دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر یانە شەوانەکە، هێزەکانی پۆلیس و هێزەکانی FBI، کە زیاتر هێزی هەواڵگری و هێزی ئاسایشن، لەگەڵ چەندین ئاژانسی ئەمنی ئەو وڵاتە لە لێکۆڵینەوەدان لەم کەیسە، بۆ ئەوەی بگەنە دوا دەرئەنجام، کە ئایا بکوژەکە کێیە و کێ هانی داوە ئەم کارە بکات؟ ئایا راستە داعش فەرمانی پێکردووە؟
نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لە فلۆریداوە رایگەیاند، ئەو زانیاریانەی لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بە ئێمە گەیشتوون، عومەر مەتین ساڵی 1986 لە دایک و باوکێکی بەڕەچەڵەک ئەفغانی لە نیویۆرک لەدایکبووە، ماوەی چەند مانگێ لەژێر چاودێری FBI بووە، بەجۆرێک FBI گومانیان لێ دروستکردبوو، کە ئەم کەسە پەیوەندی هەبووە بە چەند کەسایەتییەکی تووندڕەوەوە.
وەك پەیامنێری رووداو باسیكرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا FBI نەگەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بڵێت ئەم کەسە شایستەی ئەوەیە بگیرێت، یاخود شایستەی ئەوەبێت چەکەکانی لێوەربگیرێنەوە، چونکە ئەو چەکانەی کە کڕیونی، هەمووی بە یاسایی کڕیون، جیا لەوەش لە کۆمپانیایەکی ئەمنی لە وڵاتە کاری کردووە، ئەو کۆمپانیا ئەمنییەش کار بۆ حکومەتی ئەمریکا دەکات.
عومەر مەتین بەر لە ئەنجامدانی ئەو کارە خوێناویە بۆ سەر یانەی (پەڵس)، واتە لێدانی دڵ، تەلەفۆنی بۆ 911 کردووە، 911 ژمارەی لەناکاوی پۆلیسی ئەمریکایە و گوتوویەتی من ئەم کارە بۆ داعش ئەنجام دەدەم.
لەبارەی دوایین ئاماری کوژراو و بریندارەکان نامۆ عەبدوڵڵا گوتی "زیاتر لە 50 کەس کوژراون و 53 کەسیش برینداربوونە، ئەم رووداوە بە گەورەترین هێرشی خوێناوی لەڕێگەی چەکەوە لە هەموو مێژووی ئەمریکا دادەنرێت".
13/6/2016