فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2025-04-23-20-31-58 ڤیدیۆیەکە، فەرمانی پێویستم دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە." داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان گوتی، "بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەش...
2025-04-23-20-28-02 گۆڵۆباڵیزم ( کەئەوکات بەسیستەمی نوێی جیهان) پێناسە دەکرا. ئەو ململانێ فکریەش لە نێوان (ساموئل هانتینگتون ) ی خاوەن تێزی (پێکدادانی شارستانیەکان) و فرەنسیس فۆکۆیامای خاوەن...
2025-04-23-19-52-21 ساڵ و دەیان ملیار دۆلاری تێچووی بوو . بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل بە بەکار هێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمەریکی توانیتی حەسەن نەسرولله کە لە قولای...
2025-04-23-19-49-44 و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆم، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدات. هەروەها لە بەرامبەریشدا، ترامپ بە كۆمەڵێك پێشمەرجی زۆر و قورسەوە، نامەیەك بۆ...
2025-04-12-15-24-28 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی ناگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. رەنج پشدەری، چالاکڤانی کورد لە سوێد، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەید عەلی رەحیم پوور،...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

facbwk 836920085_237345452

 

ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ فه‌یسبوك، گه‌یشتووه‌ته‌ 1.3 ملیار كه‌س له‌ هه‌موو جیهاندا، به‌وه‌ش ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نزیكترین تۆڕه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردنی‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی‌ نوێبوونه‌وه‌ و خۆبه‌دوورگرتن له‌ بڵاوكراوه‌ نه‌شاوه‌كان، كۆمپانیای‌ فه‌یسبوك چه‌ند مه‌رج و یاسایه‌كی نوێی بۆ بڵاوكراوه‌كان ده‌ركرد.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 16ی‌ ئادار، كۆمپانیای فه‌یسبوك پێوه‌ره‌كانی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ روونكرده‌وه‌، به‌وه‌ش كۆمپانیاكه‌ رێنمایی زیاتر ده‌دات به‌ به‌شداربووانی‌ بۆ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی‌ كه‌ چیتر رێگه‌ پێدراو نین.

پێشتر كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند، كه‌ به‌شداریكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ وه‌ك رێكخراوی‌ داعش قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئێستا لیستی‌ بڵاوكراوه‌ رێگه‌پێنه‌دراوه‌كان زیاد ده‌كات له‌وانه‌ش "پاڵپشتیكردن یان پیاهه‌ڵدان به‌و گرووپانه‌ی‌ ره‌فتاری‌ تاوانكاری‌ و توندوتیژییان هه‌یه‌، رێگه‌پێدراو نین".

كۆمپانیای فه‌یسبوك، وتیشی‌: "هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ خه‌ڵكی‌ به‌ ئازاردانی‌ جه‌سته‌یی یان دارایی، یان به‌مه‌به‌ست سووكایه‌تیكردن به‌ كه‌سانی‌ تر له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر پۆستێك كه‌ ئابڕووبه‌رانه‌ بێت، ئه‌وه‌ش رێگه‌پێدراو نییه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ هاندان بێت بۆ خۆكوشتن یان مانگرتن له‌ خواردن".

هه‌روه‌ها فه‌یسبوك بابه‌تی‌ سێكسی‌ و خۆڕووتكردنه‌وه‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كردووه‌، به‌ڵام لێره‌ به‌دواوه‌، وه‌ك كۆمپانیاكه‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌دات زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و وردتر بۆی‌ ده‌ڕوانن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاریداوه‌ هه‌ر وێنه‌یه‌كی رووت كه‌ ئه‌ندامی‌ زاوزێی تێدا ده‌ربكه‌وێت، بسڕدرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌ش كه‌ سنگی‌ ئافره‌ت به‌ رووتی‌ تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام رێگه‌ به‌و ئافره‌تانه‌ ده‌دات سنگیان ده‌ربخه‌ن كه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵمه‌تی‌ شیردانی‌ سرووشتی‌ دایك بۆ منداڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگه‌ ده‌درێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تابلۆیانه‌ی‌ كه‌ كه‌ساییه‌تییه‌كان به‌ رووتی‌ تیایدا ده‌رده‌كه‌ون.

یه‌كه‌م جاره‌ كۆمپانیاكه‌ باس له‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ ده‌كات كه‌ هاندانی‌ توندوتیژی‌ و قۆستنه‌وه‌ی‌ سێكسیان تێدایه‌، له‌وانه‌ش وه‌ك پێیده‌ڵێن تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی‌ سێكسی‌، وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ سێكسی‌ له‌ نێوان دوو كه‌س به‌مه‌به‌ستی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، گه‌ر پێشتر روخسه‌تی‌ له‌و كه‌سانه‌ وه‌رنه‌گرتبێت كه‌ له‌ وێنه‌كاندا ده‌ر ئه‌كه‌ون.

