هێمن عەبدوڵڵا
لەوەتەی شەڕی دژی داعش دەستیپێكردووە، كورد شانازی بە یەك شتەوە دەكات، ئەویش ئەوەیە كە بەقەولی خۆی، "لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات". بەڵام پێناچێ لە جیهانەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی نوێی ئەمریكادا حیسابێكی جیاواز بۆ كورد كرابێت. بۆیە لە یەكەم هەفتەی سەرۆكایەتییەكەیدا بڕیاری دا عێراقییەكان، بە كوردیشەوە، بۆیان نییە سەردانی ئەمریكا بكەن. واتە ئەو كوردەی ئەگەر خۆیشی پێشمەرگە نەبێ و كەسێكی نزیكی لە بەرەی شەڕ بێت بۆئەوەی لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر بكات، لە چاوی ترەمپ و ئیدارەكەیدا لێی چاوەڕوان دەكرێت كە سەردانی ئەمریكای كرد، ببێتە تیرۆریست! هەر بەڕاست سەردەمی ترەمپ هیچ رەحمەتی بۆ كورد تێدا دەبێت؟
كاك مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڤپەیڤینەكانیدا بەئاشكرا باسی ئاشنایەتی سەركردایەتیی كوردستان و ئەندامانی ئیدارەكەی ترەمپ دەكات. كەسێكی ئاگادار پێیگوتم: تەنانەت لەگەڵ ترەمپیش پەیوەندیی دۆستایەتی تووندوتۆڵ هەیە و سەركردەیەكی ناسراوی كوردستان هاوڕێیەتی. بەڵام دوو شت گرنگن: یەكەم، سەرۆك ترەمپ لەگەڵ ترەمپی بازرگان چەندە جیاواز دەبێ و چەندەش پەیوەندییە كەسییەكان بە گرنگتر دەزانێ لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكان؟ دووەمیش، ئەمریكای سەردەمی ترەمپ، كە بانگەشەی كەمتر سەرقاڵبوونی ئەمریكا بە كێشەكانی دەرەوە و زۆرتر خۆسەرقاڵكردن بە كێشە نێوخۆییەكان دەكات، تاچەند بەلایەوە گرنگ دەبێت كە كوردستان لەم ناوچەیەدا بپارێزێ و بۆ هەنگاوی ئایندەیی گەورە پشتی بگرێت؟