تەرمی سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل دەبرێتە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە و بۆ ماوەیەک رێگا بە هاووڵاتییان دەدرێت، بۆ دوایین جار سەیری سەرۆکی پێشوویان بکەن.
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 28ـی ئەیلوولی 2016، شیمۆن پێرێز، سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل لە تەمەنی 93 ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتەکەی گیانی لە دەست دا.
لە سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 29ـی ئەیلوولەوە، تەرمی شیمۆن پێرێز براوەتە بەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) و بۆ ماوەی 12 کاتژمێر لەوێ دەمێنێتەوە، تاوەکو هاووڵاتی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بۆ دوایین جار سەرۆکی پێشووی خۆیان ببینن.
بڕیارە رۆژی هەینی 30ـی ئەیلوول، تەرمی سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل لە گۆڕستانی چیای هێرتزل لە شاری قودس بە ئامادەبوونی دەیان سەرکردە و کەسایەتیی جیهانی، بە خاک بسپێردرێت.
بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، شازادەی جێنشینی بەریتانیا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و شای ئیسپانیا بەشداریی مەراسیمی بە خاک سپاردنی شیمۆن پێرێز دەکەن.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن، کە شا محەمەدی شەشەم، شای مەغریبی عەرەبی، راوێژکارێکی خۆی دەنێرێت و سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسریش نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە مەراسیمەکە، دەکات.
کەناڵی 10ـی ئیسرائیلی باسی ئەوەی کردووە، کە پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ بەشداریکردنی سەرکردەکانیان لە مەراسیمەکە بەردەوامە، بە تایبەت وڵاتی عومان.
هەروەها رادیۆی (کۆڵ حای) ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، کە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردنیش بەشداریی دەکات.
29/9/2016