ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد
لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەست بە ساڵی نوێی خوێندن کراوە، بەڵام وەرزی نوێی خوێندن رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووەتەوە، لەوانە دەستگیکردنی هەزاران مامۆستا بەتۆمەتی هاوکاریكردن و لایەنگری بۆ پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن.
ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەد رایگەیاند "لە ئامەد 4 هەزار 300 مامۆستا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و، بە گشتی لە باکووری کوردستان 11 هەزار و 500 مامۆستا دوورخراونەتەوە".
ساڵی نوێی خوێندن لە باکووری کوردستان بە کێشە و گرفتەوە دەستیپێکردووە، لە قوتابخانەکان بەهۆی کەمی ژمارەی مامۆستا، گوشار لەسەر قوتابیان و قوتابخانەکان زیادیکردووە، بەو پێیەی ئەگەر پێشتر پۆلێک 30 قوتابی تێدا بووبێت، ئێستا لە هەندێک شوێن بووەتە 50 و لە هەندێک شوێنی دیکەش بووەتە 55 قوتابی لە پۆلێکدا.
ئەمە لە ئەنجامی کەمی ژمارەی مامۆستایان دروستبووە، بەهۆ ئەو ژمارە زۆرەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەو مامۆستایانەی تۆمەتی ئەوەیان خراوەتەپاڵ، کە پشتگیرییان لە کودەتا کردووە، یان پشتگیریان لە پەکەکە کردووە.
25/9/2016