لە ئەمریکا، خەڵکی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ٢٤ ی ئەم مانگە دەکەن. لەسەنتەری ویڵسن، رۆژی چوارشەممە، هۆڵەکە جێگەی کەسی دیکە نەدەبووەوە. خەڵکی هاتوون بۆ گوێگرتن لە گفتوگۆیەکی پسپۆڕان لەسەر ئەگەری دروستبوونی رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا.
کۆتایی هەفتە، لە مەسقەتی پایتەختی عومان، سێ رۆژی گفتوگۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی گرووپی پێنج کۆ یەک نەیتوانی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەرهەمبهێنێت. بەڵام هێشتا پسپۆڕان تەواو بێئومێد نین.
درێژکردنەوەی گفتوگۆکان کەمترین دەسکەوتە، بۆیە ئێران و ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی گەورەترین ئامانج کە لابردنی تەواوی ئابڵوقە ئابوورییەکانە لەسەر ئێران لەبەرامبەر دروستبوونی دڵنیایی لای رۆژئاواییەکان کە ئێران چەکی ئەتۆمی دروستناکات.
کۆتایی هەفتە سەرۆک باراک ئۆباما گوتی لە هەردوو وڵات خەڵکانێک هەن کە دژی دروستبوونی رێککەوتنن لە نێوان وڵاتەکەی و ئێران. لە وڵاتەکەی بە ئاشکرا مەبەستی کۆمارییەکان بوو کە ئێستا دەسەڵاتیان زیاتربووە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە رێگەی هەڵبژاردنەوە کۆنترۆڵی تەواوی کۆنگرێسیان گرتە دەست.
کۆنگرێس دەتوانێت ئابڵوقەی زیاتری ئابووری دژی ئێران پەسەندبکات.
14/11/2014