دوای ئەوەی بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کاندید کرد، رەجەب تەییب ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدایە دەنگی کورد لە تورکیا بەدەست بێنێت، بۆ ئەو کارەشی پرۆژەیەکی بەناوی پرۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی یان کۆتاییهاتنی تیرۆر و بەهێزکردنی خاک ئامادەکردووە و بۆ پەرلەمانی تورکیایشی ناردووە.
گرنگترین ئاماژەی ئەوەی ئەردۆغان چاوی لە دەنگەکانی کوردە، قسەکانی ئەردۆغان خۆی بوو کاتێک گوتی "ئەگەر خودا رێگە بدات ، هەرگیز رێگە نادەین پرۆسەی ئاشتی لەماوەی سەرۆکایەتی ئێمە بوەستێت".
بەو قسانەی ئەردۆغان جارێکی دیکە دەستیکردەوە بۆ پروپاگەندەیەکی هەڵبژاردنی بەهێز لە تورکیا، هەڵبژاردنێک پێدەچێت ئەو جارە شێوەی کورسییەکەی ئەردۆغان بەرزتر بکاتەوە بۆ کورسی سەرۆکی وڵات.
کەجەکە و پارتە کوردییەکان و بەرپرسانی ئەو پارتانە بەردەوام رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرن، کە هەنگاوی پێویست بۆ پرۆسەی ئاشتی نانێت، بەڵام ئەو جارە پارتە کوردییەکان دەبێت لە لەدەستدانی دەنگیان بۆ کاندیدە کوردە گەنجەکەیان کە دەمیرتاشە بترسن، چونکە ئەردۆغان زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و دەنگی کورد دەکات و هەر کات بیەوێت بۆ بەرژەوەندی ئاکپارتی و خۆی هەنگاو بۆ پرۆسەکە دەنێ. هەڵبژاردنی رابردووش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەی داهاتوو و ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ پرۆسەی ئاشتی باشترین بەڵگەی ئەو قسانەن.
شارەزیان باس لەوە دەکەن کە وێستگەی ئەمجارەی ئەردۆغان ئەوەندە گران نییە بۆ سەرکەوتن، چونکە ئەردۆغان تەنیا پێویستی بە سەدا 50ی دەنگەکانە بۆ ئەوەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە سەربکەوێت، بۆیەکەم جاریش لە مێژووی تورکیا 10ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە دوو خولی جیاواز دەبێت.
ئەگەر ئەردۆغان سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی دەنگی کورد لە تورکیا، کە پێنج یەکی دانیشتووانەکەی پێکدێنن، ئەوا هەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردن دەیباتەوە و پێویست بە پەڕینەوە بۆ خولی دووەم ناکات، کە پێشبینی دەکرێت 24ی مانگی ئاب ئەنجام بدرێت.
بۆیە باسی پشتیوانیی کورد دەکرێت بۆ ئەردۆغان ، چونکە ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی 30 ئازاردا سەرکەوتوو بوو، بەو پێیەی لە بەشێکی باکووری کوردستان دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. هەروەها لە سەردانیشی بۆ چەند شارێکی کوردی دەردەکەوێت کە ئەردۆغان خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە لە هەندێک ناوچە، بەڵام دەبێت ئەوەش بگوترێت کە لە باکووری کوردستان هێشتا پارتە کوردییەکان لەو ئاستەن کە بتوانن بە ماوەیەکی کەم جەماوەرێکی زۆر بۆ خۆیان رابکێشن.
شارەزایان باس لەوە دەکەن، کە رێژەی بەرچاوی کورد لە تورکیا دەنگیان بۆ ئاکپارتی داوە لە هەڵبژاردنی رابردوودا، هێشتاش لەو رێژەیە زیاتر باوەڕیان وایە کە ئەردۆغان دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بە ئامانجێک بگات، بەتایبەت کە ئێستا پرۆژە یاسای پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانە. بۆیە باوەڕوایە کە ئەردۆغان ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە دەنگی کوردە، چونکە کورد دەتوانێت بڕیاری لەسەر چارەنووسی ئەردۆغان بدات بۆ چوون بۆ کۆشکی چانکایا، چونکە ئەگەر دەنگی کورد بۆ ئەردۆغان بێت هەر لە جەولەی یەکەمەوە تورکیا سەرۆکێکی نوێی دەبێت و پێویست بە چوون بۆ جەولەی دووەم ناکات.
02/07/2014