
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر گرنگترین کارەکانی لەمیانەی سەردانەکەی بۆ ئەوروپا و تورکیا و راشیگەیاند ھەر ھاوکاری و ڕێککەوتنێک لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیا بکات، لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا دەبێت.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ئەنجومەنی وەزیران کرد، ئینجا پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بە یاوەریی شاندێکی حکوومەت بۆ ھەر یەک لە وڵاتی ئەڵمانیا و تورکیا پێشکەش کرد.
دەربارەی سەردانی ئەڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە سەردانەکەیان بۆ بەشداریکردن بوو لە کۆنفرانسی وزە بۆ ئەورووپا و لە میانی کۆنفرانسەکەدا چاویان بە ئەنجێلا مێرکل – ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کەوت و داوایان لێ کردووە کە پشتگیریی لە سیاسەتی نەوتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، ھەروەھا ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە پرسی دابینکردنی وزەدا لە ڕێگەی تورکیاوە یارمەتیی ئەورووپا بدات.
لای خۆیەوە مێرکل ڕایگەیاندووە کە ھانی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا لە بواری وزەدا دەدەن بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
سەرۆک وەزیران ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە ھەر لە میانی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەدا، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیتەی دابینکردنی وزە بۆ ئەورووپا کۆبوونەتەوە و ڕایگەیاند کە ئیتر قۆناغێکی نوێ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەورووپا لە بواری وزەدا دەست پێدەکات.
دەربارەی سەردانی تورکیاش، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان - ی سەرۆک وەزیرانی تورکیا، پرۆسەی ئاشتی و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کوردیان لە تورکیا تاوتوێ کردووە و ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دووپات کردووەتەوە کە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکات.
دەربارەی ڕەوشی عیراقیش لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی تورکیا، پێشھاتە سیاسی و ئەمنیەکانیان تاوتوێ کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا نیگەرانیی خۆی لە ڕەوشی عیراق دەربڕیوە.
سەبارەت بە پرسی وزە و ھاوکاری لە بەرھەمھێنانی وزەشدا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر ھاوکاری و ڕێککەوتنێک لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیا بکات، لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا دەبێت.
سەرۆک وەزیران ھەروەھا باسی لە سەردان و کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کورد و بەرپرسانی کەجەدە و بەدەپە لە ئەنقەرە کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەوان خۆشحاڵ بوون بەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باشی لە پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی پرۆسەکەدا ھەیە و ھیوای خواست پرۆسەکە بگاتە چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دەربارەی یادکرنەوەی بیست و پێنج ساڵەی کیمیابارنکردنی ھەڵەبجە، ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی وەزیر و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و ئەو کۆمیتەیەی کرد کە کاریان بۆ ڕێخستنی ڕێوڕەسمەکە کردووە و وێڕای کەموکوڕییەکان، ڕێوڕەسمێکی سەرکەوتوو بە ڕێوە چوو.
دەربارەی بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجەش کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و بە ئەندامیەتیی نوێنەری سەرۆکایەتیی ھەرێم، وەزارتی پلاندانان، وەزارەتی داد و پارێزگاری سلێمانی پێک ھێنا بۆ ئامادەکارکردنی وردەکاری و لێکۆڵینەوە لە ھەنگاوەکانی بەپارێزگاکردن و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتیک بە ئەنجومەنی وەزیران.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی یاسای گشتیی ھەرێمی کوردستان کرد و وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یاسای بودجەی گشتیی ھەرێمی کوردستانی دەرکرد، ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە ئامادە کراوە و ئیتر بڕگەکانی یاساکە بە شێوەیەکی کردەیی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیەشە ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد تا لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکەن.
.28/03/2013