فه‌یسبوك به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ وه‌رگرتنی‌ ئاگادارییه‌كانی‌ به‌شداربووان له‌ بڵاوكراوه‌ نه‌شیاوه‌كان، له‌وباره‌شه‌وه‌ فه‌یسبوك وتی‌، به‌درێژایی كاتژمێره‌كانی‌ رۆژ، تیمی‌ تایبه‌تمان هه‌یه‌ له‌هه‌موو جیهان بۆ به‌دواداچوونی‌ ئه‌و ئاگادارییانه‌، هه‌موو راپۆرتێكیش لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت پێش ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت، بڕیاری‌ سڕینه‌وه‌ی‌ هه‌ر بابه‌تێكیش ماوه‌یه‌كی ده‌وێت ره‌نگه‌ بگاته‌ 48 كاتژمێر، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ لای‌ زۆرێك دروست كردووه‌، چونكه‌ ماوه‌ی‌ بڕیاردانه‌كه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند خوله‌كێكدا ده‌گاته‌ هه‌موو به‌كارهێنه‌ران له‌ ته‌واوی‌ جیهاندا.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ حكومه‌ته‌كان داوایان كردووه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك بسڕیندرێته‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ نوێیه‌كانی‌ كۆمپانیا، فه‌یسبوك پلانی داناوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ راپۆرتی‌ شه‌فافه‌ییتی‌ كۆمپانیاكه‌، كه‌ تیایدا داواكاری‌ حكومه‌ته‌كان بۆ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنه‌ران و سڕینه‌وه‌ی‌ بڵاوكراوه‌كان له‌هه‌ر وڵاتێكدا، بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم
سه‌رچاوه‌: RT

ه. ر

17/3/2015

sardashttttttttttttt

 

فەرمانداری شاری سەردەشت گۆڕدرا و لە رێوڕەسمی دانانی سەرپەرشتیاری نوێ بۆ پۆستی فەرمانداریەتی سەردەشت، بەرپرسانی پارێزگای ورمێ دووبارە بەڵێنەکانیان بە خەڵکی ئەو شارە دووپاتکردەوە.

قوربانعەلی سەعادەت، پارێزگاری ورمێ، لەو رێوڕەسمەدا رایگەیاند ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەیە کە سەردەشت بکرێتە ناوچەی ئازادی بازرگانی.

سەعادەت ئاماژەی بەوەدا ئەوان ئەو پێشنیازەیان خستووەتە بەردەم حکومەت و حکومەتیش کاری لەسەر دەکات. هیواشی خواست رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەیان دەرببڕدرێ و بەمەش سەردەشت ئاوەدانی و پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوتەی پارێزگاری ورمێ، ئەوان لەبارەی بەفەرمیکردنی دەروازەی سنووری کێلێ، لەنێوان سەردەشت و قەڵادزێ، سەرقاڵی گفتوگۆکردنن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی. بە فەرمیبوونی ئەو دەروازەیەشی بە هۆکارێک بۆ پێشکەوتنی ئابووری ناوچەکە لەقەڵەمدا.

پارێزگاری ورمێ داواشیکرد بەڕێوەبەرانی حکومی لەو پارێزگایە هەڵاواردن لەنێو هاونیشتمانیاندا نەکەن و رێز لە یاسا بگرن.

17/3/2015

helabca2013

 

لە رۆژی 16 مانگی ئاداری ساڵی 1988 هەواڵی روودانی کارەساتێکی باوەڕنەکراو بڵاوبوویەوە، بەڵام تا ئەوکات هیچ دەزگایەکی ناسراوی راگەیاندن لە جیهان ئەو هەواڵەی پشتڕاستنەکردەوە.

هەواڵە نافەرمییەکان باسیان لە کوژرانی هەزاران کەس لە دانیشتوانی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان دەکرد بەهۆی بۆردومانکردنی شارەکە بە چەکی کیمیاوی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئەو سەردەمەی عێراق.

دوای چەند رۆژێک لە نێو بێدەنگی میدیا جیهانییەکان تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران چەند دیمەنێکی کارەساتی هەڵەبجەی بڵاوکردەوە کە کاردانەوەی لە جیهان بەدوای خۆیەوە هێنا، بەڵام تەنانەت ئاشکرابوونی ئەم کارەساتە و ئیدانەکردنی لە ئاستی جیهانیشدا بۆ کۆتاییهێنان بە ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی باشووری کوردستان بەس نەبوو.

