ئاریتما موحەممەدی
«فەلسەفەی ڕەخنە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە گەلی ئێمە لێی تێناگات»(ئاریتما موحەممەدی)
ماوەیەکە لەلایەن کەسانێکی ناسراو و نەناسراو بێ ڕێزی بەهندێک کەسایەتیی و سەرکردەی کورد لە قۆناغ و دۆخە جیاوازەکانی مێژووی نەتەوەکەمان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێک لەو ڕەخنانە کە ئارەستەی ئەو سەرکردانە دەکرێ لە جێی خۆیان دان و گرینگ و پێویستە کە ئێمە خوێندنەوەی نوێمان بۆ مێژووی دوور و نزیک هەبێت و هەڵەکان نۆژەن بکەینەوە و ڕێگەی نوێ و درووستتر و کاریگەرتر لە پێش بگرین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دۆخی ئەو سەردەمەش لەبەرچاو بگرین و کاتێ کە ڕەخنە دەگرین و خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە تاییبەتییانە دەکەین، باشتر وایە کە خۆمان ببەینەوە ئەو قۆناغ و هەلومەرجەی مێژوو کە ئەو ڕووداوانەی تێدا ڕووی داوە و هاوکات پێم وایە کە دەبێ پتر ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستی لایەنەکانی ئەمڕۆ بگرین کە لە گۆڕەپانی کردەوە و تیۆری دان.