د.هیوا سه‌ید سه‌لیم
هه‌موو ده‌ساڵ جارێك كۆچێك بۆ هه‌نده‌ران روو له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، جاران ده‌گوترا قه‌ده‌ری كوردان به هۆی بێ ده‌وڵه‌تی و هه‌ڵكه‌وته‌ی نیشتمانه‌كه‌ی له نێو پانتایه‌كی جوگرافی كه هه‌میشه شوێنی ململانێ و شه‌ڕی ئه‌م و ئه‌و بووه هۆكاری سه‌ره‌كی كۆچی كوردان بووه ، به‌ڵام زۆر جاریش كورد خۆی بۆته هۆكاری كۆچپێكردنی هاونیشتمانیه‌كانی له نموونه‌ی ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆ، به‌س هیچ كاتێك ئه‌و كۆچه وه‌ك ئێستا نه‌بۆته دیارده، ئێستا رۆژانه له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌دان گه‌نج سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و روو له هه‌نده‌ران ده‌كات، له رۆژئاوای كوردستان به هه‌مان شێوه خه‌ڵكی ئه‌و پارچه‌ی كوردستانیش كۆچ ده‌كه‌ن، لێره‌دا به‌ر له‌وه‌ی بێم باس له مه‌ترسیه‌كانی كۆچی ئه‌و جاره‌ی كوردان بكه‌ین، جێگای خۆیه‌تی ئاماژه به هۆكاری رۆیشتنی كوردستانیان بده‌ین بۆ هه‌نده‌ران، چونكه ئێستا ئه‌و بابه‌ته مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌وه‌ی خه‌ڵك بۆچی كۆچ ده‌كات، چ هۆكارێك له پشتی كۆچی ئه‌و جاره‌یه، ئایا پێویسته رێگا له‌و كۆچه بگیرێت یان نا ؟