ئەو ستەم و زۆرییەی کە لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە دەستی پێکردبوو بەروودانی کارەساتی هەڵەبجە و دەنگدانەوەی لە جیهان کۆتایی پێ نەهات. تا پاش سێ ساڵ لە روودانی کارەساتی هەڵەبجە کوردانی باشووری کوردستان راپەڕینیان لە دژی رژێمی حیزبی بەعس لە عێراق و کۆچی ملیۆنیان دەستپێکرد، ئەوکات دۆخەکە بە تەواوی گۆڕا و سەرەتای دروستبوونی هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا.

خەباتی کوردانی باشووری کوردستان لە عێراق دژی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تێکەڵاوی شەڕێ نێوان ئێران و عێراق بوو.

ئەوان لە روودانی ئەم شەڕەدا رۆڵیان نەبوو، بەڵام لە هەردوولای سنوور زیانمەندی ئەو شەڕە بوون. زەقترینی ئەو زیانانەش خاپورکردنی هەڵەبجە بوو، بەڵام دوای27 ساڵ هەڵەبجە نەک تەنها ژیانی لەبەرکردەوە، بگرە کرایە پارێزگاش و ناوبانگی لە هەموو جیهان بڵاوبوویەوە، ئێستاش لە جیهان کە باسی هەڵەبجە دەکرێت باسی 5 هەزار شەهید و 10 هەزار برینداری چەکی کیمیاوی دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسان و نوێنەرانی هەڵەبجە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ عێراق بە فەرمی دوای لێبوردن بکات لە هەڵەبجە و جیهانیش بە فەرمی کارەساتی هەڵەبجە بە تاوانی کۆمەڵکوژی بناسێنن. 

17/3/2015

imam hamudi

 

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ستایشی پێشڕەوییەکانى هێزى پێشمەرگە، حەشدى شەعبی و سوپاى عێراقی کرد، جەختیشی لەسەر یەکڕیزیى هەموو هێزەکان کردەوە لە پێناو رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى سەر بە رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى داعش.

هومام حەموودى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کاتى وەستانى خولەکێک بۆ گیانى قوربانیانى چەکى کیمیاوى هەڵەبجە و بنکەى ئاسمانى سپایکەر لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان، بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ى راگەیاند: "هێزى پێشمەرگەو هێزەکانى حەشدى شەعبی و سوپاى عێراق پێکەوە بە یەکدەست رووبەڕووى داعش دەبنەوە". گوتیشی: "شەهیدانمان لەبیرناکەین و وەفاداردەبین بەرامبەریان و هەموو ئەو کەسانەش سزادەدەین کە خەڵکى بێتاوانیان کوشتووە".

ئارام شێخ محەمەد، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە حەموودى گوت: "سوپاسى هەڵوێستتان دەکەین و ئەمڕۆ ساڵیادى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەیەو دڵنەوایی خێزانە شەهیدەکانى سەرتاسەرى جیهان دەکەین، بەتایبەتیش شەهیدانى هەڵەبجە". گوتیشی: "ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ قوربانیانى بنکەى سپایکەرداین و لەگەڵ سەرجەم عێراقییەکان دژى دوژمنان دەوەستینەوە".

هەروەها گوتى: "ئەوەى لە هەڵەبجە روویدا کارەساتێکى گەورە بوو، هێزەکانى پێشمەرگەش ئەمڕۆ رووبەڕووى گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوەو لە جیاتى هەموو جیهان شەڕى داعش دەکەن و سەرکەوتنى گەورەشیان تۆمار کردووە".

16/3/2015

logoi hdp

 

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات، کە رۆژی 16ی ئادار وەک رۆژی کۆمەڵکوژی کورد بناسێنێ و ناوی بنێ "رۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی کورد".

کەمال ئاکتاش، پەرلەمانتاری وانی HDP رەشنووسی بڕیارێکی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کردووە، کە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک "رۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی کورد" ناوزەد بکات. هەروەها دان بە کۆمەڵکوژی شاڵاوەکانی ئەنفالیشدا بنێ، کە 4 هەزار و 500 گوند خاپوور کران و 180 هەزار کورد بوونە قوربانی.

ئاکتاش دەڵێ: "ئەو شاڵاوانەی رژێمی سەدام حوسێن، بەناوی ئەنفال ئەنجامیدان تاوانن، بۆیە پێویستە وەک کۆمەڵکوژی دانیپێدابنرێ، ناساندنیشی وەک کۆمەڵکوژی رێگە لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە دەگرێت، هاوکات هاوخەمییە لەگەڵ ئەو خەڵکەی بوونە قوربانی".

