رەزا شوان
کوردستانی نیشتمانی خۆشەویست جوانمان، ئەو ناوە پیرۆز و شیرینەیە، کە هەمیشە لە ناخی دڵمان و لە هۆش و بیر و خەیاڵمان دایە، بۆتە وێردی شیرینی هەمیشەی سەر زارمان.. کوردستان هەناسە و ژیانمانە.. پێناسە و ناسنامەمانە.. سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی رەنگین و قەشەنگمان.. ئەو هەست و سۆزە ناخییە بێوێنەیەمانە.. ئەو هاوبەستبوونە بەهێزە و رەگ ئەستوورەمانە.. کە هەرگیز داگیرکەرانی کوردستان، نەیانتوانیووە و ناتوانن لە دڵی ئێمەی کوردستان پەروەردا هەڵیبکەنن یا کاڵی بکەنەوە.. بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ ئەم هەست و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونەمان بۆ کوردستان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت.
ئەگەرچی سۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستانمان، بۆماوە نییە کە لەدایکان و لە باوکانمانەوە بۆمان مابێتەوە.. بەڵام لەگەڵ لەدایکبوونماندا.. سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندییەکی رووحی لە نێوان ئێمەی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستانمان لەدایک بووە.. لەگەڵ لە دایکبوونماندا.. خۆشەویستییەکی لە رادەبەدەر بۆ کوردستانمان، لە ناخی دڵماندا بەرجەستەبووە و، چۆتە خوێنمانەوە.. تا ئەو رادەیەی کە کوردستان پەروەری بووە بە گرووپی خوێنمان.. لەگەڵ گەورەبوونمان سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستان گەورەتر و شیرینتر بووە..