دوای ئەوەی خوێندنگەی فەڕەنسی لە سلێمانی بە هۆی كۆمەڵێك كێشەی کارگێڕی و داراییەوە رووبەرووی هەڕەشەی داخستن بووەو پاش هاتنە سەر خەتی پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هێشتنەوەی ئەو خوێندنگەیە، ئێستا فەڕەنسییەكان هەوڵەكانیان خستوهتە گەڕ بۆ رزگار كردنی خوێندنگەکە لە هەڕەشەی داخستن.
ئەمڕۆ 21ی نیسان لە دیدارێكی نێوان بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی و خاتوو فلۆرانس دیدیۆ، لێپرسراوی گروپی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان لە هەرێمی كوردستان و نوێنەری كونسوڵی فەڕەنسی لە هەرێمی كوردستان، کە هەر یەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری سلێمانی ئامادەی بوون، گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی پارێزگای سلێمانی و كۆمپانیاو دەزگا رۆشنبیرییەكانی فەڕەنسا تاوتوێكرا.
لە دیدارەكەدا خاتوو فلۆرانس جەختی لەسەر كاركردنی خۆی و كۆنسوڵی فەڕەنسا كرد بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی.
لەو رووەوە خاتوو دیدیۆ رایگەیاند، کە پلانی دروستكردنی رێكخراوێكی كوردی - فەڕەنسیان داڕشتووە و لەچەند رۆژی داهاتوودا رایدەگەیەنن، كە ئامانج لێی گەشەپێدان و هاوكاری نێوان سلێمانی و دەزگا و كۆمپانیا فەڕەنسییەكانە لەرووی كاری وەبەرهێنانەو ئەنجامدانی چالاكی كلتوری.
لەبارەی كێشەی قوتابخانەی فەڕەنسی لە سلێمانی، كە لەماوەی رابردوودا بە هۆی هەندێك كێشەی کارگێڕی و داراییەوە مەترسی داخستنی لەسەر دروست بوو، خاتوو فلۆرانس ئاماژەی بەوە کرد، کە ناشێت قوتابخانەی فەڕەنسی لە نێو پایتەختی رۆشنبیری كوردستاندا نەبێت و بە ناوی كونسوڵی فەڕنساوە دووپاتی کردەوە، كە ئەو قوتابخانەیە لە داخستن رزگار دەكەن.
هەر پەیوەست بە گرفتی قوتابخانەکە، فلۆرانس دیدیۆ باسی لەوە کرد، كە 85% هۆكارەكان بۆ کارگێڕی قوتابخانەكەدەگەڕێنەوە، كە لەلایەن فەڕەنسیەكانەوە بەڕێوەدەبرێت و بەڵێنی دا سیستمی خوێندن و بەڕێوەبردنی خوێندنگاكە بە تەواوی بگۆڕن و لەگەڵ سیستمی خوێندنی هەرێمی كوردستاندا بیگونجێنن.
لە بەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئێمەی کورد چاكەی
فەڕەنسییەكانمان لە رۆژگارە سەختەكانماندا بیرناچێت و ئێستا دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەوەی هەیە زیاتر بەهێز بێت. هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە نابێت لە پایتەختی رۆشنبیری كوردستاندا فەڕەنسییەكان بە خۆیان و پاشخانی گەورەی فیكرو رۆشنبیری و هونەریانەوە ئامادەییان نەبێت.
لە بارەی پەیوەندییە ئابورییەكانیشەوە، بەهرۆز محەمەد ساڵح رایگەیاند، "کە ژمارەیەك كۆمپانیای فەڕەنسی لە سلێمانی كار دەكەن و ئیعتیباری تایبەتیان بۆ دانراوە".
دەربارەی خوێندنگە فەڕەنسییەكەی سلێمانیش، پارێزگار رایگەیاند، "کە وەك ئیدارەی سلێمانی ئامادەن هەموو هاوكارییەك بكەین بۆ ئەوەی ئەو خوێندنگەیە بمێنێتەوە".
رووداو - سلێمانی
22/04/2013