سەرۆکی میسر پێیوایە یەکڕیزی نێوان لایەنەکان هۆکارێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، دەشڵێت، وڵاتانی عەرەبی لە لاوازترین باردان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی سعودی، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر رۆژی یەکشەممە 1ی ئاداری 2015 رایگەیاند:" پێویستمان بەیەکڕیزی هەیە، ئەمەش یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ لەناوبردنی چەکدارانی داعش، یەکڕیزی واتە هەبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا".
سیسی پێیوایە، ناتوانرێت پلانە ئەمنیی و سیاسییەکان تەنیا لە پرۆسەی سەربازی و ئەمنیدا کورتبکرێنەوە، بەڵکو دەبێت بە یەکگرتوویی رێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر، هەروەها دەبێت بەرپەرچیان بدرێتەوە لە ناوچەکەدا.
سیسی وڵاتانی عەرەبی بە جەستەیەکی بریندار و لاواز دەچووێنێت، هەروەها دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی داعشیش لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە هۆشداریدا و گوتی" وڵاتانی عەرەبی لە مەترسیدان و جەستەی عەرەبی بریندارە، هەروەها ئەو جەستەیە لە لاوازترین باردایە".
2/3/2015