سمکۆ محەمەد
لەنێوان خێر و شەڕدا رووبەرێک ھەیە وەکو پێوەر، ئەویش لێبوردن و پێکەوەژیانی پێکھاتە نەتەوەیی و مەزھەبی و سیاسییەکانە بەھەموو جیاوازییەکانیانەوە، دیموکراسی بەحیساب ئەم وەزیفەیەی ھەیە، بۆیە ئەم سیستمە یان ئەوەتا ھەیە یان نییە و رووبەرێک نییە ئەم نێوانە پڕ بکاتەوە. دیموکراسییەتی شەڕ تەنھا دۆخێکی سیاسی نایخوڵقێنێ، بەڵکو ھەندێکجار کارەکتەرێک دەیخوڵقێنێ کە خاوەنی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقەیە، بۆیە ئەفڵاتون کاتێک رەخنە لە دیموکراسی دەگرێت، تەنیا وەکو سیستم چاو لە کەموکوڕییەکانی ناکات، بەڵکو بەشێکی دەگەڕێنێتەوە بۆ کارەکتەری برسی و چاوچنۆک بۆ دەسەڵات، بۆیە دەڵێ ∀مرۆڤی دیموکراتی ھەرگیز بابەخ بەڕیزبەندی و پلەبەندی نادات، جۆرێک لە یەکسانی نێوان خۆشی و چێژەکانی دروست دەکات و سەرکردایەتی ژیانی خۆی دەداتە ئەو کەسەی کە زوو دێت، وەکو ئەوەی بە شانس بڕیار بدات، تاوەکو لەم کەسە تێر دەبێت، ئینجا دەیداتە کەسێکی دیکە∀. ئەم قسەیەی ئەفڵاتون بۆ ھەموو سەردەمێک دەشێت، بۆ نموونە بۆ ئێستای رۆژھەڵات بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ عێڕاق دەشێت پراکتیک بکرێ، چونکە ھەموو کارەکتەرە سیاسییەکان بەو پەروەردەیە گەورەبوون و وەکو حەز تەماشای دەسەڵات دەکەن.