لە رەشنووی پێشنیازکراوی HDP دا هاتووە: "ناساندنی  شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە وڵاتی تورکیا، کە زۆرترین رێژەی کوردی تێدا دەژین، زۆر گرنگ و مانادار دەبێت".

16/3/2015

qasim sleimani

 

لە راپرسی ساڵانەی ماڵپەڕی خەبەر ئۆنلاین دا، قاسم سولەیمانی وەکو کەسایەتی ساڵی ئێران هەڵبژێردرا. قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس، لەم راپرسییەدا 37% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و توانی براوەی ساڵی پێشوو محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران شکست پێبێنێت.

بەر لە قەیرانی سووریا و عێراق، کەم کەس هەبوو ناوی قاسم سولەیمانی بیستبێت یانیش وێنەی بینیبێت. بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا رۆڵی سەرەکی لە یارمەتیدانی سوپای حکومەتی سووریادا هەبووە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و داعش ببنەوە. 

لە دوایین دەرکەوتنیدا، قاسم سولەیمانی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت کە تێیدا رووی قسەی لە سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراقییە و گومان دەکرێت لە نزیک تکریت بێت.

سوپای قودس، لقی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە لە سەرەتادا بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی دامەزرا. 
بە گوێرەی راگەیێنراوی خەبەر ئۆنڵاین، لەم راپرسییەدا، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بووە، 463 هەزار كەس بەشدارییان كردووە.

محەممەد جەواد زەریف بە 28% پاش سولەیمانی بە کەسی دووەمی ساڵ هەڵبژێردراوە. زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتی شاندی ئێران بۆ دانوستانە ناوەکییەکانی نێوان ئێران وڵاتانی رۆژئاواش دەکات.

rudaw

16/3/2015

nawzad hadi paregari hewler

 

لەبارەی ئەو مووشەکانەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاراستەی رۆژئاوای هەولێر کران، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەیێنێت:" دووپاتی دەكەینەوە بۆ خەڵكی كوردستان كە داعش لە سەرەمەرگن و ئەو هەوڵانە دادیان نادات".

نەوزاد هادی لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت:" سەرلەبەیانی رۆژی 15-3-2015  ، تیرۆریستانی شكستخواردووی دۆڕاوی داعش ، لەڕێگەی دزەپێكردنی رۆكێتێك، 3 مووشەكیان ئاڕاستەی خوارووی رۆژئاوای  شاری هەولێر كردن و خۆشبەختانە بەبێ‌ هیچ زەرەرو زیان و لە دووری شاری هەولێر، لە نزیك كانی قڕژاڵە كەوتنەخوارەوە، دەنگۆیەكەش زۆر بە ئاسایی بەسەر خەڵكی نیشتەجێی ئەو ناوچەیەدا تێپەڕی".

دەقی روونکردنەوەکە:

سەرلەبەیانی رۆژی 15-3-2015  ، تیرۆریستانی شكستخواردووی  دۆڕاوی داعش ، لەڕێگەی دزەپێكردنی ڕۆكێتێكی دانراو لەسەر شان ، 3 موشەكیان ئاڕاستەی خوارووی رۆژئاوای  شاری هەولێر كرد و خۆشبەختانە بەبێ‌ هیچ زەرەرو زیان و لە دوری شاری هەولێرو نزیك كانی قڕژاڵە كەوتە خوارەوە و  دەنگۆیەكەش زۆر بە ئاسایی بەسەر خەڵكی نیشتەجێی ئەو ناوچەیەتێپەڕی ، بەبێ‌ ئەوەی تۆزقاڵێك نیگەرانی دروست بێ و  چونكە لای هەمووان روون و ئاشكرایە كە بڕوای خەڵكی كوردستان بە ورەی پۆڵاینی پێشمەرگە زۆر بڕوایەكی پتەو و گەورەیە  و هەمووشمان پێشمەرگەین. 

دووپاتیشی دەكەینەوە  بۆ خەڵكی كوردستان كە داعش لە سەرەمەرگن و ئەو هەوڵانە دادیان نادات .

سڵاو لەپێشمەرگە و سەربەرزی بۆ خەڵكی كوردستان و درود بۆ شەهیدان و روو ڕەشی مردن بۆ تیرۆریستان .

نەوزاد هادی

پارێزگاری هەولێر

yaman abd raba mansur

 

چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی و سه‌ندیكا و رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن، به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوویان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حوسییه‌كان پێكهێنا.

