شورش عزیز سورمێ
رۆژی ٢٣ حوزەیرانی ٢٠١٦ بوو بە رۆژێکی خەمناک بۆ ولاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەویش لە دوای ئەو دەنگدانەی کە لە بەریتانیا ئەنجام درا سەبارەت بە دەرچوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە لە ئاکامدا لە %٥١.٩ دەنگدەران دەنگیان دا بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە، بەرامبەر بە %٤٨.١ دەنگ کە پاڵپشتی مانەوەیان دەکرد. دوای جەنگی جیھانیی دووەم خەونی (ئەدناوەر، دێگاسپەری، مۆنێت و شومان) ئەوەبوو کە یەکێتییەکی بەھێز لەنێوان ولاتانی ئەوروپادا دروست ببێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر شەر و ناکۆکیی و تراژێدیا لە ئەوروپا روو نەداتەوە، بەلام بەداخەوە دوای زیاتر لە ٤٣ ساڵ لە ئەندامێتیی بەرتیانیا لەو یەکێتییە، خەونەکەیان بەرەو نەمان دەچێ. راستە شەر لە نێوان ئەو ولاتانەدا نەماوە، بەلام ناکۆکی و ململانێی سیاسی ھێشتا لە نێویاندا بەردەوامە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی شەست ساڵ بەسەر دروستبوونی بەردی بناغەی یەکێتیی ئەوروپا، ھەر ولاتێکی ئەندام لەو یەکێتییە بە شێوەیەکی جیاواز سیاسەتی دەرەوەی ولاتەکەی پەیرەو دەکات، بێ گوێدان بە بنەما یاساییەکان و بەرژەوەندیی وولاتانی تری یەکێتییەکە، کە ئەمەش بۆتە ھۆی نەبوونی سیاسەتێکی ھاوبەش لەنێوان ولاتانی ئەندام.