وەزیری تەندروستی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە نەخۆشخانە سەردانی منداڵانی گوندی نشكاشی مەریوانی كرد و ئامادەیی نیشاندا، بۆ ئەوەی بە زووترین کات سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.
حەسەن قازی زادەی هاشمی، وەزیری تەندروستی و دەرمان و راهێنانی پزیشكی كابینەی حەسەن رۆحانی، بە هاورێیەتی جێگرەكەی و چەند ئەندام پەرلەمانێكی كورد لە پەرلەمانی ئێران، رۆژی هەینی لە نەخۆشخانەی ئەفشاری تارانی پایتەختی ئێران، سەردانی شەش منداڵی گوندی نشكاشی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد.
كەمال حوسەینی، چالاكڤانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نەخۆشخانەی ئەفشارەوە لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "وەزیری تەندروستی لە میانەی سەردانیدا بۆ نەخۆشخانەی ئەفشار، هەموو منداڵانی گوندی نشكاشی بەسەركردەوە و لە رێی تیمی پزیشكی و پارێزەری ئەو منداڵانە، لە رەوشی تەندروستییان ئاگاداربووەوە" .
ئاڵا روبینا، یەكێك لە منداڵانی گوندی نشكاشە، كە پرووشكی مین لە دەماری چاوەكانی نزیك بووەتەوە و سۆمای چاوێكی لەدەستداوە و ئێستا مەترسی ئەوە هەیە، كە سۆمای چاوەكەی دیكەشی لەدەستبدات.
كەمال حوسەینی هەروەها راگەیاند، كە وەزیری تەندروستی بەڵێنی ئەوەی داوە لە نەخۆشخانەی تایبەتیی خۆی(نوری تاران) پشكنین بۆ چاوی ئاڵا و گەشین، كە یەكێكی دیكە لە منداڵانی گوندی نشكاشە و چاوی لە رووداوەكەدا بریندار بووە، ئەنجامبدات و لە ئەگەری پێویستدا، نەشتەرگەری بۆ چاوی هەردووكیان ئەنجامبدات.
حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری منداڵانی نشكاش سەبارەت بە سەردانی وەزیری تەندروستی بۆ لای منداڵانی نشكاش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەزیرمان ئاگادار كردەوە لە دۆخی خراپی ئەو منداڵانە و پرسی هەڵەی پزیشكی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەویش بەڵێنی پێداین كە بە زووترین كات سەردانی كوردستان بكات".
بە گوتەی حوسێن ئەحمەدی نیاز، جێگری وەزیری تەندروستی ئێران دوای بینینی منداڵانی نشكاش و ئاگادار بوونەوە لە دۆخی خراپی قوتابخانەكەیان، هەر لەوێ بەڵێنی ئەوەی بەو منداڵانەداوە، كە بە زووترین كات قوتابخانەیەكی پێشكەوتوویان لە گوندی نشكاش بۆ دروستبكات.
لەو سەردانەدا تاكە پێڵاوێكی گەشین، سەرنجی وەزیری تەندروستی ئێرانی راكێشا، گەشین لە رووداوی نشكاشدا پێیەكی پەڕیوە و بە هۆی هەڵەی پزیشكییەوە ئێستا قاچی لە جیاتی درێژایی لە پاناییدا گەورە دەبێت ، ئەگەرچی گەشین ئێستا تەنیا پێیەك و تاكە پێڵاوێكی هەیە، بەڵام ئەو تاكە پێڵاوەشی دڕابوو، لەو گرتانەی كە تایبەت بە تۆڕی میدایی رووداو لە نەخۆشخانەی ئەفشارەوە نێردراون، دەردەكەوێت، كە وەزیری تەندروستی پێڵاوەكەی گەشینی گرتووەتە دەست و لە گەشین دەپرسێت، "لە مەریوان ئێستا كەشوهەوا دەبێ سارد بێت، پێیەكانت سەرمای نابێت ؟" دواتر داوا دەكات كە پێڵاوی نوێی بۆ بكڕدرێ .
ماوەی ساڵێك لەمەوپێش 7 منداڵی گوندی نشكاش لە كاتی یاریكردندا مینیان پێدا تەقییەوە و بە سەختی برینداربوون، بە گوتەی بنەماڵەی منداڵانی نشكاش، لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا، حكومەت خۆی پاراستووە لە بەئەستۆگرتنی تێچووی پزیشكی و قەرەبووكردنەوەی ئەو منداڵانە و بەرپرسانی ناوچەکەش تەنیا چەند جارێك سەردانی ماڵی ئەوانیان كردووە و چەند كیلۆیەكیان شەکر و رۆن و برنج لەگەڵ خۆیان بە دیاری بردووە، ئێستاش بە هەوڵی پارێزەری منداڵانی نشكاش و چەند چالاكڤانێكی ماڤی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان و بە هاناوەچوونی تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەی ئەفشار، كە هەموو تێچووی نەشتەرگەریی و پرۆسەی چاكبوونەوەی ئەو منداڵانەیان لەئەستۆگرتووە ، بڕیارە نەشتەرگەری بۆ منداڵانی نشكاش بكرێت.
لەلایەن ئومێد بەرین
1/11/2014