ئەمڕۆ سەرۆکی داواکاری گشتی لە ئامەد، بڕیاریدا سەرجەم ئەو پۆستەرانەی عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبکرێنەوە کە لەلایەن پارتی ئاشتی و دیموکراسی "بەدەپە" وەک بانگەشەی چالاکی بۆ ئیدانەکردنی دەستگیرکردنی ئۆجەلان هەڵیانواسیبوون.
زوبەیدە زومروت، سەرۆکی لقی ئامەدی بەدەپە بە خەندانی ڕاگەیاند؛ لەژێر دروشمی (بە سەرۆکی ئازاد، بەرەو ژیانی ئازاد) بەبۆنەی ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە، دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەنجامدانی چالاکی و خۆپیشاندانی بەفراوان لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی شوبات لە ئامەد لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ئۆجەلان، ووتیشی لەو چوارچێوەیەدا لە چەندین ناوچەی ئامەد پۆستەرەکانی ئۆجەلانمان هەڵواسیوە و بانگی گەلمان کردووە کە بەشداری بکەن و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی ئۆجەلان ئیدانە بکەن.
زومروت ڕاشیگەیاند؛ لەکاتێکدا ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن، ئەمڕۆ سەرۆکی داواکاری گشتی بڕیاریداوە پۆستەرەکانی بەڕێز ئۆجەلان لێبکرێنەوە، بەتۆمەتی ئەوەی ئەو پۆستەرانە بانگەشە بۆ کۆبوونەوەی خەڵک دەکەن لە دژی دەستگیرکردنی ئۆجەلان، ئەوەش بەپێی یاسا وەک خۆیان دەڵێن قەدەغەیە. بەڵام ئێمە چالاکییەکانی خۆمان بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدەین بەو شێوەیەی پلانمان بۆ داناوە.
لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا، لە نەیروبی پایتەختی کینیاوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە ڕادەستی تورکیا کرایەوە و لەو کاتەوە لە زیندانی ئیمڕاڵیدا ژیان بەسەر دەبات حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
12/02/2014