رەزا شوان
لەگەڵ بوونی کورد دا، گـۆرانی کوریش هەبووە، گـۆرانی بووە بە بەشێک لە ژیانی کورد، بووە بە هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە هەست و سۆز و لە خۆشەویستی و لە لە خۆشییەکانی ناخی دەروونی.. ئێمەی کورد خاوەنی گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەندین لە گۆرانی فۆلکلۆری هەمەبابەتی رەسەن، کە مۆرك و تایبەتمەندی و رەنگ و بۆی کوردەوارییان پێوەیە دیارن و جیاوازیاشیان هەیە لەگەڵ گۆرانییەکانی گەلانی تر.. بە سەدان بەیت و بالۆرێ و گۆرانی فۆلکلۆری و میللی کوردیمان هەن، کە تا ئەمڕۆش چـێژ و خۆشییان کاڵنەبوونەتەوە.. داگیرکەرانی کوردستانیش نەیانتوانی ژینوسایدی گۆرانییە کوردییە رەسەنەکانمان بکەن، گەرچی بەشێکیان لێدزیوین و شیواندوویانن.
باسەکەمان دەربارەی گۆرانییە بۆ منداڵانە، ئەو گۆرانییانەی کە گۆرانبێژە گەورەکان بۆ منداڵانی دەیانڵێن.. یا بە دەنگی ناسکی خودی منداڵان بە تاک یا بە کۆمەڵ دەوترێن. گۆرانییەکانیش بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان پۆلێن دەکرێن.. پێویستە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆک و واتا و کێش و ئاواز و ترپەوە، لەگەڵ قۆناغەکانی توانای وەرگرتن و فێربوون و وتنەوەی منداڵاندا بگونجێن. من لە کتێبەکەمدا (چاوپێخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان) کە لە ساڵی (٢٠١٥) لە لایەن (کۆمەڵەی رۆناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک) ەوە چاپکراوە. لە بەشێکی ئەم کتێبەمدا، باسمان لە سوودەکانی (لای لایـە) کردووە، کە لە لایەن دایکانەوە بۆ کۆرپە و ساوا جگەرگۆشەکانیان دەکرێ.