهوتوو دەزگای هەواڵگیری MİT ی تورکی و پارتی کرێکارانی کوردستان بەمەبەستی ئاگربەستی "چەکدانان" روو لە هەولێر دەکەن،
بڕیاریشە سەبری ئۆک بە نوێنەرایەتی قەندیل، هاکان بەرپرسی دەزگای هەواڵگری میت بەشداری تێدا بکەن.
قۆناغێکی تازە لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، دەستپێدەکات. بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرانی میت و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی "چەکدانان" و چارەسەرکردنی پرسی کورد روو لە هەولێر بکەن.
سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە" هەولێر دەتوانێ درێژکراوەی (کۆبوونەوەی ئۆسڵۆ) بگرێتە خۆی".
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP ئاماژەی کرد بە گرنگی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە هەولێر و گوتی "رەنگبێت قۆناغی هەولێری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان چارەسەری کێشەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بکات".
بڕیار وایە دانیشتنەکە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو لەنێوان هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری MIT و سەبری ئۆک، نوێنەری راسپێردراوی پەکەکە ئەنجام بدرێ. لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراودا پرسی چەکدانان و چوونە دەرەوەی سنووری گەریلاکانی پەکەکە دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەیەک دیاری دەکرێت.
میدیاکانی تورکیا باس لەوەش دەکەن پێشووتر سلێمانی وەک بژاردەی یەکەمی شوێنی کۆبوونەوەکە دانرابوو، بەڵام بەهۆی رووداوی ٩ی ئەم مانگە (کوشتنی سێ ژنە چالاکوانە کوردەکە لە پاریس) و گومانی تێوەگلانی ئێران، بڕیار درا کە شوێنی گفتوگۆکە لە شوێنێکی پارێزراوتر بکرێ، بۆیە بڕیارەکە گۆڕا بە هەولێر.
فەرهاد چۆمانی
29/01/2013