سایتی روسیا توده‌ی بڵاویكرده‌وه‌: ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ حه‌وت پارتی سیاسیی وه‌ك گردبوونه‌وه‌ی چاكسازی و رێكخراوی ناسری و حزبی ره‌شادی سه‌له‌فی و پارتی دادپه‌روه‌ری و بنیادنان و كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی و گه‌شه‌پێدان و كۆنگره‌یی میللیی گشتیی باشور پێكهاتووه‌ كه‌ ناوی به‌ره‌ی رزگاریی نیشتمانیی بۆ دژایه‌تیكردنی حوسییه‌كان لێنراوه‌.

هه‌ر له‌ به‌ره‌ی دژبه‌ حوسییه‌كان، پێنج پێكهاته‌ی سه‌ربه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئاشتیخوازی باشور و چه‌ند كوتله‌یه‌ی په‌رله‌مانی و 11 بزووتنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ شۆڕش و گه‌نجان و 16 رێكخراوی مه‌ده‌نی به‌شدارییان كردووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسور، سه‌رۆكی هه‌ڵاتووی یه‌مه‌ن، له‌ شاری عه‌ده‌نه‌وه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد كه‌ یه‌كێكیان گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر بوو بۆسه‌ر كاره‌كانیان كه‌ له‌ سه‌رده‌می عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و له‌ ساڵی 1994 به‌هۆی جه‌نگی جیابوونه‌وه‌ی به‌شی باشووری ئه‌و وڵاته‌، له‌سه‌ركاره‌كانیان لابرابوون.

هه‌ر له‌نێو ئه‌و بڕیارانه‌، سه‌رۆكی یه‌مه‌ن بڕیاریدا 20 هه‌زار گه‌نجی به‌شی باشووری وڵاته‌كه‌ی بخاته‌ خزمه‌تی سه‌ربازی و دووباره‌ هاوسه‌نگی له‌ناو هێزه‌كانی سوپا په‌یدا بكاته‌وه‌.

15/3/2015

kerry14102013bb

 

جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێش گەشتەکەی بۆ سویسرا و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران، رایگەیاند ئەو هیوای بەوەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و لە وادەی خۆیدا ئەو رێککەوتنە واژۆ بکرێت. 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 15ی ئازار) نوێنەرانی وڵاتانی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بگەنە شاری لۆزانی سویسرا و دەست بە گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنەوە.

پێش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، کیری لەمیانەی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی CBSی ئەمریکی، رایگەیاند ئەوان ئومێدیان بەوە هەیە کە تاوەکو 31ی ئەم مانگە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و هەموو هەوڵێکی خۆشیان دەدەن بۆ ئەو مەبەستە. 

کیری گوتیشی: "ئەگەر هەموو لایەنەکان لەوە دڵنیاببنەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتیانەیە، ئەوان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک". 

15/3/2015

ali hama salah

 

پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێ، لەوەتەی بزووتنەوەكەیان بەشداریی لە کابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووە، یەك دیناری لە حكومەت وەرنەگرتووە، بەدووریشی دەزانێ ئەمساڵ بودجەی حیزبەكان بدرێت.

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رەتیکردەوە بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتی بەشداریکردنییەوە لە حکومەت تا ئێستا بودجەی وەرگرتبێت و دەڵێ "یەك دینارمان وەرنەگرتووە".

بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2014، پەرلەمانی كوردستان كە لە 24/7/2014 دەرچووە، لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بودجەی حیزبەكان دیاریدەكرێت، هەر بەپێی ئەو یاسایە ساڵانە لە 1% بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ حیزبەكان تەرخاندەكرێت، بەڵام عەلی حەمە ساڵح بە دووری دەزانێ‌ لەمساڵیشدا حیزبەكان بودجەیان پێبدرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "هەتا قەیرانی دارایی هەبێت، حیزبەكانی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەكیان پێنادرێت، ئەگەر ئەمساڵ پارە مایەوەو حكومەت قەرزی لەسەر نەما، ئەوكاتە بودجەی حیزبەكان دەدرێت، ئەوەش ئەگەرێكی دوورە". 

15/3/2015

ali yunisiii

 

وتەکانی راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران لە بارەی باڵادەستبوونی بێسنووری دەوڵەتی ئێران لە عێراق، دواجار لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و تەنانەت لە ئاستی پەرلەمان و بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێرانیش کاردانەوەی توندی بە دواداهات. 

