
نەوشیروان مستەفا ، بەرهەم ساڵح ، جەلال تاڵەبانی ، کەمال فوئاد
هۆمەر دزەیی کە ماوەیەکی زۆر راوێژکاری سیاسی مام جەلال بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا، ئاشکرایدەکات کە بەراشکاوی لەگەڵ تاڵەبانی باسی جێنشینەوەی ئەوی کردووە و لە وەڵامدا مام جەلال سێ ناوی باسکردووە.
هۆمەر دزەیی هونەرمەند و راوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی کە بە کەسێکی نزیک لە سکرتێری گشتی یەکێتی دادەنرێت بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: " جەنابی مام جەلال خۆی بۆ من باسی لە چەند کەسایەتییەک کردووە کە بە شایەنی زانیوون جێگای بگرنەوە لە وانە نەوشیروان مستەفا (پێش ئەوەی گۆڕان جیابکاتەوە) و کەمال فوئاد و بەرهەم ساڵح".
قسەکانی هۆمەر دزەیی لەکاتێکدایە کە کێشەکانی ناو یەکێتی قوڵبوونەتەوە و بە تەواوەتی بۆ دووبەرە دابەشبوون.
دزەیی زیاتر باسی لەو گفتوگۆیەی خۆی و مام جەلال دەکات و دەڵێ: "من جارێکیان لە واشنتن لێم پرسی کە پشت بەخوا تەمەنت 100 ساڵ دەبێت، بەڵام خۆ تەمەن هەر تەواو دەبێت، لە دوای تۆ کەسی وا هەیە کە شوێنی تۆ بگرێتەوە؟ یان حیزبەکەی تۆیش وەک حیزبەکەی جەمال عەبدولناسری لێدێت چونکە هەموو شتەکان شەخسی جەمال عەبدولناسر بوو کە ئەو نەما حیزبەکەیشی کۆتایی هات، لێم پرسی ئایا حیزبەکەی تۆیش کە یەکێتییە وای لێدێت؟ یان خەڵکتان هەیە کە شیاو بێت و جێگات بگرێتەوە؟".
هۆمەر دزەیی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەگەڵ من ئەو سێ ناوەی هێنا، بەڵام بۆ ئەوەی دکتۆر بەرهەم بە شیاو بزانێت لە دوای خۆی، لای زۆر خەڵکی دیکەیش باسی کردووە، بەڵام ئاگام لێ نییە کە وەک میرات بە نووسین جێی هێشتبێت".
شاڵاو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو لە رۆژی 5-10-2016 باسی لە نامەیەكی جەلال تاڵەبانی کرد، بۆ ئەوەی دوای خۆی كێ یەكێتی بەڕێوەببات
شاڵاو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەکێتی سەبارەت بەو نامەیە گوتی "دوای ئەوەی مام جەلال بۆ نەشتەرگەری ئەژنۆی چووە ئەڵمانیا، نامەیەک دەنووسێت، بۆئەوەی ئەگەر خوا نەخواستە شتێکی لێهات، کێ یەکێتی بەڕێوەبەرێت تاوەكو دەچینە کۆنگرە".
لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکەی جەلال تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری دەڵێت "ناوەڕۆکەکەی ئاشكرا ناكەم، بەڵام یەکێتی بە چەند برادەرێک دەسپێرێت، زۆر لە برادەرانیش نامەکەیان بینیوە و خوێندوویانەتەوە".
جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی شەممە 19-7-2014،گەڕایەوە سلێمانی.
لەدوای دوورکەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و یەکێتی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە، کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی سەریهەڵدا و یەکێتی دابەش بوو بەسەر دووباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و جێگرانی سکرتێری گشتی کە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح-ن.
شەوی 1-9-2016، باڵی "ناوهندی بڕیار" لهلایهن کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی سكرتێری گشتی و ژمارهیهك لە ئهندامانی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی یهكێتی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک راگهیێندرا و تێیدا رایانگەیاند: "هیچ بڕیارێكی یهكێتی بڕیاری گشتگیری ئهو حزبه نابێت، ئهگهر ناوهندی بڕیار ئاگادار نهبێت و پهسندی نهكات".
د. کەمال فوئاد شەوی 16/15ـ 11ـ 2014 لە نەخۆشخانەیەکی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی گیانی لەدەستدا.
8/10/2016