گەنجێکی قەزای زاخۆ لە ماڵەکەی خۆیدا و لەڕێگەی ئینتەرنێت رووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبێتەوە و ئەکاونت و ڤیدیۆکانیان هاک دەکات.
فەتحی مەحموود ئیسماعیل، تەمەنی 18 ساڵە و لە لێدوانێکدا بۆ ( تۆڕی میدیایی رووداو) دەڵێت "لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی داعش لە کوردستان و عێراق، دەستم بە هاککردنی ئەکاونت و ڤیدیۆکانی رێکخراوی داعش کرد، چونکە داعش زۆر ڤیدیۆی نەشیاوی بڵاودەکردەوە کە دیمەنەکانیان تۆقێنەر بوون".
لەوەتەی پێشمەرگە رووبەڕووی چەکدارانی داعش شەڕ دەکات، فەتحی زۆر ڤیدیۆ و ئەکاونتی داعشی هاککردووە و سڕیونەتیەوە، وەک خۆی دەڵێت "دوو هەزار ئەکاونتی فەیسبووک و 250 ئەکاونتنی توویتەرم هاککردووە، لەگەڵ سڕینەوەی 6 هەزار ڤیدیۆی داعش، کە زۆربەیان ڤیدیۆی سەربڕنی خەڵک بوون".
بەگوتەی فەتحی، لە ساڵی 2012 لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە شارەزایی لە بواری ئەلیکترۆنیات و هاککردنی بەرنامەکان و دروستکردنی یاری جۆراوجۆر پەیداکردووە، ئێستاش سەرقاڵی دروستکردنی یارییکەی ئەلیکترۆنیە بەنێوی (پێشمەرگە) بۆ مۆبایل.
فەتحی باسی لەپێکهاتەی ئەو یاریە کرد کە پێشتر بۆ کۆمپیوتەر دروستی کردووە و ئاشکرایکرد "یاریەکە دەربارەی شەڕی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشە، لە یاریەکەدا پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی دژی چەکدارانی داعش دەجەنگێت".
ئەو گەنجەی زاخۆ زیاتر گوتی "لە مانگی نۆی ساڵی 2014 وە سەرقاڵی دروستکردنی یاریەکە بووم و توانیم تاوەکو مانگی شەشی 2015 دروستیبکەم، بەڵام تەنیا دەتوانرێت لەسەر کۆمپیوتەر کاری پێبکرێت و ئێستا لە بازاڕ دەستدەکەوێت و خەڵک دەیکڕن".
فەتحی دەیەوێت برەو بەکارەکەی بدات و ئاماژە بەوە دەکات "نزیکەی ساڵێکە لە هەوڵی ئەوەدام ئەو بەرنامەیە وەک ئەپڵیکەیشن بخەمە نێو مۆبایل، تاوەکو هەموو کەس بتوانن سوودی لێوەربگرن و بەردەوام لەبەردەستیان بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆری دەوێت ناتوانم دابینی بکەم، بۆیە بەرنامەکەم وەستاوە".
سەبارەت بەو بەرنامانەی دروستیکردووە دەڵێت "تاوەکو ئێستا 12 بەرنامەم دروستکردووە و یەکێک لەبەرنامەکان، لە وێنەی شەهیدەکانی شەڕی داعش پێکهاتووە و بەکارهێنەر دەتوانێت وێنەکان لەیەکدی جودا بکاتەوە و پاشان بیانلکێنێت بەیەکەوە". ئەوە جگە لەوەی کە یارییەکی دیکەی کوردی تایبەت بە (پردی دەلال)ی دروستکردووە.
ئەو ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی و سێ خوشک و سێ برای لە ماڵەوە دەژیت و بەگوتەی خۆی یارمەتیدەرێکی باشن لە کارەکانیدا، بەڵام بۆ تەواوکردنی کارەکانی هیچ کەسێک یارمەتیدەری نەبووە، بۆیە داوا دەکات لەڕووی مادییەوە هاوکاری بکرێت.