عەلی یونسی راوێژکاری تایبەتی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی 8 مارس لە سیمینارێکی تایبەت بە مێژوو و ناسنامەی وڵاتی ئێران گوتی:" ئێستا عێراق نەک هەر بەشێکە لە ناوچەی شارستانیەتی ئێران ، بگرە ناسنامە و کەلتوور و پایتەختی ئێمەیە هەم بۆ رابردوو و هەم بۆ ئێستا".

ئیسماعیل کەوسەری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند بۆچوونەکانی یونسی لە بارەی باڵادەستی ئێران لە عێراق زیانی بە ئاسایشی نیشتمانی ئێران گەیاندووە و نابێ کەسێکی وەک یونسی راوێژکاری سەرۆک کۆمار بێت و پێویستە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن، تاکو هیچ بەرپرسێکی دیکە نەوێرێت لێدوانی لەو شێوەیە بدات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بگەیەنێت.

هەروەها محەممەد حەسەن ئەسفەری پەرلەمانتار رایگەیاند چاوەڕوان دەکەن سەرۆک کۆمار بەر بەو چەشنە لێدوانانەی راوێژکارەکانی بگرێ، کە کێشە بۆ ئێران دەنێنەوە و دەبێ حەسەن رووحانی راوێژکارەکەی ئاگادار بکاتەوە.

رەخنە و نیگەرانییەکان لە بارەی لێدوانەکانی راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران تەنیا لە ئاستی پەرلەمانی ئەو وڵاتە نەوەستاون و ئەحمەد خاتەمی وتاربێژی نوێژی هەینی تاران لە وتاری نوێژی هەینیدا، بە پێچەوانەی قسەکانی یونسی جەختی لەوە کرد کە :"ئێران پشتگیری یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و نەک هەر سنوورەکانی عێراق بە رەسمی دەناسێت، رێز لە سنوری هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێت".

ئەحمەد چالداوی ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆی (عیلم و سەنعەت)ی تارانیش گوتوویەتی قسەکانی یونسی یارمەتیدانی ئەو هێرشە میدیاییەیە کە بە مەبەستی گورزوەشاندن لە ئێران پرسی سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریەتی نویێ ئێرانی ورووژاندووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە میانەی وتارەکەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا باسی لە باڵادەستی سەرسووڕهێنەری ئێران لە وڵاتانی عەرەبی کرد و راشکاوانە گوتی ئێران چوار پایتەختی وڵاتانی عەرەبیە واتە (دیمەشق و بەغدا و بەیروت و سەنعا)ی لە دەست گرتووە ، هەروەها وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت سعودیە بەردەوام نیگەرانی دەردەبڕن لە پەرەسەندنی باڵادەستی سیاسی و سەربازی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە.

هەرچەن دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی بەرپرسانی حکومی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا جەختی لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری و سەربەخۆی عێراق کرد و عەلی یونسی راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند "بە هەڵە لە مەبەستی ئەو تێگەیشتوون"، بەڵام بە پێی کاردانەوەی توندی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەرامبەر ئەو لێدوانانە، حکومەتی حەسەن روحانی زەخت و فشاری ناوخۆیی و دەرەکی زیاتری بۆ دروست بوو.

15/3/2015

peshmarga  u chaki qurss

 

“فه‌لاح مسته‌فا”، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ وتارێكدا كه‌ بۆ ڕۆژنامەی ‌ (The Guardian)ـى به‌ریتانى نووسیوه، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كورد پێویستى زۆرى به‌ چه‌كى قورس هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش).

ناوبراو ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ك بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دابین بكرێت ئه‌وا له‌ داهاتوودا بۆ ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى پشتى پێ ده‌به‌ستێت.

ئه‌و له‌ وتاره‌كه‌ى دا ڕوونى ده‌كاته‌وه‌: “ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ به‌هۆى ترسێكى بێ بنه‌ما، دابین كردنى چه‌كى قورس بۆ كوردستان سنووردار كراوه‌.”

هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: “ئێمه‌ چه‌كه‌كان بۆ شه‌ڕى دژ به‌ چه‌كدارانى داعش و پاراستنى نیشتمانمان به‌كار دێنین و مه‌به‌ستمان نییه‌ له‌ شوێنى تر ئه‌و چه‌كانه‌ بخه‌ینه‌ كار. ئێمه‌ به‌دواى ئاشتى و ئارامین و حه‌ز ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر هاوكار بین.”

فه‌لاح مسته‌فا ڕوونى ده‌كاته‌وه‌: “له‌وانه‌یه‌ ساڵى داهاتوو ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆ بین، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌و كاتیش دا بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئێمه‌ گرنگه‌.”

