.svg/553px-Iran_(orthographic_projection).svg.png)
بە 85 دەنگ، رەشنووسی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسندکرا و بڕیارە مانگی داهاتوو، بڕیارنامەکە لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر بدرێت.
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بە پێشێلکرانی مافی پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێران، سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین و بوونی یاسای دژە مافی ژنان لە دەستووری ئێران کراوە.
لەکۆی 183 وڵاتی بەشدار لە کۆبوونەوەی لیژنەی مافی مرۆڤ، 85 وڵات دەنگیان پێیداوە. 35 وڵات دژی دەنگیان داوە و 63 وڵاتیش دەنگی سپییان بە رەشنووسەکە داوە.
ئەو رەشنووسە مانگی داهاتوو لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخرێتە دەنگدان و ئەگەر لەوێش پەسەند بکرێت، دەبێتە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئێران پەسندکردنی ئەو رەشنووسە ئیدانە دەکات و دەڵێت، مەبەست لێی گووشار خستنە سەر حکومەتی ئێرانە.
لە رەشنووسی بڕیارنامەکەدا، هانی حکومەتی ئێران دراوە کۆتایی بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی خەڵک لە وڵاتە بێنێت. هەروەها تێیدا هاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە سنووردارکردنی لەرادەبەری ئازادی مەزهەبی و بیڕورا لە ئێران نیگەرانە.
لەو رەشنووسەدا پێشوازی لەهەوڵەکانی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن لەسەر پێکهاتە نەتەوەییەکان و ژنان کراوە.
لیژنەی مافی مرۆڤ هەروەها رەخنە لە زۆربوونی رێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەگرێت و داوا لە بەرپرسانی دەزگای داد و حکومەتی ئێرانیش دەکات یاسا نادادپەروەرانەکان لەبارەی کچان و ژنان نەهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیارەکەی بە سیاسی لە قەڵەمداوە و دەڵێت، هەندێک وڵات بە بێ لەبەرچاوگرتنی راستییەکانی نێو ئێران رەشنووسی ئەو بڕیارنامەیان پەسەندکردووە.
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، ئیدانەی پەسەندکرانی رەشنووسەکەی کردووە و دەڵێت "هەندێک وڵات بە مەبەستی سیاسی ئەو بڕیارنامەیان ئامادە کردووە و دەیانەوێ بەشێوەیەکی نادروست سوود لە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران وەربگرن و گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئێران".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، رێگەنەدەن ئەو بڕیارنامەیە لە ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران پەسندبکرێت.
63 وڵات دژی رەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە دەنگیانداوە، کە لە چاو بڕیارنامەکانی پێشوو دژ بە حکومەتی ئێران، ژمارەیان زیاتر بووە.
هاوپەیمانەکانی ئێران وەک سووریا، رووسیا و ڤەنزوێللا، کە خۆشیان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارن لە هەمووان زیاتر دژی بڕیارنامەکە وەستانەوە. ئەوانیش وەک ئێران، پەسەندکردنی رەشنووسی بڕیارنامەکەیان بە سیاسی لەقەڵەمدا.
چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و ئەو کەسانەی دەڵێن، مافەکانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پێشێلکراوە پێشوازییان لە پەسندکرانی کردووە. رێکخراو و چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، هەوڵدەدەن لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەکە پەسندبکرێت.
17/11/2016