هێمن عەبدوڵڵا
مەسعود بارزانی لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا دەڵێ سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونەتە سنووری سەر كاخەز. دەشڵێت لە كێشانەوەی ئەمجارەی سنوورەكانی ناوچەكەدا دەبێ، بەپێچەوانەی سەت ساڵ پێش ئێستا، خەڵكی ناوچەكە خۆیان رۆڵیان هەبێت. ئەم قسەیە لەكاتێكدا دەكرێت كە جیهان دوای چەندین هەوڵ بۆ لابردن و كاڵكردنەوەی سنوورەكان، سەرلەنوێ بیر لە پڕڕەنگكردنەوەی سنوورەكان دەكاتەوە. وەك بارزانیش دەیڵێت، دەبێ ئەمجارە سنوورەكانی كوردستانێكی سەربەخۆ بكێشرێن.هەرچەندە شەڕی چەند هەزارەی مرۆڤایەتی لەگەڵ یەكدی لەسەر كێشانی سنوورەكان بووە و چیرۆكی نێو كتێبە ئاسمانییەكانیش لە باسی شەڕدا هەمیشە باسی كێشانی سنوورەكان دەكەن، بەڵام زۆر جووڵانەوە هەبوون لە مێژووی ئێمەدا كە هەرچەندە هەوڵیان بۆ كێشانی سنووری نوێ داوە، بەڵام لە نێوەڕۆكدا ئامانجیان كاڵكردنەوەی سنوورەكان بووە.