به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن له‌ داهاتوودا چۆن ده‌توانن به‌یه‌كه‌وه‌ بژین. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌كدارانى داعش شكست بده‌ن، ‌ ئه‌وه‌ش كارێكه‌ كه‌ به‌ته‌نیا ناكرێت.

فلاح مسته‌فا زیاتر ده‌نووسێت: “نه‌بوونى چه‌كى قورس، پێشمه‌رگه‌ ده‌خاته‌ بارودۆخێكى سه‌خت، به‌و پێیه‌ى كه‌ ته‌نها چه‌كى سووكمان له‌ به‌رامبه‌ر ئۆتۆمبێله‌ گوللـه‌نه‌بڕه‌كانى داعش له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ده‌ستێكمان له‌ پشته‌وه‌ به‌سترابێت. پێشمه‌رگه‌ كه‌لوپه‌لى پێویستى وه‌ك چاكه‌تى زستانه‌ و خۆده‌یشى نییه‌ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هۆى كێشه‌ داراییه‌كان ناتوانێت بۆیان دابین بكات.”

له‌ درێژه‌ى وتاره‌كه‌دا هاتووه‌: “حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌ڕاى شه‌ڕى داعش له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ یارمه‌تى دانى په‌نابه‌ران، ئه‌گه‌رچى حكوومه‌تى ناوه‌ندى به‌شه‌ بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمیش نانێریت و ڕێگه‌ش له‌وه‌ ده‌گرێت توركیا 500 ملیۆن دۆلار وه‌ك قه‌رز بدات به‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.”

له‌ كۆتاییدا، فه‌لاح مسته‌فا، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ كورد هێزى وشكانى بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش دابین ده‌كات به‌ڵام بۆ پاراستى جه‌بهه‌یه‌كى 1000 كیلۆمه‌ترى پیێویستى به‌ چه‌كى قورس هه‌یه‌.

14/3/2015

parlemani turkyaaaaaaaaaaaaa

 

دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان AKP  پڕۆژەیەکی پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ ئاستەنگکردنی داخستنی پارتە سیاسییەکان، ئەو پڕۆژە پێشنیازکراوە لەلایەن لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیاوە پەسندکرا.

ئەو داواکارییە لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆمارییەوە دەدرێتە پەرلەمانی تورکیا، دوای گەیشتنیشی هەر پارتێكی سیاسی بە پێنج ئەندام بەشداریی تێدا دەکات و کۆمیسیۆنێک لەماوەی 30 رۆژدا پێکدێ. سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنەکە دەکات، بەڵام مافی دەنگدانی نابێت.

دادگای دەستووری لەجیاتی داخستنی پارتی سیاسی، بەپێی ئەو کەیسەی لەسەر پارتە سیاسییەکە هەیە، بەشێک یان بەتەواوی لە هاوکارییە ماددییەکانی حکومەت بێبەشی دەکات.

مێژووی داخستنی پارتە سیاسییەکان لە تورکیا لە ساڵی 1925، واتە دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا، بە داخستنی پارتی کۆماری پێشکەوتنخواز دەستپێدەکات و لە ساڵی 2009شدا بە داخستنی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی کۆتایی پێدێت.

لەماوەی 84 ساڵدا 58 پارتی سیاسی لە تورکیا داخراون، کە بەشی زۆریان بە فەرمانی دادگای سەربازی داخراون، دوایین دوو پارتیش هەریەکە لە پارتی دیموکراتی گەل و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی بوون، کە دوو پارتی کوردی بوون.

رۆژی سێشەممە 10ی ئاداری 2015 پێشنیازی ئاستەنگکردنی داخستنی پارتە سیاسییەکان بە 224 واژۆی پەرلەمانتارانی تورکیاوە رادەستی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری کرا، کە بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیاوە دەست میدیاکان کەوتوون، لە رۆژی هەینییەوە گفتوگۆکان لەبارەیەوە دەستپێدەکەن.

14/3/2015

amran zuxbi w surya

 

عومران زوغبی ، وەزیری راگەیاندنی سووریا رایگەیاند كورد بەشێكن لەوشەڕەی لە بەرامبەر داعش دەكرێت . وەزیری راگەیاندنی سووریا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سووریا ، باسی ئیدارەی ناوخۆیی (ئیدارەی زاتی) كرد بۆ كورد و رایگەیاند " كورد بەشێكن لە گەلی سووریا ، قسەكردنیش لەبارەی ئیدارەی زاتی ، ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە لە چوارچێوەی سنوورە نیشتمانییەكانی سووریادا بێت ، لەگەڵ حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ، بەپێی یاسا و رێوشوێنە دەستوورییەكان ".

