ڕۆژنامەیەکی یۆنانی، بە پشتبەستن بە بەڵگەیەکی نهێنیی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، بڵاوی کردەوە کە بازرگانێکی ئیسراییلی ویستوویەتی لە ڕێگای یۆنانستانەوە کەلوپەلی سەربازی ڕەوانەی ئێران بکا.
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی "هۆوملاند سێکیوریتی ئینڤەستیگەیشن"، کە دامەزراوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکییە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی یۆنان و ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ و ناوەڕاستی ٢٠١٣دا، دەست بەسەر بڕێک کەلوپەلی سەربازیدا گیراوە کە بازرگانێکی ئیسراییلی ویستوویەتی بۆ ئێرانی بنێرێ.
لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا، کە نموونەیەکی دەست ڕۆژنامەی "دەیلی خاتیمەرینی"ی یۆنانی کەوتووە، ئەوەش ئاشکرا کراوە کە کەلوپەلەکە پارچە و پێداویستیی فڕۆکەی شەڕکەری "F-4 فانتۆم" بووە کە فڕۆکەی سەرەکیی هێزە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
کەلوپەلەکە لە شارۆچکەیەک بەناوی "بینیامینیا گیڤات ئادا"، هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای ئیسرایلەوە بۆ کۆمپانیایەکی یۆنانی بە ناوی "تاسۆس کاڕڕاس" ڕەوانە کراوە کە بە گوێرەی کاربەدەستانی یۆنانی "کۆمپانیایەکی وەهمی" و ناوێکی بێ ناوونیشان بووە.
دادگەیەکی یۆنانی لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بڕیاری دەست بەسەردا گرتن و ناردنی ئەو کەلوپەلانە و ڕەوانە کردنیان بۆ کاربەدەستانی ئەمریکیی دابوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩و دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئابڵۆقەی ئابووریی خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، لە ساڵی ١٩٩٥دا ئابڵۆقەکانی بەرفراوانتر و هەموو چەشنە دان و ستاندنێکی دەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا دەوڵەتی ئەهلییەکانی ئەو وڵاتە قەدەغە کرد. ئابڵۆقە ئابوورییەکان، بە پشتبەستن بە چەند بڕیارنامەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیک بە هەموو کەرتەکانی بازرگانیی ئێران دەگرنەوە.
ک.م
NNSROj
19/02/2014