سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) روویداوە.
پێکدادانەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 24-6-2019) لە ناوچە سنوورییەکانی شاری چاڵدران لە باکووری پارێزگای ورمێ بە هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر دەستەیەک لە گەریلاکانی پژاک دەستیپێکرد و تاوەکو دوانیوەڕۆ بەردەوامبوو.
قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "هێزەکانمان لە ناوچە سنوورییەکانی شاری چاڵدران هەڵیانکوتاوەتە سەر گرووپێکی سەر بە هێزە دژبەرەکان و بەهۆیەوە کەسێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە کوژراوە، کەسێک بەدیل گیراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون".
بەرپرسانی ئێران بۆ ناوهێنانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەمکی هێزە دژبەرەکان بەکاردەێنن. بەڵام ماڵپەڕەکانی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێن هێزەکانی پژاک بوون.
بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی زۆری سوپای پاسداران لە شوێنی پێکدادانەکە بڵاوکراوەتەوە و لانیکەم دوو ئەندامی سوپای پاسداران بە تەقەی گەریلاکانی پژاک برینداربوون.
تاوەکو ئێستا پژاک هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو پێکدادانە بڵاونەکردووەتەوە.
سەرچاوە: رووداو
24/6/2019