هەروەها عومران زوغبی ، وەزیری راگەیاندنی سووریا گوتی " كورد لە ناوچەكانی باكوور بەرەنگاری رێكخراوی داعشی تیرۆریست بوونەتەوە ، هەروەك ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی لە ناوچەكانی دەوروبەری دیمەشق و حەلەب و ناوچەكانی دیكە هەیە ".

13/3/2015

logoi asaysh

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە هاتووە:" ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌ی له‌به‌رده‌سته‌، كه‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه مه‌وادی كیمیاوی‌ به‌كارهێناوه‌". راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێیدا هاتووە:" هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شیكردنه‌وه‌ سه‌مپڵی خۆڵ و پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ و ره‌وانه‌ی‌ تاقیگه‌ی ولاتێكی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد. شیكردنه‌وه‌كه‌‌‌، كه‌ له‌ تاقیگه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریخستووه‌ سه‌مپڵه‌كان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مادده‌ی كلۆریان تێدایه، كه‌ له‌ دروستكردنی چه‌كی كیمیاوی به‌كاردێت‌. ئه‌مه‌ش‌ یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیییه‌، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێ داعش له‌ دروستكردنی چه‌كدا سوودی له‌ مادده‌ی كلۆر وه‌رگرتووه‌." 

 

دەقی راگەیەندراوەکە:

 

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

 

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌ی له‌به‌رده‌سته‌، كه‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه مه‌وادی كیمیاوی‌ به‌كارهێناوه‌.

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 23ی كانوونی دووه‌می رابردوو ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌قانده‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شیكردنه‌وه‌ سه‌مپڵی خۆڵ و پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ و ره‌وانه‌ی‌ تاقیگه‌ی ولاتێكی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد. شیكردنه‌وه‌كه‌‌‌، كه‌ له‌ تاقیگه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریخستووه‌ سه‌مپڵه‌كان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مادده‌ی كلۆریان تێدایه، كه‌ له‌ دروستكردنی چه‌كی كیمیاوی به‌كاردێت‌. ئه‌مه‌ش‌ یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیییه‌، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێ داعش له‌ دروستكردنی چه‌كدا سوودی له‌ مادده‌ی كلۆر وه‌رگرتووه‌. 

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی به‌كارهاتنی ئه‌م چه‌كه‌ یا هه‌ر چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراوی دیكه‌ ده‌كات.  راستی پشتبه‌ستنی داعش به‌ تاكتیكی وا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌، بۆیه‌ نا ئومێدانه‌ په‌نا بۆ هه‌ر ئامرازێك ده‌بات.

هێرشه‌كه‌ی 23ی كانوونی دووه‌می رابردوو له‌ شاڕێی 47 ی نێوان مووسڵ و سوریا له‌ چوارڕیانی كه‌سكێ روویدا، له‌ كاتێكدا هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ پێگه‌ی به‌رگریدابوون له‌ پاش هێرشێكی دوو رۆژه‌ بۆ سه‌ر داعش، كه‌ له‌و هێرشه‌دا 200 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ داعش پاككرایه‌وه‌‌ و زیاتر له‌ 200 تیرۆریستیشی لێ كوژرا. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 20 بوتڵه‌ غازی پڕكراو له‌ مادده‌ی كلۆر له‌  لۆریه‌ك باركرابوو تا له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ سوودی لی وه‌ربگرێ.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان گومانیان هه‌یه‌، كه‌ داعش له‌ شه‌ڕه‌كانیدا ماده‌ی كیمیاوی به‌كارده‌هێنێ، ته‌نانه‌ت له‌م شه‌ڕه‌ی دوایی، كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری تكریت روویدا، له‌ هێرشێكی هاوشێوه‌ی تۆماركراو به‌ ڤیدیۆدا دوكه‌ڵی پرته‌قاڵی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌كارهێنانی مادده‌ی كلۆره‌. واته‌ داعش جارێكی دیكه‌ دوای له‌ ده‌ستدانی شاره‌كه‌ ئه‌م چه‌كه‌ی به‌كارهێنایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات هه‌ر كاتێك داعش تووشی شكستی گه‌وره‌ بێته‌وه‌ كلۆر وه‌ك چه‌ك به‌كارده‌هێنێ. ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن داعش له‌ژێر گوشار دایه‌ و  به‌رده‌وام خاك له‌ ده‌ست ده‌دات.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

14ی ئاداری 2015

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان