تورکیا بۆ یەکەمجار لە نووسراوێکی فەرمیدا ناوی "هەرێمی کوردستان" بەکار دێنێت. بەگوێرەی ئاژانسەکانی تورکیا، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی والی شێرناخی لەسەرە، بۆ یەکەم جار "هەرێمی کوردستانی عێراق" نووسراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەو نووسراوە فەرمیەدا، ناوی هەرێمی کوردستان بە شێوەی کورتکراوەی IKBI (بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستانی عێراق" هاتووە. ئەو نووسراوە فەرمیە تایبەت به ئاڵوگۆری بازرگانی نیوان کۆماری تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانه.
لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان، دەسەڵاتداران و بەرپرسانی تورکیا خۆیان لە ئاماژەکردن بەناوی فەرمی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە. هەرێمی کوردستان لە زمانی سیاسی بەرپرسانی تورکیا به باکووری عێراق ناسراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناو حکومەت و میدیاکانی تورکیا به بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی باکووری عێراق نێو دەبردرێت. دوای پتەوبوونی پەیوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، میدیاکانی تورکیا و هەندێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە زمانێکی نەرمتر باسی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەندێک جار ئاماژە بە هەرێمی کوردی باکووری عێراق دەکەن. بەڵام ئەوە یەکەمجارە به شێوەیەکی فەرمی ناوی کوردستان بەکار بێنن.