خوێندکارێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان ئامێرێکی داهێناوە کە بینایی بۆ کەسانی نابینا دەگەڕێنێتەوە. نەبیل عەبدولرەزاق قوتابی دکتۆرایە لە زانکۆی نیوکاسل لە بەریتانیا، دەڵێ ئامێرێکی داهێناوە کە لە مێشکی کەسانی نابینا دادەنرێت و دەتوانێت بە رێژەی 40% بینایی بۆ کەسانی نابینا بگەڕێنێتەوە.
داهێنانەکەی ئەو کوردە بووەتە جێگەی بایەخی میدیا بەریتانییەکان، ئامێرەکەی نەبیل لە مێشکدا دادەنرێت و رێژەی 40%ـی رۆشنایی بۆ نابیناکان دەگەڕێنێتەوە.
نەبیل، سەرقاڵی تێزی دکتۆراکەیەتی لەپێناو گێڕانەوەی رۆشنایی بۆ چاوی ئەوانەی ئومێدی بینینیان لەدەستداوە. نەبیل دەڵێ "توێژینەوەی دکتۆراکەم لەسەر دروستکردنی ئامێرێکە بۆ یارمەتیدانی کەسانی نابینا، بۆ ئەوەی جاریکی دیکە چاویان ببینێت. پێم باش بوو لەمێشک کاربکات، چونکە مێشک باوکی هەموو ئامێرەکانە. دوای ئەوەی ئامێرەکەم دروست کرد و دامە دەستی سەرپەرشتیارەکەم، بەسەرسورمانەوە و پێکەنینەوە گوتی باوەڕم نەدەکرد ئەو ئامێرە بەچاوی خۆم ببینم".
ئەو ئامێرەی لەلایەن نەبیلەوە دروستکراوە لە مێشکی کەسانی نابینادا دادەنرێت، بەڕێژەی 40%ـی بیناییان بۆ دەگەڕێنێتەوە. جیاوازی ئامێرەکەی نەبیل لەگەڵ ئامێرەکانی دیکەی هاوشێوەی لەوەدایە، ئامێرەکەی ئەو بە ڕووناکی کاردەکات، نەک وزەی کارەبا.
ئەو، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگوندێکی سەر بەقەزای سۆرانی باشووری کوردستانەوە هاتووەتە بەریتانیا بۆ خوێندنی دکتۆرا، بەڵام دەیەوێت کۆتایی خوێندنەکەی سەرەتای شۆڕشێکی زانستی بێت لەپێناو گێڕانەوەی هیوا و رۆشنایی بۆ نابینایانی جیهان.
نەبیل جەختدەکاتەوە لەوەی "ئەو ئامێرەی کە لەبازاڕە کوالێتییەکەی تەنیا 250 پیکسڵە، واتا ئەوانەی نابینان و بەکاریدێنن دەتوانن تەنها چوارچێوەی شتەکان ببینن، ناتوانن وردەکاریی شتەکان ببینن، بەڵام ئامێرەکەی ئێمە نزیکەی پێنج هەزار پیکسڵە و وردەکاریی شتەکان نیشاندەدات".
بەشی سێهەمی ئەو ئامێرە لەلایەن سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی گرووپی نابینایان دروستکراوە. ئەو لە چاوەڕوانی تەواوبوونی کارەکەی نەبیلە بۆ ئەوەی ئەو ئامێرە لە باشووری کوردستان تاقیبکرێتەوە.
پاتریک دیجێنەر، داهێنەر و سەرپەرشتیاری پرۆژەی نەبیل دەڵێ "ئێمە پڕۆژەی 10 ملیۆن پاوەندیمان هەیە. ئەمە نموونەیەکە کە لە مێشکی نابیناکەدا دادەنرێت بۆ گەڕانەوەی رۆشنیایی بۆی، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەماهەنگیمان لەگەڵ میسر و ئوردن هەیە و، کلینیکمان لە ئوردن هەیە، ئومێد دەکەین لە کوردستانیش کاتێک کارەکانی نەبیل تەواوبوون هەمان بێت".
13/5/2017