رەزا شوان
سەرهەڵدانی گۆڤاری کوردی بۆ منداڵانی کوردمان، بۆ مێژوویەکی نزیک دەگەڕێتەوە، ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٩٤٦) دا، یەکەمین ژمارەی، یەکەمین گۆڤاری کوردی، بە زمانی شیرینی کوردیمان بۆ منداڵانی کورد، بە ناوی ( گڕوگاڵی منداڵانی کورد ) ەوە، لە پایتەختی ( کۆماری کوردستان )،لە شاری ( مەهاباد) ی شیرین، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا .. لایەن کەسانێکی دڵسۆز و خەمخۆریمنداڵانەوە دەرچوو .. کە تەنها (٣) ژمارەی لێ دەرچوو، لەگەڵ جوانەمەرگ کردنی کۆماری کوردستاندا، ئەستێرەی گڕوگاڵی منداڵانی کوردیش ئاوا بوو .
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان مێژووی دەرچوونی یەکەمین گۆڤاری منداڵانی کورد لە کوردستاندابکەین،لەگەڵ مێژووی دەرچوونی یەکەمین گۆڤار بۆ منداڵان، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، دەبینین ئێمەی کورد لە کوردستاندا، زۆر لە دواوە نین، بەڵکو لە پێشەوەی چەندین وڵاتیش داین .. شانازیش بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە ..